🔹 دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ هەریەک لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، یواڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل و محەممەد زێف، فەرماندەی سەربازیی حەماس دەردەکات.
🔹 رۆژی پێنجشەممە، 21ـی تشرینی دووەمی 2024، دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی کە بارەگاکەی لە شاری لاهای هۆڵەندایە لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سێ کەس دەرچووە، بەرێز بنیامین نەتەنیاهوو و بەڕێز یواڤ گاڵان، ئەوەش لەبەرامبەر ئەو تاوانانەی دژی مرۆڤایەتی ئەنجامیان داوە و ئەو تاوانانەی جەنگ کە دوای 8ـی ئۆکتۆبەری 2023 تاوەکو 20ـی ئایاری 2024 کردوویانە".
🔹 هەر لە راگەیێندراوی دادگەدا هاتووە، کە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ محەممەد زێف، کە بەرپرسێکی سەربازیی حەماسە دەرچووە و هۆکارەکەشی بۆ "ژمارەیەک تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی" گەڕاندووەتەوە کە لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 ساڵی رابردوو کردوویەتی.
🔹 دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان 124 وڵات تێیدا ئەندامن و لە ئەگەری گەشتکردنی ئەو کەسانەی کە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە بۆ ئەو وڵاتانە، دەتوانن بڕیارەکە جێبەجێ بکەن و داواکراوەکە دەستگیر بکەن، بەڵام ئەوکاتیش وڵاتەکە ئازادە چ بڕیارێک دەدات و بڕیارەکە پابەندکار نییە.
🔹 رۆژی 20ـی ئایاری ئەم ساڵ، کەریم خان، داواکاری گشتی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان داوای کرد کە جگە لە بنیامین نەتەنیاهوو و یواف گاڵانت، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ هەریەک لە ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسی حەماس و یەحیا سینوار، کە دوای کوژرانی هەنییە بووە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس، دەربکرێت.
🔹 ئیسماعیل هەنییە لە 31ـی تەممووزی ئەم ساڵ لە تارانی پایتەختی ئێران کوژرا و لە ئابی ئەم ساڵیش، ئیسرائیل رایگەیاند، کە محەممەد زێفیان کوشتووە و حەماسیش رەتیکردەوە کە کوژرابێت. هەروەها لە ئۆکتۆبەری ئەم ساڵیش سوپای ئیسرائیل سینواری لە کەرتی غەززە کوشت. تاوەکو ئێستا نە ئیسرائیل و نە بزووتنەوەی حەماس هیچیان لەسەر بڕیارەکەی دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی رانەگەیاندووە.