#بەشی_دووهەم
لەبری ئەوەی ئەم دۆزینەوە زانستییە پێشکەوتووانە لە باوەش بگیرێن، کەنیسە گالیلەی ئیدانە کرد و ناچاری کرد پاشگەز بێتەوە لە دۆزینەوەکانی.
ئەم بەرەنگاربوونەوەیە بەرامبەر گۆڕان، تێگەیشتنی مرۆڤایەتی لە جیهاندا دوا خست، هەموو ئەمانەش لەبەر ئەوەی دەسەڵاتدار ترسیان لە لەدەستدانی دەسەڵاتی عەقیدەی خۆیان هەبوو.
لە سەردەمی مۆدێرنیشدا، نموونەی تر دەدۆزینەوە کە چۆن ڕژێم و ئایدۆلۆژییە ستەمکارەکان پێشکەوتنی فیکرییان خنکاندووە. لە سەردەمی سەرهەڵدانی تۆتالیتاریزم لە سەدەی بیستەمدا، بیرمەندانی وەک هانا ئارێنت هۆشدارییان دا لە مەترسییەکانی ئەو کۆمەڵگایانەی کە بیری ئازادی سەرکوت دەکەن. لە ئەڵمانیای نازی و ڕووسیای سۆڤیەتدا، بیرمەندانی عەقڵانی و هونەرمەند و زاناکان بێدەنگ دەکران یان لەناو دەبران. ئەگەر بیرۆکەکانیان دژایەتی ئایدۆلۆژیای سیاسی باڵادەست بووبێت. گۆشەگیریی ڕۆشنبیرانی جوولەکە لە سەردەمی هیتلێر و پاکتاوکردنی بیرمەندانی ناڕازی لە سەردەمی ستالیندا، بیرهێنانەوەی توند و تیژن کە چۆن ترس و دەسەڵات دەتوانن پیلانگێڕی بکەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی پێشکەوتن و لەقاڵبدانی.
سەرەڕای هەموو ئەم هێزانە، هێشتا مرۆڤ وا مامەڵە دەکات کە ژیان هەمیشەیی بێت. ئێمە هەوڵ دەدەین و سامان کۆدەکەینەوە و خەبات دەکەین بۆ ئەو میراتانەی کە هیوادارین لە ئێمە زیاتر بمێننەوە، بە جۆرێک ئەمە شێوازی یاخیبوونمانە لە بێبایەخیبوون. ئێمە بە ژیانەوە دەلکێین، نەک لەبەر ئەوەی بۆ هەمیشە دەژین، بەڵکو لەبەر ئەوەی هیوادارین جێپەنجەیەک بەجێبهێڵین کە بمێنێتەوە. بەڵام مێژوو پێمان دەڵێت کە تەنانەت گەورەترین ئیمپراتۆریەتەکانیش دەڕووخێن و بەهێزترین سەرکردەکان لەبیر دەکرێن و بەرزترین ئایدیاڵەکان کاڵ دەبنەوە.
ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی کە سەردەمانێک کۆی دەسەڵات و شارستانیەت بوو، لە ژێر قورسایی تەماحی خۆیدا ڕووخا. هەرەمەکانی میسر هەرچەندە زۆر بەنرخن، بەڵام ئێستا وەک هێمای سروشتی ڕاگوزەری دەستکەوتی مرۆڤ دەبینرێن. تەنانەت لە فەلسەفەشدا بیرۆکەی هەندێک لە گەورەترین عەقڵەکان- ئەفلاتون، ئەرستوو، کۆنفۆسیووس- لێکدراونەتەوە، دووبارە لێکدراونەتەوە و هەندێکجاریش فڕێدراون، ئەمەش ئاشکرای دەکات کە ئەو هەمیشەییانەی ئێمە بەدوایدا دەگەڕێین، وەک خودی ژیان، ڕاگوزەرە.
لە زانین و ناسینی بێ بایەخی ژیاندا، دەبێت ئێمە دەرگای ئازادی قووڵیش بکەینەوە. ئەگەر ژیان کورت و مەرجدار و بێ مانا بێت، ئەوا ئێمە ئازادین کە بە شێوەیەکی ڕەسەنانە بژین و ساتەوەختی ئێستا لە باوەش بگرین. وەک نیچە باسی دەکات، دەتوانین هەوڵبدەین ببینە “übermenschen”- تاکێک کە بەهاکانی خۆیان دروست دەکەن، دوور لە سنووردارکردنی ئەخلاق یان نەریتی سەپێنراو.
بێ بایەخی ژیان لە جوانییەکەی کەم ناکاتەوە. بەڵکو داوامان لێدەکات بە تەواوی بژین، تەحەدای ئەو هێزانە بکەین کە مەرجمان بۆ دادەنێن و کراوە بین بۆ گۆڕانکاری و لێکۆڵینەوەی عەقڵانی. بەم کارە پاڵ بەو کەسانە دەنێین کە هەوڵی بێدەنگکردنی بیرکردنەوە و چەوساندنەوەی داهێنان و پاراستنی دۆخی ئێستا لەسەر حیسابی پێشکەوتن دەکەن. هەموو دەزانین کە ئێمە بۆ هەمیشە ناژین، بەڵام دەتوانین هەوڵ بدەین بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی مانادار بژین، لە بەرانبەر بێبایەخی ژیاندا، گۆڕانێک بخوڵقێنین.
#دوکتور_بەهمەن_جەباری
@jnanipesheng