ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ـی کانوونی دووەمی 2025، د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نووسراومان لەلایەن نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بەدەستگەیشتووە بۆ دامەزراندنی دەرچووانی بەشە پزیشکی و تەندروستییەکان کە خەڵکی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن و لێرە لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان خوێندوویانە و دەرچووی ساڵانی 2023-2024ـن. ئێمەش گشتاندنمان بۆ سەرجەم زانکۆ و پەیمانگاکان کردووە."
نووسراوی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان و نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە بەغدا.
بە گوتەی د. توانا نەجەف، "دوای ئەوەی وەڵامی گشتاندنەکەمان درایەوە، ئێمەش ناوەکانیان بۆ نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دەنێرین و حکومەتی فیدراڵی کار بۆ دامەزراندنیان دەکات."
هاوکات چالاک محێدین، بەڕێوەبەری تۆماری گشتی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان بە رووداوی گوت: "ئێمە بە گوێرەی هەڵکەوتەی جوگرافیی زانکۆکەمان پشکی شێرمان لە خوێندکارانی خەڵکی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەردەکەوێت، دەرچووانیشمان ئاگادارکردووەتەوە کە لە ئەمڕۆوە سەردانی هۆبەی تۆمارگەی زانکۆکەمان بکەن."
لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان بەشە تەندروستییەکانی شیکاری نەخۆشییەکان و پەرستاری هەن. چالاک محێدین دەڵێت: "هەر کام لە دەرچووان کارتی زانیاری، فۆرمی خۆراک یان کارتی نیشتمانییەکەیان سەر بە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بێت، بڕیارەکە دەیانگرێتەوە و ناویان بۆ وەزارەتی تەندروستیی عێراق بەرز دەکرێتەوە. وەک ساڵانی پێشوو زۆرینەیان لە سنووری دیالە، کەرکووک و خانەقین دادەمەزرێن."
نووسراوەکەی وەزارەتی تەندروستی لە 16ـی کانوونی یەکەمی 2024، بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراق کراوە و وێنەیەکیشی بۆ نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە بەغدا نێردراوە کە داوا دەکات ناوی سەرجەم دەرچووانی بەشە پزیشکییەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان بنێردرێت کە خەڵکی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن.