هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی @kaveh_dashbandi Channel on Telegram

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

@kaveh_dashbandi


شێعرەکانم کۆرپەی ئەنفالن، زۆربەیان بە ساوایی نێژراون

کاوەداشبەندی

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی (Kurdish)

بەخاتیر و لەخوارەوەی مۆریان ئەو شاعیرانە و جۆرە جۆری تەختەونە ڕوانگی ھەیە کە بەرەوپێشمانە و ڕەوانە و شیڤە و ڕۆشنبە دابەزێنن، زۆربەیان بە ساوایی نێژراون. ئەو ھۆنرمەندانەی بەرەوپێشمانە و بەرێزانی شاعیری خێزانی کوردستانن کە کاری زۆرەی بزانوونا و پرسیاریان لە ھەر بعد یان بنچاھێنا. چونکە ئەم کەناڵە هۆنری زۆر باشە بۆ کەسانی کە دەتوانن ھەرجاوەت چەمدەڕ بکەن و زانیاری جدیدەکان بۆشوێنەکانی شعبی کوردی بزیانی بن. بە شێعرەکانی کاوە داشبەندی، پێوەکراویان جیاواز لەگەڵ ناسراوی کەناڵی تیلیگرامی خۆیاندانی بەردەست دەکەن کە کاری بریکاری پرسیار و پیشاندانی شێعر، زانیاریی شاعیری دەوری کوردستان و جیهانی، و پەری یان داهاتی شعبی کورد بەپێی بینینی برنامەکانی ھەنگاوی شاعیران. بەردەگرتنی کەناڵی هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی بەرز بۆ زیاترین زانیاری و ناسراوی ئەو کاوە داشبەندیەکانی زانایە کوردییە کە تەنها بەردەستە بەیەکدەمان. بە شتێک لە کەناڵە هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی بەرینی زیاترین هەواڵ، وتەکینەکان و ھیواھەری ئایینی هۆنرێکی کورد بە تەواوێک بکەوە.

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

03 Dec, 15:25


#شەختەی_تەمەن


لەگەڵ شەختەی هەر پاییزێ گەڵایەک لە من دەوەرێ
بەرەو زستانی ژینی خۆم تەمەن دەڕوا بەرەو سەرێ

تەم و خەم و تاریکایی پێش گلێنەی چاوم دەگرێ
لە گۆڕستانی دڵمدا دیسان کورپەی بزەم دەمرێ

کێژەڵووکەی ئێش و ئازار چوار دەورم تێک دەکاتەوە
خەونووچکەیەک بەرەو نەمان نەرم نەرم دەمباتەوە

جارجار ئاوڕێک دەدەمەوە بەرەو ڕابردووی تەمەنم
بە خۆم، بە ژین، بەو خەمانەی بە دوومەوەن پێدەکەنم

بزەیەکی تاڵ و قورس لەسەر لێوم دەردەکەوێ
گەرچی دەمێکە دڵنیام من بزەشم پێ ناکەوێ

من پروەردەی نێو فرمێسکم بە ئاهی سارد گرتوومە خوو
لاشەی سڕم بۆ دەرنایە لەنێو بەفەر و سەرما و تەزوو

من گریانی نیوەشەوم من هەنیسکی دایکی کوردم
کوردم بۆیە ئەوەی دەردە چەرخی فەلەک تووشی کردم

جارجار بیرم دەڕوا بەرەو کۆڵانەکانی منداڵیم
بەرەو ڕۆژانی دڵخۆشی و چرکەکانی دوور لە تاڵیم

بەرەو سادەیی مرۆڤ وخۆشەویستی بەبێ درۆ
بەرەو ئەوکاتەی ئێمە بووین، نە من من بووم نە تۆش ئەتۆ

بەرەو دڵە بێ‌گەردەتان بەرەو چاوە ئاوێنەکان
بەرەو ئەو ژیانەی ئێستا تەنیا ماون لە وێنەکان

بەرەو خزمەکانی ئەوکات بەرەو یەک‌ماڵ بوونی هاوسێ
بەرەو کچ و کوڕی یەکڕەنگ هەموو خوشک و برا و هاوڕێ

بەرەو نەبوونی دڵپیسی و چاوی حیز و بێ خەیانەت
بەرەو دەست‌پاکی و دڵپاکی و گرینگی دان بە ئەمانەت

بەرەو باوەشە گەرمەکان بەرەو ماچی بەبێ هەوەس
بەرەو شەوچەلە و دانیشتن بەرەو ئامێزی خزم و کەس

بەرەو ژوورە گڵینەکان بەرەو کورسی و لێفە و تەندوور
بەرەو میچی دووکەڵاوی و بەرەو قورمی ڕەشی نێو ژوور

بەرەو لامپای سەر ئێغدان و دەستەنۆنی هەڵچندراوە
بەرەو وێنەی شای مارانی کاموای زەرد و سوور چندراو

بەرەو هەرزاڵ و پرێسکەی پڕ لە نوقڵی دایەگەورە
بەرەو کولێرەی پەنجەکێش بەرەو ماست و نانە چەورە

بەرەو کۆڵەکەی سەوز و شین بەرەو نوشتەی ئەبووجانە
بەرەو دوعای چاوەزار و شاڵی سەیدی سەفاخانە

بەرەو شۆرکە و شانەی دار و ئەسپۆن و بەردەپێی زبر
بەرەو قاووقیژ و نێڕەی مناڵانی وەک خۆم شبر

بەرەو دەرگا تەنەکەکان بەرەو جیڕەی چوارچێوەی دار
بەرەو تەقەی وەستای دارتاش بەرەو دەنگی تەختە و بزمار

بەرەو چیغ و کۆز و گەوەڕ بەرەو کاڕە و باڕە و سەوەڕ
بەرەو بێری و شوان و شمشاڵ بەرەو کێو و کەژ و لەوەڕ

بەرەو حەوز و کانی و ئەستێر دانیشتنی سەر بەردەبێر
بەرەو دەنگی دڵی عاشق لەنێو کونی چووکی بلوێر

بەرەو ئەوەی پێی دڵخۆش بووین بێ خواردنەوە لێی سەرخۆش بووین
سەرخۆش بە ژینی بێ‌درۆ مەست بووین بەڵام لەسەر هۆش بووین

خۆزگە دەکرا خۆم بچەمەوە بۆ ئەو ڕۆژانەی تێپەڕین
ئەو ڕۆژانەی لە سەر لێوی هەموو خەڵک بزەم دەدین


#کاوە_داشبەندی


https://t.me/kaveh_dashbandi

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

26 Nov, 12:54


‌ #تامی_ماچ

تامی ماچت کەوتە نێو شێعرێکەوە و بووژامەوە
سروەبای خۆشی هەناسەت چەند پەڕی هەڵدامەوە

ڕیز بە دووی یەک هاتنەوە چەند گوڵوشەی تۆراوی کۆن
خۆشەویستی و باسی تۆ دەتکان لە نووکی خامەوە

باوەشی ئاواڵە کرد بۆ شێعری نوێ دەفتەر، منیش
تەڕترین شێعرم چڕی بەم کێش و بەو ئیلهامەوە

شەونمی چاوم تکا سەر گوڵپەڕی گونات کەچی
زۆر بە ئەسپایی کوتت: خوێن کەوتە سەر گۆنامەوە

پەنجەکەت هات بیسڕێ ئەسرینی خوێناوی دییەم
کەوتمە: نا دەست ڕاگرە و شێتانە لێت پاڕامەوە

ڕوح لەسەر لێوم خزی و خۆی خستە گەرمای باوەشت
هەر وەکوو ناچیزەیەک پڕ قێز و بێز پێت دامەوە

ئاشکرا بوو دەتهەوێ دیسان لەبەر چاوم بڕۆی
هاتی یادی سەردەمی عەشقت وەبیر هێنامەوە

دڵنیابە تۆ لەیاد ناچی لە یادیشم بکەی
تۆ لە من دووری بەڵام قەت من لە تۆ نەکشامەوە

شێعری "کاوە" ڕۆژ بە ڕۆژ دەدوێن لە عەشقی تۆ بەڵام
ئۆخەیم قەت لێ نەهات چون لەو غەمەت نەبڕامەوە



#کاوە_داشبەندی

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

24 Nov, 08:40


#سروەی_بۆنی_تۆ


تاکوو سروەی بۆنی تۆ هەڵکا بەرەو ماڵی دڵم
ڕۆژ بە ڕۆژ خۆشتر دەبێ بەو بۆنەوە حاڵی دڵم

پیرەپەتیارەم بەڵام تا تۆم هەبێ هەر عاشقم
شاژنم! بۆ تۆیە هەر ئێستاش گڕوگاڵی دڵم

جوانە لێت ناز و ئەدا و شەرم و حەیا و دەرکەوتنت
دەرکەوە ئەی جوانترین ئاسکی سەری یاڵی دڵم

تاقە ماچێک لەو دەم و لێوەت ئەگەر ئیزنم ببێ
شیرینی شەکراوی لێوت لادەبا تاڵی دڵم

ڕاستە من خاکی وڵاتم خۆش دەوێ زیاتر لە خۆم
بەس بەشی ئەم عەشقە پاکەت ماوە جێی خاڵی دڵم

دەردی خاکی نیشتمان و بێکەسی کورد زۆرە لام
لەم ژیانە تۆی بە تەنیا ڕەمزی خۆشحاڵی دڵم


قەت زمان هەستی دڵی بۆ نایێتە ڕوو داخەکەم
من خەجاڵەت بم ئەگەر گرتوویەتی لاڵی دڵم

دەست بە داوێنی ئەوین بووم و لە دەرگای تۆ دەدەم
بەم سەروسیمایەوە سووکم دەکا سواڵی دڵم

شێعری شاز هەرگیز لە "کاوە"ی عاشقی ڕووت نابڕێ
تاکوو سروەی بۆنی تۆ هەڵکا بەرەو ماڵی دڵم


#کاوەداشبەندی


https://t.me/kaveh_dashbandi

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

18 Nov, 17:10


#بۆ_مامۆستای_خۆشەویستم_مامۆستا_ئاسۆ


چاوی تۆ لێڵ بێ شێعر سەروا و ڕەدیفی هەر خەمە
بەزم و شادی و پێکەنین لای کۆڕی یارانت کەمە

شەوچەلەی پاییز کە تۆی تێدا نەبی بێ‌نەشئەیە
خوێندنەوەی شێعری ئەوین بێ تۆ  بەجارێک ئەستەمە


خۆر لە ژێر هیچ هەورێ تا ئێستا نەماوە خەم مەخۆ
کوا حەدی پێش چاوی تۆ بگرێ هەتا سەر ئەو تەمە؟

هەر لە خۆت جوانە خەمی خاک و ولات و گەل بخۆی
بۆ وڵات و نیشتمانت بوویەتە مامەخەمە

بووکەڵەی شێعری ئەوین بۆ شای غەزەل گرتوویە مان
ئەو لەگەڵ شێعری ئەوینت دێتەوە کایە و گەمە

گوێ لە ڕاست تانەی نەیار شل‌کردنی بێ فایدەیە
بەردی تێناگرن دەڕختێکی ئەگەر بێ بەرهەمە

هەرچی دەیڵێن با بڵێن "ئاسۆ" شکۆی ئەم خاکەیە
خاکەڕایە بۆیە وا قەدری نییە لەو سەردەمە

سێبەرت یا خوا لەسەر "کاوە" و شێعر قەت لانەچێ
تۆی کە بەخشیوتە بە من ئەو جێگەیەی ئێستا هەمە



#کاوەداشبەندی

https://t.me/kaveh_dashbandi

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

15 Nov, 19:02


#ئەوینم


عەزیزم، خۆشەویستم، خەمڕەوێنم
هەناوم، شاڕەگم، جەریانی خوێنم

ئەوینم، یارەکەم، هاوڕێی ژیانم
هەناسەم، بەندی دڵ، هێما و هەوێنم

نە پرسیوتە نە دەشپرسی کە چۆنم
ئەدی چۆنت لە حاڵم تێگەیێنم؟

لە دوای تۆ باش دەزانی دڵشکاوم
دڵم لەت بوو بەڵام نەشکا بەڵێنم

دەزانم تۆ لە من زیز بووی و ڕۆشتی
دەزانم پێت‌کوتووم ناوت نەهێنم

گەلێک جاران بەبێ‌وەی تۆ بزانی
بە شێعرێکی خەیاڵی دەتدوێنم

دەنووسم بۆت ئەوەی مابوو بکوترێ
بە باڵای شێعرەوە جوان دەیلکێنم

گەلێک جار بۆت دەنێرمە ژوورەکەی خۆت
گەلێک جاریش لە داخان دەیدڕێنم

ئەوەی فرمێسکی گەر مابوو لە چاوم
بەسەر شێعری ئەوینتا دەیڕژێنم

دەکەم سەرکۆنە خۆم و بیر و بڕوام
لەسەر ئەو باوەڕە بۆچی بمێنم؟

گەلێک جاران لەگەڵ خۆشم بەشەڕ دێم
خەریکم دڵ لە سینەم‌دا دەرێنم

وەبیرم دێتەوە سەدها بەڵێنت
ئەوەندەی چاوی پڕ خوێنم هەڵێنم

وەبیرت دێ یەکەم جێژوان کە فەرمووت:
کەسێکی‌تر لە ئامێز ناخەوێنم

کچێ سوێند دەتگرێ کافر بترسە
لە ئاهـ و ناڵەناڵی دڵتەزێنم

دڵم کردۆتە بێشگەی ژانی دووریت
خەم و دەردت لەوێدا ڕادەژێنم

دەترسم بەرگە نەگرم دڵ بوەستێ
بپاڕێوە بە مەرگیش کەم نەهێنم

هەموو چرکە و دەم و کات خۆشەویستی
کچێ شێت نێم قسە و باس ناپەڕێنم

کە چۆک دادەم لەبەر قورسی غەمی تۆ
سکاڵایەک لە خۆم ڕاناگەیێنم

کە داهاتووم وەکوو گۆچانی دەست پیر
ئەوین کارێکی کرد سەر دانەوێنم



#کاوەداشبەندی

https://t.me/kaveh_dashbandi

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

12 Nov, 06:54


ئاوازووتنی؛زاهیرشەریفی

هۆنراوە؛کاوە داشبەندی

مۆسیقا؛عەبدوڵڵاخودایی

تۆمارکردنی دەنگ؛ئەمیرکیژانی

https://t.me/kaveh_dashbandi

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

06 Nov, 15:55


ئاڵقەی سێهەمی ڕۆمانی 47

نووسینی ئاوارە حوسێن زادە

خوێندنەوەی هاوار کۆچەر

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

06 Nov, 15:51


ئاڵقەی  دووهەمی ڕۆمانی 47
نووسینی :ئاوارە حوسێن زادە
خوێندنەوە :هاوار کۆچەر

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

06 Nov, 15:46


ڕۆمانی 47
نووسینی ئاوارە حوسێن زادە
خوێندنەوەی هاوار کۆچەر
ئاڵقەی یەکەم

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

29 Oct, 06:10


📚شێعر: #کۆنەزام


هۆنراوە و خوێندنەوە : #کاوەداشبەندی


https://t.me/kaveh_dashbandi

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

14 Oct, 19:28


ئه‌نجومه‌نی«ئاسۆی ژیار»ی ساحێب به‌ هاوکاری فه‌رهه‌نگ و ئیڕشادی سه‌قز، ئێواره‌ شێعری  🍁«پاییز، سه‌مای وشه‌ و خشپەی گه‌ڵا»🍁 به‌ڕێوه‌ ده‌بات.

بۆیه‌ داوا له شاعێرانی کورد ده‌که‌ین تا ڕێکه‌وتی ١٤٠٣/٠٨/١٠ شێعره‌کانیان له ڕێگه‌ی ئایدی تێلێگرامیی mahdifr48@ بگه‌یێننه‌ لێژنه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌ن.
دواتر ڕۆژ، کاتژمێر و شوێنی به‌ڕێوه‌چوونی کۆڕه‌که ڕاده‌گه‌یه‌نرێت و شاعێرانی به‌شداربوو ئاگادار ده‌کرێنه‌وه‌.

مه‌رجی به‌شداربوون:
١. شێعره‌کان ده‌توانێ به‌ هه‌ریه‌ک له دیالێکته‌کانی زمانی کوردی و هه‌ر شێوه و ڕێبازێکی شێعریی بن.
٢. سه‌ره‌ڕای ڕه‌چاو کردنی ڕێنووسی کوردی، به‌ فۆنتێکی unkurd و قەبارەی ۱٤ تایپ کرابێ و به‌ شێوه‌ی word بێت.
٣. هه‌ر شاعێرێک ده‌توانێ تا سێ به‌رهه‌م بنێرێت. (لێژنه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌توانێ یه‌ک، دوو یا هه‌ر سێ به‌رهه‌مه‌که‌ هه‌ڵببژێرێ.)
٤. نووسینی ناو و ناوی بنه‌ماڵه‌یی و ژوماره‌ی په‌یوه‌ندی و شوێنی نیشته‌جێبوونی به‌شداربوو پێویسته‌.
٥. له‌به‌رچاو نه‌گرتنی هه‌رکام له‌و مه‌رجانه‌ ده‌بێته هۆی به‌شدارنه‌بوونی به‌رهه‌می شاعێر له لێژنه‌ی هه‌ڵبژاردن.

🍁ئه‌نجومه‌نی «ئاسۆی ژیار»ی ساحێب🍁


@asoyzhyanisaheb

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

30 Sep, 20:46


#شەوچەلە


دەتهەوێ دیدەم بە گریان خوو گرێ؟ گرتوویە بۆت
شێوەنێ، شینێ، شەپۆڕێ، چی دەڵێی کردوویە بۆت

تاقە دیدارێک لە چۆڵی کووچە داوام بوو لە تۆ
لێت شکاندم دڵ ئەگەر فەرمووت: چەلێ زۆر زوویە بۆت

لاشە سڕ، ڕندووی بەفر نیشتۆتە کویستانی سەرم
خۆینی سووری نێو دەماریشم هەموو بەستوویە بۆت

باوەشێک دڵتەنگییە پێم شەوچەلەی ئەم پاییزەم
زەردە ڕوخسارێک ئەگەر ماوە ئەویش مردوویە بۆت

ئافەرین! خۆشت نەبی زوو زوو دەخۆم ژاری غەمت
شۆخە غەم خواردن لە ڕێی ئەم عەشقەدا تێچوویە بۆت

تێکە زووزوو غەم لە دڵ بۆ قووتی شەوگاری درێژ
حاسڵی تۆ بۆم غەم و ماڵی دڵم کەندوویە بۆت

چاوی تەڕ ناسڕمەوە تا گۆمی دیدەم وشک نەبێ
گەرچی دەریایەک ئەشک چاوی تەڕم ڕشتوویە بۆت

گیان و دڵ بۆ تۆ نەبێ لای "کاوە" دەست و پێ‌گرن
دەمهەوێ دوودەستی بۆت بێنم شەوێک ئەو دوویە بۆت


#کاوە_داشبەندی


https://t.me/kaveh_dashbandi

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

25 Sep, 08:43


#چەتەی_دڵ


لەگەڵ غەم وەک برادەرم و لەگەڵ ژان و کەسر جووتم
چلۆنت لێ وەشارم من لەشێکی ڕووتم و قووتم؟

لە چاوت هێند سکاڵام هەن کە نەیهێشت بێ سەبووری دڵ
دەبێ باوەڕ بکەم چاوت کە نەیزانیوە مردووتم؟

پڕی کۆڵانی جێژوانمان قسە و ڕازم نەکوتراوەن
بەخێر بێ یادی ئەو ڕۆژەی بەوێدا جارێ بردووتم

بە ترپەی دڵ دەزانم چەند عەزیز و خۆشەویستی لام
لە نێو فکر و خەیاڵمدا گەڵێ دیومە بەرەوڕووتم

نەڕەخسا باوەشت بگرێ وەخۆ لاشەی سڕ و ساردم
ئەرێ ئەو ڕۆژە گەر مردم بڵێی بیکەی بە تابووتم؟

لە چاوم زیز بووە چاوت، بە دڵ چۆن دێیە حاشا لێم؟
بپرسی تۆ لە هەرکەس پێت‌دەڵێن: دڵدارەکەی زووتم

لەبەر من دادڕین سەختە جلی عەشق و ئەوینداری
چەتەی دڵ بووی، بەڵام کەی تۆ دەتوانی بێی بکەی ڕووتم؟

کەسم بێ‌هۆیە دانیشە فەرامۆشیت مەحاڵاتە
دەبێ خۆشم‌بوێی تا ڕۆژێ ڕوحم دێتە سەر لووتم

لە خوێنی دڵ دەترسێنی ئەگەر "کاوە" بەلاڕێ چووی
کوڕە کوردێکی پەروەردەی وڵاتی خوێن و باڕووتم


#کاوە_داشبەندی


https://t.me/kaveh_dashbandi

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

02 Sep, 20:08


#بێزار

غەمی دڵ تاوێ ئەگەر هەڵڕێژم
تێدەگەن ناکەس و کەس، بێزارم
من لە مانێکی درۆی ئەمڕۆیی
لە ژیان و لە نەفەس بێزارم

لە کەس و خزمی درۆ و پووشاڵی
لە سڵاوێکی سڕی بێ‌بەزەیی
لە قسەی ئەحمەق و کەر تاکوو بڵێی
گلەییم پێیە بە گیانت گلەیی

لە بزەی پڕ لە قسەی خوێناوی
لە نیگای تانە، لە توانج و لە تەشەر
چەنێ بێزارترم ئەوکاتانەی
کە دەبینم گەلێ بێڕێزی لە کەر

چەنێ کلکم لە دەور هەڵسووڕا
مڕەمڕ تاکوو بپچڕن نانێ
سەولەخۆر چاوی لە دەستی دەبڕیم
تا بڵێم: بیکە بە دەردت هانێ

لەوەڕی خۆشی دەوێ هاموشۆی
سیلەیی ڕوحمی تەواوی بە تڕێک
زگی وەک مەشکە نەماسێ سەگەبۆر
دەگرێ قەپ لە قولاپەت لەپڕێک

هەر بە پێی فیلە لەلای قەدر و ڕێڒ
تاکوو ئەو ڕۆژە کە خاوەن چاکەی
بڕبڕەی پشتی، پەنای وەک کێوی
خزمی چی؟ باب و برای تۆ کاکەی

خوا نەکا بۆ تمەنێ موحتاج بی
چاو لە دەست بی لە کەسی دەوروبەرت
سوێند دەخۆن پاکی درۆ و مایە لە تۆ
سوێند بە عەولاد و دەنا سوێند بەسەرت

سەیری ڕوخسارت دەکەن چەشنی گول
کە ببینن بە دەسیان موحتاجی
دوور دەڕۆن دوور لە ژینت دەکەون
تا بڵێی تیژ دەڕۆن وەک تاجی

سەیرە ئەو ڕۆژە کە دەمری سەیرە
لای ئەوان چەندە درێژە لینگت
خۆ دەکەن تاوێ بە قوربان باڵات
وەک توڵە خۆ دەخەنە سەر سینگت

زەڕەزەڕ دێن و دەکەن شیوەن بۆت
هەر ئەوەی دوێنێ لەلات لالووت بوو
هەر ئەوەی تۆی پێ کەم و خۆی پێ زل
هەر ئەوەی کێشی لەلات حەوت پووت بوو

حەز دەکەم دەست دەمە کەوشێکی پیس
دەم و فڵچی سەگی بۆ تێکەمەوە
هەرچی دووڕوو هەیە بەو خوێڕییەوە
چەشنی پیسایی لە خۆی دوورخەمەوە

چەنێ بێزار لە هەندێ سپڵەم
کە لە دەورت دەگەڕێن هەر بە درۆ
دەبڕۆ ون بە لە بەر چاوانم
سەری باوکت دەبڕۆ کۆی‌کەوە کۆ



#کاوە_داشبەندی


https://t.me/kaveh_dashbandi

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

29 Aug, 18:36


شوێنی هەڵگرتنی پارە.

ئەم فەرمایشتەم لە زۆرێک لە ئێوە بیستووە کە: قسەی هەوەڵ و ئاخری کۆمەڵگا، پارە دەیکات. جا ئەگەر وابێت، دیارە پارە توانایی قسە کردنی هەیە!

بەڵێ؛  من ئەو تواناییەم هەیە، بەڵام ڕەنگە بفەرموون ئەتۆ پارەیەکی شڕی و هیچت بۆ گوتن نییە! تکایە وا بیر مەکەنەوە. چوونکا من لەو کاتەوە کە لە چاپ دراوم، دەسبەدەس و ماڵەوماڵم پێ دەکەن. زۆر بیرەوەری و ئەزموونم هەیە. ئەوەندە کە جیاوازی نێوان چاوبرسی و سکبرسی دەزانم. هەم سواڵکەری دەوڵەمەندم دیوە، هەم زانای برسی...  منیش بۆم دەرکەوتووە ئەم دنیا بەری بە کوێوەیە. بۆ ڕاست و درۆی قسەکانم، کڵاوی خۆتان بکەن بە قازی، تا عەرزتان بکەم:
کاتێ فرۆشیارێک، من لە نێو دەستی کڕیارێک دەبینێت، ئەگەرچی حەوت پشتی باوکیان لە مزگەوتێک پێکەوە نوێژیان نەکردووە، بەڵام وەها بە گەرموگۆڕییەوە دێتە پێشوازی، دەڵێی کوڕەکەی پاش دوو ساڵ لە سەربازی گەڕاوەتەوە. ئەگەر بۆ پارە نەبێت، بۆ چ شتێکی دیکە بەم چەشنە دەچێتە پێشوازی مرۆڤێکی ترەوە؟

لەگەڵ زۆرێک لە ئیش و کارەکان ناسیارم، بەڵام کەسانێکی وەهاتان هەیە، شەرەف و نیشتمان و هونەر و ویژدانیش هەر بە کاڵا دێتە پێش چاویان و دەیفرۆشن.

زۆر جار دیومە، نەخێرەکانتان بە هۆی منەوە ڕێک بووە بە بەڵێ قوربان...

جارێک لە گیرفانی دزێک قەتیس مابووم، پۆلیسێک لە کۆڵانێکی تەنگەبەر ڕزگاری کردم و من بردە لای پیاوێکی جگەرە فرۆش.

جارێک کابرایەکی گوناحبار ویستی پیاوەتی بکات. بۆیە منی پێشکەش بە بنکەیەکی خێرخوازی کرد. کەچی بەرپرسی ئەو ناوەندە فەرمووی: من لە ئاوی شەو خۆم دەپارێزم، چۆن پارەی وەها گڵاو وەردەگرم؟ گوناحبارەکە منی بردە لای پیاوێک و شەرابی کڕی. لە گیرفانی شەرابفرۆشدا چەندین دراوی کاغەزی دیکەش هەبوون، کە ئەوان  لە ماڵی هەمان کابرای خێرومەندەوە هاتبوون.

بەڵام تاڵترین ڕۆژی ژیانم ئەو ڕۆژە بوو کە لەگەڵ لەشی ژنێکدا ئاڵۆگۆڕ کرام. قسمەت نەبوو  زۆر لە جانتاکەیدا بمێنمەوە. بۆ شەو کە منی بردەوە بۆ ماڵ، منداڵەکەی هەناسەی زۆر توند بوو. ڕەنگ بە ڕوویەوە نەمابوو. بێهێز داکەوتبوو. بە هەڵەوداوان منی بردە دەواخانە. بەڵام بایەخی من کەمتر لە نرخی دەرمانەکان بوو. لەو حاڵەدا گاوری بۆ موسڵمان دەبوو. زۆر لە کابرا پاڕایەوە تا دەرمانەکەی وەرگرت.  کاتێ ڕۆیی، خاوەنی دەواخانەکە گوتی دیارە منداڵەکەی خواردنی باشی نییە، لە ماڵی تەنگ و تاریک دەژین، بەو نیشانانەی کە باسی دەکرد، تووشی ژانەسی بووە (ذات الریه).

دیومە کەسانێک بۆ خاتری من و چەند گەڵای وەکوو من، کڕنووشیان بۆ کەسێک بردووە کە دەبێ بە چوار، پێنج کەس هەوسارەکەی ڕاگیر بکەن. بەڵام ئەگەر هەژارێک سەری ببێتە ژێر لاشەیەوە کەس لێی ناپرسێت.

جاریش بووه بە هۆی مرۆڤێکی خاوەن هەستەوە، دڵی منداڵێک، ڕۆحی نەدارێک، بە من گەشاوەتەوە. ئەوانە هەر ئەو کەسانەن کە بەبێ پارەش هەر دەوڵەمەندن. سەر بە هەر باوەڕێک بن، هەر خاوەن هەستن.


ئەمانەی باسم کرد ئەو شتانەن کە بە چاوی خۆم دیومە. دەنا بۆ جارێک ڕێم کەوتە بانک، پارەی زل، زل کە سەددانە، سەددانە پێکەوە ڕێز کرابوون، شتی وایان لە مرۆڤی ئەم سەردەمە دەگێڕاوە، من لە باتی ئەوان شەرم دەیگرتم.

کەوایە من تاوانبار نیم، کاتێک خۆتان لە ناخی دەرووندا، جێتان بۆ تەرخان کردووم.

ئۆ.هێنڕی١٩٠٥/ علی فامیان.

خوێنەری هێژا؛
لە دنیای ئەمڕۆ پارە لە باتی ئەوەی ئامرازێک بێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان، خۆی لێمان بۆتە ئامانج. بۆیە ئیتر تەنیا باسی کڕین و فرۆشتن نیە. پارە کاریگەری هەیە لە سەر هەموو کەلێن و قوژبنی کۆمەڵگا و جێگای هەموو شتێکی گرتۆتەوە. بۆیە پێشینیانی ئێمە دەیانفەرموو: پارە دەبێت لە نێو دەستان بێت نەک لە نێو دڵان.

عیسا ئەحمەدی١٤٠٣/٠٦/٠٣

https://t.me/kaveh_dashbandi

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

15 Aug, 06:10


#قەرزداری_بووم



ئەوە من بووم، بە نەفەس گیانێ قەرزداری بووم
لەو غەمە دەرچوو دڵم، چانێ قەرزداری بووم

گرتبووی هێندە دڵم بەژن و قەد و باڵاکەی
پێی لە سەر ئەو دڵە با دانێ قەرزداری بووم

فەخری عالەم کە لە پێی عەشقی دەبێ بفرۆشم
قەت نەبووم بایی لە خۆم، وانێ، قەرزداری بووم

شۆخە ویستوویە دڵێک پڕ لە وزەی خۆشویستن
کە دەڵێم: شۆڕەژنم هانێ! قەرزداری بووم

من لە سەر خوانی ئەوین ماچێ تەڕ و تازەم کرد
نمەکی گرتمی گەر نانێ قەرزداری بووم

سەری سەودای منی مەست شانی بە مەنزڵ زانی
لوتفی نەبڕێتەوە لێم شانێ قەرزداری بووم

هەڕەتی بێکەسی من بوو بەسەری‌کردمەوە یار
بە دڵ و گیانەوە سەردانێ قەرزداری بووم

چ دەکەی مەنعی منی (کاوە)؟ ئەوین ئاوایە
سیحر و جادووی غەزەلم لانێ، قەرزداری بووم



#کاوە_داشبەندی

https://t.me/kaveh_dashbandi

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

25 Jul, 07:33


🍀  خۆشەویستی  🍀

هۆنراوەی : #کاوەداشبەندی 🌹

خوێندنەوە: مامۆستای خاوەن هەست ڕێزدار #عومەرڕەسووڵی

ڕێکەوتی ـ3 و 4 / 5 /  1403 هەتاوی .

دەتوانن لە دوو تۆڕی کۆمەڵایەتی مەجازی هاوڕێمان بن.

تلێگڕام👇👇👇👇👇

https://t.me/kaveh_dashbandi


ئینستاگڕام👇👇👇👇


https://www.instagram.com/reel/C91ktHjIYqP/?igsh=MXZ2a2gzdHBtMTE0eg==

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

23 Jul, 08:57


‌ #خۆشم_دەوێی


گەرچی گشت ڕۆژێ دڵت بێزارە لێم خۆشم دەوێی
چی بڵێم؟ دەی تۆش ئەگەر خۆشت نەوێم، خۆشم دەوێی

دەنگی سیحراویت بە دیلی گرتووە مێشک و دڵم
تا ئەبەد گەر بێ زڕەی زنجیری پێم، خۆشم دەوێی

من بە تاڵی زولفی کاڵت دەست و پێ بەند مامەوە
گەر لە زیندانی ئەوینت بشڕزێم، خۆشم دەوێی

گیانە، من عاشقترین گیانم دەوێ دانێم لە ڕێت
بتهەوێ دیسانەکەش لادەی لە ڕێم، خۆشم دەوێی

ڕەببەنا! لەو جوانییەی تێر بوونی نابێ چاوی دڵ
دەمگرێ خواکەی ئەگەر زووزوو نەڵێم: خۆشم دەوێی

حەسەرەتی دانانی دوو لێوم لەسەر لێوت دەخۆم
خۆزگەکەی ڕۆژ و خەوی خۆشی شەوێم، خۆشم دەوێی

بەو نیگای نازت وەرە و جارێکیتر مەستم کەوە
هەر چەنێ گەر بۆت کرا نیزیک بە لێم، خۆشم دەوێی

تۆ کە فەرمووتە: دەبێ بۆ ماچی من حەسرەت بخۆی
دڵ بە حەسرەت ڕۆژ و شەو بۆت چاوەڕێم، خۆشم دەوێی

گەر بە چێژی تامی ماچی تۆ گونەهبارم دەکەن
بێ غەمم، بۆ عەشقی تۆ قۆڵبەست کرێم، خۆشم دەوێی

مەستم و هەر تۆ مەزەی ئەو کاتە سەرخۆشانەمی
حەک بە مەستی بێم لە نێو جێگەت خزێم، خۆشم دەوێی

دیوتە "کاوە" چەند کەمی دێنێ لە نێو دێڕی غەزەڵ؟
ناکرێ وەسفت، ڕەبی من داوەشێم، خۆشم دەوێی

30ی بانەمەڕی 2723

هۆنراوە و خوێندنەوە : #کاوەداشبەندی

https://t.me/kaveh_dashbandi

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

22 Jul, 08:38


#خۆشەویستی


هاتێ دەرکی ماڵەکەی من ئەی پەری؟
هاتبووی ئیزنت دەویست تا دڵ بەری؟

من چکارەم؟ خاوەنی بڕیار تۆی
دڵ کە هیچ گیانیش دەدەم گەر یار تۆی

بێ بە قوربانت دڵ و خاوەن دڵیش
فەرموو نەتبێ زەڕڕەیەک خۆف و سڵیش

بێرە ژوور و دەرکەکەم لێ پێوەدە
تازە هاتووی و سەرێک لەو نێوە دە

ماڵ لە ساحێب ماڵ حەرام نەکراوە خۆ
بیرە ژوور سەبرت هەبێ جارێ مەڕۆ

نامەکانی تۆ بە چەندین وێنەوە
هان لەسەر تاقەی دڵم بیانخوێنەوە

با بەدەنگی خۆت ببیستم پیت بە پیت
خۆشە تا کۆتایی نامەت لێرە بیت

دێڕ بە دێڕ پێدا وەرە تا ئاخری
نامهەوێ تا ئاخری دەست ڕاگری

ساڵهایە من لەگەڵ نامەت دەژیم
من لەگەڵ ڕەنگی ڕەشی خامەت دەژیم

چاوەڕوانیم وێنەکانت تێدەگەن
تێدەگەن دووریت ئەگەر چم لێ دەکەن

کەم کەوە ئەو ژانە قورسەی سەر دڵم
مانەوەت لێ چاوەڕوان دەکرێ گوڵم

بێرە با تێر هەڵمژم بۆی زولفی خاو
ئاڵوگۆڕێکی بەسەر دابێ هەناو

با هەوای تازەی ئەوینی تێ‌گەڕێ
لێمگەڕێ ئەی خۆشەویستم لێمگەڕێ

با هەتا گورچیلە خاوێن بێتەوە
بۆنی تازەت تێکەڵاو خوێن بێتەوە

سینگ بە سینگ و ڕوو بە ڕوو با پێوەنێین
ڕێ نەبێ گەر نووکی دەرزی تێوەنێین

بیخە سەر لێوم دوو لێوی ناسکت
بیکە باڵنج و سەرینم باسکت

تل دەخۆین لەم سەر هەتا ئەوسەر بەجووت
هەر بمێنم چرکەچرکەی ڕووبەڕووت

خۆت لە نێو ئامێزی ساردم جێ‌کەوە
حەوت پەراسووم دانە دانە تێکەوە

بمکوشە تاکوو قەوە و هێزت هەیە
تاکوو هێزی قۆڵ و ئامێزت هەیە

قەف دەخۆین جارجار بە دەوری یێکەوە
تێک دەهاڵین عاشقانە پێکەوە

مژتنی سینگت هەتاکوو ژێر چەنەت
گەر بدەی ئیزنم کچێ باڵاتەنەت

دەنگی قاقا و نازەکانت بەرزی بەرز
ئاسمانی خوای ئەوین بێنێتە لەرز

خەو نەبێ تەنیا شەوێ دوور و دێژ
من لە نێو ئامێزی گەرمت گێژی گێژ

چەشنی مەستان لاشەکەم خوار بێتەوە
ڕوو بەسەر شانت سەرم لار بێتەوە

مەستترین مەستی جیهان بێ مەی منم
تاکە سەرخۆشێک هەتا تۆ هەی منم

مەستترم پێویستە مەستیم چاترە
شەهدی لێوی تۆ لە مەی گیراترە

ساقیا ئەمشەو لە غەم زیزم و نەبان
خۆزگە دەرد و غەم بە یەکجاری نەبان

هەر بەخۆشیت ساقی مەی ئاوا دەبێ
سووکە دەستت تێکە دەی ئاوا دەبێ

ئاوری ناخم بە مەی بکوژێنەوە
گەر لە هۆشم چوو وەبیرم بێنەوە

گەر کەلاکیشم لەبەر پێیان کەوت
حەک فیدای پیاڵە و شەڕابی ئەمشەوت

دوور مەخە پیاڵەی شەڕابی لێوی ئاڵ
تێکە بۆم تاکوو دەکەومە ناڵەناڵ

دەست لە دەوری نێوقەدم توند توند کەوە
ماچ ئەوەی کردت تکایە بمدەوە

هەست نەکەی سەرخۆش و بێ ئاگام کچێ
ماچ شتێک نێ گەر بڵێم بیرم دەچێ

هەرچی کردووتە هەمووی دەستێنمەوە
نامهەوێ لێوم لە لێو بکشێنمەوە

جار و بار بسکت بەسەر شان دادەوە
هاتە سەر کوڵمەت لەوێشی لادەوە

با بەدەم سۆزی هەناسەم ڕاوەشێن
با بکەن کوڵمەی گەش و سوور باوەشێن

خۆشترین شەومان کە ئاوا ڕابرێ
خۆشەویستی قەت لەلامان نامرێ



#کاوە_داشبەندی

https://t.me/kaveh_dashbandi

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

21 Jul, 05:16


‍ " خەمی نان "


ئەگەر خەمی نانم نەبێ
شێعر دەکەم بە تازە بووک
شانە دەکەم پرچەکانی
سووری دەکەم کوڵمەکانی
تارای سووری پێدادەدەم
بەرەو ماڵی تازە زاوای
چاوەڕوانی بەڕێ دەکەم
تا بۆ زاوای دڵ پڕ تاسە
کۆتری ئەوین دابەزێنم
بە شمشاڵی قاڵەمەڕەو
سۆزی دەنگی حەسەن زیرەک
لە داوێنی ناڵەشکێنە
بە چەپڵە ڕێزانی کچان
کۆڕی شایی دەڕازێنم
ئەگەر خەمی نانم نەبێ

عەبەدەڕژی و عەلی خەندان
بۆ داوەت و شایی و گەڕیان
بۆ خۆشترین شەوی ژیان
هەڵپەڕین و خەنەبەندان
لە چەوگالیش سمایل ئاغا
بۆ گۆرانی نیشتمانی
بۆ مەقام و بەستە و حەیران
دهێنمەوە بۆ شەوگەڕی
نیوەشەوان تا بەر بەیان

لە سەرچاوەی حەوزەگەورە
لەگەڵ کچانی چاو بەکل
دەسرەی سەما دەست دەدەمێ
بۆ پێشوازی بووک و زاوا
بە خرمەی دەنگی سێ پێیی
هەتا نێو باغی میراوا
ئەگەر خەمی نانم نەبێ

دەیکەم بە گوڵ وشەکانم
بۆ شاباشی بووک و زاوا
ئەوەڵ شەوی بووک دابەزین
بە نایەکەی عوسمانە سوور
لاوان دێنم بۆ هەڵپەڕین
شەوگەڕێکی بێ کۆتایی
پڕی شادی و خۆشی ئەوین
مناڵەکان وەکۆ دەکەم
تا لە دەوری بووک زاوا
هاوار بکەن چەپڵە لێدەن
بە کەیفی خۆ هەڵگرنەوە
پووڵ لە کاتی بووک دابەزین
ئەگەر خەمی نانم نەبێ

ئیزن نادەم چیتر لاوان
بچنە شاخی بۆ کۆڵبەری
بە ڕانکوچۆخە و سۆرانی
پشتێندی پان و گرێچن
بە کلاشی هەورامانی
بە کەیفی خۆ با هەڵپەڕن
بە دەنگی نایە و گۆرانی
ئەگەر خەمی نانم نەبێ

شێعر دەکەم بە چەپکە گوڵ
گوڵانی سووری کوێستانم
گوڵێک شەوبۆ یەکێ شلێر
یەکێ نێرگس یەکێ ڕێحان
یەک ئەتڵەسی و یەک ئەرغەوان
لە هەر ڕەنگێ گوڵێکی جوان
دەیدەم بە دایکی نیشتمان
ئەگەر خەمی نانم نەبێ


#کاوە_داشبەندی

🎤دیکلەمە #خدر_خەیات

👇👇👇👇

@kaveh_dashbandi

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

17 Jul, 16:11


#یەک_دڵۆپ_عەشقت


چانەبوو! عەشقت لەگەڵ ڕوح و دڵم ئاوێتە بوو
گەر وەها نەبوایە حاڵی دڵ بەبێ تۆ چۆن دەبوو؟

یەک دڵۆپ عەشقم لە نێو چاوت دزی ڕۆژی ئەوەڵ
نازەنین کردوومە گەر بێ ئیزنی تۆ کارێ، عەفوو

جوانە لێت جارجار بزە و زۆر جار مۆڕە و تووڕەبوون
مۆڕەشت شیرنە لام هەرچەند کە زۆری پێ‌نەچوو

شۆڕ کەوە چاوێ بەرەو ئەو خاکە پێی لێ دادەنێی
نەک دڵی زبرم بچڕژێنێ بەری پێت وەک دڕوو

مەگرە لێم هیچ عەیب و عارێ عاشقێکم شێت و پێت
بۆ ئەوینی تۆ لە دەستدانی عەقڵ نەیویست پەکوو

چی لە جوانی تۆ بڵێم؟ لاڵم دەس و پێش ون بووە
هەرچی دەکرێنم دەس و زار و زمان نایەن لە دوو

خۆشم و خۆشتر لەوەی تۆم لایە هەرگێز نامەوێ
سوێند بە عەشقت نیمە خۆشتر دانەیێکیش ئارەزوو

چیت دەوێ و نەدراوە؟ با بیدەم بە شاباشی ئەوین
گیان و دڵ یا ژین گوڵم؟ لێو تەڕکە تۆ فەرموو: هەموو

عاشقی ڕووی تۆ کەسم حەیفە وەکوو "کاوە"ت نەبێ
تێر تەماشاکە لە نێو شێعریش کەڵم بەندە بە موو


#کاوە_داشبەندی


https://t.me/kaveh_dashbandi

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

07 Jul, 07:17


#نامەبەر


تۆ خودا پێتوایە عەشقی تۆ لە لای من کۆن دەبێ؟
یا فەرامۆش بێ لە نێو دڵدا؟ شتی وا چۆن دەبێ؟

خۆشەویستیی تۆ گوڵێکە ڕۆژ بە ڕۆژ باڵا دەکا
تاکوو دێ زیاتر لە بەر چاوم گەش و پڕ بۆن دەبێ

وێنەکەت زۆر جار لە سەر گووشی شیاومی سەیر ئەکەم
بەو خودا سەیر و تەماشای تۆ لە سەر ئایفۆن دەبێ

سەیرە خۆی سێ پیتە غەم ئەمما غەمی دووریت لە سەر
ئەو دڵم کۆبۆتەوە قورسایی چەن‌سەدتۆن دەبێ

باشە جارجار نامەبەر نامەم دەخاتە ژوورەکەت
دیارە بەو کارە ئەویش تۆزێ دڵی ئاهۆن دەبێ

ئەو دەمەی تۆ لێدەدەی تەنیا دەڕۆی چۆن شێت نەبم؟
هەر ئەوەی گیاندار و بێ‌گیانە لەگەڵ من مۆن دەبێ

تا مەرگ دەگرێ یەخەم "کاوە" و عەشق دانابڕێن
تۆ خودا پێتوایە عەشقی تۆ لە لای من کۆن دەبێ؟


#کاوەداشبەندی

https://t.me/kaveh_dashbandi

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

27 Jun, 06:09


بە بۆنەی 7ی پووشپەڕ ساڵیادی کیمیابارانی شاری سەردەشت بە دەستی ڕێژیمی بەعسی عێراق پێشکەش بە سەردەشتی بەهەشتی کوردستانم


کە پووشپەڕ دێ برینم دێنەوە سوێ
برینی کۆنی مێژووم خوێنی دەتکێ

برینێ گەر بە دەستانی نەیار بوو
دڵی کوردی تەواو پێ کۆڵەوار بوو

برینێ کەوتە جەستەی خاک و مێژوو
بە دەستی خوێنمژانی پەست و بیژوو

برینێ پڕ لە ژان و ئێش و ئازار
سەراسەر نیشتمانی کرد خەفەتبار

برینێ بێ دەوا و ساڕێژ و هەتوان
هەموو ڕۆژ دەیهەوێ فرمێسک و گریان

برینێ جەرگی دایکی پێ دەبرژێ
دڵی شووشەی بە تیغی غەم دەچڕژێ

برینێ قووڵ و کاری و پڕ لە سۆ و ئێش
دەکا جەستەی مناڵی ئێمە ڕاکێش

نەیارە و مەرگی ئێمەی پێ جەهادە
بە کوژرانی مناڵی ئێمە شادە

دەکا خوێنی گەشی گەلمان لە کاسە
لە نێو قوڕگا قەتیسی کرد هەناسە

بەهەشتی کوردەواری بۆردمان کرد
گەلێکی تازیەبار و دڵ بە ژان کرد

فرۆکەی خستە گیانی دەست بە تاڵان
لە خوێن گەوزان لەشی جوانی مناڵان

بە کیمایی دەکەن سەردەشت بریندار
دەسی مۆتەی مەرگ کەوتۆتە نێو شار

لەشی لاوانی بێ گیان کەوتە نێو خوێن
مناڵ و پیر لە خوێنی خۆ دەگەوزێن

هەزاران لاشە کەوتوون بێ دڵ و گیان
دەکوژرێ ڕۆڵە کورد بێ سووچ و تاوان

وڵاتم بۆردمانی دژ کراوە
بە سێڵاو خوێنی سووری لێ ڕژاوە

کرا خاپوور بە تێگڕا شاری سەردەشت
دەباری خوێن لە سەر یاڵ و کەژ و دەشت

شەقام و کووچە پڕ لاشەی گەلم بوون
گەلی کوردە بە هۆی کوردبوونە مردوون

لە باوەش دایکی، منداڵ گیانی داوە
شەمی ژینی بە ساوایی کوژاوە

چ بێ تاوان دەکوژرێ کوردی بێکەس
دڵی دایکی وەتەنمان بۆتە قەقنەس

ئەوەی زلهێزە پاکی کوێڕ و کەڕ بوون
هەموو سەرشۆڕی لای شەیتانی شەڕ بوون

لە خەو دابوو ئەوەی ویژدانی پەستە
کە ڕۆڵەی کورد دەکوژرا دەستە دەستە

نەبوو مافی مرۆڤ هیچ ئاسەواری
نەبوو لایەنگرێک بۆ کوردەواری

تەواوی خوێنمژ و خوێڕی پەرەستن
لەگەڵ خوێنخۆرەکان پەیمان دەبەستن

دەمێک ساڵە پلانە کورد نەمێنێ
نەوێرێ گەر لە خاکی سەر هەڵێنێ

بە یاسا و دین دەدەن حوکمی نەمانم
دەکەن تاڵان وڵات و نیشتمانم

دەسووتێنن دڵی ئەم دایکە پیرە
هەموو گیان و لەشی پێکراوی تیرە

بەڵام خۆزگەم بە عەقڵی سووکی خۆیان
کە ناچێ تاکوو سەر ئەو بارە بۆیان

لە نێو خاکیش دەکەین دیسان ڕەگاژۆ
بەرەو ئاسمان بەرز دەکرێ لق و پوو

پەل و پۆ دەردەکەین پاراوی خوێنین
دەبێ دژ باش بزانێ هەر دەمێنین

لە غەم ڕسکاوە سەردەشت چاوی دژ کوێر
لە دایک بوون هەزاران ڕۆڵەیی شێر

بەهەشتێکە بە گوند و شار و دێوە
بەرەو دوژمن هەموو وەستان بە پێوە

وەکوو چەقڵێ لە چاوی دژ ڕواون
لە نێو جەرگ و دڵی خوێڕی چەقاون

نەما ئەو دوژمنەی ویستی نەمێنین
دەمێنین ئێمە کوردی دژ بەزێنین



#کاوەداشبەندی


https://t.me/kaveh_dashbandi

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

25 Jun, 08:39


#هەوای_عەشقت


تا هەوای عەشقت لە نێو دڵ بێ سەرم سەوداییە
حاڵێ پرسیوتە لە من، عەرزت دەکەم: شەیداییە

گەرچی دووریت تاسەمی سەد هێندە زۆرتر کردووە
ئەو سڵاوەی ساڵێ جارێکیش کە دێ سوکناییە

تا ئەوین ڕوحی هەبێ وێڵم لە کووچەی ئارەزووت
دەیبڕم تا پێی دەگەم ئەو ڕێگە بێ کۆتاییە

کوا خەمی بۆ سەرنەوی بوونی سەری عاشق دەوێ؟
ئەو سەرەی بۆ حورمەتی دڵ دانەوێ پاشاییە

چش دەبا هەر بێ‌دڵان لێدەن لە سازی بێدڵی
حەک بەنەحلەت بێ ئەوەی عەشقی لە لا ڕسواییە

بۆ هەرێمی دڵ قژی خاوت بە ئاڵا دادەنێم
با لە سەر من لابچێ ئەو دەردی بێ ئاڵاییە

بەختی ناکۆکم لەگەڵ دڵ چارەیی یەکیان نەویست
بۆ کوڕی کوردیش دەمێک ساڵە ئەوە ئاساییە

من هەتا تۆ بێیە سەر هێڵ هەر دەڵێم خۆشم دەوێی
خۆش دەبوو کەمتر بڵێی پاکی قسەی خۆڕاییە

فەخری عەشقی تۆ لە سەر "کاوە"ت ڕەبی قەت لانەچێ
بەو ئەوینەی تۆوە دڵ ئاوا بە فیز و باییە


#کاوەداشبەندی


https://t.me/kaveh_dashbandi

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

18 Jun, 20:17


" کۆچ "


ئەرێ کاکە بەرەوە کوێیە کە وا بارگەت لە کۆڵ ناوە؟
بزانە چی بەجێ دێڵی کەمێک ئاوڕ دەوە دواوە

وڵاتێک تۆ بەجێ دێڵی کە خاکیشی وەکوو زێڕە
مەگەر نابینی بێگانە سەری خۆی بۆ لە قووڕ ناوە

ئەوانەی چوونە تاراوگە ئەرێ کامیان لە خۆشی دان؟
لە ژینی خۆشی تاراوگە بڵێ کێ بۆتی گێڕاوە؟

مەگەر نەتدیوە کاک ناسر کە دەگری بۆ وڵاتی خۆی؟
حەسەن دەرزیش کە دەیدوێنم دڵی پڕپڕ لە زووخاوە

ئەدی تۆ ئەی برای بابم لەبەر چی بار دەکەی لێرە؟
دەبێژە چاوەکەی چاوم لە خاکی خۆت چ قەوماوە؟

دەزانی بۆ گەلی ئێمە هەتا هەن هیچ بە هیچ ناکەن؟
ئەوانەی بوونە پێشەنگمان هەموو خۆیان لە خەو داوە

لە خاکی خۆت هەڵاتی تا لە غوربەت ژینی خۆشت بێ
بەڵام خۆت و مناڵیشت لەپڕدا خستە دەریاوە

ئەوەندە چاو لە بێگانە و ژیانی ئەوبەرەوبەر بووین
ژیانمان وەک خەوێکی پووچ لە دەستمان چوو لە خۆڕاوە

هەتا ئێمە بەجێی بێڵین وڵات و نیشتمانی خۆ
بە دەوڵەت چۆن دەبین کاکە خەیاڵت تا بڵێی خاوە

ئەگەر خۆمان لەبیر مابا و نەدۆڕابا دڵ و بیرمان
کچە کورد چۆن بە هین بادان دەهاتە جێژنی یەڵداوە

وەرن تۆ خودا بە یەکڕیزی بکەین ئاوا وڵاتی خۆ
پەشیمان دەبنەوە ڕۆژێ بە وەڵڵا بۆ قسەی "کاوە"


6ی بەفرانباری 2721


#کاوەداشبەندی 👇👇👇👇👇


@kaveh_dashbandi

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

12 Jun, 16:47


#من_و_دڵ


من لەگەڵ دڵ ساڵهایە کێشەمان کەوتۆتە بەین
هەر بە لالووتێکەوە جار جارە ناوی یەک دەبەین

دڵ هەوای عەشق و منیش پیری بڕستی لێ بڕیم
چەشنی دوو منداڵ خەریکین باس و زەمی یەک دەکەین

جار و بار مۆڕە و جنێو و تانەمان بۆ یەکتری
جاری واشە دەست بە یێخەین تێر و پڕ لێکتر دەدەین

سەیرە ئەو عەشقەت وەهای کردووە لە خۆم و ئەو دڵەم
نەک ئەتۆ خۆشمان گەلێک ناڕوونە گەر لێکتر بگەین

ئەو لە نێو ئەو سینگە تەنگەمدا خەریکە بێتەدەر
جاری وایە نایەڵم تێر دەست لە قوڕگی یەک دەخەین

کێشەمان لێ گەورە بۆوە دڵ قسەی خۆی بردە سەر
تازە بێ هۆیە من و عەقڵم لە لای هەر چی بڵەین

با قسەی دڵ بێ دەزانم پەندی دنیام پێ دەکا
چون بە گیانت ئەستەمە ڕۆژێ من و تۆ پێک بگەین

قەسدی ڕسوایی منی "کاوە"ی هەیە بۆیە دەڵێم
من لەگەڵ دڵ ساڵهایە کێشەمان کەوتۆتە بەین


#کاوە_داشبەندی


https://t.me/kaveh_dashbandi

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

07 Jun, 11:49


#هەمیستێر


چەندە سەرقاڵی دنیای مەجازیم
لەم ژوور بۆ ئەو ژوور چ وازی وازیم
لە فیلتێر بوون و نێتیش ناڕازیم
دەپسێ لە کاتی سەرگەرمی و بازیم
موحتاج پڕۆکسی و vpn ماوم

بەستە بە بەستە دەکڕم بە دوو خەت
بەستەی ئێستاکەش نەیما بەرەکەت
بەشی دوو وێنە و دوو فیلم و دوو چەت
گەر بیکاتەوە ئەویش لەت و پەت
لەگەڵ ئەو نێتەی هەڵدەخولێ چاوم

دەردم کەم هەبوو لە نێتی بێ خێر
هەر دووک چاوانی لێ کردووم کوێر
شتێکی‌تریش ئێستاکە بووم فێر
تێوەژاندنی کاکی هەمیستێر
چاوەڕێم بدا پارە و دراوم

هێندەم تێوەژاند بە دۆشاومژە
بە زەڕنەقووتە و بە ئەسپێ کوژە
چاوم لێ دەکا هەر دەڵێی دژە
هەر دەڵێی ورچە بەو یاڵ و بژە
دەڵێ بتمێنێ زۆرت لێداوم

چاوەڕێم دەربێ پارە لە پاشی
دەوڵەمەندم کا خێرا و بە باشی
بەڵام ئای تڕحێو، خستە نباشی
پاوێل دەرد بگرێ بۆ تڕەماشی
بۆ ئەو کڵاوەی لەسەری ناوم



#کاوە_داشبەندی


https://t.me/kaveh_dashbandi

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

05 Jun, 16:36


#فریام_کەوە


شۆخێ سووتاوم بە تینی عەشقی تۆ فریام کەوە
نەک لەگەڵ خۆم، بێ لەگەڵ خۆشت چەلێ یەکلام کەوە

من دەڵێم بێ و تۆ بڕۆت داوە وەڵامم، چۆن دەبێ؟
شۆخە یا بمهێڵەوە یا گەر بڕۆم تۆ دوام کەوە

تازە بۆ من ئەستەمە باسی فەرامۆشیت بکەم
گەر دەتوانی تۆ لە سەر سەفحەی دڵی خۆت پام کەوە

شێتە کوا ئەمن و ئەتۆ دوور بین لە یەکتر هەڵدەکەین؟
کەم خەیاڵ و ئارەزووی لاوێکی کرچ و خام کەوە

یادی چی؟ خۆ هەر ئەتۆی لەو مێشکە ماڵوێرانەدا
کابە کەج نابێ ئەتۆش لەو نێو دڵەت جێگام کەوە

شل بووە زارم ئەوەند عەرزت بکەم بێ‌دین مەڕۆ
هەر نەبێ ڕەحمێ بە ئەو کاتەی کە بۆت گریام کەوە

دەردەدارێکم لە کۆڵانی ئەوینت کەوتووم
بگرە دەستانم بە ماچێکی لە کوڵمەت چام کەوە

بەسیە تاکەی "کاوە" بۆت شێعری بە شیوەن دەربڕێ
گیانی شیرینم وەرە و ماتەم لە کۆڵ سەروام کەوە



#کاوە_داشبەندی

https://t.me/kaveh_dashbandi