کیانوش چراغی، زیندانیی سیاسیی کورد و کارمەندی پێشووی ئیدارەی دەستەبەری کۆمەڵایەتیی دێهلۆران، تەمەن ٤٤ ساڵ، دوای گواستنەوەی لە زیندانی ئیلامەوە بۆ زیندانی دەڕەشار، وەک ناڕەزایەتییەک مانی گرت.
ئەم گواستنەوەیە لە کاتێکدا بوو کە پێشتر نابراو بە هۆی هەڵوەشاندنەوەی پێبەندی ئەلیکترۆنی و جێبەجێکردنی حوکمی زیندانەکەی بۆ ماوەی نۆ ڕۆژ لە زیندانی ئیلام مانی گرتبوو و بە هۆی تێکچوونی باری جەستەیی بۆ نەخۆشخانە گوازرابووەوە. ناوبراو دوای وەرگرتنی بەڵێن لە بەرپرسان کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا.
چراغی کە ماوەیەک لەمەوبەر لەژێر پێبەندی ئەلیکترۆنی لە زیندان ئازاد کرابوو، لە مانگی ڕێبەندانی ئەمساڵدا بە بڕیاری لقی ٦ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئیلام دیسان دەستبەسەر و بۆ زیندان گوازرایەوە.
ناوبراو ساڵی ڕابردوو بە تۆمەتی "هەڵسوکەوت دژی ئاسایشی نەتەوەیی" دوو ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا. هەروەها له دۆسیەیەکی دیکەدا، به تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژ به حکوومەت" بە یەك سال زیندانی مەحكووم كرا.
🌐 ئاڤاتوودەی
پێنج شەممە، ١٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٣
@avatodaykurdi