مزراویلکە @mzravilka Channel on Telegram

مزراویلکە

@mzravilka


مزراویلکە لانکێکی خۆڕاژێنی بەیت و باوی کۆنی دیوەخانانە بە ناردنی قسەی نەستەق و بابەتی فۆلکلۆری گیانێکی نوێ بدەنەوە بەر هەناوی ئەدەبیاتی زارەکی گەلەکەمان

پێوەندی لەگەڵ ئەدمین:
@MradBapirpour
@rahmani_138

مزراویلکە (Kurdish)

مزراویلکە چەند فراوانییەکی خۆڕاژێنی بەیت و باوی کۆنی دیوەخانانە بە ناردنی قسەی نەستەق و بابەتی فۆلکلۆری گیانێکی نوێ بدەنەوە بەر هەناوی ئەدەبیاتی زارەکی گەلەکەمان. ئەم لانەیان کەتایبەتە بە بەرزی جوان بەڕەقەوەی زمانی کوردی و ڕەنگین کردنی جواهرەکانی هەموو بەشەکانی زنجیرە بازرگانیەکان. ئەم کامپانیایە کە پەیوەندی لەگەڵ خۆزگاکان و هەر ڕۆیشتنە سەربەخۆ پێوەندییەکی قووچیان پێشکەش دەکات.

ئەم لانەیە بۆ هۆزەکانی کوردوانە بەشێوەییەکی وان بەوەرە دیاریکراوە کە لەجێبەجێبووەکانی ئەدەبیاتی و زانستی کوردی پیاو دەکات. بۆ پێشکەشی زانستی و خۆردەوروی کوردی بە سەرجەم، ئەم لانەیە بەرزترین خزمەتنامەیە. گەر خۆزگاکێک نمچووە بە بابەتی کۆنی دیوەخانان، هەمووان لەم ئاراستەی دەکاتەوە.

بۆ پێوەندی لەگەڵ ئەدمین، تکایەپێناسی بکە بە:
@MradBapirpour
@rahmani_138

مزراویلکە

21 Nov, 20:33


#مەلای حاجی ڕەسوی


چارلی چاپلین دەڵێت: جارێکیان لە بەرگێکی شاراوەدا لە پێشبڕکێیەکدا بەشدار بووم. ئامادەبووان دەیانکوت: داخوا کێ دەتوانێت لاسایی چارلی چاپلین بکاتەوە؟ کەچی لەو کێبەرکێیەدا دووهەم دەرچووم. بەڵام کوڕی سەرۆکی لیژنەی پێشبڕکێیەکە یەکەم بوو..!!!



@mzravilka

مزراویلکە

20 Nov, 20:42


دەستێ بوو لە داوێنی تەما بەربوو، ئەویش چوو
گڕکانێ لە شاباڵی هوما بەربوو، ئەویش چوو
ئەم بولبولە هەر دڵبەستەیی بستێک قەفەس بوو
ئەو گۆشەیی زیندانی نەما، بەربوو، ئەویش چوو

٢٠٢٤/١١/١٠
ن حیسامی

مزراویلکە

20 Nov, 20:42


#مەلای حاجی ڕەسوی

ژنێکی قەڵەو دزێکی دەچێتە ماڵێ، ژنەکە دزەی دەگرێ و لەسەری دادەنیشیت، بانگی مێردەکەی دەکات دەڵێ دزم گرتووە ڕاکە پۆلیسی بانگ بکە، کابرا دەڵێ کوڕە پێڵاوەکەم دیار نین، دزە دەڵێ کوڕە خێراکە پێڵاوەکانی من بەرە.


@mzravilka

مزراویلکە

20 Nov, 13:55


#وەرگێڕان

دووای ئەوەی خڕۆشچوف لە کار لا دەبرێ پێشنیاری بەڕێوەبردنی ناوەندی چارەسەری نەخۆشییە شێرپەنجەییەکانی پێ دەکەن. خڕۆشچوف دەڵێ: جا من و ئەو کارە؟ خۆ من بایی توورێ لە شێرپەنجە و .... ناگەم!
دەلێن قەیدی نییە، ئەو دەمی کە وەزارەتی کشتوکاڵت دە ئەستۆ بوو، تەواوی دەغڵ و دانت لە نێو برد بەشکم هەر بەو شێوەیە شێرپەنجەش بنبڕ بکەی!!
ژێدەر: کۆپەڕی "داس و پێکەنین"ی میخاییل میلنیچینکو


@mzravilka

مزراویلکە

20 Nov, 02:49


#بێری مەحموودی


کـابـرایـەک بـە ژنـەکـەی دەڵــێ: گـوڵـم ئـەگـەر بمــرم، تـۆ چ دەکـەی ؟

ژنـەکـەی دەڵــێ: ئـەیــــڕۆۆ خــودا نـەکـا شـێـتـــە، مـن جـل و بـەرگــی ڕەشــم نییــە .


@mzravilka

مزراویلکە

19 Nov, 02:55


#مامۆستا ئاوات
خاسەکەو

خاسەکەوێ لە بەندەنێ
دیتم خۆشخۆش پێدەکەنێ

بە کێ، بە چی، بە من و بە تۆ
بە ژینی وا بێ تار و پۆ

دەیگوت ئێوە لە گەرمێنن
لە کوێستانڕا بۆو دەخوێنن

لام وایە من، بە بیر و ڕام
گەرمێن و کوێستانێ گەڕام

نەمدی کەس تەنیا سەرکەوێ
یا بە دڵێکی خۆش وەرکەوێ

هەرکەس بە تەنیا مایەوە
داویان لە ڕێگا نایەوە

بە دەندووک پێوە بوو وەک کەو
ڕۆژی ڕووناکی بوو بە شەو

گوێ لە ئامۆژگاریم بگرن
نەک بکەونە داوێ بمرن

یەکێ لێرە، یەکێ لەوێ
یەک کەونەوە، لە منوو کەوێ

بەس بەشبەش و لێک پساو بن
بەس بێ بیر و بەش خوراو بن

دەستێک تەنیا دەنگی نایە
مناڵێک بۆی ناکرێ کایە

بە دوو دەست چەپڵە لێ دەدرێ
بە دوو مناڵ گەمە دەکرێ

ئەو نیشتمانە پیرۆزە
هەموو کاتێکی نەورۆزە

شەوی ڕۆژە، ڕۆژی نەورۆز
جێی شانازی زۆرە بۆ هۆز

وەک بەهەشت خەمڵیوە بە گوڵ
نەک دڵێک، بەڵکە هەزار دڵ

ئاوبردەی ئاو و خاکییە
گیرۆدەی خاکی پاکییە

بەڵام بە داخەوە هەروا
لە ژێر دەستی داگیرکەردا

وێرانە و لاڕووخاوە
ڕێک چاڵ و چۆڵە و کەلاوە

شەوی مەینەت، ڕۆژی شەوە
بۆ گەڵ و هۆز و نەتەوە

هیوا و ئاوات و تاسەیە
ئاخ و داخ و هەناسەیە

دەست بە چاوی خەوا بێنن
ڕابن، دوژمن داپەڕێنن

کاتی ڕاپەڕینە، هەستن
دەست و پێی بەرهەڵست بەستن

با بەس بەستن دەست و پێتان
با بەس بگرن لێتان ڕێتان

لێک بن، ڕێک بن، دەست بە دەست دەن
شایی بە خۆ و حەز لە هەست کەن

گەر هەست و قەست و مەبەستتان
ڕێک بەخت کەن بۆ کوردستان

ئەوجار دەژین بە سەربەستی
سەردەکەون بە تەڕدەستی

لە سارای بەرزی ئازادی
دەکەونە خۆشیی و شادی

مزراویلکە

19 Nov, 02:53


#مامۆستا ئاوات
خاسەکەو
خاسەکەوێ لەو کەژە هەڵنیشتووە
خاڵی ڕەش و سووری بە جووت ڕشتووە
ڕاوچی هەموو لەو کەوە دەرکەوتووە
بۆچی دزە؟ جەردەیە؟ کێی کوشتووە؟
کێهە کەسی ئەو لە ژیان خستووە؟
ماڵ و مەڕ و زێوەری کێی بردووە؟
باعیسی قەتڵی چییە؟ بیستوویەتی
ژینی بە سەربەستییە، ویستوویەتی
پاکی گوناهی کەوی خۆش خەتتوخاڵ
ژینی بە سەربەستە لە نێو دڕکوداڵ
داوی چەقاند تاوەکوو ئەو پێوەبێ
چاڵکەنە خۆی پێوە دەبێ، جێ بەجێ
چاکە کە داودۆزە شوکور خاسەکەو
دیویە، وریایە، بە ڕۆژ و بە شەو
بۆچی کەویش مافی ژیانی نییە؟
حەققی کەژ و کێوی جوانی نییە؟
بۆچی ئەویش بۆتە برا کوردەکان
نابێ هەڵێنێ نەفەسێکی ژیان؟
بێتەوە بەردەستوو بەبێ باڵ و پەڕ
پێبکەنێ بیبەنە قەسری قەجەر؟
دەک نەفەسوو بگرێ ئەجەل، جێ بەجێ
وا کە نەتانبێ قەوەتی دەست و پێ
خاوەنی ئەو کێو و کەژە هەر کەوە
نەزم و نیزامی کەژ و کێو هەر بەوە
لێی گەڕێ با باڵ و پەڕی جوان بکا
لەو کەلە با بانگی ڕەفیقان بکا
بێنەوە کانیاوێ، بخۆن ئاوی ساف
بۆ گوڕەیی سەربنە بێنە مەساف
لێی گەڕێ دەندووکی بە بەرد تیژ بکا
گوڕڕە بکا و بانگی کوڕ و کیژ بکا
کوڕ بە گوڕەگوڕ وەکوو شێر و پڵنگ
کچ بە شنەشن بە خرینگەخرنگ
بێن و بڵێن: خاوەنی کێوان ئەمەین
سوورە دەنووکمان، بە دەنووک شەڕ دەکەین
خاوەنی ئەم خاسەکەوەش هەر دەڵێ:
ڕاوچی دەبێ لەم کەژ و کێوە هەڵێ

مزراویلکە

19 Nov, 02:49


لە گەڕەکی خۆمان کچێکی حەجەمم خۆش دەویست
بەینێک بوو لەگەڵ من نەمابوو
زانیم کەسێکی دیکەی خۆش دەوێ
ڕۆژێکی پێم کوت: تەرانە ئەگەر نەیەوە لای من، خۆم دەکووژم
ئەویش بە پێکەنینەوە کوتی: بەمن چی
ڕۆژێکی کوتم با ئەدای خۆهەڵاوەسینێ دەرێنم بەڵکوو زگی پێم بسووتێت و بێتەوە
ڕۆیشتم قتوە پێنج کیلۆیەکم پەیدا کرد و دوو میترم لەو شریتە نایلۆنانە هێنا
کچە لە دوومەرتەبەی لەسەر پەنجەرە چاوی لەدەرێ دەکرد
لەپێش چاوی ئەوی ڕووبەڕووی ماڵیان سەرێکی تەنافەکەم کردە ئاڵقە و سەرەکەی دیشم لە گورگەی بن سوانان خست
(لە سینەما فێر ببووم)
چوومە سەر تەنەکە و ئاڵقەم دە ملم کرد
کچەش هەروا چاوی لێ دەکردم
وەمزانی بەغار هەڵدێتە خوارێ، کە چی هەر گوێشی نەبزووتن
هەر ئەوەندەم زانی لە پشت سەرم ساحێب ماڵەکە لەناکاو کوتی: ئەوە چ دەکەی هەتیوە؟
کەمێکم لێ دوور بوو
ئەمنیش لە ترسان ڕاچڵەکام و جا وەرە تەنەکەم لەبن لاقان دەرپەڕێت و بە تەنافیەوە هەڵاوەسام
هەر بەغار چاوم پێ سپی بوون
واش هەر چاوم لە کچە بوو
بەخودای دیتم پێدەکەنێ
خودا ڕوحمی کرد کابرا خۆی گەیاندمێ ، مێزی لێدام، هەڵی هێنام و تەنافەکەی لە ملم کردەوە
دوو زللەی چاکی لێدام و دەستی گرتم و دەژوورێ خۆمانی کردمەوە
لەتاوی ملم حاڵم نەبوو
وەڵڵا دوایە بەخۆم کوت: ئەهـ حەزم بۆ لە شتی ئاوا دەکەی؟
چاک بوو مەیلم نا.🤪🥹

#بیرەوەرییەکانی_خۆشناو

مزراویلکە

18 Nov, 03:09


قاچاخــی لە دایک بوونم"

شێرکۆ بێکەس

لە ڕێبەندانی ساڵێ دوور
لە شەوێکی شارێکی شــێت
بە قاچاخــی لە دایک بــووم
بەر لەوەی کە ماماکەم بــێت
بە قاچاخــی باڵام بەرز بــوو
بە قاچاخــی ئاشقیم کــرد
بە قاچاخــی ئارەقم خــوارد
بە قاچاخــی ماچم ئەکــرد

لە ناکاوێک ماڵمان گیــرا
ئازادانە شەڕیان فرۆشــت
ڕەحمییان بە بێشکەش نەکــرد
تەنانەت مردگیشیان کوشــت

تەرمی برای شەهیدمیــان
بە قاچاخــی لە خاک نیــا
بە قاچاخـی پرسەمان گــرت
دایکم به قاچــاخ ئەگریــا

خەڵک بە دزی قاچاخــەوه
خەونی لە خەو رائەچڵەکــان
بەڵام گوللە ئازادانــە
سینەی خاکی هەڵ ئەتەکــاند
پەنجەرەکان، شەویان زڕانــد
کۆڵان درایە بەر زللە
گۆڕ بە قاچــاخ هەڵ ئەکنیــا
زەمین درایه بەر گوللە
ئیتر هێلانەکان شیێوان
کۆتر فڕی بەرەو لای شــاخ
ئازادی کەوتە نێو زینــدان
غۆربەتیش کەوته ڕی قاچــاخ

وڵات بە قاچــاخ مایــەوه
هەوا کرا بە نێو ژاردا
غەریبی کەوتە نێو ماڵان
خەمێک پاشرا بە نێو شــاردا

ئێستاش بە دوای ساڵانێک دوور
زەمەن هێشتا دار قەواخــە
ئازادی ها لە زیندانــا و
قاچاخیــش هێشتا قاچــاخه

ئێمه لەسەر مەرزی نەمــان
بووین بە کۆڵبەری زینگانــی
ڕۆژ نییە لەم سنــوورەدا
سەرێک نەبێ بە قوربانــی

ژێدەر: دیوانی زێ و زنە

مزراویلکە

18 Nov, 02:49


#م ڕ

کاک عەلی قاچاغی و جارجار پێشباریشی دەکرد
ڕۆژێک بەخت دەگەڵی یار نابێ و دەگیرێ لە دادگا دوو مانگی زیندان بۆ دەبڕنەوە. دوای ماوەیەک ئارام و قەراری لێ هەڵدەگیرێ زۆر بێ تاقەتی ماڵ و منداڵی دەبێ.
خێزانی و منداڵەکانی دەچن  بۆ ملاقات
هەرکە وەژووری دیوی ملاقات دەکەون
کاک عەلی لەپڕ خێزانی دەباوەش دەگرێ
خێزانی غوربەت دەیگرێ لەقڵپەی گریانێ دەداو
چۆکی دەفیزێن و دادەنیشێ
کاک عەلی دەڵێ حەک لەمنت نەکەوێ چ نییە نە زیندان جێگەی شێرانە
خێزانی بەگریانەوە دەڵێ کوڕە بریا پشیلە کوێرەیەک بای لەتەنیشت تەندوورێ وەرکەوتبای نەک شێربی و لەزیندانێ دەس بەسەر...


@mzravilka

مزراویلکە

17 Nov, 02:45


#مەلای حاجی ڕەسوی


برادەرێک بۆی گێڕامەوە گوتی:
لە گوندی ئێمە پیاوێک هەیە ناوی سۆفییە، کاک سۆفی مەگەر لێی تێکچووبێت دەنا بە حەیاتی لە درۆ زیادتر ڕاستی نەگوتووە، گوتی ساڵێکی ڕۆیشبوو بۆ سەفەرێ، سێ چوار ڕۆژی پێ چوبوو تا گەڕابۆوە، سەعات دووی شەو دەگاتەوە، لە دەرگا دەدات، خێزانی دەڵێ کێیە؟ دەڵێ سۆفیم بیکەوە، ژنەکە دەڵێ بە خودای درۆ دەکەی ئەتۆ سۆفی نی، سۆفی ئێمە قەت ڕاستی نەگوتووە، هەر چەند سوێند و قوڕئان دەخوات سۆفیم فایدەی نابێت براژنم نایکاتەوە، بێ حیلاج تا بەیانی لە ژور تەندوورەکەی دەخەویت.😂


@mzravilka

مزراویلکە

17 Nov, 02:43


#ت ئەحمەدی - بۆکان


قاله‌هەناری سەیداوا گێڕایەوه: جارێکیان مامۆستا هەژار لەگە‌ڵ حەمه‌جۆڵای داره‌گردەڵه ده‌چنه ڕاوه‌که‌و و دوای داونانه‌وه، حەمه‌جۆڵا به ماموستا هەژار دەڵێ: داوه‌کان حازرن، بەڵام دەبێ له شوێنێک مات بین و خشپەی پێمان نەیە دەنا کەوەکان ده‌فڕن. له‌و کاتەدا که خۆ حەشار ده‌دەن، حەمه‌جۆڵا، تڕێکی لێ به‌ر دەبێ.
وڵات ڕووناک ده‌بێ و کەویان بۆ ڕاو ناکرێ. که ده‌گەڕێنه‌وه ئاوایی، خەڵک ده‌ڵێن: دەی کوا، چیتان ڕاو کردووه؟ مامۆستا هه‌ژار پێده‌که‌نێ و ده‌ڵێ: ڕاوی چی کاکه؟! وەڵا ئه‌وەی پێشمان بوو لێمان به‌ڕەڵا بوو.



@mzravilka

مزراویلکە

16 Nov, 04:52


#سەلاح پایانیانی

ماچ

(ناو) تەماسی لێوەکانی کەسێ لەگەڵ ئەندامێکی لەشی یەکێک، یا لەگەڵ شتێ بۆ دەربڕینی خۆشەویستی، ڕێز، سپاس و شتی وا؛ «ڕامووس»؛ «ڕامووسان». r ئەم تەماسە ئەغڵەب وێڕای مژێکی سووک یا توندە و لەوانەیە زۆر کورت بێ یا بڕێک درێژ بخایەنێ و وا هەیە دەنگی مڵچە یا شڵپەشی لێ پەیدا بێ.

باوەڕ

1 پژمل (پشت‌‌مل) ی کچان ماچ کەی، حەیایان نامێنێ.
2 پژملی کوڕان ماچ کەی سەریان نەوی دەبێ.
3 ڕفێدە دە تەندوور بکەوێ ماچی دەکەن و لەسەر سەری دادەنێن، دەڵێن با هەرزانیی بێ.
4 لێوت بپەڕێ خۆشەویستێکت دێ و تێری ماچ دەکەی.
5 مووت لەسەر تاق بێتەوە دەبێ ماچی بکەی دەنا خۆشەویستەکەت نابینی.
6 هەرکەس ڕوومەتی خورا، دەبێ چاوەڕێی دیتنی خۆشەویستێکی بێ کە ڕووی یەکتر ماچ دەکەن.

لێک‌‌دانەوەی خەون

ماچ دووری‌‌یه.

مەسەل
قسەی قەدیمییانە، ماچ قەرەوڵی گانە
ئافرەتێکی کە ڕازی بێ ماچ بدا بە پیاوێک، بۆ سەرجێ‌‌یی لەگەڵ کردنیشی ڕازی دەبێ.

گەورەكچ بە ماچێک حیز نابێ
کەسێک که ڕابردوویەکی پاکی هەبێ، ئەگەر بەهەڵکەوت کارێکی خراپیش بکا، مانای ئەوە نیە کە ئیتر لە پاکی و چاکی لای داوە و لەوە بەدواوە هەر کاری خراپ دەکا.

لێک‌‌دراوەکانی ڕستەیی و ئاماڵ‌‌ڕستەیی

ئەی خۆ به ماچ نیه!
لە جوابی كەسێک‌‌دا دەگوترێ كە پرسیار دەکا ئاخۆ فڵانە شت بە پارە دەدرێ. ئاواش دە کار دەکرێ: «نانا بە ماچ دەتدەنێ!» یا «ئەی پێت وایە بە ماچە؟ r ئەم جوابە پێشان‌‌دەری ئەوەیە کە جواب‌‌دەرەوە سەری لە پرسیاری بێ‌‌جێی پرسیارکەر سوڕ ماوە: «– بۆچما ئەو پارکینگە بە پووڵە؟ – ئەی پێت وا بوو بە ماچە؟!»

دەستت ماچ دەكا
کاتێ یەکێک هەواڵی کەسێکی غایب لە کەسێکی حازر بپرسێ، حازرەکە وەک جوابێکی بەئەدەبانە دەیڵێ و مەبەستی ئەوەیە کە کەسە غایبەکە حاڵی باشە.

کاری چاک نازانێ، ئی خراپیش دەستی ماچ دەکا
لەبارەی کەسێک‌‌دا دەگوترێ کە پەیتاپەیتا کاری خراپ یا کارخراپی دەکا.

پێک‌‌هاتەکانی له چاوگ وەرگیراو

ماچ (لێ) ئەستاندن
ڕازی یا ناچار کردنی کەسێ بۆ ئەوەی ڕێگە بدا ماچی بکەی.
کوتیان: ئەو ماڵە کچێکی زۆر جوانی هەیە، کەس به پیاو نازانێ و قسه و سەتمەنیش دەگەڵ کەس ناکا. کەچەڵ کوتی: ئەگە وایە ئەمن دەچم هەتا ماچێکی لێ‌‌نەستێنم نایەمەوە...
[خەجێ نان‌‌نەخۆر، هەقایەت]
ئەوڕۆ وەختی نوێژی شێوان/ دوو قسەم لەگەڵ کرد بە لێوان/ سینگت باغی قەیسی و سێوان/ ماچم هەستاند بە ڕبە و پێوان
[مەلا حوسێن عەبدوڵڵازادە]

ماچ دان (بە کەسێک)
ئیجازە دان بە کەسێک بۆ ئەوەی ماچت بکا. r بە تایبەتی بۆ ماچ کردنی ڕوومەت یا لێو دەگوترێ کە ماچی لێو عادەتەن جینسی‌‌یە بەڵام هی ڕوومەت دەکرێ جینسی بێ یا غەیری جینسی: «ماشەڵا کچی من چەندە عاقڵە! دا وەرە ماچێکی بدە بە بابی خۆت. »
ئەگەر دەتهەوێ چریکەم وەک باز بێ/ ماچێکم دەیه با کەیفم ساز بێ
[فۆلکلۆر]

ماچ کردن(ی کەسێک یا شتێک)
لێو بە ئەندامێکی لەشی کەسێک یا بە شتێکەوە نان بۆ دەربڕینی خۆشەویستی و ڕێز و شتی وا (فلش ماچ).
گەنمم نێ بیکەم ده چاڵ/ سۆفی نیم، بۆچمه بەرماڵ/ بەڕەم نێ، نامهەوێ ماڵ/ ڕۆژێ سەد ماچان دەکەم/ بێ‌‌پووڵ و دەستی بەتاڵ
[پایانیانی، کانی مرادان: 110]

کارێک دەستی کەسێک ماچ کردن
پێویست بوونی کارێکی ناخۆش یا نابەدڵ (نەخوازراو) لەسەر کەسێک. r تەنزی تیایە و زۆرتر کاتێ دەگوترێ کە بیانەوێ بێژن ئەو کەسە دەبێ حەتمەن ئەو کارە بکا: «ئەگە میوەفرۆشیشت پێ ناكرێ ئەوە كوورەخانە دەستت ماچ دەكا. »

لێک‌‌دراوەکان

باج‌‌ئەستێن/ باج‌‌ئەستێن/ خەرج‌‌ئەستێنی ماچان
(مەجاز) لاوێکی کە لە ڕێ‌‌بازان ڕادەوەستێ و کچان ڕازی یا ناچار دەکا ماچی بدەنێ. r لە بەیت و بەندەکانی موکریان‌‌دا دەگوترێ.
ئەنجا سەد بری به بری ده خودای بوایه ئەمن باج‌‌گر و باج‌‌ئەستێنێکی ماچان بام له گەردنێ ڕەنگین و حەلیم‌‌بەگی/ له پێش کۆچی؛ له دوای دە خێڵی، نەوەڵڵا نیوەڕۆیان لەسەر ڕێگایه دە مەڕ خوێ دانێ
[خلەدەرزی: حەیران]

ماچ‌‌ومووچ
(ناو) ماچ‌‌گەلی دەنگ‌‌داری یەک لەدوای یەک.
جا دەڵێ کاکه لەو دۆشەگی بۆو دۆشەگی خۆیان دە باڵ ئێگدی ئاویشت. شەقەی ماچ‌‌ومووچان وەک دەمانچەی تیر دەهات.
[عەلی شەمسی: بەیتی لاس و خەزاڵ]
سابڵاغ کووچەبەکووچە/ فەقەت جێی ماچ‌‌ومووچە/ قیمەتی تەواو نابێ/ کیژی مەمک‌‌هەڵووچه
[پایانیانی، کانی مرادان: 151]

شەقەماچ
(ناو) ماچی زۆر توند و دەنگ‌‌دار.

سەرچاوە🖊:لاپەڕەی فەیسبووکی سەلاح پایانیانی

👉@mzravilka👈

مزراویلکە

15 Nov, 20:40


کوێخا ژن و بێگاری

مامۆستا قەلەندەر

دەڵێن زۆر زۆریش قەدیم نا کوێخا ژنێک هەبوو بێگاری بە هەموو کەس دەکرد تەنانەت بە میوانیش .
زۆریش قسەزان و گفت خۆش بوو.
ڕۆژێک لە دێیکی تر ڕا حەوڵاغا و بابەکراغا دەڵێن بابچینە لای کوێخاژن
کاتێ دەگەنە ئەوێ لە دەرکەی دەدەن و کوێخا ژن لەوکاتە دا لەگەڵ دوو خاتوونی دیکەی ئاوایی لە سەر تەندوور نان دەکەن.
کوێخاژن دەڵێ کێیە ئاغاکان دەڵێن خاتوون ئێمەین .
دەڵێ فەرموون وەرنە ژوور بەڵام توخوا ئەو چەلەنگە ئاوە کە لە پێش دەرکێیە بۆم بێننە ژوور.
ئاغا چەلەنگە ئاو دەست دەدەنێ و یەکسەر دێن و سڵاو دەکەن دوای جوابی سڵاو دانەوە
کوێخا ژن دەڵێ ئەیەڕۆ ئێوەن نەمزانی ئەو چەڵەنگە ئاوەشتان هێنا ژوورێ بە خوای دەبێ لە جێی خۆی دابنێنەوە! !
بەناچار چەلەنگە ئاوەیان بردەوە دەرێ!!
بە خەڵکی بێگارێک دەکرد بە ئەوان دوو بێگار


@mzravilka

مزراویلکە

14 Nov, 20:33


#مامۆستا کارۆخ هێرۆیی


باس باسی منداڵ بوون و منداڵ نەبوونە!!
کۆمەڵێک ژن کۆببوونەوە دەقسان ڕاچوبوون ، دەیانگوت ژنێ فڵانی منداڵی نابن ئەوە چەند ساڵە مێردی کردووە هەموو شێخ و موشایەخیان پێ کردوون ، خوای لێگرتۆتەوە ، ئەوی دی دەیگوت جا خوشکۆڵێ بەخوای قەتیان خێرێک لەدەست نایە ئەو هەموو مەڕو ماڵاتەیان هەیە پەڕەوریان زۆرن قەت گیسکێکی ناکەنە خێر ، یەکی دیکە دەیگوت خوا کاری خەراب ناکا ! ئەوەتا ئەسمەرێ خوشکیشی منداڵی هەن دەڵێی دەتفنکێ شەیتانی ڕاهاتوون ، وەدار و دیواری دەخەڵکی هەڵدەڕوسکێن جامیان بەپەنجەرانەوە نەهێشتوون بە دارلاستیقان ...
    پوور ئەستێ هات لەولاوە ، گوتی ئەوە چ دەڵێن خوشکۆڵەینە بەخوای ئەگە خوای نەدا بەقوەتێ شانان نییە ، ئەگە خواش دای ئەوە بەپێی دەخۆ دێ ...
شەرتبێ دەنا خەجیجۆکێ مە چ مێردۆکەشی نەکردوون ، لەوی خوایەی بەزیاد بێ دوو کڕۆکەی دە خەپەتۆڵەشی هەن دەڵێی ماستی مەییون هێندە ئیدە بەڕەحمەتن ...
هەر لەمازوو چنینێش بووە ، کەچی دولبەرۆکی بەستەزمانیش مێردیشی هەیە خوای ناداتێ ، ئەوە چ دەڵێن ، کچێ دە ڕوو دەخوای کەن پێو لەسەر لێوی قەبرییە ....
هەموان تێکڕا دەست بەدمی خۆ وەنا و گوتیان،
ئۆۆۆۆوەیش لەخۆن خەجاڵەتێ کچی دەهەر وست! بە وست! باسی ئەوێ قسێ مەکە خواشن با غەزەبێ لێنەگری.
چاوکانی: کۆڕی زایەڵە


@mzravilka

مزراویلکە

14 Nov, 10:30


تەنیا ئێمە باشین!

لە کوێستانێکی تەماوی، ڕێبوارێکی ماندوو کە ڕێگای ون کردبوو، شەو درەنگان لە دەرکەی دا. چەند کەس چوون و دەرکەیان کردەوە. ئەو پیاوە نە بۆ دۆعای خێر هاتبوو و نە چاوەڕوانی ئامۆژگاری و نەسیحەت بوو. تەنیا وتی برسیمە و نانم دەوێ. پاش نانخواردن، لە دەوری کۆ بوونەوە. وتیان ئێمە جەماعەتێکی دوورەپەرێزین کە لە خەڵک و کۆمەڵگا بڕاوین. هاتووین لەم کێوانەدا بە پاکی و درووستی بۆ خۆمان دەژین. زانایەکی مەزن ڕێبەرمانە. بە بزەی دەرکی بەهەشتمان بۆ ئاوەڵا دەکات. کاتێ گوێمان لە شێعر و وتاری  ئەو دەبێ، لەوپەڕی هەوران دەژین. بۆیە لەوە دڵنیاین کە تەنیا ئێمە ڕێگای ڕزگاریمان دۆزیوەتەوە.
جا کەوابوو بە وتەی پیران:دار پیر دەبێت و جارێک لە تەمەنیدا باز دەنیشێتە سەری. تۆش ئەم دەرفەتە زێڕینە لەکیس مەدە و لێرە بمێنەوە. دڵنیابە هەموومان چاومان لێتە. زۆر کەسان‌ وەکوو تۆ هاتن و لێرە مانەوە.

پیاوی ڕێبوار وتی: سپاس بۆ ئیوە و دەسخۆشی لە میوانداریتان. بەڵام بە ڕای من ئەمە شێوازی ژیان نییە کە ئێوە گرتووتانە بەر. مەرج ئەوەیە کە لەنێو خەڵکیدا بن و لەسەر عەرز بژین. دەنا خۆجیاکردنەوە لە خەڵک و لە ئاسمان سەیرکردن، هونەر نییە. وەهمە، خەونێکی درۆیە. ڕزگاری ئەوە نییە کە چەشنی ماسی بچنە قوڵاخەوە و لە دەردی گەل خۆتان گێل کەن.
ئێوە کاتێ بە مێشکی خۆتان بیر ناکەنەوە، کاتێ تەنیا خۆتان بە چاک دەزانن، هەر ئەوە خۆی ئەوپەڕی سەر لێ شێواوییە. کەس لێرە فێری حەماسە و عەشق نابێت.
هەر ئێستا کە ئێوە لێرەن بە هەزاران کەس لە شاران برسین، بەشی پڕپۆڵەیەک ئارد لە ماڵیاندا نییە. هاوکات کەسانێکیش هەن کە ئاخوڕیان پڕە و کۆمەڵگاشیان نوقمی گەندەڵی کردووە. تەنگیان بە هەژاران هەڵچنیوە. جا ئەگەر هەمووان دوور بگرن، ئەی کێ  هەوڵێک بدات بۆ داماوی و ڕوژڕەشی ئەو خەڵکە. کاتێ کەس خۆی بە خاوەنی دەردەکانی کۆمەڵگا نازانێت و سفرەی تاڵانکراوی لێقەوماوان نابینێت، پاک بوون مانای نامێنێت.

ئەو خەونە گرانە پیرۆزی خۆتان و ماڵیاوا.

پاش ڕۆیشتنی کابرای ڕێبوار، ئەم قسانەیان گەیاندە لای زانای مەزن. وتی من خۆم دەبێ بڕۆم و شار تاقی بکەمەوە. بۆیە ملی ڕێگای گرت و ڕووی لە شار کرد.

پاش چەندین ڕۆژ لە چاوڕەوانی شاگردان، زانای مەزن لە شار گەڕایەوە. له وڵامی پرسیاری شوێن کەوتووان، وەها دەگریا فریای فرمیسک نەدەکەوت. پاش زۆرێک شین و گریان، تکایان لێ کرد تا پێیان بلێت چی دیوە. فەرمووی بۆ یەکمجار لە شار هەستم بە بەهێزبوونی شەیتان کرد. لە شار ڕێم کەوتە گەڕەکی لەشفرۆشان. لەنجەی ژنانی بێ سەرپۆش وەکوو هەڵپەرکێی مار، مووچرکیان دەخستە  لەشی پیاوان...
ئەو شەو هەر بە گریان باسی ئەو چەند ڕۆژەی دەگێڕاوە.

بۆ سبەینێ، زانای مەزن کە لە خەو هەستا، کەسی بە دەورەوە نەمابوو. زانی هەر نیوەشەو شاگردان ڕێگای شاریان گرتۆتە بەر.

ئانتوان چیحۆف١٨٨٧/سروژ استپانیان

خوێنەری خاوەنبیر!

کاتێ کۆمەڵناسی گەورەی بریتانی، جورج وێڵز، لە پێنج نامیلکەدا باسی مافی مرۆڤ دێنێتە ئاراوە؛ پێشتر دەیباتە خزمەتی مهاتما گاندی گەورەی وڵاتی هێند. گاندی دەڵێت ئێمە بەر لەوەی باسی مافی مرۆڤ بکەین، دەبێ باسی ئەرکی مروڤ بکەین. کاتێ ئێمە ئەرکی خۆمان بەرانبەر بە کۆمەلگا بەجێ ناهێنین و خۆمان لە خەڵک جیا دەکەینەوە، مافەکانیش پێشێل دەبێت.

ئەو کەسانەی خۆیان بەرانبەر بە کۆمەڵگا بە بەرپرس نازانن، هاوکات ڕێگای خۆشیان به تەنیا ڕێگای ڕزگاری دەزانن، لە ڕاستیدا تووشی وەهم و خەیاڵن. ڕەنگە لە ئەزموونەکانی نێو کۆمەڵگاش سەرکەوتوو نەبن.

چۆلەکە بە باڵێک نافرێ و چەپڵە بە دەستێک لێ نادرێ. دەردەکانی کۆمەڵگا، زمان، کەلتوور و... هی هەمووانە و ئەو ئەرکەش لەسەر شانی هەمووانە.
کۆمەڵگای ئەمڕۆی کوردی بارودۆخی هەستیارترە لە ڕووسیای سەردەمی چێخوف. دەمڕاسانی کۆمەڵگا دەبێ خەڵک زۆرتر هان بدەن کە خۆیان بەرانبەر بە نیشتمان و کێشەکانی بە بەرپرس بزانن.

عیسا ئەحمەدی١٤٠٣/٠٨/٢٤

مزراویلکە

14 Nov, 04:29


#مەلای حاجی ڕەسوی

گوتی خێزانم کەلانەی دەکردن، لەلای دانیشتم گوتم کەلانە پەنیرێکی بۆ من دروست پکە، کەلانە پەنیرێکی بۆ دروست کردم، هەر بە گەرموو گوڕی قەپاڵتێکم لێدا و بڕێکم جووی و قوتم دا، هەستم کرد لە سەر دڵم ڕاوەستا نەچۆ خوار، هەر چۆنێک بوو هەمووم خوارد بەڵام هەموو پاروەکانم لە دوای یەکتر ڕاوەستان نەڕۆیشتن، تاوێکی پێچوو هەڵدمسام، زگم بای کرد چوومە دەستشۆیی بەخۆڕای بوو، سەعات دوای سەعات زیادتر هەڵدە دمساموو عەیب نەبێ هیچ باو باکووتێکیشم لێ نەدەبۆوە، ڕۆیشتم بۆ پیادەڕەویە، دوو کیلۆمیتر ڕۆیشتم و هاتمەوە، هەر فایدەی نەبوو، شەو داهات لە حەسارێ هەتا ماندوو بووم دەستم کرد بە وەرزش و خۆ هەڵاویشتنێ بێ سوود بوو، خەریک بوو بتەقم، سەعات بوو بە دوازدەی شەو زۆر نارەحات بووم، دوو حەبی ڕەوانیم خواردن لەسەر جێگاکەم درێژ بووم، وردە وردە زگم دەستی بە پێچ خواردنوو خوڕە خوڕ کرد، عەیب نەبێ بەری بوولێڵ دەستم کرد بە تەقە کردن، خێزانم لێم ڕاست بوویەوە گوتی ئەرێ ئەوە عەیب ناکەی؟ ئەوە چیە دەیکەی قڕت کردم. گوتم ئەمن خەریکە دەتەقم دەبێ مەمنوون بی کە ئێستا لێم بەر دەبن.



@mzravilka

مزراویلکە

13 Nov, 21:08


#محەممەد بێهڕەوان (فریا) - بۆکان

سروشکی خوێن لە سەر گۆنا، بڕۆ خوارێ خەمم زۆرە
شەمی شەو زوو مەسووتێ تۆ، خەیاڵی شەونمم زۆرە
نەهات مەحرەم بە ڕازی من لە دەوری گەردشی ژینا
ئەوەندەم ڕاز بە دڵ هەڵگرت، لە نێو یاران زەمم زۆرە


@mzravilka

3,949

subscribers

189

photos

55

videos