ڤیدیۆى ساتى شەهیدکردنى نیاز دەرگەڵەیى لەلایەن دەزگاى ئاسایشى هەرێمەوە بڵاوکرایەوە
نیاز جەلال بەگ، تەمەن 70 ساڵ و ناسراو بە نیاز دەرگەڵەیی، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی ناوەندیی یەکێتی بوو. دووجار ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و باوکی 11 منداڵ بوو. شەوی هەینی، 18-8-2023 لەنێو باخەکەی خۆی لە رانیە کوژرا.
لەو بارەیەوە، دەزگای ئاسایش ئاماژە بەوە دەکات، سێ تۆمەتبار "لە هەولێرەوە لە سنووری گوندی بێستانەوە خۆیان گەیاندووەتە شوێنی رووداوەکە و پاش دڵنیابوونەوە لەوەی نیاز دەرگەڵەیی بەتەنیایە (دوو) لە تۆمەتباران بەپیادە لە بەشی پشتەوە (تەلی سیاجی) باخەکە دەبڕن و یەکێک لە تۆمەتباران دەچێتە ژوورەوە و ئەوەی دیکەیان لە دەرەوەی باخەکە چاودێریی دەکات."
دەشڵێت، بەپێی لێکۆڵینەوەکانی تیمی بەڵگەی تاوان، "تەنیا شوێن پێی یەک تۆمەتبار پاش ئەنجامدانی تاوانەکە لەکاتی هەڵگرتنەوەی شوێن پێیان بەدیواری باخەکەدا دەمێنێتەوە و بەچەکی جۆری دەمانچەی بێدەنگ، لەگەڵ بینینی (نیاز دەرگەڵەیی) لەناو ماڵەکەی (5) فیشەک دەتەقێنێت و (3) فیشەک بەر سەری (نیاز دەرگەڵەیی) دەکەوێت و دەبێتە هۆی شەهیدبوونی."