نووسراوی : نادرمستەفازادە
/// رەحیم خان ///
بەشی یەک
دەریای پڕ شەپۆل و شۆڕشی ژیان ورد ورد هەنگاوی بەرەو ئارام بوونەوە هەڵدێناوە و بە وێنەی گۆمی مەند لە گێژ و خول و ڕاوەستان بوو.
ئەتگوت : ئاو بە سەرئاگر داکراوە گرفە و گڕ و بڵێسەکانی دادەمرکا،هەڕەشە وگووڕەشەیان لێ دەبڕا و بەرەو کوژانەوە دەڕۆیشت.
بەڵام پۆلۆکانی دواین بەربەرەکانی خۆیان بەچزە چز و کفە کف دەکرد ئەیانویست جارێکی تریش گڕیان بەرز بێتەوە و خۆ بنوێننەوە کەچی هەولدان بێ بایەخ بوو.
چونکێ ئەوە ئاوی دەستی ڕۆژگار بوو , کەئاگری دڵی وەها لە بڵێسە و گڕ دەخست کە هیچکات سەر هەڵنەداتەوە.
ئەمڕۆ دڵ دەبوو پاش ئەو هەموو هیوا و ئاواتە لە بڕان نەهاتۆی دەستی لەگشت خۆشیەکانی ژیان بەردا و تەنانەت وشەی پیرۆزی خۆشەویستی کە هەوێنی مانی بوو لە بیر دەبردەوە تەنیا بیری لە یەک شت دەکردەوە کە چنگی لە ناخی دەروونی گیر کردبوو و تار و پۆی ژیانی دا تەنیبوو.
ئەویش سێبەری دزێوی مەرگ بوو کە لەو پەڕی بێ بەزەیی و دڵ ڕەقی دا خۆی دەنواند و وەک بای بەهێزی پاییزی بەر ببۆ لق و پۆپی داری ژیان و سەر وگوێلاکی گوڵاڵە سورەی ژینی شێتانە تێک هەڵ دەشێلا و قاقا بەو ڕۆاڵەتە پێ دەکەنی .
بەوەش نەدەوێستا ئەیویست لەڕەگ و ڕیشەوە هەڵی کەنێ تاکوو ئاسەواری نەمێنێ
قرچەی گیان سووتێنی تێک شکانی داری سەرسەوزی ژیان دەهاتە گوێ دوا ساتەکانی ژیانێکی پڕ دەردیسەر تێ پەڕ دەبوو ساتێکی ناسک لە نێوان مەرگ و ژین دا، بەربەرەکانی و شۆڕشێکی گەورەی مابەینی ڕوح و مەرگ بوو بڵێی کامیان سەر کەون ؟
ئایا دڵ دەتوانێ بەو پەڕی تاسە و ئاواتەوە، مەرگ تەنیا ساتێکی تری مۆڵەت دا و لە لای خۆشەویستەکەی بمێنێ یانا دەبێ بە ناچار باوشی گەرمی ئەویندار بە جێ بێڵێ و خۆی دەباوشی سارد و سڕی مەرگ هاوێ ؟
ئاخ کە ژیان شیرینە و دنیای ڕوون خۆشە , دڵ دەستی پێ لەئاواتەکانی بەر نەدەبوو و بیری لێ دەکردەوە بەو پەڕی هێز و تواناوە شەڕ و خۆڕاگری دەگەڵ دێوەزمەی ڕەشی مەرگ دەکرد-
بەڵام بە داخەوە ئەوە هێزێ بوو جیا لە هێزی ئادەمیزاد و جیا لەو هێزەی کە ئەو بە هۆزە
گەورەکەیەوە دەر وێستی بێ .
بە ناچار و هیوا بڕاو خۆی وەکو لەشکرێکی بێ هێز و تێک شکاو دەهاتە بەر چاو کە بەپاڕانەوە و دوا نوزەی تیا ماو،تکای مانەوەی لانی کەم ساتێکی تر بکات کەچی لە خۆفی لەشکری زاڵ و سەرکەوتوی مەرگ هێزی تکا و پاڕانەوەشی لێ بڕا و زمانی بەسترا و چاوی بە مۆلەق وێستا دڵە خورپەی کەوتە ناو لەشەوە دڵە کوتەیەک کە هیچکات لە ماوەی ژیانی دا نەیگرتبوو،ترسێک کە هیچکات نەکەوتبۆ
لەشی جەستەی داگرتبوو، پشووی بە
سەغڵەت و بژاردە بژاردە دەهاتە دەر
بەوپەڕی تاسە و ئاواتەوە دەیڕوانێ خزم و کەس و دۆست و خۆشەویستانی کە لە دەوری کۆ ببوونەوە و بۆی بە پەژارە و داخەوە بوون و چاوی لێ نەدەترووکاندن
ئاخر تاکوو ئێستا لە بەر تەماحی دنیایی نەپەرژا وا بە جوانی و وردی سرنجیان بدا و چاویان لێ بکا و ڕوویان ببینێ بۆیە لەو پەڕی تەوژم و ناڕاحەتی دا نەیدەویست چاویان لێ هەڵبڕێ ,, ئێستا ژیان لە ژێر چنگی تیژی مەرگ دا وە تەنگ هاتبوو و وەک مەلی دڵ بەتاسەی هەڵفڕین دەهات نەردەی قەفەسی سینگ بپچڕێنێ و لە شەقەی باڵ دا و بفڕێ و لە ناو بەندیخانەیەک بە ناو ژین، ڕزگار بێ
بەڵام نا دیسان هۆگری و خۆشەویستی ئەو بە دنیای ڕوون بەرگری لێ دەکرد.
چاوەکانی پڕ پرسیار ودڵی پڕ ئاوات دیانویست تەنیا ساتێکی تر لە خۆشی و جوانی ژین بەشدار بن .
کە چی تازەکاتی ئەوە نەمابوو،و کات درەنگ و ژیان گەیشتبۆ تەنگانە و فەرمان فەرمانی پەروەردگارە و پاش و پێش ناکرێ و گەڕانەوەی بۆ نییە ـ ئەجەل بە گشت هێز و تواناوە،چۆکی لە سەر سینگی داناوە، ناچار دەبودەست لە گیانی شیرین بەردا و گەڵای زەردی پاییز لە داری بوەرێ.
ئێستێ نەزێڕ و پوڵ و پارە و نە خزم و دۆست تەنانەتی هۆزەگەورەکەشی کە لە دنیا دا جێی شانازی ئەو بوون نەیاندە توانی وە فریای کەون و ئەوجاریش لە کەوتن دا ڕاستی کەنەوە،تەنیا ساتێکی ژین بۆ زیاد کەن.
لەچاوتروکانێک دا لەو هەموو بەزم و خۆشی و شادی و هەرا و هووریا وحەق و ناحەق و
دڵ شکانی مرۆڤەکان لە تەرمێکی ساردەوە بوو پتر شوێنەوارێک نەما.کە ئەویش...
کاناڵی ژیان جوانە،گەر چاوەکان جوانی ببینن...
👇👇👇🌿🌱❤️
http://telegram.me/Mostafazadeh2