مێشکی مرۆڤ؟!
بەشی یەکەم
سروشت پڕە لە وانەی شاراوە و تەنانەت شتێکی سادە وەک هێڵەکانی ناو گەڵایەک دەتوانێت تێڕوانینێکمان پێبدات سەبارەت بە چۆنیەتی کارکردنی عەقڵی مرۆڤ. ئەم هێڵانەی گەڵا کە بە دەمار ناسراون، تەنها ئەوەندە نییە کە جوان بێت و بەس! بەڵکو زۆر ڕێکخراو و هاوسەنگ و دیزاین کراون بۆ ئەوەی گەڵاکە تەندروست و کارا بمێنێتەوە. ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە، هاوشێوەیی زۆر هەیە لە نێوان پێکهاتەی دەمارەکانی گەڵایەک و چۆنیەتی کارکردنی مێشکمان. با لەم پەیوەندییە سەرنجڕاکێشە بکۆڵینەوە.
1. سیستەمێکی باشڕێکخراو
دەمارەکانی ناو گەڵایەک وەک ڕێگا وان، ئاو و ماددە خۆراکیەکان دەگەیەننە هەموو بەشەکانی گەڵاکە. ئەم ڕێکخراوەییە یارمەتی گەڵاکە دەدات بە ئاسانی کار بکات. بە هەمان شێوە مێشکمان تۆڕێکی پەیوەندی هەیە کە پێی دەوترێت (ڕێڕەوی دەماری - neural pathways) کە هاوکارمانە لەوەی بیربکەینەوە و زانیارییەکان لەبیرمان بمێنێتەوە و توانای بڕیاردانمان هەبێت. رێڕەوە دەمارییەکانی مێشکیشمان هەروەک دەمارەکانی ناو گەڵایەک وایە، بەهۆی ئەم ڕێڕەوانەوە کە بە وردی ڕێکخراون تاوەکو دڵنیایی ئەوەمان بداتێت کە زانیارییەکانی مێشکمان بە شێوەیەکی کارا پرۆسێس بکرێت و بمێننەوە.