ئارامگرتن
یەکێکی دیكە لە بنەماكان بۆ زانستە شەرعییەکان و هەڵگرانی بریتییە لە ئارامگرتن، خوای گەورە دەفەرموێت: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا اصْبِرُوا وَصَابِرُوا وَرَابِطُوا وَاتَّقُوا اللَّهَ لَعَلَّكُمْ تُفْلِحُونَ) آل عمران: ٢٠٠. واته: ئەی ئەوانەی باوەڕتان هێناوە خۆڕاگر و ئارامبن وە خۆڕاگری و ئارامی بەسەر خۆتاندا بهێنن و ئارامی و خۆڕاگری لەناو خۆتاندا بڵاوبکەنەوە.
ئارامگری سیفەتێکی زۆر نوور بەخشە، ئارامگرتن سەرەتا و کۆتایی هەموو سەرکەوتنەکانە، بە ئارامگرتن سەرکەوتن و خۆشبەختی و بەختەوهری بەدەستدێت، بەبێ ئارامگرتن ژیان ناڕوات بەڕێوە، ئەگەر بشڕوات بەڕێوە زۆر زۆر بە سەقەتی و ناڕێکی دەڕوا بەڕێوە، ئارامگرتن سیفەتی هەموو پێغەمبەران بووە (علیهم السلام)، دهیان ساڵ بانگەوازییان کردووه و ئارامیان گرتووه لەسەر ناخۆشی و سوکایەتی پێكردن و بەدرۆ دانان و ئەزیەت و ئازار و بوختان و درۆ و چەواشەکاری و دەربەدەری و هەژاری و نەداری ... هتد.
بەڕاستی کە سەیری ژیانی پێغەمبەران و زانایان و پیاوچاکان دەکەیت سەرت دەسوڕمێت لەو هەموو ئارامگرتنە لەسەر ناخۆشی و نەهامەتییه.
دوو لە سەرەكیترین هۆكار و پاڵنەریش بۆ ئارامگرتن بریتین لە زانین و زانست، لەگەڵ عیشق و خۆشەویستی، واتە ئەو شتەی دەیكەی تێیبگەی و بزانی و زانستت پێی هەبێت، وە هەروەها خۆشەویستی و عیشقیشت بۆی هەبێت.
ئەو زانستە شەرعیانەش بە حوکمی ئەوەی زۆر و قورسن، قووڵ و فراوانن ئارامگرتنی زۆریان دەوێت، بەتایبەت کە کۆتاییان نیە و مرۆڤ هەرچەندی خەریکیان بێت هێشتا هەر لەسەرەتایە، هەروەها شتێکی ماددی و ماڵیش نین، بۆیە ئارامێکی زۆریان پێویستە تاوەکو کەسەکە لەسەریان بەردەوام بێت، چونکە بناغەی بەردەوامی و ئیستیقامە بریتییە لە ئارامگری.
بنەما گشتییەکان بۆ فێربوونی زانستە شەرعییەکان
م.صلاح الدین أحمد