فێرگەی ڕێزمانی کوردی @fergyrezmanikurdi63 Channel on Telegram

فێرگەی ڕێزمانی کوردی

@fergyrezmanikurdi63


کاناڵی ڕێزمانی کوردی.
بەخێر هاتن.

Promotional Article for فێرگەی ڕێزمانی کوردی Telegram Channel (Kurdish)

بەخێربێیت بۆ فێرگەی ڕێزمانی کوردی! ئەم کانالەکە یەکێکە لەسەر بەدەست هێنانی و بەرزکردنی زمانی کوردیە. ئەم کانالە دەدات زانیارییەکان و دامەزراندنەکان بۆ هەموو لەسەر زمانی کوردی. گونجاویی ڕێزمانی کوردیەکە دەگات بەشێک لە جیهانەکانی تر. بەرزکردنی هەر زانستی و نوێترین زانیارییەکان بۆ زمانی کوردی بەردەست دەکات. ئیشارەکانی کردار و ئاگاداریییەکان بۆ بەرهەمەکانی زانیارییەکانی زمانی کوردی. بۆ هاتنی زانیاری زیاتر و بەکارهێنانی بەشەکانی کوردی، چونکە فێرگەی ڕێزمانی کوردی بەرامبەرییەکی تایبەت و خۆشەستی هەیە بۆ هەموو لەسەر زمانی کوردی. بەرنامەکان و لەکاتێکدا یارییەکان بۆ ئەوەی گشتی زانیارییەکان وەربگرێ بەرەوی زمانی کوردی. به‌رزی كوردی سەرجەم ستاندارد و چوارجۆرە وڕێك بەستەر لە زمانی كوردی. بۆ هاتنی زانیاری زیاتر، ئەم کانالەکە بەردەست دەكات و ئەمە بۆ لەبژاردنەكان بۆ دابەشكردن لەگەڵ فێرگەی ڕێزمانی كوردی.

فێرگەی ڕێزمانی کوردی

28 Nov, 10:02


🟢بەشی سێیەم.
ئایە ڕستەی ناوی لە زمانی کوردیدا هەیە؟

تەواوکەری وانەی پێشوو☝️

بەشێکی پسپۆران لێرە بەڵگەی تەواو زانستی دەهێننەوە بۆ بوونی ئەم ڕستەیە.
پۆلێکی زانستییان بۆ هەموو جۆرەکانی ڕستە کردووە، بەتایبەتی ئەو ڕستانەی  کە لە ڕووی کاتەوە پۆلێنیان کردوون، ئەوەی ئێمەش مەبەستمانە ئەم جۆرەیانە، واتا ڕستەی بێ کات، کە ڕستەی ناوی دروست دەکەن.

1️⃣ڕستەی کاتدار: ڕستەکە بە جۆری کاری ڕستەکەوە بەندە، واتا ئەم جۆرە ڕستانە، کاریان تێدایە و بەپێی ڕوودان و حاڵەتی ڕوودانی کاری ڕستەکە کارەش دەگۆڕێت، واتا لەم جۆرە ڕستەکان کردارین. 👇
١_ ڕستەی فرمانی گواستنەوە: وەکوو(باڵندەکە فڕی)
۲_ ڕستەی فرمانی ئیشکردن و جێبەجێکردن: وەکوو(نەسرین شیعرەکەی نووسی.)
۳_ ئەو جۆرە ڕستانەی کە فرمانەکانیان بە زەین و بیر و سەرنجی مرۆڤەوە بەندە: وەکوو ( بیر لەوان دەکەمەوە)
٤_ ڕستەی ڕووداو: وەکوو (ئەو مرد)

2️⃣ڕستەی باس (بێکات): مەبەستمان لە ڕستەی ناوییە، لە جۆرەدا بە هیچ شێوەیەک ڕستەکە کاری تێدا نییە، بەڵکوو باسی لێوە دەکرێت، لەم جۆرە بە حاڵەت و دیاردەوە شتی دەوروبەرەوە بەندە، هەرگیز ناتوانین ئەم جۆرە ڕستانە بۆ کاتەکانی ڕابردوو و داهاتوو گەردان بکەین.
ئەمەش دەکەین بە دوو جۆر.
۱_ ڕستەی ناوی ڕەها: مەبەستمان لە ڕستەی ناوییە، ئەو حاڵەتەی لەناو ڕستەکە باسی لێوە دەکرێت بە هیچ شێوەیەک مایەی گفتوگۆکردن نین و هیچ گۆڕانکارییەکی واتایییان بەسەر نایەت و لای هەموو گوێگرێک یەک لێکدانەوەی بۆ دەکرێت وەکوو: لۆکە نەرمە، شەو تاریکە، نالی کوردە.
لەم جۆرە ڕستانە هەرگیز ناتوانین گەردانیان بکەین بۆ (ڕابردوو، داهاتوو، داخوازی) چونکە ئەم ڕستانە کاریان تێدا نییە، لەبەر ئەوەی هەرگیز ناتوانین بڵێین (بەرد ڕەق بوو) یان (بەرد ڕەق دەبێت) لە فەرهەنگی مێشکی هەموو مرۆڤێکدا "بەرد ڕەقە" چ لە ڕووی لۆژیکییەوە چ لە ڕووی واتایی و ڕێزمانییەوە، ناتوانین گەردانیان بکەین، چونکە بوونی ئەو حاڵەتانەی لەم جۆرە ڕستانەدا هەن هەرگیز بە کاتەوە پەیوەست نین و کاتیش لەم جۆرە ڕستانەدا نییە.

٢_ ڕستەی ناوی ڕێژەیی: هەمان واتا و چەمکی ڕستە ڕەهاکەیە، واتا لەم ڕستانەشدا کات نییە، بەڵام ئەوەی لە ڕستە ڕەهاکەی جودا دەکاتەوە، ڕەنگە لەم ڕستانەدا حاڵەتێکی تایبەتی هەبێت، کە ئاخێوەری تێدایە، هەمان چەمک و کاریگەری لای گوێگر نەبێت، بەڵام ئەوەی لەگەڵ ڕستەکەی دیکەدا، خاڵێکی هاوبەشیان هەیە ئەوەیە لەم جۆرە ڕستانەشدا کات نییە.
نموونە: زستان خۆشە. __ زستان
ناخۆشە.
ئەوەی جێگای سەرنجە لەم جۆرە ڕستە ناوییانەدا، بەوە لەوەی تر جیا دەکرێتەوە ئەو حاڵەت و دیاردانەی باسی لێوە دەکرێت بوونێکی ڕەهاییی نییە، بەڵکوو بوونێکی ڕێژەییی هەیە، بێ گومان ئەوەش پەیوەندیی بەو ژینگەوە هەیە، کە ئەو کەسەی تێدایە، ئەوەش لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازیی هەیە، بەڵام ئەوەی گرینگە و لەبیری نەکەین ئەوە لەم جۆرەشیاندا بە هیچ شێوەیەک کات نییە، واتا ڕستەیەکی ناوییە.
ڕێکخستن و ئامادەکردنی: ئازاد هەولێری.
@Fergyrezmanikurdi63

فێرگەی ڕێزمانی کوردی

18 Nov, 12:16


🟨ئایە ڕستەی ناوی لە زمانی کوردیدا هەیە؟ تەواوکەری وانەی پێشووتر☝️.
🟣بەشێکی پسپۆڕان لێرەش بۆچوونێکی تریان هەیە ڕستە دابەش دەکەن بۆ سێ جۆر.
1️⃣ ڕستەی ئیسنادی: بەو ڕستانەی دەگوترێت، کە لە چاوگی (بوون)ەوە پێک هاتبن.
نموونە: پێرێ بێزار بووم.

2️⃣ڕستەی کرداری: بەو ڕستانە دەگوترێت، کردارەکەنیان جگە لەو کردارانە بێت، کە لە چاوگی(بوون)ەوە وەرگیراون.
نموونە: نەشمیل مرد.

3️⃣ڕستەی بێکردار: بەو ڕستانە دەگوترێت، کە لە ڕواڵەتی ڕستەکەدا کرداریان تێدا نییە، بەڵام مانای کردارییان تێدایە.
نموونە: دەست خۆش، بە داخەوە.
تێبینی/ بێ گومان لەم جۆرە پۆلینکردنەدا ڕستەی ناوی، واتا ئەو ڕستەیەی کرداری تێدا نییە، ئاماژەی پێ کراوە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجدان بێت، ئەوەیە ڕستەی ناوی، تەنیا لە ڕووی ڕواڵەتەوە هەست بە نەبوونی کاتەکەی دەکەین.

🔴بەشێکی تری پسپۆڕان لێرەش بۆچوونێکی تریان هەیە ڕستە دابەش دەکەن بۆ سێ جۆری تر👇
1️⃣ڕستەی کاری: بەو ڕستانە دەگوترێت، کە لەنێو ڕستەکەدا هەست بە بوونی کار دەکەین، چ لە کاتی ڕابردوو یان ڕانەبردوو یان داخوازی... هتد بێت، کەواتە کاری تێدایە لەهەر دەم و جۆرێکیدا بێت، واتا ڕستەیەکی کردارییە.
نموونە: مامۆستا ڕۆیشت.

2️⃣ڕستەی کاری ناتەواو: ڕوونە مەبەستیشیان لەم جۆرە ڕستانە، ئەو ڕستانە دەگرێتەوە، کە کاری ڕستەکانیان لە چاوگی(بوون)ەوە وەرگیراون، کە خۆی لە نیهاد و گوزارەدا دەبینێتەوە.
نموونە: نالی شاعیر بوو.

3️⃣ڕستەی ناوی: یان ڕستەی بێکات، لەم جۆرە ڕستانەدا دیدی (پسپۆڕان)ەوە کاری ڕستەکان، نەک کاری تەواوی تێدا نییە، بەڵکوو کاری ناتەواویشی تێدا نییە.
نموونە: ئارام مامۆستایە.

تێبینی/ بەم جۆرە ناساندنە ئەم ڕستەیە، ڕستەیەکی ناوییە، لەم جۆرە ڕستانەشدا زاراوەی (نیهاد و گوزارە)ی لێ دەنرێت، بەرانبەر بە (مبتدأ و خبر)ی زمانی عەرەبی، بێگومان لێرەدا بوونی ئەو مۆرفیمی(ە)یە، لە کۆتاییی گوزارەکەوە، ئەوە بە (جێناوی لکاو)دانراوە، نەک کاری ناتەواو بۆ دەم ئێستا هەر بەم تێڕوانینە، بوونی ڕستەی ناوی ئاماژەی پێ کراوە.
ئەم بابەتە درێژەی هەیە.
ڕێکخستن و ئامادەکردنی: ئازاد هەولێری.
@Fergyrezmanikurdi63

فێرگەی ڕێزمانی کوردی

12 Nov, 19:56


🟨چەند سەرنجێک لەسەر (ڕستەی ناوی) چەن بۆچوونی جیاواز هەیە لێرە بەپوختی لە چەند وانەیەک شی دەکەینەوە.

ئایە ڕستەی ناوی لە زمانی هیند و ئەورووپییەکاندا هەیە؟
🟣زۆر لە پسپۆڕان لەگەڵ ئەوەدان، کە ڕستەی ناوی لە زمانی کوردیدا نییە، باس لەوە دەکەن لە کۆمەڵەی ئەم زمانەدا بەهیچ شێوەیەک ڕستە دروست نابێت ئەگەر کرداری تێدا نەبێت، بەڵکوو کردار بە دەسەڵاتداری ڕستەکە دادەنێن و ئاماژەش بەوە دەکەن، کە هەموو ئەو ئەو زمانانەی لەو کۆمەڵەیەدان واتا کۆمەڵەی زمانی هیند و ئەورووپییەکان ئەم جۆرە ڕستەیان تێدا نییە.

🟠ئاشکرایە لە کۆمەڵەی زمانی حامی و سامییەکاندا، کە زمانی عەرەبی یەکێکە لەو کۆمەڵەیە بوونی ئەم ڕستەیە، واتا ڕستەی ناوی تێدایە و شتێکی زۆر ئاسایییە بەئاشکرا هەستی پێ دەکرێت لە (مبتدٱ و خبر) پێک دێت.
ئەو پسپۆڕانەی ڕەخنە لەو کەسانە دەگرن کە دەڵێن: ڕستەی ناوی لە زمانی کوردی هەیە، دەڵێن: زمانی کوردی کەتووەتە ژێر کاریگەریی زمانی عەرەبی.

🟣چەند خاڵێک لەسەر ڕستەی (کاتدار و بێکات) لە زمانی کوردیدا👇
ڕستە: دابەشبوونی زۆری بۆ کراوە نامانەوێت دووبارەی بکەینەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج بێت تێڕوانینی چەند پسپۆڕێک دەخینە ڕوو کە ڕستەیان لە ڕووی کاتەوە بۆ چەند خاڵێک پۆلین کردووە.
د. نەسرین فەخری. 👇
دەڵێت ڕستە لە ڕووی کاتەوە دوو جۆرە.
1️⃣ئەو ڕستانەی کاریان تێدایە، واتا ڕستەی کردارین.
نموونە: دارا هات.
2️⃣ئەو ڕستانەی کاری یاریدەدەریان تێدایە، واتا لە ڕێگەی چاوگی(بوون)ەوە دروست دەبن.
نموونە: گلێنە بوو بە مامۆستا.
بە بۆچوونی د. نەسرین فەخری، ڕستە بەبێ کار پێک نایە، دەکرێت کاری ڕستەکە بەهێز بێت، یان دەکرێت کارێکی یاریدەدەر بێت، ئەم دیاردەیەش بەئاشکرا لە کۆمەڵەی زمانە هیند و ئەورووپییەکاندا هەستی پێ دەکرێت.
فرمانی یاردەدەریش لە زمانی کوردیدا بۆ کاگی ئێستا، لە وێنەی مۆرفیمی (ە) دەردەکەوێت.
لە زمانی فارسییش (است) لە ئینگلیزیدا لە شێوەی (is) دەردەکەوێت.

هەرچی د. موحەممەد ئەمین هەورامییە بەم شێوەیە ڕستە پۆلین دەکات👇
1️⃣ڕستەی دەمی: زۆربەی ڕستە دەمییەکان لە کاتی نووسیندا واتا بە دەستەوە نادەن، هەست ناکەین کاتیان تێدا بێت، زیاتر لە ڕستەی ناوی نزیکن.
وەکوو: بەڵێ، نەخێر.
2️⃣ڕستەی نووسراو: ئەم جۆرە لە کاتی ئاخاوتن و نووسینیشدا واتا بە دەستەوە دەدات، ڕستەیەکی تەواوە و بکەر و کاریشی تێدایە.
وەکوو: گوڵم کڕی.
بێگومان بەپێ دابەشکردنی ئەم جۆرە لە ڕووی کاتەوە جۆرە ئاماژەکردنێکی تێدایە بۆ ڕستە ناوی، چونکە لە ڕستەی (دەمی)دا، ئاماژەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ بوونی ئەو جۆرە ڕستانەی، کە کرداریان تێدا نییە، بەڵام ڕستەی ناوی زیاتر لە شێوەی ئاخاوتندا واتادارە و واتا بە دەستەوە دەدات.
ئەم بابەتە درێژەی هەیە.
ڕێکخستن و ئامادەکردنی: ئازاد هەولێری.
@Fergyrezmanikurdi63

فێرگەی ڕێزمانی کوردی

01 Nov, 20:05


پێنجەم ناوی ئامێر.
ناوی ئامێری : بریتییە لەو ناوانەی کە لە چاوگەوە وەردەگیرێن، وەکوو ئامێرێک بۆ جێبەجێکردنی ئیشوکار بەکار دەهێنرێن لەلایەن مرۆڤەوە.

1️⃣ناوی ئامێری داڕێژراو: لە ڕەگی تێپەڕ و بەدەگمەن تێنەپەڕ و پاشگرەوە دروست دەبێت، وەکوو پاشگری(ەک، نگ، ینگ، ە، گی) پاشگری(ەک) پاشگرێکی بەکارە لە وشەسازیی کوردیدا دەورێکی باڵا دەبینێت چ بەتەنها بێتە ناو تەکوینی وشەوە چ لەگەڵ دەنگی تردا.
لێکۆڵینەوەی لە باسی (ک) لە وشەسازیی کوردی زۆری بەبەرەوەیە دەنگی (ک) لە پێکهێنانی وشەی (ناو، هاوەڵناو، ناوی ئالەت) هەیە، (ەک) بە واتای پێوەلکان و پێوەنووسان)
نموونە👇
ڕەگ+ەک= ناوی ئامێر.
کوتان⬅️کوت⬅️کوتەک.
پەستان⬅️پەست⬅️پەستەک
(هێڵەک، بڕەک، بێژنگ، بڕینگ)
یان چێرگ بۆ بڕینەوەی مەڕ و بزن.
(گیرە، ماڵە، ماڵین) ڕایەخ لە ڕایەخستن.. ەوە، تەقیلە لە تەقین... ەوە
تەقی+لە.

تێبینی/ هەندێک ناوی ئامێر هەن لە ڕواڵەتدا لە ناوی ئامێری سەربەخۆ دەچن، بەڵام لە ڕەگی چاوگی تێپەڕ و تێنەپەڕەوە بە لادانی نیشانەی چاوگ وەردەگیرێن.
وەکوو (ساز، پاچ، بلوێر، گەز، گاز، بلوور)

2️⃣لە ڕەگی کاری چاوگی تێپەڕ و تێنەپەڕەوە بە یارمەتیی پاشگری (ۆک) ناوی ئامێری دروست دەکرێت.
وەکوو👇
فڕین⬅️فڕ⬅️فڕۆکە.
پەستان⬅️پەست⬅️پەستۆک.
(سڕۆک، بڕۆک)
ئەم ڕێژەیەی ⬆️ناوی ئامێری لە چاوگەوە وەرگیراون، بەڵام بەکارهێنانیان کەمە.

3️⃣لە پێشگر و پاشگری (پێ، ەر) و ڕەگی کاری چاوگی تێپەڕ و تێنەپەڕەوە وەردەگیرێن.
نووسین⬅️نووس⬅️پێنووس.
خواردن⬅️خۆ⬅️پێخۆر.
(پێشخۆر، پێبڕ، پێبەست، پێماڵ.. هتد)

4️⃣ناوی ئامێری لێکدراو.
ئەم ڕێژەیە لە وشەیەکی واتادار بەزۆری ناو لەگەڵ ڕەگی تێپەڕ تێنەپەڕەوە بە لادانی نیشانەی چاوگەکەی دروست دەبێت، ئەم ڕێژەیە زۆر لە ناوی بکەرییەوە نزیکە.
وەکوو👇
باوەشاندن⬅️باوەشێن.
شەکرشکاندن⬅️شەکرشکێن.
هەروەها.. قەڵەمتاش، خاکەناس، دەسشۆر، چاپاڵێو، بەفرماڵ، دەسماڵ، سەرپۆش، دەستەسڕ، دەستاڕ لە دەستهاڕین... هتد.

5️⃣ناوی ئامێری هەیە لە هاوەڵکار و ڕەگی چاوگ دروست دەبێت، جاری واش هەیە، ئامرازی لێکدەر دەچێتە نێوانیان.
وەکوو 👇
(بەرماڵین، بەرماڵ، پشتەماڵ، بەرکۆش، بەرکۆشە، لاگیر، باگردێن.)
تێبینی/ لە بەشی لێکدراوی ئەم ناوانە، چاوگ دەورێکی چالاک و گرنگتر دەبینێت و وشەکەی پێش ڕەگەکە دەچێتە ژێر دەسەڵات و هێزی چاوگەکانیانەوە، لە ڕووی واتای پێشوویان بێهێز بوونە، بۆیە لەم پێکهاتەیە چاوگ دەورێکی چالاک دەبینێت، نەک وشەی پێش خۆی.
وەکوو حاجی قادری کۆیی دەفەرموێت👇
(شیر و قەڵەم شەریکن، لەم عەسرەدا دریغا.
شیرم قەڵەمتراشە و کالانییە قەڵمەدان.)
ڕێکخستن و ئامادەکردنی: ئازاد هەولێری.
@Fergyrezmanikurdi63

فێرگەی ڕێزمانی کوردی

15 Oct, 19:38


🟦جۆرەکانی بکەر
بکەر: بریتییە لە کەرستەیەکی سەرەکیی ڕستە، ئەو ناوەی بە کاری ڕستەکە هەڵدەستێت، هەندێک جار جێناو شوێنی بکەر لە ڕستەدا دەگرێتەوە، یاخود بکەر دەبێت کەسێک یان شتێک بێت، ئەنجامدان یان ئەنجامنەدانی بکەوێتە ئەستۆ لە ڕستەدا.
نموونە👇
١- نەشمیل خەوت.
٢- ئەو دەنووسێت.
٣- ماڵەکە سووتا.

1️⃣بکەر دیار: بە پێچەوانەوەی خاڵی پێشووتر ناوەکەی دیارە، کە هەمیشە بکەرێکی ئاشکرا و ڕوون لە ڕستەکە بەدی دەکرێت.
نموونە 👇
‌‌‌١- ئارام پیاوەکەی کوشت.
٢- پۆلیس دزەکەی گرت.

2️⃣بکەر نادیار: هەمیشە ئەوەی کارەکەی بەسەر دەسەپێندرێت ئەرکی جێگری بکەر وەردەگرێت، لە ڕاستیدا بکەرێک هەبووە لە ڕستەکەدا، بەڵام دیار نییە و ئاماژەی پێ نەکراوە.
نموونە👇
١- پیاوەکە کوژرا.
‌‌٢- دزەکە گیرا.

3️⃣بکەری لۆجیکی: بریتییە لەو بکەرەی کە ڕاستەوخۆ کەسەکە یان جێناوەکە هەڵساوە بە ئەنجامدانی کارەکە.
نموونە👇
١- دارا کتێبەکەی برد.
٢- نازێ سێوەکەی خوارد.

4️⃣بکەری ڕێزمانی: لەم شێوازە لە ڕووی یاسای ڕێزمانەوە بکەرە، بەڵام لە ژیانی ڕاستی نابێتە بکەر، چونکە کارەکان لەخۆوە ئەنجام نادرێن، بەڵکوو هێزێکیان لەپشتە.
نموونە 👇
١- ئاوەکە ڕژا.
٢- باخەکە سووتا.

5️⃣بکەر نادیاری ئاماژەپێکراو: بەو بکەرانە دەگوترێت، کە لە ڕووی ڕوخسارەوە ڕستەکان بکەریان نادیارە، بەڵام لە ڕووی ناوەڕۆکەوە بکەریان لە شوێنێکی دیکەی ڕەستەکەدا دەرکەوتووە.
نموونە👇
١- ئارام بە دەستی نەسرین نێژرا.
٢- دلژین بەهۆی داراوە ناسێندرا.

ئامادەکردنی: ئازاد هەولێری.
@Fergyrezmanikurdi63

فێرگەی ڕێزمانی کوردی

03 Oct, 11:56


🟡چوارەم ناوی جێگا.
ناوی جێگا: بریتییە لەو ناوانەی لە چاوگەوە وەردەگیرێن و شوێنی ڕوودانی فرمان لە ئیش و کارێکی تایبەتیدا بە ئیشێکی دیارکراوەوە نەک بۆ زۆر شت.

ناوی جێگا لە زمانی کوردیدا بەهۆی پاشگری(گە، گا، ە ن) دروست دەبێت، بەڵام (گە) لەهەموویان چالاکترە، جگە لەوەی (گە، گا) لە ڕووی بەکارهێنانەوە جیاوازیان هەیە (گە) زیاتر گونجاوە و لەبار و مۆسیقیترە بۆ پێکهێنانی ناوی جێگا لە چاوگەوە، چونکە لە دەربڕینیدا سووکترە، وەک (جمگە، ڕوانگە، فڕگە... هتد)، کەچی (گا) لەگەڵ ناوی جێگا کە لە ناوەوە پێک دەهێندرێت گونجاو و سووکترە وەکوو (سەیرانگا، ئوردووگا، لەشکرگا.. هتد)
کەچی (فڕگا، پرسگا، ڕوانگا) لەسەر زمان ناڕێک و قورسن.

1️⃣لە ڕەگی چاوگی تێپەڕ و تێنەپەڕ بە پێوەلکانی پاشگری(گە) دروست دەبێت.
وەکوو👇
پرسین.⬅️پرس⬅️پرسگە.
کێڵان. ⬅️کێڵ⬅️کێڵگە.
فڕۆشتن⬅️فرۆش⬅️فرۆشگە.
پاراستن⬅️پارێز⬅️پارێزگە.

2️⃣ڕێژەیەکی کەمبەکارهێنراو هەیە، کە لە قەدی چاوگەوە بە یارمەتیی پاشگری (گە، گا، مان، خانە) ناوی جێگە پێک دەهێنێت وەکوو(پەرستگا)
خوێندن⬅️خوێند⬅️خوێندگە.
نیشتن⬅️نیشت⬅️نیشتمان.
گرتن.. گرتوو ناوی بەرکاری+خانە.
گرتووخانە.

ناوی جێگا: وەکوو ناوێکی ئاسایی وایە، بەڵام بەوە جیا دەکرێتەوە کە شوێنی ڕوودانی فرمان پیشان دەدات بۆ کار و کردەوەیەک.
"لە کۆشک و گرتووخانە دەرکەبەستە.
یەکێک مەستە، هەزاران زار و خەستە"
تێبینی/ نیشانەی ناسراو و نەناسراوی وەردەگرێت.
وەکوو.. فرۆشگە⬅️فرۆشگەیەک.
جمگە.. جمگەیەک.
یاریزانەکە جمگەکەی شکاوە.
*️⃣هەروەها کۆش دەکرێتەوە.. فرۆشگەکان، ڕوانگایان، ڕوانگەکان.
*️⃣هەروەها ناوی جێگایی وەکوو زاراوەی زانستییش بەکار دێت.
وەکوو.. خولگە، زانستگا، سازگە.
نەخوێندەواری نەمابێ لەناو دانیشتوان.
دەیا زانستگا دروست کرابێ لە کوردستان.
ئامادەکردن و ڕێکخستنی: ئازاد هەولێری
@Fergyrezmanikurdi63

فێرگەی ڕێزمانی کوردی

12 Sep, 10:36


سێیەم: ناوی چاوگ، اسم المصدر.
ناوی چاوگ: بەو ناوانە دەگوترێت کە لە چاوگەوە وەرگیراون و واتای تەواوی چاوگەکەنیان هەڵدەگرن، بەڵام وەکوو چاوگ ڕوودان و کردنیان تێدا نییە. بەهۆی واتاوە دەزانرێ ناون و بوونی سەربەخۆیان نییە و لە شتی تردا هەن.

1️⃣هەندێ ناوی چاوگ لە قەدی چاوگ و پاشگری(ار) لە چاوگی(تائی، دالی، واوی، یائی، ئەلفییش بەکەمی) پێک دێن.
بەزۆرییش ئەم(ار) لەگەڵ چاوگی تێپەڕدا دێت، پاشگری(ار) لە تێپەڕەوە ناوی چاوگ و لە تێنەپەڕەوە هاوەڵناو دروست دەکات وەکوو(مردار).

نموونە:⬇️
1️⃣پرسین⬅️پرسی⬅️ار⬅️پرسیار.
2️⃣کوشتن⬅️کوشت⬅️ار⬅️کوشتار.
3️⃣کردن⬅️کرد⬅️ار⬅️کردار.
4️⃣دزین⬅️دزی⬅️ار⬅️دزیار.

2️⃣ناوی چاوگ جۆرێکی تری هەیە، کە لە ڕەگی تێپەڕ و تێنەپەڕ و پاشگری(ە)ەوە دروزت دەبێت.
نموونە:⬇️
1️⃣کۆکین⬅️کۆک⬅️ە⬅️کۆکە.
2️⃣پرسین⬅️پرس⬅️ە⬅️پرسە.
3️⃣ناڵین⬅️ناڵ⬅️ە⬅️ناڵە.

تێبینی/ ئەم جۆرە ناوە لە دەنگە سروشتییەکانیش دروست دەبێت.
وەکوو(حیلاندن، گرماندن، قێژاندن..هتد) بە یارمەتیی پاشگری(ە) (حیلە، گرمە، قیژە)

3️⃣لە ڕەگی چاوگی تێپەڕ و تێنەپەڕی(تائی، ئەلفی، یائی)یشەوە، بە لابردنی نیشانەی چاوگ دروست دەبێت وەکوو⬇️
1️⃣خەوتن⬅️تن⬅️خەو.
2️⃣دزین⬅️ین⬅️دز.
3️⃣ترشان⬅️ان⬅️ترش.

4️⃣هەندێک ناوی چاوگ هەیە لە ڕەگی چەند چاوگێکی تێپەڕ و تێنەپەڕ بە یارمەتیی پاشگری(شت، ش، ست) دروست دەبێت وەکوو⬇️
1️⃣زانین⬅️زان⬅️ست⬅️زانست.
2️⃣کۆشین⬅️کۆش⬅️ش⬅️کۆشش.
3️⃣بڕین⬅️بڕ⬅️شت⬅️بڕشت.

تێبینی/ *️⃣ناوی چاوگ وەکوو ناوێکی ئاسایی بەکار دەهێنرێت، نیشانەی ناسراو و نەناسراو وەردەگرێت. بەڵام(ان)ی کۆ وەرناگرێت.
نموونە: کوشتارەکە لە مۆسکۆ بوو.
بەڵام ناتوانین بڵێن کۆشتاران.
*️⃣ناوی چاوگ دەبێتە زاراوە، وەکوو(بڕیار، زانست، وتار)
*️⃣ناوی چاوگ ڕێژەکەی لە تێنەپەڕەوە وەردەگیرێت دەبێتە هاوەڵناو، وەکوو مردار، بە یارمەتیی پاشگری(ی) دەبێتە ناوی واتایی(مرداری).
*️⃣ناوی چاوگ پاشگری (ی) ناوی واتایی وەرناگرێت، چونکە خۆی چەمکی واتایی دەبینێت، بەپێچەوانەی ناوی بکەرییە کە دەبێتە واتای.
وەکوو: بۆنفرۆش.. بۆنفرۆشی.
بەڵام ناتوانین.. بڵێن (خەوی، کوشتاری)
*️⃣هەندێک ناوی چاوگ ئەگەرچی لە بنەڕەتدا لە چاوگەوە وەرگیراون، بەڵام لە ڕووی پێکهاتەوە هەر بە سادە دادەندرێن.
وەکوو(خەو، ترس، پرس)
ڕێکخستن و ئامادەکردنی: ئازاد هەولێری
@Fergyrezmanikurdi63

فێرگەی ڕێزمانی کوردی

02 Sep, 10:09


🔵دووەم: ناوی بەرکاری اسم المفعول.
ناوی بەرکاری:بریتییە لە  ناوێکی گشتی، لە چاوگەوە وەردەگیرێت بکەری تێدا بەدی ناکرێت، ڕووداوەکەی دەکەوێتە سەر و بەهۆی واتا و بەردەوامی کردەوە کەتووەکەی سەری.
بۆتە سیفەت و دۆخێکی هەمیشەیی، کەس و کاتەکانیشی تێدا نییە.

تێبینی/ ناوی بەرکاری بەپێچەوانەی ناوی بکەری بەگشتی لە قەدی چاوگەوە وەردەگیرێت، کەچی ناوی بکەری لە ڕێژەیەکی کەم و تایبەت لە قەد وەردەگیرێت، دەنا هەر لە ڕەگەوە وەردەگیرێن.

1️⃣ناوی بەرکاری داڕێژراو: زۆر بڵاو و بەکارهێنراوە، کە لە قەدی چاوگی تێپەڕی نادیارەوە وەردەگیرێت، لە بنەڕەتدا تێپەڕە بەهۆی پاشگری (را)ی نادیارەوە دەکرێ بە تێنەپەڕ.
وەکوو: کوشتن⬅️کوژ+را⬅️کوژران.

2️⃣بە لادانی نوونی چاوگی نادیاری و پێوەلکاندی پاشگری(و)ی بەرکاری بۆ سەر قەدە نادیارەکە، ناوی بەرکاری دروست دەکرێت، بەم پێیە لە قەدی چاوگی نادیاری تێپەڕ و بەتێپەڕکراو بەهۆی پاشگری (اندن)ەوە، دەتوانرێ ناوی بەرکاری لە قەدی هەموو ئەم جۆرانەوە وەربگیرێت، ئەمجا چاوگەکە سادە بێت یان داڕێژراو.

خەسان⬅️خەسێنران⬅️خەسێنرا⬅️خەسێنراو.
یان(سوتێنراو، بووراو، برژێنراو، گیراو، خنکێنراو... هتد)

تێبینی/ ئەگەر چاوگەکان ڕەگەکەنیان کە لە پێش پیتەکانی(یـ، ا، د، ت، و) واتا پیتەکانی نیشانەی چاوگەوە (ر) بوو وەکوو(کردن، خواردن، بردن، کڕین) بۆ ئەوەی دوو(ر) کۆ نەبنەوە (ر) دەسوێ.
وەکوو(بڕراو، کڕراو، دڕراو)
ئەم چاوگانە ئاوێزانیان تێدایە لە کاتی وەرگرتنی ڕەگەکانیان کە(را)ی نادیار وەردەگرن دەنگی کۆتاییی ڕەگەکانیان دەتوێتەوە.
(بردن، خستن، دان، کردن)
بردن⬅️بە⬅️براو.
خستن⬅️خە⬅️خراو.
دان⬅️دە⬅️دراو.
کردن⬅️کە⬅️کراو.

نموونە: لە شاعیری زمانبڕاو.
لە شاعیری دەفتەردڕاو.

2️⃣ناوی بەرکاری لێکدراو: ئەم ڕێژەیە هەمان پێکهاتەیە، بەڵام لەپێش داڕێژراوەکە وشەیەکی واتادار دێت کە زیاتر ناوە دەیکات بە لێکدراو.
نموونە(ژنکوژراو، نانبڕاو، دڵبەستراو، داگیرکراو... هتد)

🟥خالێکی تر ناوی بەرکاری جۆرە ڕێژەیەکە لە قەدی چاوگی تێپەڕ پاش لادانی نوونی چاوگ و پێوەلکاندنی پاشگری(ە) پێکدێت.
وەکوو: کوشتن⬅️کوشت⬅️کوشتە.
بەستن⬅️بەست⬅️بەستە.
(کردە، پۆشتە، سپاردە... هتد)
ئەم بابەتە درێژەی هەیە.
ئامادەکردنی:ئازاد هەولێری.
@Fergyrezmanikurdi63

فێرگەی ڕێزمانی کوردی

22 Aug, 17:29


سەرهەڵدانی زمانی شیعری کوردی، لەلایەن نالیی شاعیری گەورەی کورد.
شرۆڤەکار: مامۆستا جاسم کەلاری.
@Fergyrezmanikurdi63

فێرگەی ڕێزمانی کوردی

14 Aug, 15:33


🟥ئەو ناوانەی لە چاوگەوە وەردەگیرێن بریتین.. لە👇
1️⃣ناوی بکەری.
2️⃣ناوی بەرکاری.
3️⃣ناوی چاوگ.
4️⃣ناوی ئامێر.
5️⃣ناوی جێگا.

🟡ناوی بکەری: بریتییە لەو وشانەی دەگوترێت لە چاوگەوە وەردەگیرێن واتا ڕووداوێک لەلایەن ئیشکەرەوە دەگەیەنن، توانای تایبەتی و سیفەتێکی بەردەوام و هەمیشەیییان پێ دەبەخشێت.

🔴ناوی بکەری لە ڕووی پێکهاتەوە دوو جۆرە.
1️⃣ناوی بکەری داڕێژراو.
2️⃣ناوی بکەری لێکدراو.
🟣ناوی بکەری داڕێژراو: ئەو ناوەیە لە چاوگی سادە و داڕێژراوی تێپەڕ و تێنەپەڕەوە بە یارمەتیی پێشگر و پاشگرەوە وەردەگرێت، وەکوو:(مردوو، هەڵاتوو، خوێنەر، بکوژ، فرۆشیار)

1️⃣ناوی بکەری لە چاوگی تێنەپەڕی گوێزانەوەدا بە لادانی نوونی چاوگ و پێوەلکانی(و،W) بۆ سەر قەدی چاوگ کۆتاییی هاتووە بە(ا، ی) دروست دەبێت، بەڵام ئەگەر کۆتاییی هاتبوو بە (ت، د) ئەوا(وو، ū) پێوە دەلکێت.
وەکوو: سووتان⬅️سووتاو.
مردن⬅️مردوو.
تێبینی/ لە چاوگی(واوی)تێنەپەڕی سادە ناوی بکەری دروست نابێت، چونکە لەگەڵ ڕێژەی ڕابردووی نزیک تێکەڵ دەبن، بەڵام ئەگەر ناسادە بێت، هەر کار بە(واوە)کەی خۆی دەکرێت.
وەکوو: ڕابوون⬅️ڕابوو.
هەڵچوون⬅️هەڵچوو

2️⃣ناوی بکەری داڕێژراوە لە چاوگی تێپەڕەوە: ئەم ڕێژەیە لە ڕەگی چاوگی تێپەڕ و پاشگر و پێشگرەوە دروست دەبێت. بە یاسای (ڕەگی کار+ پاشگری(ەر)
وەکوو(نووسەر، بینەر، خوێنەر، بیسەر.. هتد)
بە تێچوونی(ە)وەکوو: ڕاخستن... ڕاخە... +ەر... ڕاخەر.
بە تێچوونی(ێ)وەکوو: دانان... دانێ...+ەر...دانەر.

تێبینی/ هەندێک چاوگی سادە هەتا پێشگریان بۆ زیاد نەکەین ناتوانین ناوی بکەرییان بۆ دروست بکەین، چونکە لە بنەڕەتدا ڕەگەکانیان بێواتان... لە پێشووتر باسمان کردووە کە پاشگر نین، بەڵکوو ڕەگن بە یارمەتیی پاشگری(ەر) دروست دەبن و بەهۆی بزوێنەوە(ە) دەرناکەوێت.
وەکوو(خۆر، شۆر، کەر)
خواردن.. ب+خۆ+ەر=بخۆر
کردن... ب+کە+ەر=بکەر.

🟣ناوی بکەری لێکدراو: لە وشەیەکی واتادار و ڕەگ یان قەدی چاوگی تێپەڕ و تێنەپەڕەوە، ئەگەرچی ئەم ڕەگانە واتاکانیان ڕوون نین، بەڵام بنەمای پاراستنی واتای چاوگ و داخوازییەکان.

1️⃣لە ناوێک و ڕەگی چاوگ ناوی بکەری دروست دەبێت وەکوو:👇
پیاوکوشتن⬅️پیاوکوژ.
پەیامناردن⬅️پەیامنێر.
ماسیگرتن⬅️ماسیگر.

2️⃣ناوی بکەری لە ناوێک و قەدی چاوگی تێپەڕ و تێنەپەڕ بەهۆی پاشگری(و، وو) یا تەنها لە ناوێک و قەدەکەیان بە مەرجێک ناوەکەی پێشیان دەوری بەرکاری وەرگرتبێت، ئەم ڕێژەیە خۆی لە خۆیدا دەبێتە هاوەڵناوی لێکدراو، بێ بەکارهێنان، چونکە پێکهاتنێکی وەسفیی هەیە، هەروەها دەبێتە ناویش.
کۆستکەوتن⬅️کۆستکەوتوو.
ژنمردن⬅️ژنمردوو.
سەرکەوتن... سەرکەوتوو...

3️⃣هەموو جاوگێکی تێپەڕ بێجگە لەوانەی بە پاشگری(اندن) دەبنە تێپەڕ دوو ڕێژەی ناوی لێکدراویان هەیە، یەکەم لە ڕەگ+(ەر)دووەم بە قەد+پاشگری(وو).
نانبەر⬅️نانبردوو.
هەواڵنێر⬅️هەواڵناردوو.
گۆشتخۆر⬅️گۆشتخواردوو.

4️⃣ئاوڵفرمانی(لا، بەر) ڕۆلێکی بەرچاوی هەیە لە دروستکردنی ناوی بکەری بەتایبەتی لەگەڵ چاوگی تێپەڕدا.
وەکوو👇
لابردن... لابەر.
لابڕین.. لابڕ.
بەرگرتن.. بەرگر.
بەرمژین..بەرمژ.
لە وانەکانی داهاتوو باسی ناوی(بەرکاری) دەکەین.
ڕێکخستن و ئامادەکردنی: ئازاد هەولێری
@Fergyrezmanikurdi63

فێرگەی ڕێزمانی کوردی

20 Jul, 12:17


ئەرکی جێناوی سەربەخۆ لە ڕستەدا وەکوو دیارخەری ناو.
پێناسە: بریتییە لەوەی جێناوێکی سەربەخۆ لەدوای ناوێکەوە بێت، ببێتە دیارخەری، هەروەها پێویستە ئامرازی دانەپاڵی(ی) بچێتە نێوانیان.
وەکوو: کتێبەکەی تۆ نایابە.
کتێبەکە.... دیارخراو.
ی... دانەپاڵ.
تۆ... جێناوە، دیارخەری ناوە.
🔴دەکرێت ناوە دیارخراوەکانیش بەپێی شوێن و مەبەست ئەگەر لەگەڵ ڕاستیدا بگونجێن لە شێوەی ناسراو و نەناسراوە و تاک و کۆ بەکار بهێندرێن.
نموونە: بۆ تاکی نەناسراو⬇️
1️⃣کچی خۆتانم پێ بدەن.
بۆ تاکی ناسراو.⬇️
2️⃣کچەکەی خۆتانم پێ بدەن.
بۆ کۆی نەناسراو⬇️
3️⃣مامۆستایانی ئەوان بەڕێزن.
بۆ کۆی ناسراو⬇️
مامۆستاکانی ئێوە بەڕێزن.
تێبینی/ جێناوەکان دەکرێن بە دوو بەش.
1️⃣جێناوی سەربەخۆ(جیا)
2️⃣جێناوی کەسیی لکاو(ناجیا)
ئەو جێناوە سەربەخۆیانەی دەبنە دیارخەری ناو ئەمانەن. ⬇️
1️⃣جێناوی کەسیی سەربەخۆ(من، تۆ، ئەو، ئێمە، ئێوە، ئەوان)
2️⃣جێناوی نادیار(هین، کابرا، کەس، فیسار، فڵان... هتد)
3️⃣جێناوی نیشانە(ئەمە، ئەمانە، ئەوە، ئەوانە)
4️⃣جێناوی خۆیی(خۆم، خۆت، خۆی، خۆمان، خۆتان، خۆیان)
5️⃣جێناوی پرس(کێ، چ، چی، کامتان... هتد)

تێبینی/جێناوە سەربەخۆکان هەموویان یەک ئەرکیان هەیە ئەویش(دیارخەری ناو)ە.
تێبینییەکی تر/ناو بە هەموو جێناوەکان تەواو دەکرێت، تەنیا جێناوی هەیی نەبێت، (هی، ئی).
جێناوەکانی نیشانە⬇️
1️⃣ئەمە⬅️جێناوی نیشانەیە بۆ تاکی نزیک.
2️⃣ئەمانە⬅️جێناوی نیشانەیە بۆ کۆی نزیک..
3️⃣ئەوە⬅️جێناوی نیشانەیە بۆ تاکی دوور.
4️⃣ئەوانە⬅️جێناوی نیشانەیە بۆ کۆی دوور.
🟣هەندێک لە نموونەکان⬇️
1️⃣جێناوی خۆیی ببێتە دیارخەری ناوە: پێنووسەکەی خۆتم پێ ببخشە.
2️⃣جێناوی نیشانە ببێتە دیارخەری ناو: دەسەڵاتی ئەوانە بەسەر چووە.
3️⃣جێناوی کەسیی سەربەخۆ ببێتە دیارخەری ناو: باوکی تۆ پێشمەرگەیە.
4️⃣جێناوی پرس ببێتە دیارخەری ناو: کوڕی کێ کوژراوە؟
5️⃣جێناوی نادیار ببێتە دیارخەری ناو: فڵچەی کابرا فڕێ بدە.
تێبینی/ ئەگەر جێناوەکانی(ئەوە، ئەوانە) لە کۆتاییی ڕستەدا هاتن، یەک بزوێنی(ە) هەبوو، جێناوی کەسیی سەربەخۆن، نەک نیشانە.
وەکوو: دەرچوونی تۆ بە یارمەتیی ئەوە.
وەکوو دەبینن جێناوی کەسیی سەربەخۆ تەواوکەری کاری ناتەواوە.
بەڵام ئەگەر جێناوی نیشانە هات، ئەوا ناوبەندی(ی) دەکەوێتە نێوان هەردوو بزوێنەکانی(ە).
وەکوو:دەرچوونی تۆ بە یارمەتیی ئەوەیە.
وەکوو دەبینن جێناوی نیشانە تەواوکەری کاری ناتەواوە.
ئامادەکردنی: ئازاد هەولێری.
@Fergyrezmanikurdi63

فێرگەی ڕێزمانی کوردی

11 Jul, 19:11


🟥ئەرکی ناو لە ڕستەدا وەکوو دیارخەری ناو.
پێناسە: بریتییە لەوەی ناوێک لەدوای ناوێکەوە بێت، ئامرازی دانەپاڵی(ی) بکەوێتە نێوان ناوەکان، ناوی یەکەم دەبێتە(دیارخراو) ناوی دووەمیش دەبێتە(دیارخەر).
⬅️یاسا/ ناو+ی+ناو.
نموونە: قەڵای هەولێر دێرینە.
1️⃣ناوی تاک: هیچ کاتێک نیشانەی(ان)ی پێوە نییە(پیاو، منداڵ، خانم)
2️⃣ناوی کۆ: هەمیشە نیشانەی(ان)ی پێوەیە(پیاوان، منداڵان، خانمان)
3️⃣ناوی ناسراو: هەمیشە نیشانەی(ەکە) پێوەیە(پیاوەکە، منداڵەکە، خانمەکە)
4️⃣ناوی نەناسراو: نیشانەی(ەکە) پێوە نییە، هەندێک کات نیشانەی(ێک، ەک)ی پێوەیە(پیاوێک، منداڵێک، خانمێک)
5️⃣ناوی تایبەتی: بریتییە لەو ناوەی تایبەتە بە ناوی کەسێک یان شوێنێک یان وڵاتێک... هتد،(کوردستان، سلێمانی، ئەڤین، زۆزک... هتد)
6️⃣ناوی گشتی: بریتییە لەو ناوەی گشتییە واتا تایبەت نییە بە هیچ شوێن و کەسێکی دیاریکراو(پێنووس، شاخ، نەخۆشخانە)
7️⃣ناوی تاکی ناسراو: نیشانەی(ەکە) پێوەیە(کچەکە، گوڵەکە، منداڵەکە)
8️⃣ناوی تاکی نەناسراو: هیچ نیشانەیەکی پێوە نییە(کچ، گوڵ، منداڵ)
9️⃣ناوی کۆی ناسراو: نیشانەی(ەکان)ی پێوەیە (کچەکان، گوڵەکان، منداڵەکان)
🔟ناوی کۆی نەناسراو: نیشانەی(ان)ی پێوەیە (کچان، منداڵان، ژنان)
1️⃣1️⃣ناوی دەستنیشان کراو بە هاوەڵناوی نیشانە: دەبێت بچێتە نێوان(ئەم... ە)تاکی نزیک.
(ئەو... ە)تاکی دوور.
ئەم دکتۆرە لێزانە.
ئەو دکتۆرە لێزانە.
چەند نموونەیەک.. ⬇️
1️⃣ناوێکی تایبەتی ببێتە دیارخەری ناوێکی کۆی ناسراو.
شاعیرەکانی سلێمانی خۆشەویستن.
2️⃣ناوێک
ی تاکی ناسراو ببێتە دیارخەری ناوێکی کۆی ناسراو.
ئاڵتوونەکانی ژنەکە فرۆشرا.
3️⃣
ناوێکی تاکی نەناسراوی گشتی ببێتە دیارخەری ناوێکی تاکی نەناسراوی گشتی.
قوتابیی شار دەرنەچوو.
4️⃣ناوێکی تاکی ناسراو ببێتە دیارخەری ناوێکی کۆی نەناسراو.
پارەکانم بە پیاوانی گوندەکە دا.
5️⃣ناوێکی تاکی ناسراو ببێتە دیارخەری ناوێکی تاکی نەناسراو.
منداڵی ژنەکە نەخۆشە.
6️⃣ناوێکی تاکی دەستنیشان کراو بە هاوەڵناوی نیشانە ببێتە دیارخەری ناوێکی تاکی نەناسراو.
ژیانی کچی ئەم شارە ناخۆشە.
7️⃣ناوێکی تاکی گشتی ببێتە دیارخەری ناوێکی کۆی نەناسراو.
ئەمانە کوڕانی شار بوون.
تێبینی/ هەر ناوێک لە بنەڕەتدا تاک بێت کۆ ناکرێت وەکوو(جەرگ، سەر، لووت)
تێبینی/ دەبێت هەر یەکە لە ناوی(دیارخراو و دیارخەر) کە دەدرێنە پاڵ یەکتری لەگەڵ ڕاستی و زانستی و ڕستەسازیدا بگونجێن.. بەتایبەتی ئەگەر ناوە(دیارخراو)ەکە کۆ بێت (دیارخەر)یش تاک بێت، چونکە ناتوانین بلێین(لووتەکانی ژنەکە، سەرەکانی پیاوەکە، دڵەکانی منداڵەکە)
ئامادەکردنی: ئازاد هەولێری.
@Fergyrezmanikurdi63

فێرگەی ڕێزمانی کوردی

21 Jun, 13:12


🟥هاوەڵکار لە ڕووی پێکهاتەوە.
هاوەڵکار: هاوەڵکار وەسفی کارێک دەکات و دەبێتە تەواوکەری کارەکە یان تەواوکەری هاوەڵکارێکی تر.
چۆن هاوەڵکار بناسمەوە؟
وەڵام/هەرکات باسی کاتی کرد دەبێتە هاوەڵکاری کاتی(دوێنێ، ئەمڕۆ، بەیانی، درەنگ، زوو)
هاوەڵکاری شوێنی(تەنیشت، ژێر، بن)
هاوەڵکاری چەندی(قیچەک، تۆزەک، زۆر)
هاوەڵکاری چۆنیەتی(بەخێرایی، بەئارامی، بەهێواشی)
هاوەڵکاری ڕێکخستن(نم نم، چین چین، دوو دوو)
تێبینی/وشەکانی(ڕۆژ، شەو، مانگ، بەهار، هاوین، پاییز، زستان)ناون.
وشەی ئەمڕۆ، نیوەڕۆ، ئەوسا.
ئەم+ڕۆ... . ڕۆ کورتکراوەی(ڕۆژە)
کەواتا... هاوەڵناوی نیشانە+ناو.
نیوە+ڕۆ... هاوەڵناو+ناو.
ئەو+سا...هاوەڵناوی نیشانە+ناو.
هاوەڵکار دەکرێت بە دوو جۆر.
1️⃣هاوەڵکاری سادە.
2️⃣هاوەڵکاری ناسادە.
🟦هاوەڵکاری سادە: ئەو جۆرەیە کە لە وشەیەکی واتاداری سەربەخۆ پێک هاتووە.
وەکوو(دوور، نزیک، زۆر... هتد)
هاوەڵکاری ناسادە، دەبێتە دوو جۆر.
🔴هاوەڵکاری داڕێژراو.
1️⃣پێشگر+ناو
وەکوو(بەناز، بەدڵ، بەگیان، بەزستان، بەشەو)
2️⃣هاوەڵناو+پاشگری(انە)
وەکوو(ئازایانە، چالاکانە، مەردانە)
3️⃣ناو+پاشگر(ێ).
وەکوو(ڕۆژێ، زستانێ، شەوێ)
4️⃣پێشگر(بە)+ناو+پاشگر.
وەکوو(بەبرایەتی، بێشەرمانە، بێباکانە)
5️⃣ناو+پاشگری(انە)
وەکوو(شەوانە، ڕۆژانە، شێرانە)
🟠هاوەڵکار لێکدراو: ئەو جۆرەیە کە لە دوو وشەی واتاردار یان زیاتر پێک دێت.
1️⃣ناو+ئامراز(بە)+ناو.
وەکوو(ڕووبەڕوو، ساڵ بە ساڵ، شار بە شار)
2️⃣ناو+ئامراز(او)+ناو.
وەکوو(پشتاوپشت، سەراوسەر، دۆڵاودۆڵ)
3️⃣دووبارەبوونەوەی ناو
وەکوو(پۆل پۆل، چین چین، نم نم)
4️⃣دووبارەبوونەوەی هاوەڵناو
وەکوو(دوو دوو، جوان جوان، خێرا خێرا)
5️⃣هاوەڵناو+(و)+هاوەڵناو.
وەکوو(پاکوخاوێن، تێروپڕ، کزومات)
6️⃣پێشگر+هاوەڵناو+پاشگر.
وەکوو(بەدڵشکاوی، بەسەربەرزی، بەڕووخۆشی)
ئامادەکردنی: ئازاد هەولێری
@Fergyrezmanikurdi63

فێرگەی ڕێزمانی کوردی

28 May, 10:15


🟦ئەرکی هاوەڵناو لە ڕستەدا وەکوو دیارخەری ناو.
🟡هاوەڵناو لەدوای ناوێکەوە بێت، ئامرازی دانەپاڵی(ە، ی) لە نێوانیاندا بێت.
یاسا/ناو+ی، ە+هاوەڵناو.
1️⃣(ی) تایبەتە بە ناوی(نەناسراو)ەکە.
2️⃣(ە) تایبەتە بە ناوی(ناسراو)ەکە✔️.
⬅️ئەگەر ناوە دیارخراوەکە نەناسراو بوو، کاتێک هاوەلناوێک دەبێتە دیارخەری ئەوا ئامرازی دانەپاڵی(ی) دەچێتە نێوانیان.
نموونە: مامۆستای دڵسۆز خۆشەویستە.
سەرنجی ڕستەکە بدەن.
مامۆستا: دیارخراوە.
ی: ئامرازی دانەپاڵە.
دلسۆز: دیارخەر.
بۆچی ئامرازی دانەپاڵی(ی) وەرگرت؟
وەڵام/ چونکە ناوەکە نەناسراوە.
نموونەی تر: گوڵێکی جوانم کڕی.
گوڵێک... دیارخراوە.
ی... دانەپاڵ.
جوان... دیارخەر.
2️⃣ئەگەر ناوە دیارخراوەکە ناسراو بوو، کاتێک هاوەڵناوێک دەبێتە دیارخەری، ئەوا ئامرازی دانەپاڵی(ە) دەچێتە نێوانیان، بەڵام هەرچی نیشانەی(ەکە، ەکان)ناسراوی هەیە دەچنە دوای هاوەڵناوەکە.
نموونە: گوڵە جوانەکە دەکڕم.
گوڵ+ەکە: تاکی ناسراو، دیارخراو.
ە: ئامرازی دانەپاڵ.
جوان: دیارخەر.
نموونەی تر: پیاوە ئازاکان خۆشەویستن.
پیاو+ەکان: کۆی ناسراو، دیارخراو
ە: ئامرازی دانەپاڵ.
ئازا: دیارخەر.
⬅️تێبینی/ ئەگەر ناوە ناسراوەکە چەند هاوەڵناوێکی لەدوا هات، ئەوا نیشانەی ناسراوی دەچێتە دوا هاوەڵناو.
نموونە: باخە جوانە باشە سەوزەکەم  کڕی.
سەرنج بدەن: باخ+ەکە... ناسراوە، دیارخراوە.
هەموو(ە)کان: ئامرازی دانەپاڵن.
🟥ئامرازی دانەپاڵی(ە) لە چوار دۆخدا دەردەکەوێت.
1️⃣ئەگەر ناوە دیارخراوەکە کۆتاییی بە نەبزوێن بێت، ئەوا ئامرازی(ە) دەردەکەوێت.
وەکوو: دارە جوانەکە وشک بوو.
دار+ەکە: دیارخراو، تاکی ناسراو.
ە: ئامرازی دانەپاڵ.
جوان: دیارخەر
2️⃣ئەگەر هاتوو ناوە دیارخراوەکە کۆتاییی هاتبوو، بە بزوێنی(ی) ئەوا (ە)ی دانەپاڵ دەردەکەوێت و پێویستی بە ناوبەندی(یـ) هەیە.
وەکوو: کانییە خۆشەکە وشک بوو.
کانی+ەکە: دیارخراو، تاکی ناسراو.
ی: ناوبەند
ە: ئامرازی دانەپاڵ
خۆش: دیارخەر.
3️⃣ئەگەر هاتوو ناوە دیارخراوەکە کۆتاییی هاتبوو بە بزوێنی (وو) ئەوا(ە)ی دانەپاڵ دەردەکەوێت پێویستی بە ناوبەندی(و)، بەڵام لە زمانی کوردی سێ (و) بەدوای یەکدا نایە، دانەیەک لە ناوە دیارخراوەکە دەسڕینەوە.
وەکوو: بەڕووە تازەکە فرۆشرا.
بەڕو+ەکە: دیارخراو، تاکی ناسراو.
و: ناوبەند.
ە: ئامرازی دانەپاڵ.
تازە: دیارخەر.
4️⃣ئەگەر ناوە دیارخراوەکە کۆتاییی بە بزوێنی(ا، ۆ، ێ، ە) هاتبوو لە یەک بڕگە پێک هاتبوو ئامرازی دانەپاڵی(ە)دەردەکەوێت، بە یارمەتیی ناوبەندی(یـ)، یەک بڕگەش زیاتر وشەکە دوو پیتە.
نموونە: "با"یە ڕەشەکە هەڵی کرد.
دۆیە شیرینەکە بکڕە.
ترێیە ڕەشەکە بخۆ.
شەیە زەردەکە بێنە.
ئەم وانەیە درێژەی هەیە.
ئامادەکردنی: ئازاد هەولێری.
@Fergyrezmanikurdi63

فێرگەی ڕێزمانی کوردی

04 May, 11:34


🔴ڕادە
دەبێتە دوو بەش.
1️⃣ڕادەی هاوەڵناوی.
2️⃣ڕادەی هاوەڵکاری.
سەرەتا بزانین هاوەڵناو چییە؟
هاوەڵناوی: وەسفی ناو یان جێناو دەکات.
وەکوو: دارا جوان بوو.
🟨ڕادەی هاوەڵناوی: دەبێتە دوو وشە وەسفی ناوەکە یان جێناوەکە دەکەن و مەرجە وشەی یەکەم یەکێک بێت لەمانەی خوارەوە.
(کەم، پیچەک، هەندەک، زۆر، گەلێک، تۆزێک، نەختێک، تۆزێک، فرە... هتد)
ئینجا ئەم وشانە دەبنە ڕادەی هاوەڵناو.
نموونە: دارا زۆر جوان بوو.
سەرنج بدەنە ئەم ڕستەیە بە دوو وشە وەسفی دارا کراوە، کە جوانە.
⬅️زۆر.... ڕادەی هاوەڵناوە، دیارخەری هاوەڵناوی چۆنیەتییە.
⬅️جوان... هاوەڵناوی چۆنیەتییە، دیارخراوە.
(زۆر جوان) گرێی هاوەڵناوییە. تەواوکەری کاری ناتەواوە.
نموویەکی تر: کچە زۆر باشەکە هات.
⬅️زۆر.. ڕادەی هاوەڵناوی.
⬅️باشەکە... هاوەڵناوی چۆنیەتییە.
⬅️زۆر باشەکە.. گرێی هاوەڵناوی، دیارخەری ناوی کچە.
نموونەی تر.. خانوویەکی گەلێک سەختی دروست کرد. خۆتان شرۆڤەی بکەن.
تێبینی/ ئەگەر وشەکانی(زۆر، گەلێک، کەم... هتد) بەتەنیا هاتن وەسفی ناویان کرد نابنە ڕادە، دەبنە هاوەڵناوی نادیار، ڕادە دەبێت دوو وشە بێت.
نموونە: پارەکە کەم بوو. لێرە هاوەڵناوی نادیارە.
🟦ڕادەی هاوەڵکار: دەبێت بە دوو وشە وسفی کارەکە بکەن، مەرجە وشەی یەکەم یەکێک بێت لەمانە(کەم، زۆر، گەلێک، هەندێک، کەمێک، تۆزێک، نەختێک، بڕێک... هتد) ئینجا ئەم وشانە دەبنە ڕادەی هاوەڵکاری
نموونە: نانەکەم زۆر بەباشی خوارد.
⬅️زۆر... ڕادەی هاوەڵکارییە، دیارخەرە.
بۆچی؟ چونکە ڕادەی هاوەڵکاری(ە، ی)لەپێش نایە، (ە، بوو، دەبێت) ناکەوێتە پاشی.
⬅️جوان هاوەڵکاری چۆنیەتییە، دیارخراوە.
⬅️زۆر بەباشی: گرێی هاوەڵکارییە، تەواوکەری کاری تەواوە.
نموونەی تر: گوڵەکە گەلێک زوو ژاکا.
⬅️گەلێک... ڕادەی هاوەڵکارییە.
⬅️زوو.. هاوەڵکاری کاتییە.
⬅️گەلێک زوو.. گرێی هاوەڵکارییە، تەواوکەری کاری تەواوە.
نموونەیەکی تر: پیاوەکە کەمێک دوور ڕۆیشت.
⬅️کەمێک... ڕادەی هاوەڵکارییە.
⬅️دوور.. هاوەڵکاری شوێنییە.
⬅️کەمێک دوور.. گرێی هاوەڵکارییە.
تێبینی/ ئەگەر وشەکانی(کەمێک، هەندێک، زۆر.. هتد) بەتەنیا هاتن و وەسفی کاریان کرد، نابنە ڕادە، بەڵکوو دەبنە هاوەڵکاری چەندی، ڕادە دەبێت دوو وشە بێت.
نموونە: ئەو زۆر دەخوات.
لێرە زۆر... هاوەڵکاری چەندییە
ئامادەکردنی: ئازاد هەولێری.
@Fergyrezmanikurdi63.

فێرگەی ڕێزمانی کوردی

30 Apr, 12:48


🔳 خولی نوێی فێرکاریی ڕێزمانی کوردی لە کۆڕی فێرگەی زمانی کوردیی هێما بەڕێوە دەچێت.

⚪️ هەموو حەفتەیەک، چوارشەممە، کاتژمێر ١٠:١٥ شەو.

❤️ ئایدیی کۆڕ: @korifergeyhema

فێرگەی ڕێزمانی کوردی

16 Apr, 12:21


🔴پرسیار فێرخوازان لە چ کاتێک (بە)و(لە) دەلکێن؟
وەڵام⬇️
1️⃣ئەگەر(بە) پێشگر بوو، (هاوەڵناوی داڕێژراو یان هاوەڵکاری داڕێژراو) دروست کردبێت دەلکێت.
نموونە:(ئەو بەهێزە)هاوەڵناو.
(ئەو بەهێز ڕادەکات) هاوەڵکار.
لەو نموونەی زیاتر دەردەکەوێت
(بەهێز، بەگڕوتین، بەبەلاش، بەخۆڕایی، بەجوانی، بەشەو،... هتد)
2️⃣ئەگەر(بە) ببێتە ئامرازی پەیوەندی یان(preposition)هیچ کاتێک نالکێت، چونکە وشەی نوێ زیاد ناکات.
نموونە:(بە هێز دەتوانین سەر بکەوین)
(بە هاوین سەیران خۆش نییە)
یان(من بە تۆم گوت)
3️⃣ بۆ سوێندخواردن هەمیشە (بە) جیا دەنووسرێت.
نموونە:(بە خودا ناخۆم).
(بە جوانیی تۆ درۆ ناکەم)
4️⃣ئەگەر (بە) ببێت بە پێشبەند هەمیشە جیا دەنووسرێت کاتێک( circumposition) دروست دەکات.
نموونە(پارەکەم بە ئەودا نارد).
(بە تۆوە دەژیم).
ئەو چوار خاڵە جێبەجێ بکە، ئیتر کێشەت نامێنێت لە لکاندن یان نە لکاندنی(بە).
🟡1️⃣ئەگەر (لە) هاوەڵکاری داڕێژراوی دروست کرد هەمیشە دەلکێت.
نموونە:(لەتەنشت دارەکە خەوت.)
(ئەو لەپێش هەموویان ڕۆیشت. )
لەو نموونانە زیاتر دەردەکەوێت(لەبن، لەژێر، لەبان، لەسەر، لەسەرخۆ، لەسەر لا، لەپشت... هتد)
2️⃣ئەگەر(لە) ببێتە ئامرازی پەیوەندی یان(preposition) هەمیشە جیا دەنووسرێت.
نموونە:(لە پارەی حەرام خۆتان بپارێزن)
(من لە تۆ خۆش بووم)
3️⃣ئەگەر(لە) ببێتە پێشبەند یان(circumposition) دروست بکات هیچ کاتێک نالکێت، چونکە پێشبەند نەلکاوە.
نموونە:(لە هەولێرەوە هاتووم)
(لە دڵمدا، ڕق نییە)
4️⃣ئەگەر(لە) لەگەڵ ئەندامەکانی جەستە بێت نالکێت چونکە هەرد دەبێت بە ئامرازی پەیوەندی.
وەکوو:(لە چاوی دیارە، تووڕەیە. )
(لە سەری دیارە زانایە. )
(لە پشتم ئازاری زۆر هەیە. )
5️⃣ئەگەر (لە) سەرەگرێ دروست بکات دەلکێت.
وەکوو(لەبیر، لەچاو، لەدەست، لەهۆش، لەکۆڵ... هتد)
ئامادەکردنی: ئازاد هەولێری.
@Fergyrezmanikurdi63.

فێرگەی ڕێزمانی کوردی

11 Apr, 17:14


بابەتێک ماوەیەکی زۆر بوو، سەرنجی ڕاکێشابووم، زۆربەی پسپۆڕ و خەمخۆرانی زمانی کوردییشی بە هەڵەدا بردووە، ئەمیش ئەوەیە⬇️
🔴ئایە(کەر)پاشگرە؟ ئایە ئەو وشانەی(کەر) دەچێتە سەریان ڕۆڵی پاشگر دەبینێت؟
ئایە وشەکانی(کارکەر، بیرکەر،هێلکەکەر، هتد..)لە دوو وشە پێک هاتوون؟
لە فەرهەنگی(هەنبانەبۆرینە) (کەر) وەکوو پاشگر هاتووە.
بەڵام بەپێی زانست ئەم بۆچوونە هەڵەیە، لە خوارەوە دەیسەلمێنین.
🟡ئەو وشانەی بە (کەر) کۆتایییان هاتووە، سێبەشن نەک دوو، چونکە کۆتایییەکەیان پاشگرە چۆن؟
وشەکانی(کارکەر، خەباتکەر، هێلکەکەر، قسەکەر... هتد).
لە چاوگەکانی(کارکردن، خەباتکردن، هێلکەکردن، قسەکردن)وە دروست بوون بە یارمەتیی پاشگری(ەر)
ڕەگی.. کردن(کە)پاشگری(ەر)
لەم نێوانەدا (ە) نانووسرێت، چونکە یاسای زمانی کوردی ڕێگە نادات دوو بزوێن بەدوای یەکدا بێن.
دەبنە.
⬅️کار+کە+ەر=کارکەر.
⬅️خەبات+کە+ەر=خەباتکەر.
⬅️هێلکە+کە+ەر=هێلکەکەر.
⬅️قسە+کە+ەر=قسەکەر.
تێبینی/هەموویان ناوی کارا یان بکەرین.
سەرئەنجام بۆمان دەرکەوت(کەر) نەک هەر ناکارایە، بەڵکوو هەر پاشگرێک نییە بەو ناوە.
ئامادەکردنی:ئازاد هەولێری.
@Fergyrezmanikurdi63

فێرگەی ڕێزمانی کوردی

29 Mar, 17:37


پرسیاری فێرخوازان لەسەر ئامرازە نەرێیەکان.
🔴دەبێ بزانین ئێمە کۆمەڵێک ئامرازی نەرێمان هەن، هەر دانەیەک بۆ کارێک بەکار دێت. ئامرازە نەرێیەکان(نا، مە، نە، نی)
ئەمانە هەمیشە بەسەریەکەوە دەنووسرێن، جێناوی لکاو بگرێت یان نەگرێت.
1️⃣(نا): ئامرازی نەرێیە بۆ کاری تەواوی ڕانەبردوو و کاری ناتەواوی داهاتوو.
نموومە: کاری ڕانەبردوو.
دەڕوات⬅️ ناڕوات.
بۆ ناتەواوی داهاتوو: دەبێتە مامۆستا. ⬅️نابێتە مامۆستا.
2️⃣(مە) ئامرازی نەرێیە، هەمیشە دەچێتە سەر کاری داخوازی و دەلکێت.
نموونە: نان بخۆن⬅️نان مەخۆن.
3️⃣(نە): ئامرازی نەرێیە هەمیشە دەچێتە سەر کاری ڕابردوو، لێرە فێرخوازان کێشەیەکی بچووکیان بۆ دروست دەبێت، چونکە کاری ڕابردوو جێناو دەچێتە دوای ئامرازی نەرێ.
نموونە: نزیک... خواردم⬅️نەمخوارد.
بەردەوام: دەمخوارد⬅️نەمدەخوارد.
تەواو: خواردوومە⬅️نەمخواردووە.
دوور: خواردبووم⬅️نەمخواردبوو.
4️⃣(نی): ئامرازی نەرێیە دەچێتە سەر کاری ناتەواوی ئێستا، هەمیشە ناوبەندی(ی) دەگرێت.
نموونە: جوانە⬅️جوان نییە.
6️⃣دۆخێکی تر کە لێڵی دروست دەکات، ئەو کاتەی(نە) وەکوو ئامرازی لێکدەر بەکار دێ هیچ کاتێک نالکێت.
نموونە: نە دەخوێنێت نە دەنووسێت.
نە فەقیر بێ کفن دەڕوات، نە دەوڵەمەند لە کفنێک زیاتر دەبات.
(بابەتاهێر)
هەرکات بوو بە ئامرازی لێکدەر نالکێت، تەنیا (نە) ڕۆلی لێکدەر دەگێڕێت.
بۆ سوێندخواردن هیچ کاتێک(نە، نا) نالکێن چونکە هیچ کاتێک ناچنە سەر پێشبەند.
🆗وەکوو: نا بە خودا پێم ناکرێت.
نا وەڵڵا پارەکەی پێ نادەم.
نە بە خوا هیچم پێ ناکرێت.
نە وەڵڵا هیچی نەناردووە.
🔴بۆ ناتەواوی ڕابردووش(نە) دەگرێت.  هەمیشە دەلکێت.
نموونە: جوان بوو⬅️جوان نەبوو.
ئامادەکردنی: ئازاد هەولێری
@Fergyrezmanikurdi63

فێرگەی ڕێزمانی کوردی

01 Mar, 15:21


🟥ڕوونکردنەوەیەک لەسەر مۆرفیم و جۆرەکانی
سەرەتا پێناسەی مۆرفیم دەکەین.
🟫مۆرفیم: بچووکترین دانەی زمانە، کە واتای هەیە یان ئەرک،
هەر شتێک لە بەشەکانی ئاخاوتن واتای هەبێت ئەرکی هەیە، بەڵام هەموو ئەرکێک واتای نییە.
🟡 وشەی ( ڕۆژە)
وشەی ( ڕۆژە ) لە دوو مۆرفیم پێک دێت، کە لە ( ڕۆژ+ە )پێک هاتووە وشەی (ڕۆژ )واتای هەیەو ناوە، بەڵام (ە )واتای نییە ئەرکی هەیە ئەویش ئەوەیە کە ئەرکی گۆڕینی وشەکەیە.
جۆرەکانی مۆرفیم چین؟
مۆرفێم سێ جۆرە
1️⃣مۆرفیمی ئازاد: کە لە فەرهەنگی و ئەرکی پێک دێت .
2️⃣مۆرفیمی بەند: کە لە داڕشتن و ڕێزمانی پێک دێت.
3️⃣مۆرفێمی ڕەگ
سەرەتا دێینە سەر مۆرفیمی ئازاد
(مۆرفیمی ئازاد)ئەو جۆرە ناوانەن، کە واتای ڕوون دەبەخشن وەک ( دارا، گوڵ، شاخ، دایک ، هتد ...)
(مۆرفیمی ئازادیی ئەرکی) ئەو مۆرفیم و ئامرازانەن، کە مانای ئەرک دەبەخشێتە وشەی دوای خۆی وەک ( بە ، بۆ ، لە ، هتد .... )
مۆرفێمی بەندی داڕشتن: ئەو جۆرە مۆرفێمانەنن، کە مانای وشەکە دەگۆڕن وەک( بەند، گا، باز، مەند، گە،   هتد ..... )
مۆرفیمی بەندی رێزمانی: ئەو جۆرە مۆرفێمانەن، کە مانای وشەکە ناگۆڕن واتا وشەکە مانای خۆی ون ناکات وەک( ەکە ، ان ، دە ، هتد ..... )
مۆرفیمی ڕەگ: ئەو وشەیەیە کە بچووکتر ناکرێتەوە واتە، واتای بەندە بە وشەکانی ترەوە وەک ( گر، کەو، نووس، هتد .... )
🟫تێبینی/ هەندێک یەک تاکە فۆڕم، دەتوانێت چەند مۆرفیمێک بنوێنێت وەک لە وشە هاودەنگەکاندا دەردەکەوێت. واتا هەم مرۆفیمی ئازادن، هەمیش دەتوانن بەند بن، بەپێی ڕستە دەردەکەوێت.
🟡(پێ، دار، باز، تا،... هتد)
لە ڕستەی(پێم دێشێ) و (پێم وایە)
سەرنج بدەنە هەردوو مۆرفیمی(پێ) لە یەکەمدا بۆ (قاچ) و لە دووەم بۆ ئامرازی بەند (بە) بەکار هاتووە(بە من وهایە)
لە ڕستەی(دارخورما بەرزە) و (سەردار نابێت زاڵم بێت)
سەرنج بدەنە هەردوو وشەی(دار) لە یەکەم مۆرفیمی ئازادە، لە دووەم مۆرفیمی بەندە، یارمەتیی ناوێکی داوە بۆ ڕۆنانی وشەیەکی نوێ.
لە ڕستەی(یار نەخۆش بوو، نەهات بۆ  جێژوان) و (کڕیار کاڵای خراپ ناکڕێت) سەرنج بدەنە هەردوو وشەی(یار) لە یەکەم مرۆفیمی ئازادە و لە دووەم مۆرفیمی بەندە، یارمەتیی مۆرفیمی ڕەگی داوە بۆ ڕۆنانی ناوێکی بکەری.
ئامادەکردنی و ڕێکخستنی: ئازاد هەولێری.
@Fergyrezmanikurdi63

فێرگەی ڕێزمانی کوردی

23 Feb, 06:00


د. گۆران سەباح.
دکتۆرا لە ڕەخنەگریی ئەدەبی.
دەڵێت: ئێمە شانازی دەکەین، کە وشەی بێگانە بەکار دێنین.
هیچ گرینگییەک بە زمانەکەمان نادەین، هەروەها دەڵێت زمانی کوردی وەکوو گاڵتەجاڕی سەیر دەکرێت.
گوێ لە قسەکانی بگرن.
@Fergyrezmanikurdi63

فێرگەی ڕێزمانی کوردی

21 Feb, 12:23


فێرگەی ڕێزمانی کوردی pinned «هاوڕێیان بەخێربێن بۆ فێرگەی ڕێزمانی کوردی، ڕۆژی سێشەممە یەکەم وانە دەخوێنین بە ناوی(کەرستەکانی زمان) بەهیوام بانگێشتی هاوڕێیانتان بکەن.»

فێرگەی ڕێزمانی کوردی

14 Feb, 08:04


🟨ڕوونکردنەوەیەکی پوخت لەسەر کار بەگشتی.
لەسەر دوو چاوگ، نموونە دەهێنینەوە، تێپەڕ و تێنەپەڕ(خوێندن، نووستن)
1️⃣کاری ڕێژەی ڕاگەیاندن، بە گەردانەوە.
*️⃣ڕابردووی نزیک⬅️خوێند، نووست
🟥گەردانکردن: (خوێندم، خوێندت، خوێندی، خوێندمان، خوێندتان، خوێندیان)
🟩(نووستم، نووستیت، نووست، نووستین، نووستن، نووستن)
*️⃣ڕابردووی تەواو⬅️خوێندووە، نووستووە.
گەردانکردن: (خوێندوومە، خوێندووتە، خوێندوویە، خوێندوومانە، خوێندووتانە، خوێندوویانە)
🟥(نووستوومە، نووستوویتە، نووستووە، نووستووینە، نووستوونە، نووستوونە)
*️⃣ڕابردووی بەردەوام⬅️دەخوێند، دەنووست.
🟦گەردانکردن :(دەمخوێند، دەتخوێند، دەیخوێند، دەمانخوێند، دەتانخوێند، دەیانخوێند)
🟫(دەنووستم، دەنووستیت، دەنووست، دەنووستین، دەنووستن، دەنووستن)
*️⃣ ڕابردووی دوور⬅️خوێندبوو، نووستبوو.
🟥گەردانکردن :(خوێندبووم، خوێندبووت، خوێندبووی، خوێندبوومان، خوێندبووتان، خوێندبوویان)
🟩(نووستبووم، نووستبوویت، نووستبوو، نووستبووین، نووستبوون، نووستبوون)
*️⃣ڕانەبردووی ڕاگەیاندن⬅️دەخوێنم، دەنووم.
گەردانکردن:(دەخوێنم، دەخوێنیت، دەخوێنێت، دەخوێنین، دەخوێنن، دەخوێنن)
2️⃣ڕێژەی دانانی⬅️(خوێندن، نووستن)
*️⃣ڕابردووی نزیک⬅️خوێندبا، نووستبا
🟨گەردانکردن: (خوێندبام، خوێندبات، خوێندبای، خوێندبامان، خوێندباتان، خوێندبایان)
🟫(نووستبام، نووستبایت، نووستبا، نووستباین، نووستبان، نووستبان)
*️⃣ڕابردووی تەواو⬅️خوێندبێت، نووستبێت
🟦گەردانکردن:(خوێندبێتم، خوێندبێتت، خوێندبێتی، خوێندبیتمان، خوێندبێتتان، خوێندبێتیان)
(نووستبێتم، نووستبێتیت، نووستبێت، نووستبێتین، نووستبێتن، نووستبێتن)
*️⃣ڕابردووی دوور⬅️خوێندبووبا، نووستبووبا
🟩گەردانکردن: (خوێندبووبام، خوێندبووبات، خوێندبووبای، خوێندبووبامان، خوێندبووباتان، خوێندبووبایان)
🟥(نووستبووبام، نووستبووبایت، نووستبووبا، نووستبووباین، نووستبووبان، نووستبووبان)
*️⃣ڕانەبردووی دانانی⬅️بخوێنم، بنووم
گەردانکردن: (بخوێنم، بخوێنیت، بخوێنێت، بخوێنین، بخوێنن، بخوێنن)
3️⃣ئەرکەکانی چاوگ وەکوو ناو.

1️⃣(بکەر)  خوێندن پێشمان دەخات.
2️⃣(نیهاد) خوێندن خۆشە.
3️⃣(بەرکار) دارا خوێندن تەواو دەکات.
4️⃣(ت.بەیاریدە) لە خوێندن دابڕام.
5️⃣(دیارخەری ناو) پەرتووکی خوێندن بەسوودە.
6️⃣(تەواوکەری کاری ناتەواو) کاری من خوێندنە.
ئەمە بابەتێکی کورت و پوخت بوو، بەهیوای سوودبینین.
ئامادەکردنی: ئازاد هەولێری.
@Fergyrezmanikurdi63

فێرگەی ڕێزمانی کوردی

22 Jan, 06:48


🟨وانەی شەست و حەوت.
گرفتی نێوان(و) و (وو)، لە زمانی کوردیدا بەتایبەتی کوردیی سۆرانی.
ئایە هەردووکی یەک شتن، بەشێکی زمانەوانان دەڵێن پێویستمان بە(وو) نییە کاتێک واتای وشەکە ناگۆڕدرێت، بەڵام ئەم قسەیە زانستی نییە، لە هیچ ناوەندێکی ئەکادیمی پشتی پێ نابەسترێت.
لە چوار جۆر باسی(و) دەکەین و شی دەکەینەوە نموونەش دەنووسین.
1️⃣(لە بواری دەنگناسی یان فۆنەتیکدا) لە ڕووی دەنگناسییەوە بۆ گۆکردنی دەنگی(و) دواوەی زمان بەرەو نەرمەمەڵاشوو بەرز دەبێتەوە، لێوەکان شێوەی دەگرنە خۆ، بەبێ تەگەر با لە سییەکان تێدەپەڕێ..
2️⃣(لە بواری واچناسی یان فۆنۆلۆجیدا)، لە سیفاتەکانی ئەم دەنگە لە ڕووی واچناسیدا جووتڕووە وەکوو بزوێن، و وەستاو نەبزوێن دەردەکەوێت.
نموونە(ولات⬅️Wilat)و (لاو⬅️Law) (و)کان وەستاون.
لە وشەی(گوڵ⬅️Gul)دا بزوێنن.
لە ڕێنووسی کوردیی لاتینیدا، هەر یەکە و پیتی تایبەت بە خۆی هەیە و هیچ کێشەیەکی نییە.
هەروەها یارمەتیی ڕێنووسی ئارامیشی داوە، تاکوو ببێتە هۆکار بۆ نەهێشتنی ئەم باسە، گوایە هیچ جیاواز نین.
(و) لە بزوێندا هەمیشە کورتە، (وو) لە بزوێندا هەمیشە درێژە.
(و) دەبێتە نەبزوێن و لە سەرەتادا دێ.
(وو) هەرگیز نابێتە نەبزوێن و هەرگیز لە سەرەتادا نایە.
لە داڕشتنی بڕگەدا(و) کاتێک دەبێتە ناوک هەمیشە بزوێنە(توند).
بەڵام گەر وەکوو پاشناوێک هات، دەبێتە وەستاو یان نەبزوێن(کەو، خاو)
3️⃣(لە ئاستی وشەزانی یان مۆڕفۆلۆجیدا) (و) مۆڕفیمێکی داڕێژراوە، دەچێتە قەدی چاو، بۆ دروستبوونی هاوەڵناو، ئەگەر کۆتاییی کارەکە بزوێن بێت وەکوو:(سووتاو، فەوتاو، ترشاو)
بەڵام ئەگەر نەبزوێن بێت(وو)ی درێژ وەردەگرێت وەکوو:(مردوو، بابردوو)
4️⃣(لە ئاستی ڕستەسازیدا)
*️⃣(و) ڕۆڵی بەستن دەگێڕێت.
(ناو و ناو و...)نموونە(سەردەشت و سەقز و مەریوان و مهاباد)چوار شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستانن.
*️⃣(هاوەڵناو و هاوەڵناو و)
وەکوو.... سێوەکە گەورە و سوور و شیرینە.
5️⃣ئەگەر(و) و (وو) دوو فۆنمیش نەبن وەکوو وەکوو ئەوان دەڵێن، جیاوازیی نێوانیان زۆر زۆر زەقە زیاتر لە سەدەیەکە (و) کورت و (وو) درێژ کەوتوونەتە نێو ئەلفبێی کوردییەوە، سەدان کتێب بەو دوو پیتە، کە جیاوازن نووسراون بۆیە ناکرێت بە بیانۆی ئەوەی جیاواز نین.. وشەیەکی وەکوو(دوو بکەین بە دو) کە هەمان کێشە لە(ی)دا هەیە.
لە خوارەوە چەند نموونەیەک دەنووسین کە بە گۆڕینی و... بۆ وو، هەروەها پێچەوانەش واتای دەگۆڕێت.
کول ⬅️⬅️ کوول.
کوڕ ⬅️⬅️ کووڕ.
تور ⬅️⬅️ توور.
قول ⬅️⬅️ قوول.
چون ⬅️⬅️ چوون.
ڕەنگە زیاتریش هەبن.
نووسینەوە و ئامادەکردنی: ئازاد هەولێری
@Fergyrezmanikurdi63