وە پێمان گەیشتووە کە ھەندێك لە ھاوەڵانی المریسي پێیان وتووە: چی دەکەی لەم سەنەدە باشانەی کە ئەوان بەڵگەیان پێ دەھێننەوە لەسەرمان بۆ ڕەتدانەوەی مەزھەبەکەمان، کە ناتوانرێن بە درۆ بخرێنەوە؟ وەکو : سفیان لە منصور لە الزھري، وە الزھري لە سالم، وە أیوب و ابن عون لە ابن سیرین، وە عمرو بن دینار لە جابر لە پێغەمبەرەوە ﷺ، وە ھاوشێوەکانیان؟
المریسي وتی: ڕەتی مەکەنەوە چونکە ناشرین دەکرێن، بەڵکو بە لێکدانەوە سەریان لێتێك بدەن ئەو کات بە نەرم و نیانی ڕەتی دەکەنەوە چونکە ناتوانن بە توندی ڕەتی بکەنەوە، ھەروەكو چۆن ئەم ڕەخنەگرەش ھەمان شتی کرد.
وە ھەندێك لەوانەی گێڕدراونەتەوە بۆی باس دەکەین لەم دەروازانەی وەکو خۆشەویستی و بوغز و تووڕەیی و ڕق و کینە و ھاوشێوەکانی.
٢٠٧- پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: (ھەر کەس گەیشتنی بە اللە پێ خۆش بێ ئەوا اللە گەیشتنی بەو پێ خۆشە، وە ھەر کەس گەیشتنی بە اللە ڕق لێبێ ئەوا اللە گەیشتنی بەو ڕق لێیە).
رسول اللە ﷺ ھەردوو ڕقەکەی لە خالق و مەخلوقەوە بەیەکەوە باس کرد.
٢٠٨- رسول اللە ﷺ فەرمووی: (ھەر کەس گەیشتنی بە اللە پێ خۆش بێ ئەوا اللە گەیشتنی بەو پێ خۆشە، وە ھەر کەس گەیشتنی بە اللە ڕق لێبێ ئەوا اللە گەیشتنی بەو ڕق لێیە، مردنیش لە پێش گەیشتنەوەیە بە اللە).
٢٠٩- رسول اللە ﷺ فەرمووی: (ئەگەر اللە بەندەیەکی خۆش بوێ بانگی جبریل دەکا، دەفەرموێ: من فڵانم خۆش دەوێ ئێوەش خۆشتان بوێ، بۆیە ئەھلی ئاسمان خۆشیان دەوێ، فەرمووی: پاشان قبوڵی لەسەر زەوی بۆ دادەنرێ، وە کاتێك ڕقی لە بەندەیەکی بێت بانگی جبریل دەکا، دەفەرموێ: من ڕقم لە فڵانە ئێوەش ڕقتان لێی بێ، بۆیە ئەھلی ئاسمان ڕقیان لێی دەبێ، وە ڕقی بۆ دادەنرێ لەسەر زەوی).
٢١٠- سفیان وتی: اللە بەندەیەکی خۆش نەویستووە دواتر ڕقی لێبێ، وە بەندەیەکی ڕق لێنەبووە دواتر خۆشی ویستبێ، وە پیاو ھەیە بت دەپەرستێ و بەندەی اللە ـشە.
[واللە اعلم، دیارە مەبەستی ئەوەیە لەوانەیە پیاوێك کافریش بێ بەڵام اللە خۆشی بوێ و دواتر ھیدایەتی بدا].
٢١١- رسول اللە ﷺ فەرمووی: (بوغزاوترین پیاو لای اللە ئەوەیە کە توندترین مشتومڕ دەکا).
٢١٢- رسول اللە ﷺ فەرمووی: (اللە ڕقی لەو زمان پاراوانەیە لە پیاوان کە زمانی دەھێنێ و دەبا وەکو چۆن مانگا زمانی دەھێنێ و دەبا).
٢١٣- رسول اللە ﷺ فەرمووی: (بە دووڕوو مەڵێن: گەورەمان، چونکە ئەگەر ئەو گەورەتان بێت ئەوا پەروەردگارتان توڕە کردووە).
٢١٤- لە عبداللە بن عمرو، لە پێغەمبەرەوە ﷺ کە پیاوێك پێی وت: یا رسول اللە ﷺ کام ھیجرەت و جێھێشتنە باشترینە؟ فەرمووی: (ئەوە جێ بھێڵی کە پەروەردگارت ڕقی لێیەتی).
٢١٥- رسول اللە ﷺ فەرمووی: (پەروەردگارمان سەری سوڕما لە دوو پیاو: پیاوێکیان دەرچووە لە جێگا و جلی خەوەکەی لە نێوان خاو و خێزانیدا بۆ نوێژکردن، وە پیاوێك جەنگاوە لە پێناو اللە وە بەزێنراوە، زانیویشیەتی کە چی لەسەرە ئەگەر ھەڵبێ وە توانای گەڕانەوەشی نەماوە جا دەگەڕێتەوە ھەتاکو خوێنی دەڕێژرێ).
٢١٦- پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: (پەروەردگارمان سەری سوڕما لە کەسانێك کە بە کۆت و زنجیرەوە ھێنران تا دەیانخاتە بەھەشتەوە).
٢١٧- لە علي بن ربیعة ـوە کە لە دوای علي ـەوە سوار بووبوو، علي رضي اللە عنە فەرمووی: لە دوای پێغەمبەرەوە ﷺ سوار بووبووم فەرمووی: (پەروەردگارمان سەری سوڕما لە بەندەیەك کە وتی: سبحانك لا إلە إلا أنت، إني قد ظلمت نفسي فاغفر لي إنە لا یغفر الذنوب إلا أنت).
٢١٨- رسول اللە ﷺ فەرمووی: (چی دەڵێن دەربارەی دڵخۆشی پیاوێك کە وڵاخەکەی لە دەستی ڕایکردووە و جڵەوەکەی دەخشێ بە زەویەکی وشکدا کە ھیچ خواردن وخواردنەوەیەکی لەسەر نیە و خواردن و خواردنەوەکەشی لەسەر پشتی وڵاخەکەیە، جا بە دوای دەگەڕێ ھەتاکو ماندوو دەبێ پاشان بەلای لقی درەختێکدا تێپەڕ دەبێ، جڵەوی وڵاخەکەی بە لقەکەوە گیر بووە ئەمیش بەو شێوەیە دەیدۆزێتەوە؟)وتمان: زۆرە یا رسول اللە [واتە دڵخۆشیەکەی], فەرمووی: (واللە اللە بە تەوبەی یەکێكتان زۆر لەوە خۆشحاڵترە کە دەکەوێتە لای حوشترەکەی لە زەویەکی وشکدا).
٢١٩- رسول اللە ﷺ فەرمووی: (اللە تبارك و تعالی بە تەوبەکردنی یەکێکتان خۆشحاڵترە لە پیاوێك کە لە زەویەکی وشك بوودایە، وە وڵاخەکەی لەگەڵ بووە کە توێشوو و سامانەکەی لەسەر بووە، دواتر پاڵی داوەتەوە بە وڵاخەکەیەوە چاوی بەسەریدا زاڵ بووە و خەوتووە، پاشان کە ھەستاوە وڵاخەکەی ڕۆشتووە، ھەڵدەستێتە سەر پێ ھیچ نابینێ و دادەنەوێت ھیچ نابینێ، پاشان دەڵێ: دەگەڕێمەوە بۆ ئەو شوێنەی کە لێی خەوتم تاکو دەمرم، فەرمووی: دەگەڕێتەوە و دووبارە چاوی بەسەریدا زاڵ دەبێ و دەخەوێتەوە، پاشان ھەڵدەستێ و وڵاخەکەی بەسەر سەریەوەیە, پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: اللە بە تەوبەی یەکێکتان خۆشحاڵترە لە خاوەنی ئەو وڵاخە کاتێك دەیدۆزێتەوە).