سبەینێ سێ شەممە، دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق كۆدەبێتەوە لەسەر ژمارەیەك سكاڵا، كە 4 سكاڵایان تایبەتن بە هەرێمی كوردستان، كە یەكێكیان لەسەر هاوسەرگیری دووەم و یەكێكیان لەسەر وەزارەتی شەهیدان و و دووانیشیان لەسەر غەرامەی كامێراكانی تۆماركردنی تیژڕەوی هاتووچۆیە.
سکاڵایەکی دیکە لەسەر سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیری ناوخۆ تۆمار کراوە، کە سکاڵاکار دەڵێت: وەرگرتنی باج و رسوماتەکان بەگوێرەی یاسای ژمارە 86ـی ساڵی 2004 تایبەت بە تۆماری ئۆتۆمبێل نایاساییە و وەزیری ناوخۆ دەسەڵاتی ئەوەی نییە سزاکان کەم و زیاد بکات و سزادانی شۆفیر بەهۆی خێراییەوە زیاتر لەجارێک لەیەک کات و شەقامدا نایاساییە، چونکە لەسەر یەک سەرپێچی نابێت کەسێک دووجار سزابدرێت.
سکاڵایەکی دیکەی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان، لەسەر سەرۆکی پەرلەمان تۆمارکراوە و سکاڵاکار دەڵێت: ناوی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان نایاساییە و پێویستە بکرێتە دامەزراوەی شەهیدان و ناوی ئەنفالکراوانی لێبکرێتەوە.