شوناس @muhsinceldiyani Channel on Telegram

شوناس

@muhsinceldiyani


ژووری "شوناس" لە لایەن "موحسین جەڵدیانی"یەوە داندراوە. لەو ژوورەدا بابەتی مێژوویی، ئەدەبی، کۆمەڵایەتی و... بڵاو دەبێتەوە.

شوناس (Kurdish)

بەخێربێیت بۆ ژووری "شوناس" لە لایەن "موحسین جەڵدیانی". ئەم ژوورەدا بابەتی مێژوویی، ئەدەبی، کۆمەڵایەتی و هەرێمیانە دەتوانیت لەسەر بڵاوکردنەوەیان بەسەرببینیت. ئاگاداربوونەوەی زانستی و ئامادەی گشتی بۆ هەموو ئەوانی کە دەتوانن لەم ژوورەدا بەشداربین و بسەرکەوتن بینین.

شوناس

25 Jan, 17:10


 هەوڵ بۆ یارمەتی‌دان بە فەرشاد لەناو
بەفر و باڕنی هەوەتوو
دا

: موحسین جەڵدیانی

بەشی دوو

لەو قسانەدا بووین زەنگی  تەلەفۆنمان بیست. کاک مەحموود چووە لای تەلەفۆنەکە.
-  فەرموو
-  ....
-  چۆنی کاکە، جەنابت چی فەرشادی؟
-   .....
- کاکە چی بکەین؟
-   ....
- چی، کاک عەباس؟!
-   ....
- شوکور بۆ خودا ئەوە کەسێک پەیدا بوو.
 
-   ....
- چاوەڕوانی ئێوەم.
-         ...
- ماڵاوا.

بیستووکەکەی داناوە گوتی:
- کاکە دەرگامان بۆ کراوە
-  چۆن؟
- ئەو کاک عەباسەی لە ئاوایی جۆشکاری هەیە، ئەیناسی؟
- بەڵێ چەند جارم دیتووە. جارێك سەرەخۆشی قەومێکیان بوو لەگەڵ کاک ڕەحمان چوومەتە ماڵیان.

بەڵێنی بە باوکی فەرشاد داوە زنجیر لە تەگەرەکانی پاتڕۆڵەکەی بدات و بێت فەرشادی بۆ ئیرانشا ببا. ئەو کەسەی قسەشم تەکیا ئەکرد ئامۆزای باوکی فەرشادە. ماڵی لێرەیە، ئەوە ئەو بوو ئەو قسانەی ئەکرد. بڕیارە تا نیو سەعاتی تر لێرە بن.
-  هەواڵێکی خۆش بوو.
هەر دووکمان بە پێوە ڕاوەستابووین کاک مەحموود گوتی:
- کاکە خۆشم تەکیانا ئەچم. هەر وا دروست‌ترە ناوێ لێرەوە هەر وا وێڵیان بکەین.
- دەڵێی کاک مەحموود ئێوە لە لای قوتابی‌یەکان بمێنەوە من لەگەڵیان دەچم.
- نا کاکە گیان قەزات لە من، هەر ئەوەی کە ئێوە لێرە ئاگاتان لە قوتابییەکان ئەبێ بۆ ئێمە تەواوە.
منداڵێک لە دەرگای دا و دەرگای کردەوە. گوتی:
-  ئاغا فەرشاد فرە ناڕەحەتە. چەتان کرد؟
-  نیگەران مەبن فەرشاد بۆ لای دکتور ئەبەین. ئێوە لە خەوگەکانتان بن و شلووغی مەکەن با ئێمە بزانین چی ئەکەین.
قوتابییەکەی ڕۆیشت.
کاک مەحموود بیستووکی تەلەفۆنەکەی هەڵگرتەوە و گوتی: "زەنگ بۆ کاک ئومید لێدەدەم و هەواڵەکەی پێ ئەڵێم.
 زەنگی بۆ لێدا ئەویش گوتبووی ئیدارە ئاگادار دەکەمەوە ئامبۆڵانسەکە بۆ دووڕێیان بنێرن. کاک مەحموود خەریکی خۆ ئامادە کردن بوو منیش چوومە خەوگەی فەرشاد، بە هەر جۆرێک بوو جل‌‌وبەرگی گەرممان لەبەر کرد و لەگەڵ دوو قوتابی دیکە فەرشادمان خستە ناو پەتوویەک و لەگەڵ خۆمان بۆ سەرپەرەستی‌مان هێنا، لەو بەینەدا فەرشاد بەردەوام دەیناڵاند.
لە پەنجەرەی سەرپەرەستییەوە چاوم لە ئاوایی کرد، باڕنی دەکرد، ئاوایی جوان دیار نەبوو، تیشکی پاتڕۆڵەکەی کاک عەباس وەدیار کەوت بۆ لای قوتابخانەی ئێمە دەهات. کاک مەحموود گوتی:
- با مەحتەل نەبین، فەرشاد ببەینە نهومی یەکەم....
فرشادیان خستە ناو پەتوو لەگەڵ قوتابییەکان بردمانە خوار، قەومەکەی فەرشادیش هات. لەگەڵ کاک مەحموود هەڵیان گرتوو لەگەڵ خۆیان بۆ ناو پاتڕۆڵەکەیان برد.
لەبەر دەرگای حەوشە چاوم لێ کرد پاتڕۆڵی کاک عەباس سووڕاوە سەر جادەی گۆڕباوائەلی دووڕێیان.... لەبەر چاوم بزر بوون دەرگاکانمان داخست و لەگەڵ قوتابییەکان هاتینەوە ژوور.
لەو ماوەیەدا بەردەوام لەگەڵ کاک مەحموود بە تەلەفۆن قسەم دەکرد. کاک عەباس بۆ ئێمە ببوو بە فریشتە، فەرشادیان بە زەحمەتێکی زۆر گەیاندبوو بە دووڕێیانی تیکاب لەوێ فەرشاد و ئامۆزای باوکی بە ئامبولانسەکە چووبوونە نەخۆشخانەی سەقز و کاک عەباس و کاک مەحموودیش گەڕابوونەوە. زیاتر لە دوو سەعاتی کێشا هەتا کاک مەحموود هاتەوە لای ئێمە... ئاگام لێ‌بوو کاک مەحموود تا بەیانی خەوێکی وای نەبوو بەردەوام لەگەڵ باوک و ئامۆزاکەی باوکی فەرشاد لە پێوەندی دابوو.
ڕۆژی دواتر هەوا خۆشی کرد و جادەکان خاوێن کرانەوە و فەرشادیش بۆ نیوەڕۆ بە سڵامەتی بۆ قوتابخانە گەڕاوە....
کاک ئومێد لە یەکەک لە ڕێ‌وڕەسمەکانی قوتابخانەدا بۆ ڕێزلێنان لەزەحمەت و ماندووبوونەکانی کاک عەباس، دیاری و لەوحێکی ڕێزلێنانی لەلایەن بەڕێوەبەرانی قوتابخانە و بنەماڵەی فەرشاد، پێشکەش کرد...
+
لەوەیە هەست بەوە بکرێ، ڕووداوێکی ئاسایی کراوە بە چیرۆک، بەڵام کە له چیرۆکەکە ورد دەبینەوە، دەبینین سێ کەسایەتی ناو چیرۆکەکە خۆنەویستانە ئامادە بوون لە یەکەک لە شەوەزەنگەکانی ساردی زستان‌دا و لە سەرما و بەستەڵەکی ٢٠ پلەی ژێر سیفر و لەناو بەفر و باڕنی ناوچەی بان‌هەوەتوو -کە بەرزایی‌یەکە  ٢٢٠٠ میترە- لە پێناو پاراستنی گیانی قوتابییەک گیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە.
ئەو سێ کەسە:
١- مامۆستای قوتابخانە کاک مەحموودی ئەحمەدپوور (ئێستا لە سەقز مامۆستای خانەنشینە.)
٢- کاک عەباسی جۆشکای ئاوایی گۆڕباوائەلی.
٣- ئامۆزای باوکی فەرشاد.
بوون و ناو و یادیان لە زەینم‌دا هەر زیندووە.

https://t.me/muhsinceldiyani

**

شوناس

24 Jan, 08:59


 
  هەوڵ بۆ یارمەتی‌دان بە فەرشاد لەناو
بەفر و باڕنی هەوەتوودا


: موحسین جەڵدیانی

بەشی یەک

 
لە کتێبخانەی قوتابخانە لەگەڵ چەند قوتابییەک ڕاوەستابووم باسی نرخ و بایەخی خوێندنەوەمان دەکرد. قوتابییەک بە پەلە هاتە ژوور و گوتی: "ئاغا، ئاغا فەرشاد کوێر بووە."
پێم وابوو شوخی‌ دەکا، پێم گوت:
- شۆخی دەکەی؟
- ئاغا بەخوا بە ڕاستمە فەرشاد کوێر بووە.
کە زانیم بەجیددی قسە دەکا، گوتم:
- ئێستا فەرشاد لە کوێیە؟
- ئاغا ئەوە لە خەوگەکەی خۆیەتی. ئاغای ئەحمەدپووریش لە لای ئەوە.
خێرا چوومە خەوتنگەی فەرشاد، چەند قوتابییەک لە دەوری قەرەوێڵەی فەڕشاد کۆ ببوونەوە، مامۆستا ئەحمەدپووریش لە لای فەرشاد دانیشتبوو، فەرشاد ڕاکشابوو بەڵام بەردەوام ئەم‌بەر ئەوبەری دەکرد و دەستەکانی بە سەریەوە گرتبوو هاواری دەکرد و دەی‌ناڵاند دەیگوت: "ئەی سەرم تەقی، ئەی سەرم..."
کاک مەحموود پەشۆکابوو، چاوی لە من کرد و گوتی:
- بەخوا نازانم ئەو مناڵانە بۆ وا ئەکەن.
- چ بووە کاک مەحموود؟
- کاکە لێرە شۆخییان کردووە سەری فەرشاد لە قەرەوێڵەکە کەوتووە، جا نازانم سەر وێکەوتنەکەی لە چ ئاستێک و چۆن بووە. ئەڵێ: "هیچ کەس و هیچ شوێنیک نابینم و بەر چاوم تاریکە."
- کاک مەحموود بە کەپۆی‌دا خوێنرێژی نەکردووە؟
- ئەڵێ نا.
- ئەی نەڕشاوەتەوە؟
- نا.
- با لەگەڵ خۆمان بۆ سەرپەرەستی ببەین.
بە فەرشادم گوت: "دەتوانی لەگەڵ ئێمە بۆ سەرپەرەستی بێی؟" هەر دەیناڵاند. دەمویست بەرزی بکەمەوە دیسان ناڵاندی و هاواری کرد. کاک مەحموود بە قوتابییەکانی گوت: "بڵاوەی بکەن و بۆ خەوگەکانی خۆتان بچنەوە." بە یەکەک لە هاوژوورەکییەکانی گوت: "بە تەنیا بەجێی نەیەڵی با بزانین چیمان بۆ ئەکرێ."

بەیەکەوە چووینەوە ژووری سەرپەرەستی. من لەسەر قەرەوێڵەکەی خۆم دانیشتم. کاک مەحموودیش چووە لای تەلەفۆنەکەی. پێم گوت:
- چ دەکەی؟
- خۆشم نازانم، چی بکەین؟
- بەفڕ و باڕنە چمان بۆ ناکرێ. بەداخەوە نەخۆشخانەی ئاوایی هێشتا دەست‌بەکار نەبووە، ڕێگا و بانیش گیراون.
- ئەی چی بکەین؟
- پێم وایە سەرەتا کاک ئومێد وەک بەڕێوەبەری قوتابخانە ئاگادار بکەیەوە، پاشان بۆ باوکی فەرشادیش زەنگ لێ‌بدە با ئەویش ئاگاداری ئەو دۆخە بێ کە ئێمە تێی‌داین لەوەیە بتوانێ بە جۆرێك یارمەتیمان بدات.
کاک مەحموود زەنگی بۆ کاک ئومێد لێ‌دا. ئەویش مابووەوە چۆن یارمەتی ئێمە بدات. چەند دەقە پاش ئەوەی بیستۆکی تەلەفۆنەکەی دانابووەوە کاک ئومێد زەنگی لێداوە پێی گوت: "ئیدارە ئاگادار ئەکەمەوە بەشکەم ئەوان بتوانن کارێکمان بۆ بکەن." کاک مەحموود زەنگی بۆ باوکی فەرشادیش لێدا. لە ئاوایی کەرەفتوو بوو. باوکی بە کاک مەحموودی گوت: "تەواوی ڕێگا و بانی ئاوایی گیراون هێچ ماشێنێک دەرناچێت و ناتوانم بۆ قوتابخانە بێم." هەندەی پێ نەچوو باوکی فرشاد زەنگی لێداوە بە کاک مەحموودی گوت: "ئامۆزایەکم ماڵی لە گورباوائەلی‌یە بە ئەو ئەیژم بێتە لاتان و یارمەتی‌تان بدات."
دانیشتبووین چاوەنواری ئەوە بووین کاک ئومێد زەنگمان بۆ لێ‌بداتەوە، زەنگی لێدا.
   - سڵاو کاک ئومید.
-  ....
- کوا ئێمە دەتوانین تا دووڕێیانی بهێنین.
-  ....
-  لە ئەوا کاتێک‌دا ئیدارەی پەروەردە خۆی ئەبێ یارمەتی ئێمە بدات.
-  ....
- خوا شوکر کاک موحسین لێرەیە دەنا بەخوا هیچ کارێکم بۆ نەئەکرا.
-  ....
-  دەی باشە بزانم چمان پێ ئەکرێ.
-  ....

بیستووکەکەی دانا و ڕووی لە من کرد گوتی:
- ئەڵێ ئیدارە پێیان وتووە لە ئێرانشاوە ئامبۆلاس تا دووڕێیانی تیکاب دێ و ئێوەش بەهەر جۆرێکی بۆتان بکرێ بیگەیەننە دووڕێیان...
- ئەوە چ قسەیەکە. بە چ وەسیلەیەک فەرشاد بگەیێنینە دووڕێیان، ڕێگا هەموو گیراون کڕێوە و باڕنە.
- بەڕاست کاک موحسین نازانم چی بکەم... سەیر گیرمان خواردووە... ئەو کوڕە خۆی پێ ڕاناگیرێ ئەترسم تووشی خوێنڕێژی مەغزی بێت.
- پێم وانییە کاک مەحموود ئەگە وابا لووتی خوێنی لێ دەهات نیگەران مەبە....
- باشە، پێم ناڵێێ بۆ چاوی نابینێ؟
- نازانم ئەو مەسەلەیە منیشی نیگەران کردووە.
*

https://t.me/muhsinceldiyani

شوناس

15 Jan, 10:33


بدلیس باکووری کوردستان، ١٩١١ زایینی

https://t.me/muhsinceldiyani

شوناس

12 Jan, 08:48


بە بیانووی بڵاوبوونەوەی کتێبی “کورد و ڕۆژە ڕەشەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی”

: زانیار قادرزادە

بەشی دووەم

دوای ئەوەی یەکەم جار لە دەڤەری ورمێ تەقە لە تفەنگێ دێ و شەڕ هەڵداییسێ، ڕووسەکان وێڕای دەستەیەک سوارەی ئەفشاری بەسەر گوندی باڵووی نزیک ورمێدا دەدەن و بە ماڵان وەردەبن و دەیانپشکنن، چەکوچۆڵ دەدۆزنەوە و دە بازرگانی ئەو گوندە دەستبەسەر دەکەن. پاشان هەر دە کەسەکە بە دارییەوە هەڵداوەسن تا خەڵکی کوردی پێ چاوترسێن بکەن. بەڵام کوردیش هەروا دەستەوەستان نابێ و لێیان دێنە دەست و تا سێ کیلۆمیتریی ورمێ دەگرنەوە. کەچی بەداخەوە هێندەی پێ ناچێ هێزی پشتیوان و یارمەتیدەری ڕووسان دەگەنێ و کوردان تێک دەشکێنن. (خسروزادە، ١٣٩٧، ٦١) هەر لەو بەشەدا نووسەر باسی ڕەگەڵ کەوتن و نزیکبوونی کورد لەگەڵ لەشکری عوسمانی دەکا و لە ڕێی سەرۆک هۆز، کوێخا و ئاغاکانەوە هەڵیاندەفریوێنن و دە شەڕێکیان وەردەدەن کە بە هۆی نەزانی و ناکارامەییی سەرکردەی عوسمانییەکان، کورد دەرەقەتی ڕووسان نایەن و زۆربەیان تێدا دەچن.

لە بەشی سێیەمی کتێبەکەدا نووسەر باسی ئاکامێکی دڵتەزێن بۆ کورد لەو شەڕانەدا دەکا، سەرەتا باسی پێوەندیی باوەڕدارانی دوو ئایینی مەسیحی و ئیسلامییەکان لە کوردستان دەکا. نووسەر بە شێوەیەکی مەیدانی زۆربەی ئەو سەرچاوە و کەسانەی دۆزیوەتەوە کە ڕەنگە بە جۆرێک ئاگاداریی دۆخی ئەو سەردەمی کوردستان بووبن. لە ڕێی ڕیوایەت و گێڕانەوەی کەسایەتییە بەناوبانگ، دەستڕۆیشتوو، ئاغا و کوێخاکانەوە پەردە لەسەر زۆر لایەنی شاراوەی ئەم شەڕانە هەڵدەداتەوە و کۆمەڵێک زانیاریی نوێ ئاشکرا دەکات. ئەو زانیارییانە دەکرێ ببنە هەوێنی توێژینەوەیەکی زانستی و ئەکادێمیی تێروتەسەل تا لایەنە باش و خراپەکانی ئەم شەڕانە بە چاوێکی ڕەخنەگرانەوە وەرد بدرێنەوە.

لە بەشی چوارەمی ئەم کتێبەدا نووسەر سەرباقی هەموو ئەو نەهامەتییانەی داوێنی کوردانی گرتووە، باسی قاتی و قڕی لە کوردستانیش دێنێتە گۆڕێ و لە زمان کۆمەڵیک کەسایەتییەوە باسی ئەو نەهامەتییانە و ئاسەوارەکانی ئەم شەڕە لەسەر ئێران و کوردستان دەکا و بەو ئاکامە دەگا کە کوردستان لەچاو بەشەکانی دیکە زیاتر وێران و کاول بووە.

نووسەر سەرەڕای کۆمەڵێک سەرچاوە و زانیاری، لەسەر یەک هەوڵی داوە ئەو دەقە فۆلکلۆری و زارەکییانە، گێڕانەوەی تۆمارنەکراو، بەڵگەنامە و بیرەوەریی کۆمەڵێک کەسایەتی بکاتە نێوئاخنی باسەکانی و، زەنگینتر و دەوڵەمەندتری بکات. هەربۆیە دەرفەتی هەراوتر دەخوازێ کەسانی پسپۆڕ و شارەزا زیاتری لەسەر بنووسن و خوێندەواری کوردیش هەموو کون و کاژێرەکان بەسەر بکاتەوە. مێژوو چیرۆک و بەسەرهاتی هەموومانە، سەمایەکی ئاڵۆز و تێکچندراوی ئەو شتانەیە کە هەبووە و دەبێ. ئەوەی ڕاستی بێ، ئەگەر باوەش بەو چیرۆکانەدا بکەین، دەزانین کە مێژوو هەر ڕابردوو نییە، بەڵکو کاکڵ و جەوهەری ژیانە.


سەرچاوە:
جەڵدیانی، موحسین. (١٤٠٣). کورد و ڕۆژە ڕەشەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی. مەهاباد، چاپەمەنیی ژیر.
هەورامی، ئەفراسیاو. (٢٠٠٦). کورد لە ئەرشیفی ڕووسیا و سۆڤییەتدا. بڵاوکراوەی دەزگای توێژینەوە و بڵاوکردنەوەی موکریانی.
خسروزادە، سیروان. (١٣٩٧). راه بی سرانجام، نگاهی بە سرگذشت آسوریان در جنگ جهانی اول. انتشارات: شیرازە کتاب ما. چاپ دوم، خرداد ١٣٩٨.

https://t.me/muhsinceldiyani

شوناس

12 Jan, 08:47


بە بیانووی بڵاوبوونەوەی کتێبی “کورد و ڕۆژە ڕەشەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی”

: زانیار قادرزادە

بەشی یەکەم

مێژوو وەکو فەڕشێکی نەخشین و ڕەنگین وایە کە بە تانوپۆی زەمان چندراوە. هەر چرکەساتێکی زۆر جاران تەوقیتێکی جوانی گێڕانەوەی بەرینی چیرۆکی مرۆڤایەتییە و زۆر جارانیش بەربەرەکانیی مانەوەی نەتەوەیەک بە کەڵەوەکێشی، ئاژاوەگێڕی و ملانە دەقەبڵێنێ. مێژوو تۆماری سەرلەبەری سەرکەوتن و تڕاژێدیاکانی ئێمەیە. ڕووداوی ئەو ئیمپڕاتۆرییانەی بە تێڕادیوی دە بەرزایی‌یەکان هەڵبوون و پاش شەڕ و هەڵڵایەکی زۆر بوونە پووشی بەر بایێ. زایەڵەی شۆڕش، بەرەوپێشچوون و گەڕان بەدووی مانا و ڕاستیی ڕووداوەکاندا. ئەگەر لە ڕاستی دەپرسی، مێژوو هەر ئەوە نییە ڕابردووت بێنێتەوە بەر چاوان، بەڵکو کلیلێکە دەرووی فام و تێگەیشتنمان بە ڕووی ئێستادا دەکاتەوە و پاشان تێمان دەگەیەنێ داهاتوو چی بەسەر دێ و سەر بە کوێوە دەنێ.

هەر لە بەرەبەیانی شارستانییەتەوە، ئەوکاتەی مرۆڤ بۆ یەکەم جار وڵاتی هەڵکۆڵی و، هێما و سیمبولەکانی خۆی لەسەر بەرد و تاتەبەردەکان هەڵكەند تا لەو ڕێیەوە چیرۆکەکانی خۆی بگێڕێتەوە، تا هەموو شتە سەرسووڕهێنەرەکانی کەونارا، ئەو ئەهرامانەی بۆن بە ئاسمانەوە دەکەن، ئەو شارانەی بە داهێنانی بەشەر ترووسکەی ڕووناکایی‌یان هەموو وڵاتی زێڕەوشان کردووە، ئەو فەلسەفانەی ئێستاش مێشکمان ختووکە دەدەن، بێننەوە بەرچاوان. مێژوو ئاوێنەی هەموو ئەو ڕووداوانەیە کە هەڵماندەپێچێ کێ بووین، کێین و لە داهاتوو دەتوانین کێ بین.

مێژوو شاهیدی بێدەنگی شۆڕش و خەباتی گەرمی ژیانی ئاسایی‌یە. ئەو جووتیارەی چاوی بەسەر مەزرا و زەویوزارییەوەیە، ئەو هونەرمەندەی خەبات و خۆڕاگریی میللەتێک لەسەر لاپەڕەیەک دەنەخشێنێ و ڕووحیان وەبەر دێنێ، ئەو توێژەرەی دە فکران دەنیشێ، دیمەنێک کە کەسایەتییە مەزنەکانی مێژوو، پادشاکان، شاژنەکان، بیرمەندان، خەباتکاران، نووسەران و شاعیران ئاسەواری خۆیانی تێدا بەجێ دێڵن و میراتێک بە ئێمە دەسپێرن کە سنوورەکانی تا ئەودیوی زەمان واوە دەڕوا. هەڵبەت ئەوەشمان لەبیر نەچێ کە مێژوو پارێزەری هەڵەوپەڵەکانی ئێمەیە. وانەی زۆرداری و نەزانی، شەڕ، ئاژاوە و تۆوی دووبەرەکی، شکاندنی پەیمانی ئاشتی و بەهای ئازادیمان وەبیر دێنێتەوە. ئەوەش هانمان دەدا تا مشووری خۆمان بخۆین، فێر بین و ئەزموون لەو هەڵانە وەربگرین کە وەچەی بەرلە ئێمە پێی ئەنگواون.

لە شووشە لەتوپەتەکانی مێژوودا دەبینین کە تێپەڕبوونی زەمان هەم وەکو بارێکی گران لەسەر شانمانە و هەم دیارییە. ئەم چیرۆکە ڕووحی خۆبەدەستەوەنەدانی بەشەر، سەروسۆراغی بێ‌وەستانی زانست و هەوڵ بۆ یەکسانی و دادپەروەرییە. مێژوو هەر کۆمەڵەی سەربوردە مێژوویی‌یەکان و ڕووداوەکان نییە، بەڵکو گێڕانەوەیەکی زیندوویە و تەنگ بە خوێنەر هەڵدەچنێ کە هەموو شتێک ئاشکرا دەکا، هەمیشە خەریکی گوورانە و بە حیکمەتی ڕابردوو وەکو چاوساغێک پیلمان دەگرێ و نهێنیی ڕووداوە نەزانراوەکانمان بۆ دەدرکێنێ.

بەڵام بڵێی مێژووی نەتەوەی کورد لەو شەڕانەی تێیانەوە گلاندووە، خێری دابێتەوە یان وەکو ڕووداوەکانی بەرێ هەر بەشی ماڵوێرانی، ڕاونان، کوشت و کوشتار و لەنێوچوون بووە؟ ئەگەر ئاوڕێک وە ڕابردوو بدەینەوە و بەتایبەتی کتێبی "کورد و ڕۆژە ڕەشەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی" لە نووسینی بەڕێز موحسین جەڵدیانی بخوێنینەوە، لە سەرەتای کتێبەکەدا چەند پرسیاری سەرەکی دەورووژێنێ و لە ڕێی ئەو پرسیارانەوە دەیان و سەدان وردەپرسیاری دیش دێتە نێو زەینمانەوە و خوێنەر ناچار دەکا بچێ چەندین سەرچاوەی دیش بپشکنێ تا لە وڵامەکان ئەرخەیان بێ. لە بڕگەکانی دواییشدا دۆخی وڵاتانی دەروجیرانی کوردستان لە کاتی شەڕی یەکەمی جیهانیدا هەڵدەسەنگێنێ. خوێنەر بۆی ڕوون دەبێتەوە کە پاش هەڵشێلانی لایەنە سەرەکی و لاوەکییەکان و بەبێ ویستی کورد و بەناچاری ئەو شەڕەیان بەسەردا سەپاندووە و بەئیشتیای دڵی خۆیان کاری خۆیان پێ ڕاست هێناوە. پشکی قەجەر، ڕووس و عوسمانییەکان لە جەنگەی ئەو ڕووداوانەدا یەکجار زۆرە و ئەو ململانێیانە بەزەرەری کورد شکاوەتەوە، هاوکات پێکهاتەکانی دیکەی وەکو تورک، ئاسووری و ئەرمەنیش دەوری بەرچاویان لەو مێژووەدا گێڕاوە. بۆ وێنە لە کاتی شۆڕشی تورکیادا هەزران ئەرمەنی و کورد لە کەنیسەی "خالید ئۆغڵی" کۆ دەبنەوە و سوێند دەخۆن کە بە ئاشتی لە دراوسێیەتیی یەکتر بژین، کەچی کومیتەی ئەرمەنی فریوی بەڵێنەکانی تورکان دەخۆن و خیانەت لە کوردەکان دەکەن و لە ڕاپەڕینەکەی "بدلیس"دا پەنا دەبەنە بەر والیی بدلیس و، بۆ دژایەتیی کوردان داوا دەکەن چەکیان بدەنێ. (هەورامی، ١٠،٢٠٠٦)

لە بەشی دووەمی کتێبەکەدا لەسەر خاکی کوردان شەڕ لەنێوان عوسمانییان و ڕووسان هەڵداییسێ و کوردیش لە ناچارییان هەر جارە و ڕوو دە لایەک دەکا.

https://t.me/muhsinceldiyani

شوناس

12 Jan, 08:46


https://t.me/muhsinceldiyani

شوناس

07 Jan, 04:57


کاری مێژوونووس شان دانەبەر کۆڵێکی کۆڵ ئاسایی نییە،...

✍️:د.ڕەهبەر مەحموودزادە

کاری مێژوونووس شان دانەبەر کۆڵێکی کۆڵ ئاسایی نییه، کاری مێژوونووس وەک شان دانە بەر کێوێکی سەرکەشی سەربەتەمه، بگره وەک لەکۆڵ کردنی گۆی زەوییه؛ وەکی له ئوستوورە یۆنانییەکان‌دا لەبارەی ئەتڵەس‌دا گوتوویانە: ئەتڵەس له ئاتلانتیک‌دا باره پڕبارستەکەی لەکۆڵ کرد. زانستی مێژوو ئاتلانتیک یان دووڕگە سێحراوییەکەی مێژوونووسه و باره قورسەکەشی گێڕانەوەی بەروبوو درێژی ڕووداوه مێژووییەکانە. هەر بۆیه کاری مێژوونووس بە شێوازێک و دوو شێواز، یان به کەرەستەیەک و چەند کەرەستە یان به سەرچاوەیەک و دووان دەرجی نایێ. مێژوونووسی کارامه دەبێ فره شێواز و فره کەرەستە و فره سەرچاوە بێ و بەکورتی دەستی پڕ چەک بێ و پشووی درێژ بێ و ئاسۆی ڕوانینی بەربڵاو بێ.

بۆچی کاری مێژوونووس هێنده پێچەڵاوپێچە؟ وڵامی ئەم پرسیاره له سادەترین دەربڕین‌دا ئەمەیه: سەربوردەی کەسێک ژیانی ئەو تاکەکەسە دەگێڕێتەوە، بەڵام مێژوو، ژیانی بەسەریەکدا کەڵەکەبوو و بەسەریەکدا داپەستراوی هەزاران و ملیۆنان مرۆڤ دەگێڕێتەوە. تۆ چۆن ژیانی ملیۆنان مرۆڤ دەگێڕیەوە به بێ‌ئەوەی ئەزموونی ژیاوی ئەو هەموو مرۆڤانە بشەمزێنی و بتەمرێنی و بسووتێنی؟ له گێڕانەوەی مێژوودا ژیان له ژیان دەئاڵێ و تەمەن له تەمەن دەبەزێ و ئەزموون له ئەزموون‌دا قاڵ دەبێتەوە. له گێڕانەوی مێژوودا ژیان تەکسیر دەبێتەوە.

تۆ بڵێی گێڕانەوەی مێژووی قەڵای دمدم، هەر بەتەنیا گێڕانەوەی بەرخۆدانی ئەمیرخانی برادۆست و شەهید بوونی بێ؟ نا. مێژووی قەڵای دمدم گێڕانەوەی خولیا و مەراقی سەدان هەزار مرۆفی کورد، گێڕانەوەی وەدەست هاتنی کوردانە و عەگیدانەیان و گێڕانەوەی داخ و جەخاری بێ‌بڕانەوەی دواییان بووه. گێڕانەوەی هاواری شایی بەخۆیانەی هەزاران مرۆڤی کورد بووه کاتێک دەنگیان هەڵێناوە و کوتوویانە ئێمه ئەمیرخانمان هەیه و قەڵامان هەیه و شاخمان هەیه. دواجار گێڕانەوەی گریانی لەگەروودا خنکاوی ئەو جەنگاوەره تێشکاوانە بووه کە چنگیان له عاسمان داوە و کوتوویانە: بوار باران، سوار و سەرسواران لەیره چوونە.

هەندێک بڕگەی مێژوویی هەن کە له ژیانی نەتەوەیەک‌دا دەورێکی چارەنووس‌سازیان لەچاو بڕگەکانی دیکە هەبووه. بۆ نموونە له مێژووی کورد دا شەڕی ۱۵۱٤ی چالدێران، دابەش کردنی ڕۆژهەڵاتی ناوین لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی سایکس پیکۆ دوای شەڕی یەکەمی جیهانی و هەروەها ڕووداوەکانی شەڕی دووەمی جیهانی دەورێکی یەکلاکەرەوەیان له بیچم پێدانی دۆخی ئێستای ئەو نەتەوەیه هەبووه.

لە شەڕی یەکەمی جیهانی‌دا کوردستانی دیوی ڕۆژهەڵات بوو به مەیدانی تەڕاتێنی لەشکری ڕووس و عوسمانی. عوسمانییەکان کوردیان لە شەڕێکەوە گلاند کە شەڕی ئەو نەبوو و بەناحەق بەسەریدا سەپا. ڕووسەکانیش کوردیان قەڵاچۆ کرد و دەستیان دایه کۆمەڵکوژییەکی نگریس و ناجوانمێرانە.

کتێبی "کورد و ڕۆژه ڕەشەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی" له نووسینی بەڕێز کاک موحسین جەڵدیانی کتێبێکە به کەڵک وەرگرتن له لێکۆڵینەوەی مەیدانی و لێکۆڵینەوەی کتێبخانەیی، مێژووی نووسراو و مێژووی زارەکی، دەقی مێژوویی و دەقی فۆلکلۆری، سەنەد و بەڵگەنامه و بیرەوەری و وێنە و شریت و هتد زۆر بەوردی پەرژاوەتە سەر بەڵگەمەند کردنی ئەو بڕگەیه له مێژووی نیشتمان. هەموو ئەو تایبەتمەندییانە وایان کردووه ئەو کتێبه له جۆری خۆی‌دا بێ‌هاوتا بێ. ماندوونەبوونی له نووسەری ئەو کتێبه بەرکەتییه دەکەین و خوێنەری پرسۆک و تامەزرۆش بانگهێشتن دەکەین بۆ خوێندنەوەی وردی ئەو کتێبه بەنرخە.

https://t.me/muhsinceldiyani

شوناس

04 Jan, 19:45


"ئاوێتەیەک لە ئاوەز و مێژوو، وانەیەک بۆ وشیاری وەچەی داهاتوو"

: کەماڵ حەسۆ

هێگێل فیلسووفی بەناوبانگی ئاڵمانی لەپێناسەیەکی نوێ بۆ مێژوو،  پێیوایە ئاوەز بەسەر جیهاندا حاکمە و هەر بەوپێیەی حاکمییەتی ئاوەز دەبێ مێژووش بگرێتەوە، بۆیە ناکرێ هیچ شتێک لەمێژوودا بەهەڵکەوت ڕوویدابێ.
ئێمە کاتێک لاپەڕەکانی مێژوو هەڵدەدەینەوە لەو بڕگە زەمەنییەدا چاومان بە تۆزوخۆڵی سمی ئەسپان و شیری ڕووت وفڕکەی خوێن و شاری وێران و ئاوایی سووتاو و کەلاکەکانی بۆگەن و کرمەڕێز، دەکەوێ و گوێمان دەزرینگێتەوە بە هەوهەوی سواران و نەعرەتەی شێرانەی مێرانی نێو چەپەر و قرمەی شێستتیر و هاڕەی تەیارە و ویزەی گوللەو ناڵەی قارەمانانی ژێر ئەشکەنجەی ناو سیاچاڵەکان و نیوەنووزەی مناڵانی قاتی لێدراو و نەعرەتەی فیداکارانی بەردەم سێدارەو لایەلایە و چەمەری دایکانی جەرگ سووتاو! زایەڵەی گشت ئەو ناڵە و هاوار و نەعرەتانە لە دڵی مێژوودا دەبیسینەوە و پەرێزی هزری ئێستامان ڕەنگینتر دەکا. بۆیە خوێنەری کارای کتێبی "کورد و ڕۆژە ڕەشەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی" زۆر بەخێرایی هەست بە باندۆڕی جۆغرافیا بەسەر مێژوودا دەکا  و دەزانێ هەڵکەوتەی ئەو
وڵاتە سازگار و خاکە پڕپیت و بەرەکەت و شوێنە ئیستراتژیکە لەناوچە،  بۆتە هۆی ئەوەی هەموو وڵاتانی زلهێز و داگیرکەر چاوی تەماعی تێ‌ببڕن و لەزۆربڕگەی زەمانیدا بیکەن بە مەیدانی تەڕاتێنی خۆیان. لەو بڕگەدیارەی مێژوودا داگیرکەرانی تورکی عوسمانی بە تۆقاندنی سەرۆک عەشیرە کوردەکان و دەسکیسیی بەشێکی بەرچاو لە پیاوانی ئایینی، جەماوەری کوردستان دەخرۆشێنن و بۆخەزا بەدژی دەوڵەتی حرووس  ئامادەیان دەکەن و دەیانکەن بە کەوا سووری پێش‌لەشکری عوسمانی و لە کاتی شکست و تەنگانەشدا پشتیان تێدەکەن و بەشاخ و داخی نیشتمانیان دەسپێرن.
ئاوەزی بەدوور لە ئەخلاقی داگیرکەران،  بەرژەوەندییان لەو هەلە ناسکەدا دابین دەکا و  کورد دەشەڕێکەوە دەگلێنن کە جیا لە قاتی و قوڕی و وێرانی و کاولکاری نیشتمان، چ دەستکەوتێکیان نابێ. ئێمە دە ڕەوتی مێژوودا گەلێک‌جار چاومان بە زۆر جەنایەت و کارەسات دەکەوێ کە داگیرکەران و  دەستەڵاتداران بۆ دەستەبەرکردنی دەستەڵات و مسۆگەر کردنی بەرژەوەندی و ڕەوگیرکردنی خاک کردوویانە و زۆرجار ڕیوایەتی ئەو بڕگە زەمەنییەمان لە زمانی چەند کەسێکەوە بیستووە کە بەهۆی نەبوونی سەرچاوە، تێکەڵ بەخەیال کراون و لە ژانرەکانی چیرۆک و ڕۆماندا کەڵکیان لێ‌وەرگیراوە کە بەداخەوە خزمەتێکی ئەوتۆ بە زانیاریی مێژوویی و وشیاری نەتەوەیی ناکا بەڵام نووسەری کتێبی" کورد و ڕۆژە ڕەشەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی" لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە باسی لەو ڕووداوە مێژوویی‌یە کردووە و کۆمەڵێک ڕیوایەتی نوێی لەناو کتێبەکەی‌دا هێناوە کە تا ئەوڕۆکە لە هیچ کتێبێکی مێژوویی‌دا باسیان  لێوە نەکراوە.
خاڵێکی جێگای سەرنجی دیکەی ئەو کتێبە، کەڵک‌وەرگرتن لە دوو بەیتی تایبەت (ئەرکان و خەلیل‌پاشا)یە و هەر وەها کەڵک وەرگرتن لە فایلی دەنگیی (باپیراغای قادری‌)یە کە بەشێک لەمێژوومان بۆ وەدەنگ دێنێ کە خوێنەری کارا دەتوانێ زانیارییەکی زۆریان لێ‌هەلێنجێ و خزمەتێکی زۆر بە وشیاریی نەتەوەیی بکات.
بەگشتی ئەو کتێبە وتەکەی هێگێل‌مان بۆ سوور دەکاتەوە کە ڕووحی حاکم بەسەر هەر نەتەوەیەک، لە ڕەهەندەکانی مێژوودا بیچم دەگرێ، واتە ڕووحی حاکم لەسەر هەر نەتەوەیەک ئەو زانیاری و وشیارییەیە کە نەتەوەیەک سەبارەت بەخۆی دەستەبەری دەکات بەجۆرێک کە
ئێمە بە زانیاری مێژوویی و وشیاریی نەتەوەیی هەنگاو بۆ فام‌کردنی کێشەو گرفتەکان هەڵبێنینەوە و چارەسەری پرسەکان بکەین و بەچاوانی کراوەوە و ڕوانینێکی وردبینانە، مێژوو بۆ نەوەی داهاتوو بنووسینەوە و  لاپەڕەکانیشی وابنەخشێنین کەکاتێک نەوەکانی داهاتوو لاپەڕەکانی هەڵدەدەنەوە شەرم نەمانگرێ و بزەی ڕەزایەت لەسەر لێویان بنەخشێ و غروورێکی کوردانە دە دەماریاندا بمەیێ و ڕووحیەی فیداکاری و لەخۆبردوویی لێ‌فێر بن و ئاوێتەی هزریان بێ و دە لەشیاندا بگەڕێ و ئەوانیش ببن بە ئۆلگوویەک بۆ نەوەکان و وەچەکانی دوای خۆیان.

https://t.me/muhsinceldiyani

شوناس

02 Jan, 16:24


خوێنەرانی کتێبی کوردی

کتێبی کورد و ڕۆژە ڕەشەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی لە نووسینی بەڕێز موحسین جەڵدیانی
چاپ و بڵاو بووەوە.


ئەو کتێبە قەبارەی ڕوقعی و ٣٤٢  لاپەڕە‌‌یە، نێوەرۆکی کتێبەکە باس لە بەسەرهاتی ٧ ساڵ مێژووی نەتەوەی کورد لە نێوان ساڵانی ١٢٩٣ تا ١٢٩٩ کۆچی هەتاوی لە سەردەمی شەڕی یەکەمی جیهانی‌دا دەکات.
نووسەر هەوڵی داوە هەر لە سەرەتای کتێبەکەی‌دا خوێنەر بەرەوڕووی ئەو پرسیارانە بکاتەوە کە:

" کوردەکان بە چ هۆگەلێکەوە لە شەڕی یەکەمی جیهانییەوە گلان؟ چۆنیان شەڕ کرد و دەسکەوتیان لەو شەڕەدا چ بوو؟"

توێژەر هەوڵ دەدا لە بەشە جۆربەجۆرەکانی کتێبەکەدا بە شوێن دۆزینەوەی وڵامی پرسیارەکانی بێت.

 لە ڕاستیدا ئەم کتێبە باس لە دەرئەنجامی ئەو شەڕە دەکا کە بەسەر نەتەوەیەکی وەک نەتەوەی کورد داسەپا و زۆری خایاند بۆ ئەوەی جارێکی دیکە خۆیان لەژێر باری ئەو شەڕە نەگریسە و لێکەوتەکانی ڕزگار بکەن و بێنەوە سەر دۆخی ئاسایی ژیانی پێشوویان.

لەبەر ئەوەی کتێبەکە هەم بە گۆشەنیگایەکی دیکەوە باسی لەو بڕگە مێژوویی‌یە کردووە و هەم  کۆمەڵێک ڕیوایەتی نوێی لەناو دایە کە تا بەئەمڕۆ لە کتێبە مێژوویی‌یەکان‌دا باسیان  لێوە نەکراوە.

شوناس

22 Dec, 15:16


ناوی کتێب: میرزا
بابەت: ڕۆمان
نووسەر: فەتاح ئەمیری
چاپ: سەلاحەددین_ئەییووبی
شوێن: ورمێ
ساڵی بڵاوبوونەوە: ١٣٧٢

شوناس

22 Dec, 15:13


ناوی کتێب: هاوارەبەرە
بابەت: ڕۆمان
نووسەر: فەتاح ئەمیری
چاپ: سەلاحەددین_ئەییووبی
شوێن: ورمێ
ساڵی بڵاوبوونەوە: ١٣٦٩

شوناس

21 Dec, 08:48


مێژووی بلباس

بلباسەکان لە سەردەمی مەزنایەتی قەرەنی‌ئاغای یەکەمی مامەش‌دا(بەشی دوو)

: موحسین جەڵدیانی

لە دوای ئەو سەرکەوتنانە، نزیک بە هەمووی سەرۆک‌هۆزەکانی هەرێمی ورمێ، تەورێز و...  سەریان بۆ دەسەڵاتداری ئیمام‌قوڵی‌خان دانواند. ناوبراو لەو باوەڕەدا بوو لە دوای نادرشای ئەفشار دەبا ئەو ببا بە پاشای وڵات.

ساڵی ١٧٨٢(ز)بۆ ماوەی سێ ڕۆژان لە باژێری ورمێ میوانداری لە سەرۆک‌هۆزەکانی هەرێمەکە کرد. بەشداربوانی ئەو کۆڕەکە بریتی‌بوون لە سەرکردە ئەفشارەکانی ورمێ، قەرەنی‌ئاغای مەزنی بەرەی بلباس، ئەفراسیاوسوڵتانی زەرزا، سەرکردە  دونبولییەکانی خۆی و تەورێز، ئەحمەدبەگی موقەددەمی مەراغە، ئەحمەدخانی موکری و... هەر لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیار درا سەرکردەکانی هەرێمی ورمێ و تەورێز و... خۆیان لە ململانێی نێوان زەند و قەجەرەکان بپارێزن.
لە هەمان ساڵ‌دا ئیمام‌قوڵی‌خان بڕیاری دا لەگەڵ عەلی‌مورادخانی زەند بەشەڕ بێت بەڵام لەبەر ئەوەی نەجەف‌قوڵی‌خان حاکمی تەورێز ئامادە نەبوو هاوکاری بکات هێرشی کردە سەر تەورێز. کاتی هێرشەکە لە وەرزی ساردی ساڵ‌دا بوو و نەجەف‌قوڵی‌خانیش خۆی بە دەستەوە نەدا و زەختی سەرما هێندە زۆر بوو، سوپای ئیمام‌قوڵی‌خان تووشی ئاستەنگ و کێشە بووەوە و بەناچاری پاشەکشەیان کرد.

ساڵی دواتر واتا ساڵی ١٧٨٣(ز) جارێکی دیکە بڕیاری دا هێرش بکاتەوە سەر عەلی‌مورادخان. ئەو جارەش ئیمام‌‌قوڵی‌خان بە هاوڕێیەتی بەرەی بلباس، هۆزی زەرزا و موکرییەکانی موکریان و... بەرەوڕووی لەشکری عەلی‌مواردخان بوونەوە. لە ئاکام‌دا ئیمام‌قوڵی‌خان شکستی خواردو پاشەکشەی بۆ ورمێ کرد. ناوبراو لە کاتی پاشەکشە بۆ پشوو لەسەر کانییەک دادەنیشێ و هەندەی پێ‌ناچێ دەڕشێتەوە و هەر لەوێ کۆچی‌دوایی دەکات. لە دوای ئەو ڕووداوە هێزەکەی لەبەریەک هەڵوەشاوە.
لە دوای شەڕەکە عەلی‌مورادخانی زەند، ئەمیر ئەسلان‌خانی کردە حاکمی ورمێ. محەممەدقوڵی‌خانی برای ئیمام‌قوڵی‌خان لە دوای بەدەسەڵات‌گەیشتنی  ئەمیرئەسلان‌خان ناچار بوو ڕا بکات و بۆ ماوەیەک چووە لای قەرەنی‌ئاغای مامەش. پاش ئەوەی ماوەیەک لە لای ئەو دەمێنێتەوە پێوەندی دڵداری لە نێوان محەممەدقوڵی‌خان و گوڵێ‌خانی کچی قەرەنی‌ئاغای مامەش دروست دەبێ و دواجار قەرەنی‌ئاغا، گوڵێ‌‌خانی لێ  مارە دەکا و دەبێ بە خەزووری ناوبراو، بەم‌جۆرە خزمایەتی لەناو قەرەنی‌ئاغای مەزنی بلباسەکان و ئەفشارەکانی ورمێ دروست دەبێ.

لە دوای ئەوەی محەممەدقوڵی‌خانی ئەفشار لەساڵی ١٧٨٣ دا بە یارمەتی قەرەنی‌ئاغای مامەش بوو بە دەسەڵاتداری ورمێ و هەر بە ڕێچکەی ئیمام‌قولی‌خانی برای‌دا دەڕوا. ناوبراو هەوڵی دا بە زەبروزەنگ نەیارەکانی کپ بکا. محەممەدقوڵی‌خان  قەرەنی‌ئاغای مامەشی کردە سەرکردەی سوارەی پارێزەری سنوورەکان.
لەبەر هەندێک کێشە کە لە ڕابردوو‌دا لە نێوان ئەفشارەکان و دونبولی‌یەکانی خۆی هەبوو  هەڵی‌کوتا سەریان. دواجار شکستی لە دونبولی‌یەکان خوارد. بۆ ئەوەی قەرەبووی ئەو شکستە بکاتەوە داوای هاوکاری و یارەمەتی لە قەرەنی‌ئاغای مامەش و ئەفراسیاوسوڵتانی زەرزا کرد بە هانایەوە بچن. بە یارمەتی ئەوان دونبولی‌یەکانی شکست دا. محەممەدقوڵی‌خان  بۆ ئەوەی خزمایەتی لەگەڵ زەرزاکانیش دروست بکا. خوشکی  خۆی دا بە ئەفراسیاوسوڵتان.

ساڵی ١٧٨٥(ز)محەممەدقوڵی‌خان لە باژێری ورمێ ڕێوڕەسمێکی پێک هێنا، لەو ڕێوڕەسمەدا ئەفراسیاوسوڵتانی زەرزا، قەرەنی‌ئاغای مامەش، بوداق‌خانی موکری و ئەسکەندەرخانی‌ ئیمانلووی ئەفشاریش بەشداریان کردووە. محەممەدقوڵی‌خان لەو بۆنەیەدا داوای لە عەلی‌ڕەزاخان یەکەک لە سەرکردە ئەفشارەکان کرد پێنج کچی خۆی لە ئەوی و ئەو چوار کەسەی ناومان هێنا مارە بکا. ئەویش ڕازی دەبێ، هەر ئەو شەوی کچەکانی عەلی‌ڕەزاخان لە محەممەقوڵی‌خان و میوانەکانی مارە دەکرێ و بەو شێوەیە ناوبراو لەگەڵ سەرکردە کوردەکانی هەرێمەکە دەبێ بە ئاواڵ‌‌زاوا.

بابەتێکی دیکەی‌ کە بۆ ئەوەی دەبێ لێرە باسی لێوە بکەین، شێوەی مامەڵەی قەرەنی‌ئاغا و باپیرئاغای مەنگوڕ لەگەڵ دۆخی سەردەمی خۆیان بووە. قەرەنی‌ئاغای یەکەم بەردەوام پێوەندی لەگەڵ ئەفشارەکان هەبووە و ئەو پێوەندییەش بەردەوام گەشەی کردووە بەڵام هەمووکات کێشەی لەگەڵ باپیراغای مەنگوڕ هەبووە. ئەو جۆرەی لە کتێبە مێژوویی‌یەکاندا باس کراوە لە دەورەی دەسەڵاتداری قەرەنی‌ئاغای یەکەمی مامەش وەک مەزنی بەرەی بلباس، لەبەر دوو هۆ کێشەی لەگەڵ باپیرئاغای یەکەمی مەنگوڕ هەبووە. یەکەم‌یان لەبەر ئەو پێوەندییە‌ پتەوە بووە کە لە نێوان باپیراغای مەنگوڕ و مەحموودپاشای بابان‌دا هەبووە و دووەمیش باپیرئاغا گوێڕایەڵی فەرمانەکانی قەرەنی‌ئاغا
نەبووە.
بۆیە لە کاتە هەستیارەکان‌دا قەرەنی‌ئاغا یارمەتی مەنگوڕەکان و باپیرئاغای نەداوە، تەنانەت لە کاتی کوژرانی بە کۆمەڵی مەنگوڕەکان لە مەراغە دە هانای مەنگوڕەکانەوە نەچووە.

https://t.me/muhsinceldiyani

شوناس

20 Dec, 03:55


شەوی یەلدایە، یا دەیجورە ئەمشەو
کە دیدەم دوور لە تۆ بێ‌نوورە ئەمشەو؟!

دڵم وەک حاکمی مەعزوولە، قوربان!
خەڵاتی وەسڵی تۆی مەنزوورە ئەمشەو

دڵیش مایل بە دیدەی تۆیە، بۆیە
لە من وەحشی و ڕەمیدە و دوورە ئەمشەو

کە تۆی شای کەچ کولاهی دیدە مەستان،
چ باکم قەیسەر و فەغفوورە ئەمشەو؟!

لە خەو هەڵساوە، یا ئاڵۆزە چاوت؟
هەمیشە وایە، یا مەخموورە، ئەمشەو؟

سوروشکم نەقشی چاوی تۆ دەکێشێ
جێگەم سەر دارەکەی مەنسورە ئەمشەو

موسوڵمانان دەپرسن حاڵی نالی
لە کونجی بێکەسی مەهجوورە ئەمشەو
+++
شاعیر: نالی
خوێندنەوە: باست حەمەغەریب
گۆرانی‌بێژ: عەدنان کەریم

https://t.me/muhsinceldiyani

شوناس

15 Dec, 14:32


گرینگایەتی خوێندنەوەی مێژووی هۆز و بەرە کوردییەکان

: موحسین جەڵدیانی

لەوەیە ئەو پرسیارە لای هەندێك لە خوێنەرانی ژووری شوناس دروست ببێ کە بۆ ماوەیەکی زۆر لەسەر باسێكی تایبەتی وەک مێژووی بڵباس بابەت بڵاو دەکرێتەوە؟ 
بەر لەوەی وڵامی پرسیاری ئەو ئازیزانە بدەمەوە بە پێویستی دەزانم باس لەو قۆناخەی ژیانی خۆم بکەم کە وەک قوتابی لە قوتابخانەکانی ناوەندی و دواناوەندی شارەکەم وانەم دەخوێند. ئەو سەردەمی بیرم لەوە دەکردەوە بۆ ئەو کتێبە مێژوویی‌یانەی لە قوتابخانەکان پێمان دەڵێنەوە نێوەرۆکی باسەکانیان هەر پێوەندی بە بەسەرهاتی ژیانی پاشاکانی ئێران و دەسەڵاتدارانی ئیقلیمی و جیهانییەوە هەیە؟ بۆ مێژووی هەرێمەکانی ئێمەی تێدا نییە؟  لە بەدەگمەن لاپەڕەیەک‌دا نەبا، ئەویش ئەگەر باس کرابا، زۆر بەڕاگوزاری ئاوڕ لە مێژووی نەتەوە و باب‌وکاڵی ئێمە درابووەوە. یانی بە درێژایی ئەو سەدان و بگرە هەزاران ساڵە ئێمە بێ مێژوو بووین؟ بە واتایەکی دیکە ئێمە وەک کارگ لەو وڵاتە هەڵتۆقیبووین؟!
ساڵانی دواتر بەدەر لە کتێبە مێژوویی‌یەکانی قوتابخانەکان، کۆمەڵە کتێبێکی مێژووییم وەدەست کەوتن و توانیم تا ڕادەیەک بەهۆی ئەوانەوە ئاگاداری مێژووی نەتەوەکەم ببمەوە. لەو ساڵانەی دواییش‌دا کۆمەڵەکتێبێکی دیکەم دەست کەوتوون کە پێوەندییان بە بەڵگە مێژووییەکانی وڵاتانی ڕووسیا و ئێران و عوسمانییەوە هەیە. ئەو کۆمەڵە بەڵگەیە دەوری تیشک لەناو تاریکایی و شەوەزەنگ‌دا دەگێڕن و ئێمەومانان بە یارمەتی ئەو سەرچاوانە تا ڕادەیەک دەتوانین بچینە ناو داڵانە تاریکەکانی مێژوو و مێژووی نەتەوەکەمانی پێ بخوێنینەوە، تا دواجار بزانین لە ڕەوتی مێژوودا چمان بەسەر هاتووە. تەنانەت دەتوانین زۆرێک لە گرێ‌کوێرەکانی مێژووی نەتەوەکەمان بەو بەڵگانە بکەینەوە و بۆمان ڕوون بێتەوە کوردەکان بۆ مانەویان لە ڕەوتی مێژوودا چۆن مامەڵەیان لەگەڵ یەک کردووە و هەروەها هەڵس‌وکەوتیان لەگەڵ گەلانی درواسێ و نەیارەکانیان چۆن بووە و بە پێچەوانەشەوە دەسەڵاتدارانی دەروجیران، چۆنیان لە کورد ڕوانیوە و چیان بەسەر ئێمەی کورد هێناوە.

ئێستا کە خەریکم بە شێوەی ڕاگوزاری ئاوڕ لە مێژووی هۆزی بلباس دەدەمەوە بەو واتایە نییە کە لە هەوڵی ئەوە دام بە شان و باڵی سیستەمی فێئۆداڵی هەڵ‌بڵێم. بەڵکوو لەو نووسینانەدا هەوڵ دەدەم ئەو کەسانەی بە شێوەی پرۆفێشناڵ لەبەر نەبوونی کات، یان بە هەر هۆیەکی دیکە ناتوانن ئاوڕ لە مێژوویی خۆجێیی نەتەوەکەمان بدەنەوە بە یارمەتی ئەو بابەتانەی لە کەناڵی تێلێگرامی شوناس‌دا بڵاویان دەکەمەوە تا ڕادەیەک ئاگاداری بەسەرهاتی باب‌وکاڵی خۆیان بکەمەوە و بزانن ئەوان چۆنیان ژیان کردووە و چ خزمەتێکیان  بە خەڵكەکەی خۆیان کردووە هەروەها کامانەیان بە پێچەوانەوە مامەڵەی دروستیان لەگەڵ نەتەوە و تاکی کورد نەکردووە.
هەموو ئەو کەسانەی لەو لاپەڕانەدا باسیان لێوە دەکەین ماڵاوایی‌یان لە ژیان کردووە بەڵام لەناو لاپەڕەکانی مێژوودا ناویان هاتووە. باس لە هەندێک لەو سەرۆک هۆزانە کراوە کە لە پێناو بەختەوەری خەڵکەکەیان گیانیان بەخت کردووە. هەشبوون کەسانێک کە نە تەنیا خزمەتیان نەکردووە بەڵکوو ئاستی کەسایەتی خۆیان ئەوەندە دابەزاندووە کە ئامادە بوون بۆ نەیارانی گەلەکەیان سیخوڕی بکەن و برا و ئامۆزا و...یان بەکوشت بدەن. ئەو جۆرە کەسانە بۆ بەرژەوەندی کاتی خۆیان هۆز و نەتەوەکەیان فرۆشتووە. بەسەرهاتی لێوڕێژ لە خیانەت و غەدر و بێ ڕوحمی  ئەو کەسانە لەمێژوودا بەڕوونی باس کراوە. 

پێم وایە تاکی کورد پێویستی بە خوێندنەوەی مێژوویی هۆز و عەشیرەتە کوردەکان هەیە. بۆ ئەوەی هەم بزانین ئەوان چیان کردووە کە ئێمە لەحاند نەتەوەکانی دەروجیرانمان لە جێگایەک وێستاوین کە نەدەبا ئێستا لێی باین و هەم خۆمان بڕیاری دروست لە پێچە هەستیارەکانی مێژوویی نەتەوەکەمان و ئەو ڕووداوانە بدەین کە بۆی هەیە کردەی ئێمەش شوێندانەر بێ  و هەڵەی هەندێک لە پێشینیانمان دووپات نەکەینەوە.

پێم خۆش دەبێ هاوڕێیەتیم بکەن تا بەشێک لەو بەسەرهاتە مێژوویی‌یانە، کە بەشێوەی زنجیرەباس لەو ژوورەدا بڵاو دەبنەوە، بخوێنینەوە.
***

https://t.me/muhsinceldiyani

شوناس

11 Dec, 04:27


مێژووی بلباس

بلباسەکان لە سەردەمی مەزنایەتی قەرەنی‌ئاغای یەکەمی مامەش‌دا (بەشی یەک)

: موحسین جەڵدیانی

ماوەیەک دوای کوژرانی کاک "بایز"ی مەزنی بلباس لە شەڕی گەڵی‌خرووشووی "شنۆ" لەگەڵ ئەفشارەکانی ورمێ‌دا، "قەرەنی‌ئاغا"ی مامەش بوو بە سەرۆکی بەرەی بلباس. لەسەردەمی مەزنایەتی ناوبراودا پێوەندییەکی قووڵ لەناو ئەو و سەرکردەی ئەفشارەکانی ورمێ دروست بوو، بەجۆرێک کە شان‌بەشانی تورکە ئەفشارەکان، بەشداری لە زۆرێک لە شەڕەکان‌دا کردووە. تەنانەت ئاستی پێوەندی "قەرەنی‌ئاغا" و سەرکردەی ئەفشارەکان گەیشتوو بە ئاستێک کە خزمایەتی‌یان لەناودا دروست بوو و "قەرەنی‌ئاغا" کچێکی خۆی بەناوی گوڵێ‌خان دا بە "محەممەدقولی‌خانی ئەفشار".
بەپێوست دەزانم بۆ ئەوەی لەو بڕگە مێژوویی‌یەدا تا ڕادەیەک ئاگاداری دۆخی سیاسی و نیزامی ئەفشارەکانی ورمێ ببینەوە، سووکە ئاوڕێک لە بەسەرهاتی ئەفشارەکان و پێوەندییان لەگەڵ هۆزە کوردەکانی هەرێمی ورمێ بدەینەوە.

لە ساڵانی کۆتایی‌ دەسەڵاتی سەفەوییەکان، لەبەر ئەوەی پاشاکانیان بەباشی نەیاندەتوانی وڵات بەڕێوە ببەن، دەسەڵاتدارانی خۆجێییش تووشی ئاستەنگ و کێشە ببوونەوە، وەک میناک ئەفشارەکانی ورمێ لە ئاستی پێویست‌دا دەسەڵاتیان بەسەر هەرێمەکەدا نەمابوو. بەڵام لەسەردەمی نادرشای ئەفشاردا بۆ جارێكی دیکە توانیان دەوری کاریگەریان لەسەر هەرێمەکە هەبێ. لە دوای ئەوەی کەریم‌خانی زەند بە دەسەڵات گەیشت هاوکات لەگەڵ ئەوەی دەسەڵاتی هەرێمەکەی پێ ئەسپاردبوونەوە بەڵام لەبەر ئەوەی لێیان بە گومان بوو، چەند سەرکردەیەکی ئەفشاری وەک بارمتە لەگەڵ خۆی بۆ شیراز برد و لەوێ لەژێر چاوەدێری ڕاگرتن.

دەسەڵاتدارانی زەند ساڵی ١٧٧٢ زایینی ئیمام‌قوڵی‌خانی کوڕی ڕەزاقوڵی‌خان -کە ئەو کاتی تەمەنی ١٤ ساڵان بوو- لە شیرازەوە دەنێرنەوە ورمێ و دەسەڵاتی هەرێمی ورمێ‌ی پێ‌دەسپێرن. لە کاتی گەیشتنی ئیمام‌قوڵی‌خان بۆ ورمێ هۆزەکانی زەرزا، موکری، بەرەی بلباس و...هتد پێشوازی و پشتیوانی لێ دەکەن. ئیمام‌قوڵی‌خان بۆ ماوەی دوازدە ساڵان دەسەڵاتی هەرێمی ورمێ‌ی بە دەستەوە بووە.

ئیمام‌قوڵی‌خان لە ماوەی دەسەڵاتدارییەکەی هەوڵی دا یەکگرتوویی لەناو ئەفشارەکان و هۆزە کوردەکانی هەرێمی ورمێ پێک بێنێ. مەبەستی سەرەکیشی لەو کارە ئەوە بوو، هۆزە کوردەکانی زەرزا، موکری، بەرەی بلباس، شکاک و ... بێنێتە ژێڕ ڕکێفی دەسەڵاتی خۆی و لە ڕووداوەکانی سەردەمی دەسەڵاتدارییەکەی‌دا سوودیان لێ‌ وەرگرێ. وەک میناک دەکرێ ئاماژە بەو ڕووداوانەی خوارەوە بکەین.

- ساڵی ١٧٨٠ (ز) نەزەرعەلی‌خانی شاهسەوەن حاکمی ئەردەبێل هێرشی کردەوەتە سەر  تەورێز و نەجەف‌قوڵی‌خانی حاکمی تەورێزی شکست داوە، لە دوای ئەو شکستە نەجەف‌‌قوڵی‌خان ڕای کردووەتە لای برازاکەی لە باژێری خۆی. نەجەف‌قوڵی‌خان بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بە دەسەڵات بگاتەوە داوای لە ئیمام‌قوڵی‌خان کردووە دەهانایانەوە بچێت. ئیمام‌قوڵی‌خانیش بە یارمەتی بەرەی بلباس و موکرییەکانی دەڤەری موکریان و...هتد پەیوەست بە لشکری دومبولی‌یەکان بووە و لە نزیک تەورێز هێرش دەکەنە سەر سوپای نەزەرعەلی‌خان، لە شەڕێك‌دا کە لە دەرەوەی تەورێز کرا، سوپای نەزەرعەلی‌خان‌یان شکست دا و نەزەرعەلی‌خان ناچار بوو ڕا بکات. لە دوای شەڕەکە هێزەکانی بلباس، موکری و ئەفشار بۆ شوێنی ژیانی خۆیان گەڕانەوە.
- ساڵی ١٧٨١ (ز) حاکمی شیروان و قەرەباخ هەڵدەکوتێتە سەر باژێری خۆی و یەکەک لە قەڵاکانی شار داگیر دەکات. ئەحمەدخانی دونبولی داوای هاوکاری لە ئیمام‌قوڵی‌خان دەکات ئەویش جارێکی دیکە بە یارمەتی هێزە پشتیوانە کوردەکانی لە شاری خۆی هێرش دەکەنە سەر سوپای جەوانشێر حاکمی شیروان و قەرەباخ. لەو شەڕەدا بابانی کوڕی قەرەنی‌ئاغای مامەش بە نوێنەرایەتی بەرەی بلباس، شێخ‌عەلی‌خانی موکری، میرزاغا سەرۆکی هۆزی شکاک و جەعفەرسولتانی زەرزا حاکمی شاری شنۆ یارمەتی ئیمام‌قوڵی‌خان‌یان داوە. شەڕەکە بە شکستی جەوانشێر حاکمی شیروان و قەرەباخ کۆتایی پێ هاتووە…
 
ماویەتی


 https://t.me/muhsinceldiyani

شوناس

29 Nov, 17:10


مێژووی بلباس

بەرەی یەکگرتووی بلباس لە سەردەمی "کەریم‌خانی زەند"دا
 
: موحسین جەڵدیانی
 
لە سەردەمی دەسەڵاتداری کەریم‌خانی زەندیش‌دا بلباسەکان ئامادە نەبوون سەر بۆ دەسەڵاتەکەیان دابنوێنن. لە هەندێک سەرچاوی مێژوویی‌دا باس لە سێ هێرشی سوپای زەند بۆ سەر بلباسەکان کراوە کە لە هەمووی ئەو هێرشانەدا بلباسەکان بەرەنگاری هێرشکەران بوونەتەوە.
1-  یەکەم هێرش کاتێک بووە کە شاری ورمێ لە ساڵی ١٧٥٩ زایینی لە گەمارۆی کەریم‌خانی زەند‌دا بووە. زۆربەی سەرۆک هۆزەکانی هەرێمەکە و شوێنەکانی دیکەی دوور و نزیک بە خزمەت کەریم‌خانی زەند گەیشتوون و وەفاداری خۆیان بۆ ناوبراو دەربڕیوە. بەڵام بلباسەکان ئەو کارەیان نەکردووە. کەریم‌خانی زەند بۆ تەمبێ‌کردنی بلباسەکان هێزێکی ٧ هەزار کەسی بە سەرۆکایەتی عەلی‌مورادخان دەنێرێتە سەر بلباسەکان.
2- لە دوای ئەوەی کەریم‌خان بڕیاری دا لە ورمێ‌وە بەرەو ئەردەبێل بڕوا، لە ڕیگا ئاگادار کراوە بلباسەکان دەستیان بەسەر چەند شوێنێکی دەڤەری ورمێ داگرتووە. ئەو جارە فەرمان بە فەتح‌عەلی‌خانی ئەرشلوو و عەلی‌محەممەدخانی زەند دەدات، بلباسەکان سەرکوت بکەن. لە سەرچاوە مێژوویی‌یەکان‌دا باس لەوە کراوە، بلباسەکان ئەو سەردەمی لە دەڤەری حەکارییەوە تا دەشتی سندووس، گەرمێن و کوێستانیان کردووە. غەففاری کاشانی لە کاتی گێڕانەوەی بەسەرهاتی ئەو هێرشە ئاماژەی بەوە کردووە کە بلباسەکان تووشی شکستێکی قورس بوونە و هێرشکەرانی زەند کۆمەڵێک‌ بلباسیان بە دیل گرتووە و دەستیان بەسەر ٥٠ هەزار سەر مەڕ و ٢٠ هەزار ئەسپ داگرتووە.
3-  هەر لەو بڕگە مێژوویی‌یەدا مەزنی بلباسەکان  "کاک بایز"  ناوێک بووە.  کاک بایز هاوپەیمانی‌یەک لەگەڵ هۆزی زەرزا پێک دێنێ و مەحالی دۆڵی ورمێ کۆنتڕۆڵ دەکەن. زەندی‌یەکان بە مەبەستی  سەرکوت و ڕاونانی  بلباسەکان فەرمان بە ڕۆستەم‌خانی بەگلەربەگی ورمێ دەکەن. ناوبراویش هەوڵ دەدا لە دوو قۆڵەوە هێرش بکاتە سەر بلباسەکان.

سەرۆکایەتی قۆڵی یەکەم  بە دەست ڕۆستەم‌خانی بەگلەربەگی ورمێ دەبێ. ناوبراو هەڵدەکوتێتە سەر دەڤەری لاجان و بناری قەندیل. بلباسەکان وەک هەموو جارەکانی پێشوو کە ئاگاداری هێرشی بەگلەربەگی ورمێ دەبنەوە ژن  و منداڵەکانیان بۆ قەندیل ڕادەگوێزن و خۆشیان بەرنگاری هێرشی بەگلەربەگی ورمێ دەبنەوە. باس لەوە کراوە دواجار سوارەی بلباس کە پێک‌هاتبوو لە سوارەی هۆزەکانی مەنگوڕ و مامەش و پیران شکست دەخۆن و بۆ قەندیل پاشەکشە دەکەن.

سەرۆکایەتی قۆڵی دووەم بە موئمن‌خان حاکمی سایین‌قەڵا و محەممەدخان سەرۆکی هۆزی قەراحەسەنلوو سپێردرابوو، ئەو هێزە لە گەڵی قاسملوویەوە هێرش دەکەنە سەر بلباسەکان. لە ناوچەی دەشتەبێڵی سەر بە شاری شنۆ بەرەو ڕووی سوارەی هۆزی زەرزا دەبنەوە. زەرزاکان لە بەرامبەر هێرشکەران دادەمەزرێن و بۆ ماوەیەک دەتوانن بەر بە هێرشەکە بگرن  بەڵام دواجار ناچار بە پاشەکشە بۆ گەڵی خرووشۆ دەبن. کاک بایزی سەرۆکی بلباس هەر کە ئاگاداری پاشەکشەی زەرزاکان دەبێت هێرش دەکاتە سەر سوارە ئەفشار کە بە نوێنەرایەتی دەسەڵاتدارانی زەند ئەو شەڕەیان دەکرد، لەو شەڕەدا کاک‌بایزی مەزنی بلباس و محەممەدخان سەرۆکی هۆزی قەراحەسەنلوو دەگوژرێن. لە ئەنجامیش‌دا هێرشکەران پاشەکشە دەکەن و بلباسەکان سەردەکەون.

لە دوای شەڕەکە بلباسەکان بۆ جارێکی دیکە ژن و منداڵەکانیان دەگەڕێننەوە دەشتایی‌یەکانی بناری قەندیل و لاجان و سندووس و شنۆ ....
 

https://t.me/muhsinceldiyani

شوناس

22 Nov, 08:49


مێژووی بلباس
 
چیاکان لەهەمبەر لەشکرکێشی نادرشای ئەفشار
دە هانای بلباسەکانەوە هاتن


: موحسین جەڵدیانی

لە پۆستەکەی پێشوودا ئاماژەم بەوە کرد دەسەڵاتدارانی سەفەوی و عوسمانی بەو پاساوەوە کە بلباسەکان جەردە و ڕێگرن و مانەوەیان تەناهی وڵات تووشی مەترسی دەکات و پێویستە سەرکوت بکرێن، هەرکە هەلیان دەست دەکەوت هێرشیان دەکردە سەریان. نووسەری کتێبی "حدیقە الزوراء" لە کاتی باس‌کردنی هێرشی ئەحمەدپاشای والی بەغدا بۆ سەر بلباسەکان نووسیویە:
"هێرشی ئەحمەدپاشا بۆ سەر بلباسەکان تەنیا بیانووەو بەس، ئاشکرایە هۆزە بلباسەکان شافعی مەزهەبن و خەڵکێکی بەنامووس و جوامێرن، تەنانەت زۆرێک لەوان قوتابی و مامۆستای ئایینین و بەردەوام هات‌وچۆی مزگەوت دەکەن. ئەوان ڕێزی میوان دەگرن و خزمەت بە هەژار و لێقەوماوان دەکەن. ئەحمەدپاشا بە مەبەستی تاڵان‌کردنی سامان و هەبووەکانی ئەو خەڵکە هەموو ڕێساکان پێشێل دەکات بۆ ئەوەی بە ئامانجەکانی خۆی بگات."
ئەو وتانەی نووسەر ئاماژە بەو ڕاستییە دەکەن کە بلباسەکان لەبەر ئەوەی ئامادە نەبوون سەر بۆ زۆرداران دابنوێنن کەوتوونەتە بەر هێرش و زەختی دەسەڵاتدارانی بیانی. لەسەردەمی نادرشای ئەفشاریش‌دا ڕووداوەکان هەر ڕوو وە ئەو ئاراستەیە بووە.‌
لەبەر گرینگایەتییەک کە هەرێمی تەورێز و ناوچەکانی دەوربەری هەیبووە. نادرشا براکەی خۆی واتا "ئیبراهیم‌خانی زەهیرودەولەی" کردووە بە سوپاسالاری ئەو هەرێمە. باس لەوە کراوە لە دوای ڕێ‌وڕەسمی تاج‌لەسەرنانی نادرشا لە ساڵی ١٧٣٥ ی زایینی حاکمە خۆجێیی‌یەکانی مەراغە و ورمێ چوونەتە لای و باسیان لەوە کردووە بلباسەکان تەنگیان‌ پێ هەڵچنیون و کاتی ئەوە هاتووە سەرکوت بکرێن. نادرشا بە کوڕەکەی، نەسروڵڵا میرزا فەرمان دەدا بە لەشکرێکی ١٢٠٠٠ کەسییەوە بچێتە تەورێز و پەیوەست بە لەشکری زەهیرودەولە بێت و لە ژێر فەرمانی ئەوەوە هێرش بکەنە سەر بلباسەکان. نەسروڵڵامیرزا ئەمری باوکی بەجێ دەگەیەنێ و لەگەڵ مامی بەرەو سندووس دەچن لە سندووس محەممەدعیساخانی حاکمی ورمێ لەگەڵ هێزەچەکدارەکانی خۆیەوە پەیوەست بە لەشکرەکەیان دەبن.
لەشکری ئەفشار هەڵدەکوتێتە سەر دەڤەری لاجان و بناری قەندیل، بلباسەکان کە ئاگاداری هێرشی لەشکری ئەفشار دەبن، خۆیان بۆ بەرەنگار بوونەوە ئامادە دەکەن. لە شەڕێکی نابەرابەردا کە دوو ساعەتی خایاندووە بلباسەکان ناچار بە پاشەکشە دەبن. باس لەوە کراوە لەو شەڕەدا ٢٠٠٠ بلباس گوژراون. لە دوای شەڕەکە زەهیرودەولە و نەسروڵڵامیرزا فەرمان دەدەن لەشکرەکەیان بە ناوچەکەدا بگەڕێن و دەست بەسەر ئاژەڵ و مەڕ و ماڵاتی بلباسەکان دابگرن. لە ترکەش جارێکی دیکە شەر لە نێوان بلباسەکان و لەشکری نادرشای ئەفشار ڕوو دەدا. ئەو جارەیان بلباسەکان وەک هەمیشە هانا بۆ چیاکان دەبەن و خۆیان لە هێرشی ئەفشارەکان دەپارێزن.

چەند مانگێک لەشکری نادرشا لە سندووس دەمێنێتەوە، لەو ماوەیەدا بلباسەکان لە چیاکان دەمێننەوە و خۆیان لە شەڕکردن لەگەڵ لەشکری نادرشای ئەفشار دەبوێرن. پاش ئەو ماوەیە نەسروڵڵامیرزا پەیوەست بە هۆردووی نادرشای باوکی دەبێتەوە و زەهیرودەوڵەش دەگەڕێتەوە تەورێز.
ئەو ماوەیەی نادرشای ئەفشار دەسەڵاتی بەدەستەوە بووە چەندین جاری دیکەش شەڕ لە نێوان بلباسەکان و لەشکری نادرشا ڕووی داوە. بەڵام بە دڕێژایی هەمووی ئەو هێرشانەی کراوەتە سەر بلباسەکان، ئەوان ئامادە نەدەبوون باجیان پێ‌ بدەن. ئەگەر لە هەندێک بڕگەی زەمەنی‌دا لە ڕووی ناچاری باجیشیان دابێ، هەر کە لەشکری ئەفشار پاشەکشەی کردووە خۆیان لە دانی باج بواردووە.

خاڵێکی دیکەی کە بۆ ئەوەی دەبێ باسی لێوە بکەین. دەوری چیاکانی کوردستان لەسەر مانەوە و بەردەوامی ژیانی بلباسەکان لە دەڤەری لاجان و بناری قەندیلە. ئەوان هەر کاتێک بیانزانی‌با هێرشیان دەکرێتە سەر، مەڕ و ماڵات و ژن و منداڵ و پیرەکانیان بۆ چیاکان ڕادەگوێزت و خۆشیان لە دەشتایی‌یەکان بەرنگاری هێرشکەران دەبوونەوە. چون هێرشەکەران نەیان‌دەتوانی بۆ هەمیشە لە دەشتایی‌یەکانی شوێنی ژیانی بلباسەکان بمێننەوە ناچار دەبوون پاشەکشە بکەن، لە دوای ڕۆیشتنی هێرشکەران بلباسەکان دەگەڕانەوە دەشتایی‌یەکان.


https://t.me/muhsinceldiyani

شوناس

16 Nov, 10:14


مێژووی بلباس

هێرشی خودادادی بەگلەربەگی ورمێ
بۆسەر بلباسەکانی لاجان و بناری قەندیل


: موحسین جەڵدیانی

کاتێک بمانهەوێ ئاوڕ لە بەسەرهاتی ژیانی هۆز و عەشیرەتە کوردەکان لە سەدەکانی ڕابردوودا بدەینەوە زۆر جاران لەگەڵ کەم‌بوون یان نەبوونی سەرچاوە بەرەوڕوو دەبین. بەشی هەرە زۆری ئەو نووسراوانەی لەبەر دەستمان دان لە لایەن میرزابنووسەکانی دەسەڵاتدارانی نەیاری گەلەکەمانەوە نووسراون. ئەو کەسانە هەوڵیان داوە لە بەرژەوەندی ئاغاکانیانەوە بپەڕژێنە سەر ڕووداوەکانی ئەو سەردەمی گەلەکەمان. لە نووسراوەکانیان‌دا هەوڵ دەدەن پاساو بۆ ئەو گورزە وێرانکەرانە بێننەوە کە دەسەڵاتدارانی نەیار لە کوردەکانیان وەشاندووە. ئەوان بەشێک لە هۆزە کوردەکان بە جەردە و ڕێگر و... هتد دەناسێنن.

تا ئەو جێگایەی من ئاگادار بم هەندێک لە ڕووداوە مێژوویی‌یەکانی هۆز و عەشیرەتە کوردەکان تەنیا لە یەک سەرچاوەدا باسیان لێوە کراوە. دیارە لە گشتایەتی خۆی‌دا هەبوونی ئەو جۆرە سەرچاوانە بە هەموو ئەو کەم‌وکووڕیانەی پێیانەوە دیارە بایەخی تایبەتیان هەیە، بەلای منەوە لە چەشنی ترووسکەیەک لەناو قووڵایی تاریکییەکانی مێژووی سەدەکانی ڕابردووی نەتەوەکەمان دان. بەڵام ئەوەی دەبێ لێی وردبینەوە ئەوەیە ئێمە خۆمان دەبێ ئەو دەقانە چۆن بخوێنینەوە، ئاخۆ دەکرێ قسەی ئەو میرزابنووسانە بێ کەم‌وزیاد دووپات بکەینەوە و وەک ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگری‌ مێژوویی بە بەردەنگەکانمانی بناسێنین. یان ئەودیوی سێناریۆ نادیارەکانی هێرشکەران بە یارمەتی ڕووداوەکانی هاوشێوە بخوێنینەوە و بە وردبینییەکی زیاترەوە ڕیوایەتی میرزابنووسەکە شەن‌وکەو بکەین.

بە خوێندنەوەی هەندێک لەو کتێبە مێژووییانەی کە لە لایەن تاقمێک نووسەری کوردەوە نووسراون، پرسیارمان بۆ دروست دەبێ کە بۆ ئەو نووسەرانە بەبێ  هیچ شیکاری و لێکدانەوەیەک لە زمانی خۆیانەوە قسەی نووسەرەکە وەک ڕاستی دووپات دەکەنەوە؟!

بەو پێشەکییەوە باس لە هێرشی خودادادخانی بەگلەربەگی ئەفشار بۆ سەر بلباسەکانی دەڤەری لاجان و بناری قەندیل لە ساڵی ١٧٢٢ ی زایینی‌دا دەکەم.
ئەدیب‌وشوعەڕا نووسەری کتێبی مێژووی ئەفشار کاتێک باسی لەشکرکێشییەکەی خودادادخان بۆ لاجان و بناری قەندیلی دەکات، بلباسەکانی بەوە تۆمەتبار کردووە کە ترس و دڵەڕاوکەیان بۆ خەڵکی دەڤەرەکە دروست کردووە و...  لەبەر ئەو هۆیانە خودادادخانی بەگلەربەگ ناچار بووە لەشکر بەرێتە سەر بلباسەکان کە لە ئەنجامی هێرشی خودادادخان بلباسەکان لە دەڤەری لاجان و بناری قەندیل تێک دەشکێن و کۆمەڵە کەسێکیشیان لێ دەکوژرێ، هەندێکیشیان بە دیل دەگیرێن. لەو ماوەیەی خودادادخان لە دەڤەری لاجان و بناری قەندیل بووە دەست بەسەر سامانی خەڵکەکە دادەگرێ و هەوڵ دەدا دیلەکان و هەموو هەبووەکانی بلباسەکان لەگەڵ خۆی بۆ ورمێ بباتەوە. بەڵام بلباسەکان بۆ ئەوەی دیلەکانیان ڕزگار بکەن بە یارمەتی هۆزەکانی دیکەی دەڤەرەکەیان وەشوێن لەشکرەکەی خودادادخان دەکەون و لە نزیک ورمێ لە دەرفەتێک‌دا  هەڵدەکوتنە سەر لەشکرکە. ئاکامی شەڕەکە لە سەرکەوتنی بلباسەکان تەواو دەبێ. بلباسەکان دیلەکانیان ئازاد دەکەن و تاڵانەکەش بۆ خاوەنەکانیان دەگەڕێننەوە. خودادادخانی بەگلەربەگی ئەفشار بۆی قەبووڵ ناکرێ بە چاوی کەسێكی شکست‌خواردوو سەیری بکەن بۆیە خۆی دەکوژێ.

هەر وەک لە دێڕەکانی پێشوودا ئاماژەم پێ‌کرد ئەو سەرچاوەیەی باسی لەو ڕووداوە گرینگەی مێژووی بلباسەکان کردووە نووسەرەکەی لەبەرەی دژبەری بلباسەکان‌دا بووە و  بلباسەکانیش یان خۆیان ڕووداوەکەیان نەنووسیوەتەوە یان لەوەیە نووسیبیان بەڵام لەناو چووبێ. نەبوونی ڕیوایەتی بلباسەکان لە واقیعی ئەو ڕووداوە وای کردووە بۆشایی‌یەک دروست بێ کە دواجار ڕاستییەتی مێژوو بە دروستی ئاشکرا نەبێ. بەڵام هەر ئەوەی کە نەیاری بلباسەکان ئەو ڕووداوە مێژوویی‌یەی نووسیوەتەوە خۆی‌لەخۆی‌دا سوودی هەیە و ڕووداوەکە لەبیر نەچووەتەوە.

بەڵام ئەوانەی لە زمانی ئەو جۆرە نووسەرانەوە ئاوڕ لە ڕووداوە مێژوویی‌یەکان دەدەنەوە پێویستە بە وردبینیەکی زیاترەوە لەو دەقانە بڕوانن و قسەی ئەو میرزابنووسانە کە بلباسەکان بە جەردە و ترسناک و گێڕەشێوێن و... دەناسێنن لە زمانی ئەوانەوە دووپات نەکەنەوە.

 
https://t.me/muhsinceldiyani

شوناس

07 Nov, 08:21


مێژووی بلباس

لە هێرشی سوڵتان سولەیمانی قانوونییەوە
 تا بنیادنان و لەناوچوونی میرنشینی بلباس


: موحسین جەڵدیانی

واقعی ژیان بەشێک لە هۆزە کوردەکانی فێری ئەو ڕاستییە کردبوو کە لەوانەیە نەتوانن لەهەمبەر هێرشی هێزە نەیارەکان خۆ بگرن و گیان و ماڵیان بپارێزن بۆیە هەوڵی پێکهێنانی بەرەیان دەدا تا بەیەکەوە بەرەنگاری هێرشکەران ببنەوە و شانسی سەرکەوتنیان زیاتر بکەن.
لەو نێوەدا کۆمەڵێک لە هۆزە کوردەکانی ئەو سەردەمی لەژێر ناوی بلباس گرێبەستێکیان واژۆ کرد و بەیەکەوە بەرەنگاری نەیارەکانیان بوونەوە. بلباسەکان لە دوای ئەو گرێبەستە دەوری چالاکیان لەسەر ئەولەهی هۆزەکانی ناو کۆنفێدڕاسیۆنەکەیان هەبووە. تەنانەت دەسەڵاتدارانی مۆغۆل و دواتر عوسمانی و سەفەویش بوونی بلباسەکانیان بە هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر دەسەڵاتەکەیان دەزانی.

کۆنترین بەڵگەیەک کە تا ئێستا لەسەر وشەی بلباس وەدەستمان کەوتووە،  نووسراوەیەکی چەند وشەیی‌یە کە لە پەراوێزی لاپەڕەیەکی دەستنووسی قوڕئان لە ساڵی ١٣٦٨(ز) نووسراوە. لەو لاپەڕەیەدا ئەو کەسەی قوڕئانەکەی بەخەتی خۆی نووسیوە، باسی لەوە کردووە  کە ناوی: "منصور ابن صادق البلباسی" بووە. ئەو بەڵگە مێژووییە، کە نزیک بە ٧٠٠ ساڵ لەمەو بەر نووسراوە، پێمان دەڵێ وشەی بلباس لانی‌کەم بۆ ئەو سەردەمی دەگەڕێتەوە و بلباسەکان لە گۆڕەپانی چالاکییەکانی هۆزە کوردییەکان دەوریان  هەبووە.

لە پۆستەکەی پێشوودا لە زمانی نووسەری کتێبی شەڕەفنامە باسمان لەوە کرد کە کۆنفێدڕاسیۆنی بلباسەکان لە دوازدە هۆز پێک‌هاتبوو، ئەو پێکهاتەیە دەوری کاریگەری لەسەر جوغرافیای سیاسی ئەو سەردەمی هەبووە، عوسمانییەکان بۆیان قەبووڵ نەدەکرا  لەوە زیاتر بلباسەکان پەرە بە چالاکییەی سیاسی و نیزامی و... یان بدەن. دواجار بەفەرمانی سوڵتان سولەیمانی قانوونی، کە لە نێوان ساڵانی ١٥٢٠  تا ١٥٦٦ی زایینی‌ دەسەڵاتی بەدەستەوە بووە، لەشکری عوسمانی زنجیرە هێرشێکی بە درێژایی سێ ساڵان کردووەتە سەر بلباسەکان. لە دوای ئەو هێرشانە بەشێک لە بلباسەکان ناچار بە پاشەکشە لە باکووری کوردستانەوە بۆ باشووری وڵاتەکەیان بوون.

  ساڵی ١٥٩٦(ز) کاتێک عوسمانییەکان دەستی‌یان بەسەر دەڤەری وان داگرت بەشێکی دیکە لەو پێکهاتەیە چوونە باشووری کوردستان. ئەم ڕووداوە بووە هۆی ئەوەی بەشێک لە هۆزەکانی ناو کۆنفێدڕاسیۆنی بلباسەکان لە پەیمانەکە بچنە دەر و چەند هۆزێکی دیکەی کوردی بە کۆنفێدڕاسیۆنەکە پەیوەست بن. لە لاپەڕەکانی مێژوودا باس لەوە کراوە هەر ئەو سەردەمی هۆزەکانی، "مەنگوڕ، مامەش، پیران، ڕەمەک و..." پەیوەست بە کۆنفیدڕاسیۆنی بلباس بوون و پێکهاتەیەکی نوێیان لە بلباسەکان دروست کردووە. بەو واتایە کە هەندێک لە هۆزەکانی باکووری کوردستان لە کۆنفێدڕاسیۆنەکە جیا بوونەتەوە و چەند هۆزێکی دیکە لە ناوەند و باشووری کوردستانەوە پێیەوە لکاون.  

ماوەیەک دواتر و لەژێر زەختی عوسمانییەکان بەشێکی دیکە لە بلباسەکان لە ڕووی ناچاری بدلیسی باکووری کوردستانیان  بەجێ هێشت و چوونە دەڤەری شارەزوور و هەولێر. عوسمانییەکان بە مەبەستی سەرکوت‌کردنیان هێرشیان کردە سەر دەڤەری شارەزوور، بەڵام لەبەر گیانبازی و خۆڕاگری خەباتکارانی بلباس، عوسمانییەکان ناچار بوون پاشەکشە بکەن. لە دوای ئەو ڕووداوە، واتا لە ساڵی ١٦٣٤ی(ز)ی‌دا، بلباسەکان بە سەرۆکایەتی سولەیمان‌ئاغای کوڕی سواراغا توانیان لە دەڤەری شارەزوور، "میرنشینی بلباس" پێک بێنن. میرنشینەکە تا ساڵی ١٦٥٧ی(ز) درێژەی به تەمەنی خۆی داوە، بەلام لەبەر ئەوەی ساڵی ١٦٥٧ی(ز) دوو دەسەڵاتی زل‌هێزی ئەو سەردەمی واتا عوسمانی و سەفەوی هێرشیان کردە سەر میرنشینی بلباس و میرخۆسرەو، سەرۆکی میرنشینی بلباس لەو شەڕەدا کوژرا و هێرشکەران دەستیان بەسەر شاری شارەزوور داگرت و سەرەتا شارەکەیان تاڵان کرد و دوایی ئاگریان دا. لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا زۆربەی بلباسەکان بەناچاری شارەزووریان بەجێ هێشت و پەنایان بۆ چیا سەرکێشەکانی کوردستان برد.
دوای ماوەیەک بەشێک لەو بلباسانە چوونە ناوچە شاخاوییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تەنیا تاقمێکی کەمیان لە دەڤەری شارەزوور مانەوە.
لە ڕەوتی مێژوودا ئەو بلباسانەی پەنایان بۆ چیاکانی کوردستان بردبوو، پێوەندییان لەگەڵ هاوپەیمانەکانی پێشوویان پچڕا و هەر کامەیان بە شێوەی جیا دەوریان لەسەر کۆمەڵگا و هۆز و دەسەڵاتەکانی ئەو سەردەمی هەبووە.
لە لاپەڕەکانی دواتری ئەو کەناڵە هەوڵ دەدەم زیاتر باسی دەوری بلباسەکان و هێرشی دەسەڵاتدارانی عوسمانی و سەفەوی و ... بۆ سەر زێدی باب و کاڵیان بکەم.


https://t.me/muhsinceldiyani

شوناس

01 Nov, 09:27


مێژووی بلباس

کۆنفێدڕاسیۆنی بلباس

: موحسین جەڵدیانی

ساڵی ١٦٠٩(زایینی) لەشکری شاعەبباسی سەفەوی توانی هەم سەرهەڵدانەکەی ئەمیرخانی برادۆست(خانی لەپ زێڕین) سەرکوت بکات و هەم کارەساتی موکری قڕانی خوڵقاند. بلباسەکان لە دوای ئەو کارەساتانەی بەسەر گەلەکەیان هاتبوو، بە ئارامی توانیان وەک ئەکتێرێکی چالاک دەوریان لە دەڤەری مەراغە، ورمێ، سندووس، شنۆ و لاجان و ... هەبێت.
لەمەڕ چۆنییەتی دامەزرانی کۆنفێدڕاسیۆنی بلباسەکان پێویستە ئاماژە بەوە بکەم. مێژوونووسی توانا و زانای کورد شەڕفخانی بدلیسی لە کتێبی شەرەفنامەدا باسی لەوە کردووە کە ٢٤ تیرەی ڕۆژەکی لە شوێنێک کۆ بوونەوە. ١٢ تیرەیان هاوپێیمانی‌یەکیان بەناوی بلباس پێک هێنا. ١٢ تیرەکەی دیکە ناوی قەوالسی‌یان لەسەر داندراوە. تیرەکانی سەر بە کۆنفێدراسیۆنی بلباس بریتی بوون لە: باڵەک، ڕەمک، کاخدری، ئاغا عوسمان، مەنگوڕ، مامەش، پیران، سن. زوودی و ...
ساڵی ١٦٣٩ (زایینی) ڕێکەوتنێک لە نێوان دەسەڵاتی سەفەوی و عوسمانییەکان واژۆ کرا. لە ئەنجامی ئەو ڕێکەوتنە، بلباسەکان زیاتر خرانە ژێر زەختی ئەو دوو دەسەڵاتە.

بە درێژایی سەدەی هەژدە و نۆزدە و تەنانەت سەرەتاکانی سەدەی بیستەمیش، دەسەڵاتدارانی سەفەوی، ئەفشار و قەجەر چەندین جار هێرشیان هێناوەتە سەر بلباسەکان. تەنانەت لە یەکەک لە هێرشەکانیان‌دا منارەیان لە سەری بڕاوی وڵاتپارێزانی بلباس دروست کردووە و بانگیان لەسەر داوە.
 کە لەو کۆمەڵە کارەساتەی بەسەر بلباسەکان‌ هاتووە ورد بینەوە، بۆمان دەردەکەوێ، بلباسەکان لە چەشنی قەقنەس بوونە و هەموو جارێ پاش ئەوەی تا ئاستی قڕکردنی بە کۆمەڵیان بردوون، دیسان سەریان لەناو ئەو خۆڵەمێشە دەردێناوە و بۆ جارێکی دیکە دەبووژانەوە.
ئەوەی دەسەڵاتدارانی سەفەوی و قەجەر و تەنانەت والی بە‌غداش -وەک نوێنەری عوسمانییەکان- لە بلباسەکانیان دەویست ئەوە بوو کە ئەو کۆنفێدراسیۆنە لە چەشنی ڕەعیەتێکی ئارام و شەرمن مامەڵەیان لەگەڵ بکەن و لە خزمەت دەسەڵاتەکەی ئەوان‌دا بن، واتا باج و سەرانەی ساڵانەیان بدەن و لە کاتی پێویستیشدا گەنج و خورتەکانیان ڕەوانەی بەرەکانی شەڕ بکەن. بەڵام بلباسەکان بۆیان قەبووڵ نەدەکرا سەر بۆ ویستی دەسەڵاتدارانی سەفەوی و قەجەر شۆڕ بکەنەوە و هەرچی ئەوان گوتیان بڵێن بەچاوان.  بلباسەکان دەیان‌هەویست خۆیان دەوریان لە بەڕێوەبردنی شوێنی ژیانیان هەبێ بەڵام سەفەوی و قەجەرەکان متمانەیان بە فەرمانڕوای خۆجێیی کورد بەسەر ناوچەکانی خۆیان نەبوو، بۆیە بەردەوام لە هەوڵی سەرکورت کردنی بلباسەکان‌دا بوون.

هەوڵ دەدەم لە پۆستەکانی دواتردا ئاوڕ لە هەندێک لەو شەڕانە بدەمەوە کە لە لایەن دەسەڵاتدارانی سەفەوی و قەجەرەوە بەسەر کۆنفێدڕاسیۆنی  بلباسەکان داسەپاوە.

https://t.me/muhsinceldiyani

شوناس

24 Oct, 14:42


مێژووی بلباس



کۆکوژی هۆزی مەنگوڕ لە مەرا‌غە

: موحسین جەڵدیانی

لە لاپەڕەکانی مێژوودا باس‌ لە  هەندێک ڕووداو کراوە کە جێگای تێڕامان و تێفکرینن. مێژوو پێمان دەڵێ زۆرجار مرۆڤەکان بەناوی برایەتی و دۆستایەتی خەیانەت بە یەکتر دەکەن و کارەساتی جەرگبڕ دەخوڵقێنن. یەکەک لەو  ڕووداوانە کۆکوژی هێزی سوارەی مەنگوڕ لە شاری مەراغەیە.
لە سەردەمی دەسەڵاتداری زەندییەکان، حاجی محەممەدعەلی‌ موقەددەم لە دەڤەری مەراغە دەسەڵاتداری دەکرد. ناوبراو ئامادە نەبوو بچێتە ژیر فەرمانی نەجەف‌قولی‌خانی بەگلەربەگی تەورێز. دواجار نەجەف‌قولی خان ساڵی ١١٩٠ (ک.م) هەڵی‌کوتا سەر مەراغە و لە شوێنێک بەناوی دێهخوارقان شەڕ لە نێوان هێزی نەجەف‌قولی‌خان و هێزی حاجی محەممەدی موقەددەم ڕووی دا. لە شەڕەکە حاجی محەممەدخان بە دیل گیرا و نەجەف‌قولی‌خان دەستووری  کوشتنی دا. دواتر لەبەر ئەوەی هێزی نەجەف‌قولی‌خان نەیتوانی شاری مەراغە داگیر بکات. ڕازی بوو ئەحمەدخانی کوڕی حاجی محەممەدی موقەددەم ببێ بە جێگرەوەی باوکی.

هەر لەو سەردەمەش‌دا کۆنفێدراسیۆنی بڵباسەکان لە باشووری گۆلی ورمێ دەوری چالاکیان هەبووە. بە هەندێک هۆ دەسەڵاتدارانی ورمێ، مەراغە و تەوڕێز بەهێزبوونی بڵباسەکان-بەتایبەت هۆزی مەنگوڕیان- وەک هەڕەشە بۆ دەسەڵاتەکەیان دەزانی. چون لە لایەک بڵباسەکان ئامادە نەبوون باج بە دەسەڵاتدارانی حکوومی بدەن، لە لایەکی دیکەش جاروبار هۆزی مەنگوڕ هەڵیان‌ دەکوتا سەر ئاوایی‌یەکانی دەڤەری مەراغە، هەروەها مەحموودپاشای بابانیش پشتیوانی لە باپیرئاغای مەنگوڕ دەکرد. هەمووی ئەوانە ببوونە هۆی ئەوەی ئیمام‌قولی‌خانی ئەفشار داوا لە ئەحمەدبەگی موقەددەم بکات بە فێڵ باپیرئاغای مەنگوڕ سەرکوت بکات.

ئەحمەدبەگی موقەددەم نامەیەک بۆ باپیرئاغای مەنگوڕ دەنووسێ. لە نامەکەدا باسی لەوە کردبوو کە دەیهەوێ تۆڵەی باوکی لە نەجەف‌قولی‌خان بکاتەوە، بۆ ئەوەی بتوانێ دەست بەسەر تەورێز دابگڕێ پێویستی بە یارمەتی ئەو و هۆزەکەی هەیە و بەڵێنیشی پێ‌دەدات لە دوای ئەوەی دەستیان بەسەر تەورێز داگرت، لەو غەنیمەتەی دەستان دەکەوێ، ئەو و هۆزەکەی بێبەش نەکات. باپیرئاغا فریوی ئەحمەدبەگی موقەددەمی خوارد و بەخۆی و بە ٥٠٠ سواری مەنگوڕ چووە مەراغە.
ئەحمەد‌بەگ لە پێشترەوە پیلانی لەناوبردنی هێزی مەنگوڕی داڕشتبوو. هەر کە سوارەی مەنگوڕ دەگەنە دەروازەی مەراغە بەرەوپیری باپیرئاغای دەچن و بەڕێز و حوڕمەتەوە لەگەڵ خۆیان دە‌یانبەنە ناو شاری مەراغە. ئەحمەدبەگ شەو دەستوور دەدا هەر ماڵە و چوار پێنج کەس لە هێزی مەنگوڕ بۆ ماڵی خۆیان ببەنەوە. لە شەوەزەنگ‌دا لەو کاتەی هەموو خەڵک لە غوڕابی خەودا بوون بە تەقەیەک خانەخوێیەکان ئاگادار کرانەوە پیلانەکەیان جێ‌بەجێ بکەن. لە کاتێک‌دا میوانەکان نوستبوون بەو تفەنگانەی هەیان‌ بووە، بێ بەزەییانە باپیرئاغا و باقی  مەنگوڕەکان دەکوژن. ڕۆژی دواتر سەری بڕاوی پاپیرئاغا لە شاری مەڕاغە هەڵداوەسن.

👇👇👇👇

     https://t.me/muhsinceldiyani

شوناس

18 Oct, 07:06


مامۆستا مۆمە

بەشی چوار و کۆتایی

: موحسین جەڵدیانی

مامۆستا ئه‌وینداره‌، له‌ بیرته‌ ڕۆژێک مامۆستاکه‌ت له‌ زانکۆ له‌ مه‌ڕ مامۆستایی چی پێ گوتی؟
- خوێندکاره‌کان به‌ باوه‌ڕی ئێوه‌ مامۆستا ده‌بێ چ تایبه‌تمه‌ندی‌گه‌لێکی هه‌بێ؟
 ئێوه‌ هه‌ندێک قسەتان کرد. ئه‌و لە دڕێژەی قسەکانی ئێوەدا گوتی:
- ده‌کرێ تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی مامۆستا ده‌ سێ خاڵی گرێنگ‌دا کۆ بکه‌ینه‌وه‌، مامۆستایی وه‌ بینایه‌ک ده‌چێ سێ کۆڵه‌که‌ی هه‌بێ، بێتوو هه‌ر کام له‌و کۆڵه‌کانه‌ بکه‌وێ یان بشکێ بێناکه‌ ده‌ڕووخێ، جا با بزانین ئه‌م کۆڵه‌کانه‌ چن.
١- سه‌ره‌تا مامۆستا ده‌بێ توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێ جیاوازی ناو قوتابییه‌کانی بزانێ، هه‌ر قوتابییه‌و تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌، که‌سێک زوو هه‌ڵ‌ده‌چێ، که‌سێکی دیکە ئارامه،‌ له‌وه‌یه‌ قوتابییه‌ک لاساری بکا، ئه‌وی دیکە سازشتی زۆر بێ، ڕۆژی وایه‌ قوتابییه‌ک له‌ ده‌ره‌وه‌ی قوتابخانه‌ گرفتێکی بۆ دێته‌ پێش و ئه‌و کێشه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ خۆی دێنێته‌ قوتابخانه‌... مامۆستا ده‌بێ له‌ دۆخێکی ئەوەهادا یارمه‌تیده‌ری قوتابی بێ.
٢- مامۆستا ده‌بێ زانیاری له‌ ئاستێکی بەرزدا لەسەر ئەو کتێبەی بە قوتابییەکانی دەڵێتەوە  هەبێ. کاتێک که‌سێک وه‌ک مامۆستا له‌ هه‌ر کام له‌ قوناخەکانی قوتابخانه‌ وانە دەڵێتەوە، ته‌نانه‌ت ئەگەر لە زانکۆش بێ، ده‌بێ شاره‌زایی ته‌واوی بەسەر ئه‌و وانه‌یه‌ی داهەبێ کە بۆی دیاری کراوه‌ هەتا بیڵێته‌وه‌. قوتابی پێویسته‌ هه‌ست به‌وه‌ بکات که‌ مامۆستاکه‌ی به‌ڕاست زانایه‌ و باوه‌ڕی ته‌واوی به‌ قسه‌کانی هه‌بێ، واتا ئه‌و شته‌ی پێی ده‌ڵێ به‌ گیان و بە دڵ وه‌ری بگرێ.....
ْ٣-  له‌ ئه‌نجامیش‌دا مامۆستا ده‌بێ بەوجۆرەی باوک ‌و دایک ئه‌وینداری مناڵه‌کانی خۆیانن ئه‌ویش ئه‌وینداری قوتابییه‌کانی بێ. دایک و باوک مناڵه‌کانیان خۆش ده‌وێن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن که‌م‌وکووڕییه‌کانیان که‌م بکه‌نه‌وه‌. دایک زۆر جاران شه‌ونخوونی ده‌کێشێ بۆ ئەوه‌ی زارۆکه‌که‌ی به‌ ئارامی بخه‌وێ. کاتێک نه‌خۆشه‌ ئه‌ویش هه‌ست به‌ نه‌خۆشی ده‌کا... باوک کاری ئابووری ده‌کا، خۆی ده‌ زاری عەزیای داوێ، له‌ ژیانی خۆی مایه‌ داده‌نێ بۆ ئەوه‌ی مناڵه‌کانی سه‌رشۆڕی که‌سانی دیکە نه‌بن. ئه‌م تایبەتمەندییە لە ژیانی ئاژه‌ڵانیش‌دا دەدیترێ، سه‌یری ژیانی باڵندان بکه‌ن، بۆ ئەوه‌ی جووجکه‌که‌ی زیندوو بمێنێته‌وه‌، مه‌ودایه‌کی زۆر ده‌بڕێ، زینده‌وەرێک ده‌گرێ و به‌ دندووکی هه‌ڵی ده‌گرێ ده‌ی‌با ده‌ زاری جووجکه‌که‌ی ده‌نێ، ئاو ده‌ گه‌رووی خۆی‌دا ڕاده‌گرێ ده‌ی‌با ده‌ی‌داتێ. بەڵێ مامۆستا ئه‌و که‌سه‌یه‌ ئه‌ویندار بێ و قوتابی به‌ مناڵی خۆی بزانێ.
جا ئه‌گه‌ر ده‌خۆتان ڕاده‌بینن خاوه‌نی ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه‌ بن ئه‌وه‌ مامۆستایی بکه‌ن ده‌نا هه‌م ڕۆژگار له‌ خۆتان تاڵ مه‌که‌ن هه‌م کایە به‌ داهاتووی مناڵانی ئه‌م وڵاته‌ مه‌که‌ن.
 
هه‌ستاوه‌ سه‌ر له‌ نوێ چووەوه‌ پێش په‌نجه‌ره‌، کلوو به‌فره‌کان به‌ ئارامی له‌سه‌ر عه‌رد ده‌نیشتن، سووک ببوو، به‌ ئارامی سه‌ری له‌سه‌ر باڵنجه‌که‌ی دانا و خه‌وی لێکه‌وت.
*
  به‌یانی دایکی له‌ ته‌کی دانیشتبوو، شانی ڕادەوەشاند "ڕۆڵه‌ دره‌نگه هه‌ڵناستی؟"
چاوی هەڵێنا، کاتژمێر ٧ ی به‌یانی بوو، پا‌ش ئەوەی تێشتی به‌یانی له‌ لای دایکی خوارد، به‌ره‌و قوتابخانه‌ وه‌ڕێ که‌وت.
 
·       * * *
 👇👇
https://t.me/muhsinceldiyani

شوناس

18 Oct, 06:24


مامۆستا مۆمە

بەشی سێ

: موحسین جەڵدیانی

شه‌وه‌زه‌نگی درێژترین شه‌وی ساڵ بوو، هه‌ستاوه‌، چووە به‌ر په‌نجه‌ره‌ و چاوی له‌ چرای دارتێلی کاره‌با کرد، کلووکلوو به‌فر ده‌باری، به‌فر به‌ سه‌ر زستاندا ده‌باری و هه‌واڵی یه‌که‌م ڕۆژی زستانی هێنابوو.
گه‌ڕاوه‌، جێگای خه‌وی ڕاخست چراکه‌ی گوژانده‌وه‌، لێفه‌ی به‌خۆ دادا هه‌رچی ده‌ی‌کرد خه‌وی لێ نه‌ده‌که‌وت، هه‌ستاوه‌، لامپه‌که‌ی هه‌ڵکرده‌وه‌ و له‌ قه‌راخ سۆبه‌ دانیشته‌وه‌، خه‌یاڵ له‌ کۆڵی نه‌ده‌بووەوه‌. به‌خۆی ده‌گوت: "باشه‌ پێم ناڵێی بۆ وات لێ هاتووه‌، ئه‌م خه‌یاڵاتانه‌ چن ده‌یانکه‌ی، له‌ بیرت چووەته‌وه‌ ئه‌و کاته‌ی بۆ یه‌که‌م جار وه‌ک کاروه‌رز وانه‌ت ده‌گوته‌وه‌. چ هه‌ستێکت هه‌بوو؟ له‌ بیرت چووەته‌وه‌ ئه‌وکاته‌ی هه‌ستت ده‌کرد ٨٠ چاو، تامه‌زرۆیانه‌ چاویان له‌ ده‌می تۆ بڕیبوو و گه‌ره‌کیان بوو شتت لێ فێر بن؟ له‌ بیرت چووەته‌وه‌ که‌ ئه‌و ڕۆژەی بڕیارت دابوو ببی به‌ پزیشک، ئه‌و ڕۆژی به‌ خۆت گوت، که‌ من به‌ هه‌ڵه‌ چوومه‌ و جگه‌ له‌ مامۆستایی بۆ هیچ شتێکی‌تر نابم؟، مه‌گه‌ر نه‌تده‌گوت، تا ئه‌و ڕۆژەی زیندووم هه‌ر وه‌ک مامۆستا ده‌مێنمه‌وه‌؟ ئه‌ی بۆ وات لێ هاتووه‌، چ بووه‌؟ چ قه‌وماوه‌؟! کوا ده‌بوو ڕووداوێکی ئه‌وه‌ها بچووک کاریگه‌ری خه‌راپت له‌ سه‌ر دابنێت؟کوڕی باش، ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڵ چ که‌سێک ململانێ ده‌که‌ی؟ به‌ خۆشت ده‌ڵێی مامۆستا؟! مامۆستا چ که‌سێکه‌؟ به‌رده‌نگه‌که‌ت کێیه‌؟ قوتابی، قوتابی چ که‌سێکه‌؟
    مامۆستا ئه‌و که‌سه‌یه‌، خه‌ڵکی فێری زانست ده‌کا. باسی هه‌ورازونشێوه‌کانی ژیانیان بۆ ده‌کا، هه‌ڵه‌کانیان پێ ده‌ڵێ، وه‌خۆیان دێنێته‌وه‌، دنه‌یان ده‌دا و قوتابی له‌هه‌مبه‌ر ئه‌زموونی نوێ داده‌نێ. ئه‌و چه‌ند قات له‌ قوتابییه‌کانی له‌سه‌رتره‌، کۆمه‌ڵه‌ په‌رتووکێکی خوێندووه‌تەوه‌ که‌ قوتابییه‌کانی نەیانخوێندووەتەوە، له‌ قوتابییه‌کانی به‌ ته‌مه‌نترە، ئه‌زموونی زیاتری کۆ کردووەته‌وه‌....
   قوتابی ئه‌و که‌سه‌یه‌ چاوی له‌ ده‌می مامۆستاکه‌یه‌، ده‌یهه‌وێ زانست فێر بێ، یان ته‌نانه‌ت، ئه‌گه‌ر نه‌شیهه‌وێ زانیارییه‌کانی له‌ ئاستێکی نزم دایه‌، هاتۆته‌ لای مامۆستا فێری ژیانی بکا، قوتابی له‌و باوه‌ڕه‌ دایه‌ ئاستی زانستی مامۆستاکه‌ی له‌ ئاستی زانستی ئه‌و له‌سه‌رتره‌... یان ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌و باوه‌ڕه‌ش‌دا نه‌بێ ئه‌وه‌ نییه‌ به‌ کرده‌وه‌ ئه‌ویان هێناوه‌ته‌ لای مامۆستا تا ڕای‌بێنێ.

ململانێ ده‌گه‌ڵ کێ ده‌که‌ی؟! به‌راست ده‌زانی جێگه‌وپێگه‌ی خۆت له‌ چ ئاستێک دایه‌؟! نا پێم وابێ خۆت لێ بزر بووه‌، له‌بیرت چووەته‌وه‌، مامۆستا چ که‌سێکه‌. مه‌گه‌ر نه‌تدەگوت: "مامۆستا مۆمه‌ و ده‌ورووبه‌ری خۆی ڕووناک ده‌کا خۆی ده‌سووتێ بۆ وه‌ی ڕووناکایی بدا به‌ ده‌ورووبه‌ری." به‌ڕاست تۆ شیاوی ئەوه‌ی ببی به‌ شه‌م؟! ئه‌وه‌ بوو ڕووناکایی‌یه‌که‌ت؟ ئه‌و نازانێ، کرده‌وه‌ی ئه‌و له‌ ڕووی نه‌زانییه‌وه‌ بووه‌، ئه‌وه‌ بوو هه‌ڵوێستی تۆ؟ چۆن ته‌نانه‌ت به‌ زه‌ینت‌دا هات بیر له‌و قسانه‌ بکه‌یه‌وه‌ که‌ شیاوی که‌سێک نییه‌ ناوی مامۆستای له‌سه‌ر خۆی دانابێ.

👇👇
https://t.me/muhsinceldiyani

شوناس

11 Oct, 15:08


مامۆستا مۆمە

بەشی دوو

: موحسین جەڵدیانی

مامۆستاکانی قوتابخانه‌ دانیشتبوون و به‌ یه‌که‌وه‌ قسه‌یان ده‌کرد. باسی هه‌موو شتێکیان ده‌کرد. بارودۆخی ئابووری وڵات، گرفته‌کانی شار، کێشه‌کانی قوتابخانه‌...
ئه‌ویش دانیشتبوو، کەم واهەبوو قسە بکات.
- بۆ وا بێوازی؟
- تۆزێک ناسازم، ئه‌گه‌ر بانگهێشتی جه‌نابتان نەبا ڕەنگە ده‌خۆم ڕانه‌دیتبا بێم.
- ئه‌رێ ئه‌مڕۆ شتێکم بیست. یه‌که‌ک له‌ قوتابییه‌کان هاته‌ لام و گوتی: "قوتابییه‌ک له‌ خزمه‌ت تۆ بێ ئه‌ده‌بی کردووه؟"
-  شتێکی وا نه‌بوو.
- چۆن شتێکی وا نه‌بوو، منداڵی وا هه‌ر ده‌بێ تێی‌هه‌ڵده‌ی، ده‌با هێناباته‌ پێش ته‌خته‌ و به‌ هه‌موو که‌یفی خۆت دوو زلـله‌ت له‌ بنان گوێی دابا.
مامۆستایه‌کی دیکە گوتی:
- ده‌زانی چییه‌، من هه‌ر له‌ یه‌که‌م ڕۆژ، که‌ قوتابخانه‌کان ده‌بنه‌وه‌، کاتێک ده‌چمه‌ پۆل چاو ده‌گێڕم بزانم کام قوتابی‌ له‌ هه‌مووان به‌ خۆوه‌تره‌، به‌ بێ‌وه‌ی بزانم، کێیه‌ به‌هانه‌یه‌کی پێ ده‌گرم، زلـله‌یه‌کی ئه‌فسه‌ری لێ ده‌ده‌م، ئیدی خودا بت‌حه‌سێنێته‌وه‌ تا ساڵ ته‌واو ده‌بێ که‌س مته‌قی لەبەر نایە.
ئه‌و منداڵانه‌ی من ده‌یان‌ناسم، بۆ وه‌ی نابن ڕوویان بده‌یه‌ی.
- کاکه،‌ مامۆستا زۆریان ڕوو ده‌داتێ، ئه‌وان قه‌دری نازانن.

نوقمی بیر کردنه‌وه‌ بوو، مامۆستاکان هه‌ر وا قسه‌یان ده‌کرد.
*
ساعه‌ت دوازده‌ی نیوه‌شه‌و بوو چرای باڵەخانەکەیان گوژابووەوه‌، هەموو ئه‌ندامانی خێزانەکەی خه‌وتبوون، بۆ وه‌ی له‌ خه‌ویان هه‌ڵ‌نه‌ستێنێ، به‌ ئه‌سپایی ده‌رگای کرده‌وه‌، چووە ژووره‌که‌ی خۆی.
له‌ ته‌نیشت سۆبه‌ دانیشتبوو، خه‌وی لی نه‌ده‌که‌وت، نوقمی هزروبیران بوو، له‌گه‌ڵ خۆی شه‌ڕی بوو.
- بڕیاره‌ بۆ ماوه‌ی ٣٠ ساڵ هه‌روا ڕابوێری و هه‌موو شه‌و به‌ خه‌مه‌وه‌ سه‌ر بنێیه‌وه‌ سه‌ر سەنیر؟
- بۆ چ که‌سێک خۆت ماندوو ده‌که‌ی؟ بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی پێ نازانن؟
- ماوەیه‌ک بوو خه‌ریکی نووسینی پرسیاران بووی، وڵامی پرسیاره‌کانی قوتابییه‌کانت به‌ وردی ده‌خوێنده‌وه‌، بۆ ئەوه‌ی  هه‌ر که‌سەو مافی چه‌نده‌ پێی بدرێ. بۆ وات کرد؟ کێ پێ‌ده‌زانێ؟ ئه‌و جه‌نابه‌ی زۆر بێ ئه‌ده‌بانه‌ وه‌ره‌قی تاقیکارییە‌که‌ی له‌ هه‌مبه‌ر تۆ ده‌ ستڵی زبڵ هاویشت  وای ده‌نوانت تۆ هیچ نی، واتا تۆ و تاقیکارییەکەتی پێ بێ‌بایه‌خ بوو. بۆ که‌سێکی وا خۆت ماندوو ده‌که‌ی،ئەگەر سبه‌ی ڕۆژێ بوو به‌ شتێک هه‌ر ناشت ناسێ و له‌وه‌یه‌ له‌مپه‌ریشت بۆ دروست بکا. خه‌ڵکی شۆڵیان هه‌ڵ‌بژاردووه‌ و تۆش شۆڵ، مامۆستایی! جا ئه‌وه‌ش بوو به‌ کار؟ ئیللاماشه‌ڵڵا مووچه‌که‌ی ئه‌وه‌نده‌ زۆره‌، که‌ به‌ بێ‌خه‌می و به‌ بێ‌که‌م‌وکووڕی ژیان ڕابوێری. خه‌ڵکی دیکە واتا هاوپۆلییه‌کانی دوێنێی تۆ، هه‌ر کامه‌یان له‌ دواڕۆژادا پێت پێ‌ده‌که‌نن، ئه‌وان ژیانێکی خۆشیان ده‌بێ و تۆش پاش ساڵانێکی زۆر، هیچت به‌ هیچ نه‌کردووه‌.
-  بۆ کێ؟ پێم ناڵێی بۆ چ که‌سێک خۆت ده‌گوژی؟ هه‌ر ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ لات ده‌خوێنن، دواڕۆژ ئیفاده‌ت له‌سه‌ر لێدەدەنن، ئه‌وانه‌ی که‌س نازانێ کوڕی چ که‌سێکن و له‌ کوێوه‌ هاتوون فشه‌ت پێ ده‌که‌ن.
- بڕۆ وه‌شوین کارێکی دیکە بکه‌وه‌ و خه‌ریکی په‌یدا کردنی داهات به‌. تا گه‌نجی و شتێکت به‌ شتێک پێ‌دەکرێ دراو کۆ بکه‌وه‌. یان شۆڵی مامۆستایی به‌جێ بێڵه‌ یان هاوکات کارێکی‌ دیکەش بۆ خۆت بدۆزه‌وه‌.
- کوڕه‌ چت به‌و به‌زمانه‌ داوه‌ هه‌رتک چاویان ده‌رێت، تاقیکارییەکی ئاسانیان لێ وه‌رگره‌، نمره‌یه‌کیان بده‌یه‌، با نمره‌کانیان ١٩ و ٢٠ بێ، جا بزانه‌ چه‌نده‌ خۆشه‌ویست ده‌بی، چت پێ‌داون هه‌ر ئه‌وه‌یان شیاوه‌، لێیان گه‌ڕێ.... ئه‌وه‌ نییه‌ بۆ خۆیان ئه‌وه‌یان ده‌وێ...
ئه‌مه‌ ئه‌م قسانه‌ بوو که‌ به‌رده‌وام له‌ لایه‌ن تاقمێک له‌ مامۆستاکان دووپات ده‌بووەوه‌، ئه‌و شه‌وی ئەو وتانە ده‌گوێی ئه‌ودا زرینگه‌ی ده‌داوه‌. پێشتریش یه‌که‌ک له‌ مامۆستایانی ڕابردووی خۆی بانگی کردبوو و پێی کوتبوو.
- به‌ ته‌مای تا ٣٠ ساڵی‌ دیکە مامۆستایی بکه‌ی؟
- بۆ مامۆستا گیان، مه‌گه‌ر مامۆستایی کارێکی خراپه‌؟
- نا، هه‌روا پرسیارم بۆ دروست بووه‌، یه‌کجێ وه‌بیر ڕابردووی خۆم که‌وتمه‌وه‌، منیش ڕۆژگارێک گه‌نج بووم، ئێستاش ئه‌وه‌ ده‌بینی به‌ساڵاچووم، له‌ نه‌کاو ئه‌م بیره‌ به‌مێشکم‌دا هات لێت بپرسم، ده‌تهه‌وێ به‌م ڕێگایه‌دا بڕۆی که‌ من پێی‌دا ڕۆیشتووم، چاره‌نووسی من دووپات ده‌که‌یه‌وه‌؟!
- مامۆستا چاره‌نووسی تۆ مه‌گه‌ر ئه‌نجامه‌که‌ی خراپه‌؟
- نا، وا دیاره لێک حاڵی نابین، وا باشتره‌ خۆت بیری لێ بکه‌یه‌وه‌، دواجار بڕیار بده‌ بزانه‌ بۆ تاقی کردنه‌وه‌ ده‌بێ یان ...
👇👇
https://t.me/muhsinceldiyani

شوناس

11 Oct, 14:21


مامۆستا مۆمه‌

بەشی یەک

: موحسین جەڵدیانی

قوتابییه‌ک له‌ ڕێڕه‌وی قوتابخانه‌ تووشی بوو لێی پرسی:
-  مامۆستا وه‌ره‌قه‌ی تاقی‌کارییەکانمان ئاماده‌ بوونه‌؟
-  به‌ڵێ شه‌وی ڕابردوو ئاماده‌م کردن.
-  مامۆستا من نمره‌ی باشم وه‌رگرتووه‌؟
-  بەڵێ.
-  ئەدی که‌ی وێمان ده‌ده‌یه‌وه‌؟
- به‌ هاوپۆلییه‌کانت بڵێ نیو سه‌عاتی‌ دیکە دێمه‌ لاتان و وه‌ره‌قه‌کانتان پێ‌ ده‌ده‌مه‌وه‌.
*
   چووە لای هاوپۆلییه‌کانی: "خه‌به‌رێکی خۆش، مامۆستا تا نیو سه‌عاتی‌ دیکە دێت و وه‌ره‌قه‌کانمان بۆ دێنێته‌وه‌." قوتابییه‌کان له‌ سه‌ر کورسیله‌کانی خۆیان دانیشتبوون و چاوه‌نواڕی هاتنی مامۆستا بوون.
مامۆستا له‌ ژووری پۆل بوو.
-  ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ زۆر به‌ وه‌ره‌قه‌ی تاقی‌کارییەکانی ئێوه‌وە ماندوو بووم، به‌ وردی چاوم لێ‌کردوون، له‌و باوه‌ڕه‌ دام، وێ‌ناچێ له‌ کاتی چاک کردنه‌وه‌یان تووشی هه‌ڵه‌ بووبم. پاش ئه‌وه‌ی وه‌ره‌قه‌کانم بڵاو کردنه‌وه‌، ئەگەر پێتان وابوو پێویستە چاوی لێ بکەمەوە وەرنە لام به‌یه‌که‌وه‌ چاوی لێ ده‌که‌ین.
  یه‌ک به‌ یه‌ک ناوی قوتابییه‌کانی ده‌خوێنده‌وه‌ و وه‌ره‌قه‌ی تاقییەکانی ده‌دانه‌وه‌، قوتابییه‌کان هه‌ر که‌ وه‌ره‌قه‌کانیان وه‌رده‌گرته‌وه‌ به‌ ئارامی ده‌چوونه‌ پشت مێز و له‌ سه‌ر کورسیله‌که‌ی خۆیان داده‌نیشتن و چاویان له‌ وه‌ره‌قه‌کانی خۆیان ده‌کرد. و جاروباریش وا ده‌بوو یه‌کێک له‌ قوتابییه‌کان بۆ دلنیایی زیاتر و پرسیار دەچووە لای مامۆستا.
 پاش چه‌ند خوله‌کێک. قوتابییه‌ک له‌سه‌ر جێگای هه‌ستاوه‌ و گوتی: "مامۆستا ئه‌وه‌ کوا نمره‌ دانه‌، نمره‌ی منت ١٤٫٥ داناوە، من ١٩ی وەردەگرم."
   به‌بێ ئەوه‌ی بۆ لای مامۆستا بچێ وه‌ره‌قه‌کەی خۆی پووچانده‌وه‌ و چووە لای ستڵی زبڵ ده‌ناو ستڵی هاویشت و ده‌رگای پۆلی کرده‌وه‌ و به‌ تووڕەیی وه‌ده‌ر که‌وت و ده‌رگای پۆله‌که‌ی له‌ پشت خۆی‌ پێک‌دادا.
    هیچ ده‌نگێک لەناو ‌پۆل‌ نه‌ده‌بیسترا، قوتابییه‌کان له‌ مامۆستا ڕامابوون بۆ ئەوه‌ی بزانن چ هه‌ڵوێستێکی ده‌بێ، مامۆستا مات بوو قسه‌ی نه‌ده‌کرد. بێ‌ده‌نگییه‌کی بەسام به‌ سه‌ر که‌شی پۆل‌دا زاڵ ببوو. پاش چه‌ند خوله‌کێک به‌ بێ وه‌ی مامۆستا ده‌گه‌ڵ که‌س قسه‌ بکات، پۆلی به‌جێ‌هێشت.
-
دوایین ڕۆژی پاییز بوو، زه‌نگی کۆتایی قوتابخانه‌ ڕاگه‌یاندرابوو قوتابییه‌کان، قوتابخانه‌یان به‌جێ ده‌هێشت و بۆ ماڵه‌کانیان ده‌گه‌ڕانه‌وه‌.
     سه‌عات ٤٫٣٠ دەققەی دوانیوه‌ڕۆ بوو، له‌ قوتابخانه‌ی وه‌ده‌رکه‌وتبوو و به‌ره‌و ماڵ ده‌چووەوه‌، هه‌وا سارد بوو... کزه ‌بایێکی سارد وه‌ ڕوخساری ده‌که‌وت، کۆڵمه‌کانی سوور هه‌ڵگه‌ڕابوون، نوقمی هزروبیران بوو، به‌ ئارامی به‌ پیاده‌ڕه‌وی بلواری شۆڕش‌دا ملی ڕێگایەی گرتبوو به‌ره‌و ڕۆژئاوا. هه‌ستی به‌ ته‌نیایی ده‌کرد، پێی وا بوو له‌م دنیایه‌دا که‌س ئاگای له‌ ده‌روونی ئه‌و نییه‌، جاروبار فرمێسکەکانی‌ ده‌ تکانه‌ سه‌ر گۆناکانی.
   گەیشتبووە ماڵ و چۆ ژوور، دایکی له‌ قه‌راخ سۆبه‌ دانیشتبوو. کیفه‌که‌ی له‌ سووچێک دانا، له‌ ته‌ک دایکی دانیشت، مات بوو قسه‌ی نه‌ده‌کرد.
-  ڕۆڵه‌ چ بووه‌، بۆ وا بێ‌ده‌نگی؟
-  هیچ دایه‌ گیان، تۆزێک بێوازم، پێم‌وابێ سه‌رمام بووه‌.
ڕاکشا نه‌یده‌ویست دایکی لێی تێ‌بگا، چاوی له‌ په‌نجه‌ره‌ ده‌کرد، له‌و دیوی په‌نجه‌ره‌وه‌ زستان خۆی به‌ سه‌ر دوایین ڕۆژی پاییزدا سه‌پاندبوو، ده‌هات تاریکی دابێ.
- ڕۆڵه‌ مه‌گه‌ر نه‌تگوت یاریده‌ده‌ری قوتابخانه‌ مامۆستاکانی بانگێشتن کردووه‌؟
-  با دایه‌ گیان.
- ئه‌ی به‌ته‌ما نی بچی؟
-  ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ دایه‌ گیان وازم له‌ سه‌ر نییه‌، بێ‌تاقه‌تم.
- هه‌سته‌ ڕۆڵه‌ گیان، گله‌ییت لێ‌ده‌کا، ئێوه‌ هه‌میشه‌ به‌یه‌که‌وه‌ن، چاوه‌نواڕتانه‌، هه‌ر چۆنێک بێ بچوو.
- با بزانم چۆن ده‌بێ.

👇👇

https://t.me/muhsinceldiyani

شوناس

28 Sep, 16:49


ئەگەر

: شێرکۆ بێکەس

ئەگەر حەزت لە بارانە، نابێ چەتری بۆ هەڵبگری
ئەگەر حەزت لە خەزانە، نابێ بۆ گەڵاکان بگری
ئەگەر حەزت لە ژیانە. نابێ لە ناو خۆتا بمری
دەبێ وەک مەلێ باڵ بگری
بۆ دوا ئاسۆی جوانی بفڕی
شاخ بکەیتە بازنەی قاچت
ئاسمان بە چاوت هەڵبگری
دارستان کۆرسی سترانت بێ
بە ڕووبار سەرچۆپییەکەت بگری
هەر چرکەیەکت ئازادیی بێ
مردیشی، بەس یەکجار بمری

👇👇👇
https://t.me/muhsinceldiyani


‌‌‌‌‌‌‌‌‎‌‌‎‌‌‌‌‌‌‌‌‌‎‌‌‎‌‌
‌‌‌‌‌‌‌‌‎‌‌‎‌‌‌‌‌‌‌‌‌‎‌‌‎
‌‌‌

شوناس

23 Sep, 16:54


‍  
بە بیانووی بوونەوەی قوتابخانەکان

: موحسین جەڵدیانی

 بەشی دوو

-  من لە حەوشی بەندیخانەی مەهاباد لەگەڵ یەکەک لە بەندییەکان پیاسەم دەکرد. بەندییەک هاتە لامان وگوتی: "لە بۆ مەرەخەسی جووبوومەوە ماڵ، تووشی ناسیارێک بووم.

لێی پرسیم: "لە بەندیخانە ناسیاریم لەگەڵ تۆ هەیە؟" منیش پێم گوت: " کەم کەس لە بەندیخانە هەیە ئەو نەناسێ بۆ؟" گوتی: "زەحمەتێکم بۆت هەیە." گوتم: " چی؟" گوتی: "ژمارە موبایل و ناوی خۆم لەسەر لاپەڕەیەک دەنووسم، ئەگەر بۆت زەحمەت نابێ بیدە بە مامۆستا و پێی بڵێ تەلەفۆنێکم بۆ بکات."
-  ئا وەبیرم هاتەوە باسی چ دەکەی.
-  کە چاوم بە ناوی تۆ کەوت هەموو ئەو ڕابردووەی بەیەکەوەمان هەبوو وەک فیلمێک هاتەوە بەرچاوم. فرمێسک دە چاوەکانم‌دا قەتیس بوو، بیرم لە وەفاداری و ئەو پێوەندییە دەکردەوە کە بە درێژایی ئەو هەموو ساڵە ئێـمە بەیەکەوەمان هەبوو. چوومە لای کیووسکی تەلەفۆنەکانی حەوشی بەندیخانە. دوای ئەوەی نۆبەم هات، ژمارەکەی تۆم گرت. تۆ وڵامت داوە، هەرکە ناوی تۆم هێنا، گوتت: "مامۆستا ئەوە بۆخۆتی!؟ مامۆستا بەقوربانت بم..." دڵی منیش پڕ ببوو، دەمهەویست بگریم بەڵام هەوڵم دا خۆم ڕاگرم. تۆ دەگریای‌و بە گریانەوە دەتگوت: "مامۆستا گیان من لە دەرەوەی بەندیخانە چم لە دەست نایە، تەنیا ئەوەم لە دەست دێ یارمەتی ماڵیت بکەم. تۆخوا ژمارە حیسابێکم بدەیە بۆ ئەوەی پووڵت بۆ دە حیسابەکەی بکەم."
-   بەڵێ وابوو مامۆستا بەڵام جەنابت گوتت: "من پووڵم هەیە و نیگەرانی من مەبە."
ڕەحمەت گیان ئەو شەوی زیاتر لە دوو سەعاتان لەگەل ئەو قوتابییەم قسەمان کرد و باسی زۆر بابەتی دیکەشمان کرد. لە کاتی هەستانی نایلۆنەکی بە دەستەوە بوو، نایلۆنەکەی کردەوە پارچەی کەواوپاتۆڵی تێدابوو، پێی‌دام و گوتی: "مامۆستا پێم خۆشە ئەو دیارییمە لێ قەبووڵ بکەی، ئەو پارچەیە بکە بە کەواوپاتۆڵێکی مرادخانی و بە یادی من لەبەری بکە."
لەو ساڵی‌یەوە هەموو ساڵێ بە بۆنەی دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندن چەند ڕۆژێک ئەو کەواپاتۆڵە لەبەر دەکەم.
 

https://t.me/muhsinceldiyani

شوناس

23 Sep, 16:54


‍  
بە بیانووی بوونەوەی قوتابخانەکان

: موحسین جەڵدیانی

بەشی یەک
 
لە ژووری بەڕێوەبەری قوتابخانە نزیک ببوومەوە، جێگری قوتابخانە هاتە لام و گوتی:
- مامۆستا کەواوپاتۆڵەکەت پیرۆزە.
- سپاس کاکە ڕەحمەت گیان، بەڵام چەن ساڵێکە ئەو کەواوپاتۆڵانەم هەیە.
- کەواوپاتۆڵەکەت تازەن وێ‌ناچێ شۆرابن.
-  ڕاستە، نەشۆراون.
- سەیرە، چۆن دەبێ چەند ساڵێک، کەواوپاتۆڵێکت هەبێ بەڵام تا ئێستا نەشۆرابن! یان لەو ماوەیەدا هەر لەبەرت نەکردوون؟
- ساڵەوساڵ جارێکیان لەبەر دەکەم. یەکەم حەوتووی بوونەوەی قوتابخانە لەبەری دەکەم و تا ساڵی دواتر لەبەری ناکەمەوە.
- ئەو بابەتە دەبێ نەهێنی‌یەکی تێدا بێ! بۆم باس ناکەی؟
- با، ئەگەر پێت خۆشە سەعاتی دیکە وەرە ژووری ڕاوێژکاری بەسەرهاتی ئەو کەواپاتۆڵەت بۆ دەگێڕمەوە.
*
شەوانی وەرزی هاوین لەبەر تینی گەرما لە هەیوانی باڵەخانەکەمان دادەنیشتین. بەهەڵکەوت ئەو شەوی بەتەنیا لە هەیوان دانیشتبووم و خەریکی خوێندنەوەی کتێب بووم. زەنگی موبایلەکەم بیست. ناوی یەکەک لە قوتابییەکانی پێشوومی لەسەر بوو.
- سڵاو مامۆستا.
- سڵاو و دەم باش.
- مامۆستا هاتوومەتەوە لای دایکم. پێم خۆش بوو ئەگەر کاتت هەبێ لەو دەرفەتە کەڵک وەرگرم و سەردانێکت بکەم.
- زۆرم پێ خۆشە، ئێستا لە ماڵم و چاوەنواریت دەکەم.
+
لە گەڵ قوتابییەکەی پێشووم لە بەر هەیوانی باڵەخانەکەمان دانیشتبووین باسی ڕابردوومان دەکرد.  پێی گوتم:
-  مامۆستا یەکەم جار کە بەیەکەوە قسەمان کرد لەیادت ماوە؟
-  جا جۆن لە یادم نەماوە، ئەو دیدارە دیدارێک نەبوو لە یادم بچێتەوە. بەوردی لە یادم ماوە.
- بەیانی ئەو ڕۆژی لەگەڵ جەنابت بۆ یەکەم جار زۆر خۆمانە قسەمان کرد. جێگری قوتابخانە لەبەر ئەوەی درەنگ هاتبوومە قوتابخانە پیلی گرتم‌و هێنامیە بەر دەرگای ژوورەکەی جەنابت. دەرگای کردەوە و منی هاویشتە ناو ژوورەکەی ئێوە. جەنابت لەبەر پەنجەرەی ژوورەکە ڕاوەستابووی، پێی گوتی: " ئەگەر جەنابی ڕاوێژکار، ڕاوێژکارێکی بەتوانای، ئەوەم بۆ بکە بە بەشەر." ئەو چاوەنواڕی وڵامی ئێوە نەماوە بزانی چی پێ‌دەڵێیەوە. دەرگاکەی بە تووندی بە سەر ئێمەدا پێک‌دادا.
-  بەڵێ ڕاست دەکەی ڕێک وابوو. من کە چاوم لە ڕوخسار و جلوبەرگەکانت کرد زانیم کێشەیەک ئازارت دەدا. جلوبەرگەکانت بەنارێك و پێکی لەبەر کردبوون، تووکی سەرت هاڵۆز بوو، تەنانەت دەموچاویشت نەشووشتبوو، سەر ئەژنۆکانیشت خۆڵاوی بوون.
- ڕۆژێک پێشتر لەترسی زڕدایکم لە ماڵ ڕامکردبوو، شەوەکەی نەگەڕامەوە ماڵ و بە سەرمای زستانێ لەناو بۆتکەیەک‌دا خەوتم. لە دۆخێکی ئەوەهادا ناجووردا هاتبوومە قوتابخانە و جێگری قوتابخانەش منی دە ژوورەکەی جەنابت هاویشت. ئەگەر هەلسوکەوتە جوانەکەی ئێوە نەبا، خودا دەیزانی چم بەسەر دەهات.
- من چم کرد؟
- ئەو کاتی هێشتا لوولەی گازێ بۆ شارەکەمان نەهاتبوو، سۆبەی قوتابخانەکان نەفتی بوون. سۆبەی ژوورەکەی ئێوەش تازە هەڵکرابوو، چون ژوورەکەت هێشتا بەتەواوی گەرم‌ دانەهاتبوو. جەنانت بە منت گوت: " قسەت بۆ بکەم. جەنابت ئەوەندە بە ئارامی لەگەڵم دوای، دڵۆپێک فرمێسک شۆڕ بوونە سەر گۆناکەم، جەنابت بە دەستی خۆت فرمێسکی سەرگۆناکەمت سڕیەوە. ئەو شێوە هەڵسوکەوتەی جەنابت کە پێشتر بە هیچکام لە مامۆستاکانی قوتابخانەمەوە نەدیتبوو وای‌کرد زۆرتر متمانەت پێ بکەم و وردتر بەسەرهاتی ژیانی خۆمت بۆ بگێڕمەوە.
- ڕاست دەڵێی، هەمووی ئەوانەم لە بیرن.
- مامۆستا خۆت دەزانی باوکم چەند ژنی هێنابوون، ئێمە هەر منداڵ بووین دایکمانی تەڵاق دا، دواتر ژنێکی دیکەی هێنا. خۆت لە نزیکەوە دیتبووت. باوکم ئەو کاتی تەمەنی لە حەفتا ساڵ لای دابوو. لە ماڵەکەمان قسە قسەی زڕ دایکەکەمان بوو. ئەویش من و براکەمی زۆر ئازار دەدا.
-  بۆ ئاگاداریت دەمهەوێ ئەو بەسەرهاتەی باسی لێوە دەکەی بێکەم بە ڕۆمان.
- بەڕاست مامۆستا!؟
- بەڵێ لە دەرفەتێکی گونجاودا بڵاوی دەکەمەوە.
- پێم‌وابێ خوێنەری زۆر دەبن.
- لەویە، بەڵام بەداخەوە ئێستا خوێنەری کتێب لە وڵاتەکەی ئێمەدا ئاستی دابەزیوە.
- مامۆستا دەزانی خۆشی ناسیاری من و تۆ لە چی دابوو؟
-   لە چی؟
-  مامۆستا بە دڕێژایی ئەو هەموو ساڵە، واتا دوای کۆچی‌دوایی باوکم و ژن هێنانی من و بوونم بە باوکی دوو منداڵان، ئەو پێوەندییەی ئێمە نەپچڕاوەتەوە و هەروا دڕێژەی هەیە.
- ڕاستە، بەڵام دەزانی چ شتێکی تۆ دوای ئەو هەموو ساڵە منی هەژاند؟
- چی مامۆستا گیان؟

https://t.me/muhsinceldiyani

شوناس

20 Sep, 18:47


: مامۆستا هەژار

کوردستان بەهەشته

زستان ڕۆیی، سەرما نەما
دەرچووین لە ناو مژو تەما
سەری کوێستان خاڵ بەڵەکە
جێژنی مام ڕێوی و دەڵەکە
قاو و قیژە لەو بڵندە
بە کۆمەڵ دەفڕن باڵندە

بە بێ وچان، بە بێ وەستان
گشتیان دێنەوە کوردستان
پرسیمان لە قوڵینگ و قازان
هۆی لالۆی گەڕیدەی چازان
ئێوە زەوی زۆر گەڕاون
لە زۆر جێگادا زۆر ماون

لە هەوار و شار و دێ یان
کوێ خۆشترە لە گشت جێیان
پێیان کوتین؛ کەسی خاڵان
شەکەت بووین لە لاق و باڵان
جیهانمان گشت پشکنیوە
وەک کوردستانمان نەدیوە
جێ نین خۆشتر لە نیشتمان
کوردستانە، بەهەشتمان...

👇👇
https://t.me/muhsinceldiyani

شوناس

18 Sep, 18:15


 
یادداشتێک لەسەر (سەمفۆنیای نیشتمان)
لە نووسینی: موحسین جەڵدیانی

 : موراد ئەعزەمی

ئەدەب بە گشتی و، ئەدەبی گێڕانەوە بە تایبەت، گێڕەڕەوەی ئەو پاژانەی مێژوون کە تیشکی سەرنجی مێژوونووسانیان بە خۆوە نەدیتووەو، مێژوو بە بێدەنگی بە قەراغی‌دا تێپەڕیوەو، سێبەری مەترسی فەرامۆشی و لەبیرچوونەوەیان لە سەرە. ئالبێر کامۆ، نووسەری فەرانسی لە وتاربێژی خۆی لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبێل دەڵێ: " نووسەر، بە حوکمی سرووشتی خۆی، لە خزمەت ئەوان کەسان‌دا نییە کە مێژوو دەسازێنن، ئەو گێڕەڕەوەی کەسانێکە کە مێژوویان بەسەردا دەسەپێ." واتا ئەگەر مێژوونووس، سەربووردەی کەڵەپیاو و دەستەڵاتداران و ڕووداوە قەبەکان تۆمار دەکات، نووسەر بەسەرھاتی کەسانی لاوەکی و لەبیرکراو و بێ‌دەستەڵات و، رووداوە وەلانراوەکان، بە کەرەسەکانی ڕەوایەت‌ناسییەوە دەگێڕێتەوە.
" سەمفۆنیای نیشتمان" ی کاک موحسین جەڵدیانی یەک لەو دەقانەیە، کە بە دراماتیزە کردنی بەشێک لە ڕووداوو کەسانی لەبیر کراوی مێژووی شنۆ، تیشکی داھێنانی خۆی خستۆتە سەری و، لە فەوتان و فەرامۆش کران پاراستوویەتی. ئەزموونی تۆمارکردنی مێژووی پەراوێزخراو لە لایەن نووسەرەوە(موحسین جەڵدیانی)، لە (ژیان لەناو بێدەنگی‌دا) لە قالب و جەستەی رۆمان و، بە گێڕانەوەیەکی داستانییەوە دەستی‌پێکرد، کە دەقێکی بیرەوەری – دەروون ناسی بوو و، ئەزموونی  ڕەوتی چارەسەرکردنەوەی خەسارێکی بێژکردنی خۆی دەگێڕێتەوە.
(سەمفۆنیای نیشتمان)، ئاوڕدانەوەیەکە لە ئەزموونێکی بەڕواڵەت سادە و ناگرینگ. بەڵام کە بە زمانی ڕەوایی و داستانی و، بە تەمھیدەکانی ئەدەبی گێڕانەوە دەگێڕدرێتەوە، لەبەر تیشکی دەقی داھێنەرانەی چیرۆک بێژانەدا، تۆخ دەبیتەوەو، بایەخ و گرینگایەتیی دیاری دەکات و دەچیتە دە نەست و ریزی پاژەکانی بیرو ھۆش و، سامانە مەعریفییەکانی خوێنەرەوە.
کاراکتێرەکانی ئەم ڕۆمانە ڕاستەقینەن، بە ھەندێک ڕووکەش ڕەنگی دراماتیکەوە. ئەو کاراکتێرانە کەسانێکن کە لەوانەیە بەدرێژایی ژیانیانەوە جارێکیش ناویان لە دەقێک‌دا نەھاتبێت. دوایەش بە تێپەڕینی زەمان، ناو و یادیان لەناو ئاشناو و دۆستانی دووریشیان و، بە گشتی لە زەینە شاردا، سڕدرابێتەوە. ئێستا، بە گێڕدرانەوەی سەربووردەیان، لە دوو توێی (سەمفۆنیای نیشتمان) دا، ناویان لە ھەناوی ئەدەبی کوردی‌دا تۆمار بۆتەوە.
داھێنانی دەقی لە گوێن ئەم ڕۆمانە، بەلەونێک سەھل و مومتەنیعە. واتا بە رواڵەت و لە یەکەم خوێندنەوەدا سادەو ھاسان دێتە بەرچاو، کە چی ئەو کارە، ھەنگاو ھەڵگرتنە بەسەر ھەودایەکی باریک‌دا کە لە نێوانی دوو کەناری دەقی ئەدەبی و خەیاڵی دوور لە واقیع و گوزارشتێکی سادەو ژۆرنالیستی‌دا ڕاکێشراوە. نووسەر دائیم دەبێ ھاوسەنگی دەق لەسەر ئەو ھێڵە ڕاگریت و، ئاگای لەوە بێت دەق لە راستەڕێوە لاڕێ نەبێتە یەک لەو کەنارە دوور لە ئامانجەی دەق. لە بنەڕەت‌دا، خۆ لە قەرەی ئەو جۆرە نووسینانە دان، جەساڕەت و ئەزموون و ھانەی بە ھێزی دەروونی و ماندوونەناسی دەوێت. چوونکە بەر لەوەی دەست بە نووسینەوەی ڕەوایەت بکرێ، پرس‌وجۆ و لێکۆڵینەوە و بەڵگە دۆزینەوەی دەوێت سەبارەت بە کەس و ڕووداو و بەسەرھاتەکان. لەبەر ئەوەی قەرارە واقیعی ڕوویداو بکرێت بە دەقی ئەدەبی گێڕانەوە.
بە گشتی جگە لەو بابەتانەی باس کران، خوڵقاندنی دەقی لەو جۆرە، لە لایەک ورووژێنەری ھەستێکی نۆستالژیکە لە نەست و زەینی خوێنەرداو، لە لایەکی دی خۆمان وەبیر لایەنە فەرامۆش کراوەکانی خۆمان دەھێنیتەوە.
 
موراد ئەعزەمی
خەرمانانی1403

👇👇

https://t.me/muhsinceldiyani

شوناس

17 Sep, 20:17


شار

:سوارە ئیلخانیزادە

گوڵم! دڵم
پڕە لە دەرد و کوڵ
دەڵێم بڕۆم لە شارەکەت.
دەڵێم بە جامێ ئاوی
کانیاوی دێیەکەم
عیلاجی کەم کوڵی دڵی پڕم،
لە دەردی ئینتیزارەکەت.

وەڕەز بوو گیانی من لە شار و هاڕەهاڕی ئەو
لە ڕۆژی چڵکنی نەخۆش و تاو و یاوی شەو
دەڵێم بڕۆم لە شارەکەت.
لە شاری چاو لەبەر چرای نیئۆن شەوارەکەت
بڕۆمە دێ
کە مانگەشەو بزێتە ناو بزەم
چلۆن بژیم لە شارەکەت
کە پڕ بەدڵ دژی گزەم؟

لە شارەکەت کە
ڕەمزی ئاسن و منارەیە
مەلی ئەوین غەوارەیە
دەڵێی لە دەوری دەست و پێم
ئەوەی کە تێل و تان و ڕایەڵە،
کەلەپچەیە.

ئەوەی پەیکەرە میسالی داوەڵە
ئەوەی کە دارتێلە مەزهەری قەنارەیە.
لە شارەکەت کە مەندی دووکەڵە
کە دێتە دەر لە ماڵی دەوڵەمەند
وە تیشکی بێگوناهی خۆرەتاو دەخاتە بەند.

لە هەر شەقام و کووچەیەک شەپۆڕی شینە دێ بەرەو دڵم
دەستی گەرمی ئاشنا نییە کە دەیگوشم
دەستی چێوییە
لە شارەکەت زەلیلە شێر
باوی ڕێوییە!
بە هەر نیگایەک و پەتایەکا
دەڵێم بڕۆم لە شارەکەت.

گوڵم
هەرێمی زۆنگ و زەل
چلۆن دەبێتە جاڕەگوڵ؟
لە شاری تۆ
لە بانی عەڕشە قۆندەرەی دراو
شارەکەت ئاسکە جوانەکەم!
تەسکە بۆ ئەوین و بۆ خەفەت هەراو
کێ لە شاری تۆ لە شاری قاتڵی هەژار
گوێ دەداتە ئایەتی پەڕاوی دڵ
منێ کە گۆچی تاوی گەرمی بەر دەوارەکەی عەشیرەتم
بە دارەتەرمی کووچە تەنگەکانی شارەکەت ڕانەهاتوە لەشم.

بناری پڕ بەهاری دێ
ڕەنگی سوور و شین دەدا
لە شیعر و عاتیفەی گەشم
دەڵێم بڕۆم لە شارەکەت گوڵم!

👇👇
https://t.me/muhsinceldiyani

شوناس

13 Sep, 17:09


کۆڕی ڕێزلێنان لە مامۆستا هەڵۆ لە شاری شنۆ

به‌شی دووەم و کۆتایی

👇👇

https://t.me/muhsinceldiyani

🆔 @HajeNews

شوناس

13 Sep, 16:32


کۆڕی ڕێزلێنان لە مامۆستا هەڵۆ لە شاری شنۆ

به‌شی یەکەم
👇👇

https://t.me/muhsinceldiyani

🆔 @HajeNews

شوناس

12 Sep, 02:11


٢٥ ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ، واتا ٢٢ ی خەرمانانی ساڵی ١٣٧٨(ک.هـ) ئەنجومەنی ئەدەبیی شنۆ چالاکییەکانی خۆی دەست پێ کرد.

👇👇👇👇

https://t.me/muhsinceldiyani

شوناس

31 Aug, 08:08


شاعیرانی کورد
میرزا مراد عەزیزیان


ئامادەکردنی: ئیبراهیم تەقی سوڵتانی[١]

میرزا مراد عەزیزیان شاعیرێکی پایەبەرز، بەڵام، نەناسراوی ناوچەی شنۆیە، ئەم شاعیرە مەزنە، دیوانە شێعرێک، تەفسیرێکی مەسنەوی و مەعنوی و هەروەها چیرۆکە شێعرێک بە نێوی مەهدی‌نامە لێ بەجێ‌ماوە کە بەداخەوە کەوتوونەتە گۆشەی فەرامۆشی و کەس ئاوڕی لێ ناداتەوە.
میرزا مراد، لە ساڵی 1356ی - ‌ه لە تەمەنی ٨٢ ساڵێ‌دا لە شنۆ بەڕەحمەتی خودا چوو. لە دوا ساڵەکانی ژیانی‌دا تووشی نەداری و جەفای ڕۆژگار بوو و هەموو ژیانی سەرەڕای هەژاری، بە دڵ ئاوەڵایی و قەناعەت، لە ڕێگەی کشت و کاڵ و بە هێزی شان و باهۆی بردەسەر.
میرزا مراد، عالم و زانایەکی هەستیار و خاوەنی قەڵەمێکی بە بڕشت بووە و ئەو بەرهەمانەی کە لێی بەجێ ماون ئەو قسەیە دەسەلمێنن.... باشترە سەربردە و بەسەرهاتی ژیانی میرزا مراد لە زمان و قەڵەمی خۆیەوە ببیسین و بخوێنینەوە.
-
"بەسەرهاتی منی کڵۆڵ نازانم لە دەست ئەم قەزا و قەدەرە چۆناوچۆنی بنوسم! هاوار لە دەست گەردوونی چەبگەردی ناسازگار! فەلەکی نامەردپەروەری دژ بە مەردی ناهەموار. هەر چۆنێک بێ ئەم چەند دێرە بەیادگار لەمەڕ حاڵ و ڕۆژگاری خۆم دەنووسم!
دوو ساڵە بووم باوکم ئەمری خودای بەجێ هێناوە و بە هەتیوی بەجێی هێشتووم و لە بەرەکەتی باوکایەتی خۆی بێبەشی کردووم. بەڵام دایکی دلۆڤانم لێم خافڵ نەبووە و بە زەحمەت و تەقەللای خۆی بە مەلای ئەسپاردووم کە لە لای بخوێنم و فێری قورئانی پیرۆز ببم. دەپێشدا ئەلف بێتکەی فێر کردم. پاشان جزمێکی قورئانم  ختم کرد. چاردە لاپەڕەشم لە گوڵستانی سەعدی خوێند و تۆمارێک لە دیوان، لەوە زیاترم نەخوێندووە، بەڵا و ڕووداو ڕوویان تێ‌کردم و دەستم لە خوێندن هەڵگرت. کەوتمە گێژی گێژەوی ژیان و نان پەیدا کردن و مشوورخۆری بۆ برسی و تینووی ڕووت و قووت و لەوەش خراپ‌تر شەڕ و کێشەی دەولەتی عرووس (ڕووسیا) و کوشتار و قاتی و قڕی و نەخۆشی وەبا لەم سنوورانە لە هەمووی خراپ‌تر بوو کە ئەگەر باسی بکەم و هەمووی بنووسم قەڵەم دەوەستێ.
لە گوندی 'تۆبزاوا'ی محاڵی سندووس لە ڕۆژهەڵاتی شارستانی نەغەدە لەسەر لێواری چۆمی 'گادەر' لە دایک بووم. نێوان گوندەکانی کاروانسەرا و تازەقەڵا.
بەڵام دەستی قەزاوقەدەر و ڕۆزی‌بەشکەری ئەزەلی بەش و نسیبی ئێمەی خستە محاڵی شنۆیە. لەو محاڵە بەقوڕێ‌گیراوە گیرسامەوە. لێرە دەگەڵ چەند کەسێک لە دەروێشان بوومە ئاشنا. باس باسی عیرفان بوو. لە مەسنەوی‌ڕا دەستمان پێ‌کرد و ئاسەواری‌ ئەهلی تەسەوفمان دەخوێندەوە. هەرچەند ئەو خۆشەویستانەش زۆر لەسەرەوە نەبوون و تازە لەو گۆڕەپانەدا هەنگاویان هەڵگرتبوو، بەڵام بەهۆی یەقین و ئیخلاسەوە ڕووناکایی‌مان کەوتە دڵ و چرای دەروونمان داگیرسا. الحەق‌ولئینساف سەرمایەی بیروباوەڕی عیرفانیم وەدەست کەوت بەڵام زۆری پێ‌نەچوو هاوڕێ بەڕێزەکانم کۆچی‌دوایی‌یان کرد و بەجێ‌یان هێشتم. یەک لە دوای یەک‌دا بارگەیان پێچاوە و لە دەریای ڕەحمەتی حەق‌دا بوونە مەلەوان و منی کڵۆڵیان بۆ چەرمەسەری ڕۆژگار و تەشەر و تانووتی عەوامی تێ‌نەگەیشتوو، بە تەنیا بەجێ‌هێشت. پاش ئەوان منی خاکساری قوڕوەسەر هەموو عومری خۆم و هەموو کات و ساتی خۆم لە ڕێگای دۆزینەوەی تەسەوف سەرف‌‌دەکرد و دەمخوێندەوە و لە سایەی ڕەحمەتی خوداوە و بە هۆی ڕێنوێنی بەرەکەتی عاریفانەوە لەو ڕەمز و ڕازانە حاڵی بووم و بەقەدەر توانای خۆم شەرابی حەقیقەتم خواردەوە. کاتێکی ڕواڵەت‌پەرستان ئەوەیان بە منەوە دیت تێگەیشتن کە لە ڕێگەی ئەوین‌دا خەریکم پێ‌دەگەم و لەبەر بوغز و غەرەز و ئێرەیی پێ‌بردن، دەستیان کرد بە بڵاوکردنەوەی قسەی بێ‌کەڵک و شایعە و بەکافریان لەقەڵەم دام و خەڵکیان لێ ورووژاندم و بە کەڵبەشیان ناساندم،  گوتیان لامەزهەبە و بۆ ئەم وەزعە قەسیدەیەکم داناوە.
ئەو فەقیرە یانی منی بێ‌مایە و هەژار ‌هێندێک شێعرم بە فارسی و کوردی و تورکی هەیە. بۆ یادگار لە دەست ڕواڵەت‌بینان هەر لە دڵم‌دا ڕایان دەگرم. هەرکەس لەسەر بیروڕای من بێ، ڕوحی حەز و بەهرە دەبا. لە دنیادا شێعرێکم نەدیت کە دڵم پێی نەشکابێ‌. ناچار بوومە گووشەگیر و لە قەلەندەرخانەی خۆم‌دا خەریکی زیکری ناوی یار بووم و فکرم دەکردەوە و خودای گەورە یا محول‌الاحوالی منی کردەوە ئەبداڵ و لە سووچی قەناعەت‌دا دەستم کرد بە تەماشای جامی جیهان‌‌نوما و دەستم لە دنیای دەرەوە هەڵگرت.
ناوم مراد کوڕی عەزیز کوڕی ئەحمەدە.
من بعد و وللە اعلم
 
١- ئەو بابەتە لە گۆڤاری سروەی ژمارە ١٣٩ بڵاو بووەتەوە.

👇👇
https://t.me/muhsinceldiyani

شوناس

23 Aug, 18:50


دیوی نادیاری هەندێک لە خێرخوازەکان

شوناس

15 Aug, 20:15


دەقی بەردەنووسی کێلەشین

    بەردی کێلەشین ٢٨٢٨ ساڵ لەمەوبەر بە ئەمری ئیشپۆئینی نووسراوە و لە دۆڵێک کە دەڤەری شنۆ لە ڕەواندز جیا دەکاتەوە، لە سەر بەردێکی دیکە چەقاندرابوو.
ئەم بەردە هەوەڵ جار لە لایەن ‘ شۆڵز‘ەوە دۆزرایەوە و ڕاویلسینی ئینگلیزی ناساندوویە و چەند بلیمەتی دیکە کاریان لەسەر کردووە. مینۆریسکی کاری وەرگێڕانی ساڵی ١٨٨٢ی زایینی تەواو کردووە. لە کاتی دیاری‌کردنی سنووری نێوان ئێران و ئێراق ئەم بەردە لە کێلەشین ببوو بە نیشانەی سنووری ئەم دوو وڵاتە و هەتا ساڵی ١٣٦٤ ی هەتاوی کە شەڕی ئێران و ئێراق مەڵبەندی شنۆشی گرتەوە، بەردەکە بە ئەمری بەرپرسانی ‘ میراتی فەرهەنگی’ بۆ شاری ورمێ ڕاگوێزرا و ئێستاش هەر لەوێیە.[۱]
دەقی بەردەنووسەکە:
کاتێک ئیشپۆئینی کوڕی ساردوور/شای مەزن، شای بەهێز/شای جیهان/سەرۆکی وڵاتی نائیری/سەرۆکی گەورەی شاری توشپاشار/و ‘منوا’ی  کوڕی/ بۆ لای خوای خالیدی/بۆ شاری مووساسیر/بۆ پەرەستگەی بەرز/کە بۆ خوای خالیدی/بنیادیان نابوو/هاتن/ئیشپۆئینی بەردەنووسێکی بۆ ئەو/بنیاد نا/ئیشپۆئینی کوڕی ‘ ساردوور ‘/بۆ پەرەستگەی گەورە/کەرەستەی شەری بەنرخ و/مێگەلی جوانی ‌هێناوە/ئیشپۆئینی کەل‌وپەلی مەفرەخی و/
ئامانی مەفرەخی هێناوە/ ئیشپۆئینی مێگەلی زۆری هێناوە.(هەر بەو بۆنەوە)/ سەرلەنوێش(ئەو شتانەی لەبۆ ئەو)دابین کردەوە./ئیشپۆئینی/تەواوی ئەو خەڵاتانەی/لەبەر خاتری (بەردەوامی) ژیانی خۆی/ئاراستە دەکا./ئیشپۆئینی بە نێوی کەفارە./
١١١٢ مانگا و …/ ١٢٠ بەران و …/١٢٩٠ بزنی قەڵەو و…/ بۆ پێشکەکشی هێناوە./ئەو کات کە ئیشپۆئینی کوڕی ‘ ساردوور ‘/شای گەورە، شای بەهێز/شای جیهان/شای وڵاتی نائیری، سەرۆکی گەورەی شاری توشپاشار/لەهەمبەر خالیدی/بۆ حەوجەکانی/هات/لەبەر ‘ بزواندنی’ لوتف و ڕەحمی خوای خالیدی/ئەوە و/پاشان/ئیشپۆئینی ئەو گیاندارانە و ئەو کەل‌وپەلانەی/لە ڕێگای دەروازەکان/پەرەستگەی خوای خالیدی/دانا/ئەو مێگەلانەی/بۆ ئاگا لێ‌بوونیان کەترەخەمی کرابوو/لە بەرامبەر دەروازەکانی (پەرەستگەی)/خوای خالیدی/دزران و فرۆشترانٚ/ئێستا لەو کاتەدا کە ئەوان/و ‘ منوا’ کوڕی ئیشپۆئینی./لە لای خوای خالیدییەوە/بۆ شاری مووساسیر/بۆ پەرەستش هاتن/مێگەلەکانیان پێشکەشی خوای خالیدی کرد و وایان گوت:/ئەو کەسەی ئەو مێگەلە ئازادکراوانە لە/بەرامبەر دەروازەی خالیدی بدزێ/ئەو کەسەی ببینێ کە ئەوان دەدزن و/خۆی لە تاریکایی و پەنا و پەسیوان‌دا/بشارێتەوە/ئەو کەسەی لە ناوەندی شاری مووساسیر دەژی و …/دەبیسێ ئەو مێگەلە دیاری‌کراوانە/لە بەرامبەر دەروازەکانی خالیدی/لە فەوتانی ئەوان ناڕەحەت نابێ/بەو مرۆڤە/خوای خالیدی/مەرحەمەتی نابێ و/تۆرەمەی لەسەر عەرد/هەڵدەگرێ/هەر کەس ئەو بەردەنووسە/لێرە هەڵگرێ/هەر کەس ئەو بەردەنووسە بشکێنێ/هەرکەس بە کەسێکی دیکە بڵێ بڕۆ بیشکێنە/خوایانی شاری مووساسیر/
خوای خالیدی/ خوای هەوا/ خوای خۆر
/ تۆرەمەی لەسەر عەرد هەڵدەگرن.


[۱] – ئەم بابەتە پووشپەڕی ساڵی ١٣٧٩ لە گۆڤاری ڕوانگە’، بڵاو بووەتەوە. ئەم گۆڤارە لە لایەن خوێندکارانی زانکۆی پزیشکیی تەورێز دەردەچوو.


وەرگێڕ لە فارسییەوە: موحسین جەڵدیانی

https://t.me/muhsinceldiyani

شوناس

15 Aug, 20:14


بەردەنووسی کێلەشین

1,311

subscribers

27

photos

3

videos