مامۆستا ئاسۆ

@aso_najjari


کاناڵی فەرمی:🔻
#موحەمەد_سەعید_نەجاڕی
#ئاسۆ

مامۆستا ئاسۆ

20 Jan, 23:11


🌺پێکی هەوەڵ🌺

چۆڵە بێ تۆ ماڵەکەم، کەی دێ و ئاوای کەیتەوە؟
هەر کەسێ گەر دەنگی پێی دێ دڵ دەڵێ حەتمەن ئەوە

ئەو شەوەی فەرموودەیە، واخیر و من الف شهر
هەر شەوی دیدارە بێ شک مام مەلا گیان داکەوە

ساقیا هەر ئەو یەکەم پێکەت  تەواو  هێناویەتی
تاکوو نوورین بێ کەلیمەم پێکێ دیکەش تێکەوە

تاوەکوو لێم دووری شادیش زیز بوە تۆراوە لێم
خێری سەت ڕۆژووی هەیە گەر بێ و ئاشتمان کەیتەوە

من بەعیشقی تۆ لەپیریدا جەوانیی خۆم دەکرد
مەستی بادەی عشقی تۆ بووم خۆم بەشا ناگۆڕیەوە

تا ئەوینی نیشتمان و تۆ چرای ڕێم بێ یەقین
بەر هەڵەستم نین لەڕێدا تۆف و بەند و بادەوە

ساڵەهایە چەشنی ون بوویێک لەهەر دەرکێ دەدەم
قەت خشەی یەک پێم نەبیست بۆم بێ لەئەو دیو دەرکەوە

چاوی من هەر ئاشنای ڕێی ئاشنایانی گەلە
چاوەڕێی هات و هەلە هەر بۆیە دایم بێ خەوە

ئەی ڕەقیب مردووت مرێ ئاسۆت چلۆن ناسیوە تۆ؟
میسرەعێکی بارتەقای چەند کۆپلە ئەشعاری نەوە

#ئاسۆ
#بۆکان  6   6   03

مامۆستا ئاسۆ

20 Jan, 21:27


🌺کاریزما🌺


خۆ هەر پەڕۆیێک دوو خەتی ڕەنگیی هەبوو ئاڵانیە
مێرخاسی شەرتی خۆی هەیە، هەرپووشێ کاریزما نیە

هەر کەس سمێڵی تیژترە پیشاندەری جەوهەر نیە
ڕۆژووی سیاسی پێدەوێ، هەر بەردێ زێڕی تیا نیە

تۆ! هەر ئەوینداری وڵاتانی لەخۆت بێگانە بی
نابیتە مەعشووقی گەلت خۆ گەلپەرەستی وا   نیە!

چاو کە لەسەر بەردی ڕەقی سووراوی ئەم شاخ وکەژە!
خوێنی شەهیدی میللەتە، بەو خوایە شوێنی پا  نیە

مەسکەو، عەماری نان نیە، هەر مەککە جێی قورعان نیە
غەیرەز وڵات و خاکی خۆت، هیچ شوێنێ ئۆتۆ پیا  نیە

شێری وڵات خۆت نەوێ، ڕێوی بییانی دەتگرێ
شیری مەمی دوژمن مژین، بەو خوایە کاری چانیە

غەوواسی بەحری تێگەیین سەر باڵی تەڕنابێ بەهیچ
چاوی نەزانین جوان بشۆی، هەر زەلکەیێ دەریا نییە

ئەو سۆزە وا سەوزەی لە سەر مەزرای دڵت بەرهەمیەتی
کینە و دزی و گۆڕان نیە، شیعر و نەی و گۆرانییە

پێت وایە ئاسۆ یەکشەوە وا بۆتە بێسانچی غەزەل؟
چل ساڵە ئاودێری وشەی هەورامی و سۆرانییە

#ئاسۆ
#سەقز   2     7    95   ئاسۆ

مامۆستا ئاسۆ

20 Jan, 20:55


🔶هەڵوێست🔶

ئەودەمەی شاعیر لە شیعرا وەسفی چاوی کاڵ نەکا
بەسیەتی چیتر نەنووسێ باشە خۆی خوێنتاڵ نەکا

ئەمن و عەوداڵ ساڵەهایە دەشت و کێومان مەسکەنە
چۆن دەبێ شیعرم بەپیریش مەدحی مام عەوداڵ نەکا


شیعر ئەگەر سووک بوو و بەجێی مووچڕکی لەش کینەی بزاوت
شاعیری ئەوشیعرە با ویژدانی خۆی پاماڵ نەکا


ڕاستە زاڵم هەربە بەتیغی تەنزی شاعیر سست دەبێ
حەقیە بۆ زاڵم بەڵام! با زەمبی خزم و خاڵ نەکا


کاکە لەم وەرزی نەخۆشی و دەوری دەرد و سەخڵەتە
پیاو دەبێ تاکێو هەبێ مەنزڵ لەنزمی و چاڵ نەکا


ئەو کەسەی هەم شاخ و شاری خۆش دەوێ دۆڕاو نیە
چۆن لەتەختەی سینگی کوێستان، ئارەزووی خاڵ خاڵ نەکا؟


لۆکەیە سینگی گوڵێ و زریانی دڕ گاڵەی دەکا
دیارە وەرزێر تا پەمووی بێ، خۆی بەهیوای گاڵ نەکا


پیاوی کوێر دەڕوا بەرەو لێواری چاڵێ پڕ لەقوڕ
تۆخودا بەو پیاوە چاوساغەی بڵێن، خۆی لاڵ نەکا

تالە غەزنەو قەندەهار ڕەش دەوری پارچەی سوور بدات
کێ هەیە ئاڵای حەیای زل هێزەکان شیتاڵ نەکا


پێی بڵێ ئاسۆ بە ئەوکابرا حەسوودەی دڵڕەشە
تاکوو باغی دۆست هەبێ لای کێوی دوژمن ماڵ نەکا

#ئاسۆ
#بۆکان  ۱۳   ٦   ٤۰۰ 

مامۆستا ئاسۆ

20 Jan, 20:25


وەشوێن کڵاوی لار

کێ دەزانێ، بۆچی من وێڵم بەلادێ وشارەوە؟
بۆ هەدادانم نیە، بەم حاڵەتە غەمبـــــــارەوە؟

کێ دەزانێ، چۆن لە دەرس و دەور و مەکتەب بووم وەڕەز؟
لەو عەزابەی دیم بە دەستی تاقمی هوشیارەوە

کێ دەزانێ چۆن لەشەترەنجی ژیان من مات و کش
بێکەس و جێ کەوتوو وم بەشوێن کڵاوی لارەوە

جا لە جێیێ هاوەڵانم، یەک بە یەک لێم بوونە دژ
خۆزگە بەو تیرەی کەبۆم دەخرێ لەکن  ئەغیارەوە

بای شەماڵی مەیلەکەت لە کوێیە سەرما کوشتمی
سارده با بەستوویەتی پەنجەم بە سیمی تارەوە

وەک گوڵینگ بۆ گەردنی بووکی خەیاڵی شیعرەکەم
تەرمی شۆڕ بووی چوار چرای دڵمە بەسەر سێدارەوە

جامەگەر تۆزێ وەسەر خۆم کەمێ لەو خۆڵەوا
بای شەماڵ جارجارە بۆم دێنێ لەکووچەی یارەوە

چش دەبا تۆش وەک نەیارانی گەلم ڕەحمت نەبێ
وەک مناڵ خۆم ژیر دەکەم تاهەم بەئەم ئەشعارەوە

با نەچرپێ ڕازەکەت ئاسۆ بە گوێی  نا  مەحڕەما
شەو لەتۆی شیعرێکی پڕ هیوای سبەی، بیشارەوە

# ئاسۆ
#مهاباد
بەهاری 1371

مامۆستا ئاسۆ

20 Jan, 19:57


📍کرمی خۆیی📍

خەو لە چاوم دا گسک دریاوە  ساقی بادەوە
ماری غەم عاڵقەی لەسەر دڵ داوە بەم گشت یادەوە

دەورە با هی مەش نەبێ! ئەم دەورە جامێ تێکەوە
تا سەمای سۆفی ببینن  زار بە فووی ئەو ڕادەوە

چەرخەکە هەر چەپ لە بۆ چیی هەژاران سووڕ ئەدا
چاوەڕێی چی تۆ لە نێو ئەم قاتی عەدڵ و دادەوە

کەی! وەفای بۆ کێ بووە دەوران لە کەیخەسرەو گەڕێ
شیرینی عیشقە بە تاڵیی ڕەنجەکەی فەرهادەوە

تاکوو یەکڕەنگ بێ ژیان تۆ هەر بە یەکڕەنگی بژی
لێی گەڕێ سەد ڕەنگەکان با بچنە ئەوبەر جادەوە

کوا ئەوان دەستیان دەگا هاوڕێی دەمێکی ئێمە بن
دایمە سەرگەرمن بە دەستی دایرەو ئەسنادەوە

ڕۆژ لەسەر بەرماڵی نوێژ دەستیان بەرەو ئاسمانە هەر
شەو لەگەڵ ساقی ئەسیر ماون بە جامی بادەوە

گەل لە نێو حەڵقەی هەڵە هەر گێژ دەخۆن، دێ و دەچن
سەر لەگەل زۆرتر دەشێوێ بەم هەموو ئیڕشادەوە

کرمی داری هەر لەخۆیە ترسی بێگانەت نەبێ
حاڵی هەروابوو گەلی ئێمە لەدەورەی مادەوە

حاڵی ئاسۆش حاڵەتی ئەو ئاسکەیە، هاڵا لە داو
کەس گرێی ناکاتەوە حەتتا لە کن سەییادەوە

#ئاسۆ
#سولەیمانی 2013

مامۆستا ئاسۆ

20 Jan, 19:49


🖤🖤🖤

لەو مڵکی ئەدەب حەیفە سەواران هەموو ڕۆیین
دەی هەستە ئەتۆش ڕێکەوە یاران هەموو ڕۆیین

ئەو تۆز و تەمەی گرتی بەری ئاسۆ دەڵێ پێت
جێماوی گەلۆ! شوهرەیی شاران هەموو ڕۆیین
                  بهار ـــ و،لە فارسیەوە ـــ ئاسۆـــ
بەداخەوە هاوڕێی دڵسۆز نیشمانپەروەر، عالم، زانای مێژوو و خۆشەویستی گەل و یاران ــ بابەشێخ حوسەینی سەوڵاوا ـــ بەجێمانی هێشت، ڕەنگە زۆر درەنگ جێگەی ئەوپیاوانە پڕ بێتەوە، بەڵام دڵنیابن ڕۆڵەی بە ئەمەگی ئەم دەورە ناهێڵن هەوڵەکانی ئەو ڕۆڵە دڵسۆزانه بەفیڕۆ بچێت و ڕێگایان درێژەی دەبێت.
یادی بەخێر، ڕێگەی پڕ ڕێبوار
محەمەدسەعیدی نەجاڕی ئاسۆــ بۆکان ـــ

مامۆستا ئاسۆ

20 Jan, 19:14


🌸بەهار🌸

نزیکەگەل نەجاتی بێ و گوڵۆڵەی بێتە سەر ڕاسی
مەڵێن قەت دەورە ناگۆڕێ، ئەوەی وایکوت .سەری ماسی

کە پەرچەم بوو بە دەسرۆکەی کچی سەرچۆپی من زانیم
بە بلوێر و بە بالۆرە، گەلی کورد مافی خۆی ناسی


بەهار هات و تەبیعەت بوو بەکانگای ڕەنگ و ئاوازە
لە زستان و لە بەد بەختی نەماوە دەنگی یا باسی

گوڵی سوورم لە بەر تۆیە بەهارم چەشنی پاییزە
لە بەر چاوم دڕووی شینە گوڵی سەر پەلکی ڕێواسی

ئەتۆ حەقتە لە ئامێزی ڕەقیبا غونچەی ئاسایی
گوڵی جوانیت بپشکوێ چون خەزاڵی باوەشی لاسی

ئەمن مەغڵووبی پیریی خۆم بژاری ڕووی سەر و شێوەم
بە هیچ ئامڕازێ نادروێ مەگەر بە برۆی وە کوو داسی

لە مێژە وەک پەپوولە باوەشی گوڵ جێی حەشارگامە
گوڵم زۆر دیوە ئەمما تۆ لە نێو پۆلی گوڵان خاسی

گەلم تا خێوی پەرچەم بێ و گوڵم ئازادی سەر دەم بێ
دەبێ حاڵی چ بێ ئاسۆ بە خۆی و شیعر وئیحساسی؟

#ئاسۆ
#بۆکان  بەهاری 88ی هەتاوی

مامۆستا ئاسۆ

20 Jan, 18:39


🌸چەپەڵ کردار🌸

هەر وەکوو منداڵ هەتا کەی دڵ بەکایە خۆش دەکەی؟
ئارەزووی پووچ و مناڵانە لە کەللەی بۆش دەکەی

مەی کە بۆ سەر خۆشیە بۆچی سەرت دێنێتە ئێش؟
بۆچی ناپرسی لەخۆت؟ کاکە خراپی نۆش دەکەی

خۆ سبەی ناڕوونە چی چاکە و خراپ کێیە کەسم
دوێنەکەت دۆڕاندوە، شەکراو لە نێۆ ئەوڕۆش دەکەی

تۆ لە سەر دونیای مەجازی خۆت مەگۆڕە چاوەکەم
بەم چەپەڵ کردارە لاقی خۆت لە عەرزی جۆش دەکەی

دوور نیە ڕۆژێ لە سەر ڕازت وەلاچێ پەردەکەت
تا بە کەی ئەو هەستە نا ڕاستەی دڵت سەر پۆش دەکەی؟

قەیدی ناکا جارێ شیرین بێ چەلێ ترشیش دەمت
دیارە بەم دوو زایقە تامی دمت مەیخۆش دەکەی

تۆ ئەگەر دایم بە تاڵی و دژ بەری ژین  ڕابری
مانگی خرمانان خەلەی خڵتە لە جیب و کۆش دەکەی

تۆ کە قەت عاشق نەبووی مەنعی ئەویندار بۆ دەکەی؟
چون بە شیر سووتاوە زارت فوو لە شەربەی دۆش دەکەی

عەیبی ئاسۆ هەر ئەوەندەن عاشقی خاک وگەلە
تۆ کە لالۆت خۆش نەوێ حەتمەن زەمی ئاپۆش دەکەی

#ئاسۆ
#بۆکان  زستانی 402

مامۆستا ئاسۆ

20 Jan, 18:22


🌸سەری سەودایی🌸

سەرێ سەودای ئەوینی تیا نەبێ بۆچیمە گڕکەی تاڵ
دڵێ بۆ دڵ نەکورکێنێ دەبێ بیدەیتە بەر گۆپاڵ

هەزار جارم نەسیحەت کردی ئەی چاو بەستە مەڕوانە
ئەتۆو سەیرانی گوڵزاران؟ بەکارت نایەسێوی کاڵ

دڵم فەرمووی بڕۆ لاچۆ بەوەڵڵاهی بەمن زیندووی
گڕووگاڵیش نەکەم چبکەم؟ دە ئیدی  داکەوە!منداڵ!

چ خۆشە کاتی پیریشت وەکوو منداڵیی ڕابوورێ
بەچەپڵەو هەلهەلە وەک شێت بکەویە شوێن کەری دەججاڵ

که کوێستانی سەرت خاڵخاڵی تێکەوت وخەمی لێ نیشت
لەغەم هەڵدە و بەشووتێ خاریجی کە هەروەکو فووتباڵ

لە سیحری زاڵمان هەرگیز مەترسێ زوڵم هەتا سەر نین
بە دەها تاجی شاهیم دیوە چۆن کەوتوونەتە بن چاڵ

بە ئاهی ساردی مەزڵوومان قەسەم دەوران لە گەڕدایە
زمانی گڕ دەهێنێ ئەم خەباتە بۆ کەڕ و بۆ لاڵ

ئەمن سەودای ئەوینی تۆم هەبێ قەت نایەڵێ پیربم
خەیاڵت عەینی سیمورغەو شەوان دەمخاتە سەر شاباڵ

بەرەو قافی وڵات و شوێنی کۆنی کوردم ئەڕفێنێ
بەمن چی رێی چیا سەختەو کە دەدڕێ کەوش و دەشکێ ناڵ

کەسێ سەر باڵی سیمورغی ئەوینی جێگەبێ سوبحێ
لە ئاسۆی ڕوونی دواڕۆژدا لەبۆی دێنن شەڕابی ئاڵ

#ئاسۆ
#بۆکان  ڕێبەندانی 402

مامۆستا ئاسۆ

20 Jan, 17:06


🌺شەوی یەڵدا🌺

‍ شە وی یەلدا بەیادی تۆ وە خۆشە
کە ئاڵقەی خۆشەویستی تۆم لە گۆشە

کە ناوت دێتە ناوا ن هێندە  بەرزی
بزەی دێتێ بەغەم کێ بۆت پەرۆشە

بدەن بانگێ بەگوێی باوکی جیهاندا
کە دایکێ، کۆرپەیێ گەورەی  لە کۆشە

ئەوەی زەممەت دەکا هەر لێی گەڕێێ گەڕ
بە ساغیتی  ببەخشە، ئەو   نەخۆشە

وەرە ساقی بەجامێ بگرە   دەستم
بە چاوی تۆ قەسە م کەللەم لەجۆشە

خەمی ئاوازی سحراوویت نەبێ قەت
ئەوان شمشاڵیان هەر پڕ   خرۆشە

قسەی دوژمن تەراشی هەرنەکەی نا
قسەی شیرین بنووسە و تاڵ بنۆشە

غولامی پیری مەیخانەت  منم من
بەقەولی کاکی ئەودیو: ئای کە  خۆشە!

هەزاران ئافەرین ئاشتی و تەبایی
هەزار لەعنەت لەوەی وا شەڕ فرۆشە

بەسەر تاریکیا نوور سەر کەوێ هەر
بزانە بیری زەڕدەشت و ئەشۆشە

هەتا ئاسۆ لە ڕوونی دا بمێنێ
جل و بەرگی ڕەش و تاری مەپۆشە

#ئاسۆ
#مهاباد
سەرماوەزی 402

مامۆستا ئاسۆ

20 Jan, 16:00


💠دوکتوری بێ تاوان💠


دوکتوری بێچارە چ بکا؟ چاوی من چارەی نییە
شینی یاران شینی کرد خۆ چاوە، ئاوبارەی نییە

چاو هەتا کەی گەش ببینێ؟ دڵ ئەوەند ڕەش هەڵگەڕا
شاعیرو ڕەشبین؟ نە، ئەو قەت هێزی ئەوکارەی نییە

تێر بوە لەم سەیری جەنگ و کوشت و ئاوارەی جیهان
چاوێ لێڵ نابێ خەمی ئەو خەڵکە ئاوارەی نییە

هەر کەسێ شەڕ  خوازە خوا بی باتەوە، خوارە خەتی
چاوی من هەر گیز سەوادی ئەو خەتە خوارەی نییە

حافزی سیپارەبی، پارەت نەبێ چارەت نییە
خۆڵ وەسەر ئەو دەردە دارەی کەوتو وەو پارەی نییە

دەرکراوی شارو دێم، ڕێبواری ڕێی دەریای ئەوین
کێیە ئاواتی مەلەی ئەو بەحر و ڕۆبارەی نییە؟

ماری پیریی دێ و پەلاماری وشەی شیعرم ئەدا
نا مەترسن، تەبعی من قەت ترسی ئەو مارەی نییە

هەر سەرێ مەستی ئەوین بوو حیرس و ئازی کەم دەبێ
هەر ئەویندارە، مەترسی نەفسی ئەممارەی نییە

تا بمێنی نووری چاو و هێزی پێی ئاسۆ وەکوو
مامە هێمن ماچ دەکا خاکی وەتەن چارەی نییە

#ئاسۆ
#ورمێ  14   8    02

مامۆستا ئاسۆ

20 Jan, 15:19


▪️شیوەنی ڕەنگ▪️

واهەمیسان کۆچی یارانی قەدیمیم کەوتە یاد
ئەو کەسانەی وا لەبۆ ئەو میللەتەی بوونە نماد

ئەوکەسانەی وا بە پێنووس و بەشیعر و شکڵ و ڕەنگ
سەبتیان کردوون لەمێژوو، گەورەیی زاگڕۆس وماد

داخەکەم داخێ لە دڵمایە کەوا لەم عەسرەدا
جەوهەر و شیعر و هونەر بازاڕی هێندێ بوون کەساد

مەرگی ڕەنگە و شیووەنی شیعرە و ئەوا گەل هاتوو ون
شین بگێرن گشت لە گەڵ ئاسارەکانی شێرە زاد

موستەفایێ هەلبژێراوی گەل و خزم و کەسان
گەر لە بیستوونی دڵا سەد نەخشی کێشا وەک فەراد

شاری بۆکان تازیەبارە و یەکشەوەش ماتەم بەسەر
کوا حەقیقی و ئەفخەمی و نووری بکەن لەو عەسرە، یاد

یادی گەورەو ناودارانی موکوریان تا ئەبەد
هەر لەیادان دا دەمێنێ و میللەتیش نایدەن بەباد

ڕاستە ڕۆیشتن، بەڵام خۆ شوێنەواریان ماوە هەر
شوێنەوارێ هێند مەزن مێژوو بکا پێی ئیستناد

خۆ بە تایبەت نەقشی نەققاشانی وەک کاک مستەفا
سەبتە وەک مێژوو لە قەلبی باسەواد و بێسەواد

کۆچی یاران سەختە ئاسۆ دڵنیابە خاکی مە
یادی یارانی قەدیمی هەر دەکەن کەم نا! زیاد

#ئاسۆ
#بۆکان     16  7  02

مامۆستا ئاسۆ

20 Jan, 14:08


‍ ‍ 💠 پلار 💠

لەسەرم دایە هەوای هەڵبەستێ
سۆبە ئاسایی گڕی لێ هەستێ

ڕازی دڵ نامەوێ دەرخەم بەخودا
ماڵی چاو شێوێ تکەی ناوەستێ

وەرە هاوڕێی غەمەکەم با بگرین
کوا بەتەنیایی تەقەی دێ دەستێ

کێ دەڵێ دەرکی بەهار داخە لەچاو
کێ عەیب دەگرێ لە کاری مەستێ

قوڕی ئێمەیشی خودا واشێلا
نیە لەم کارە بەعەینی قەستێ

دڵنیام من، نییە تاوانی کەسێک
نوێژ بەرەو قیبلەی ئەوین دابەستێ

غەم مەخۆ کاکە بە گوفتەی ناکەس
کوا دەبێ سووک بەپلاری پەستێ

تاوەکوو کەعبەیی دڵ قیبلەت بێ
سەد بەناو حاجی بە تۆ ناوەستێ

بۆیە ئاسۆ دڵی پڕ خوێنە لە ژین
بێزی لەو هەموو ڕیا هەڵدەستێ!

#ئاسۆ
#بۆکان هاۆینی ٨٧
کتێبی نەورۆز/ لاپەڕەی ٢٠٦

مامۆستا ئاسۆ

20 Jan, 13:58


⭐️گەلاوێژ⭐️

وا گەلاوێژ  بیست و پێنجومیە بەکاتی چوارچرا
کوا دەزانێ نەسڵی ئەم عەسرە کەچی بوو وچی کرا؟

لاوی کورد! مێژوو نەزانی، لاوی دۆڕاوی لەژین
ڕووخەکە ئەو دیوەخانەی بێ بناغەی  دانرا

هەر لەخۆڕا شاری سابڵاغ نەبوە شانازی گەلۆ!
خاکەکەی سوورە بەخوێنی یەک برا نا، سێ برا

یازدە مانگ ئەم رۆژ هەڵاتەی بوو مەکوی ئازادی کورد
بچنە نێو  شیعری  موکوریان، تێدەگەن چۆن ڕابرا

کۆمەڵەی ژیناوەری کورد تەی ببوو قاچاخیەکەی
هەر وەکوو ڕۆژ هاتەدەر کاتێ کە ئاڵا  هەڵکرا

ڕۆژی کورد ئەو ڕۆژە ئاوابوو لە ئەو مەیدانەدا
چوونە سەردار و لەبۆیان ئەو پەتانەی هەڵخرا

ناکەوێ شەخسێ کە خاراوی خەمی خاک و گەلە
نا نەوێ کاخێ بناغەی وا بەپاکــــیی دانرا

تا لە ئاسۆوە هەڵێ خۆرێ  پەیامی ئاشتی
دای لە ئاوێنەی دڵی شاعیر دەبێتە چلچرا

#ئاسۆ
#بۆکان   گەلاوێژی ٤٠٢

مامۆستا ئاسۆ

20 Jan, 13:29


💠کۆچی عاتیفە💠

کۆچی کردوە عاتیفە لەم خاکە، دەک بێچارەخۆم
کێ دەزانێ ئادرەسی؟ دا بەشکوو بینێرێ لەبۆم

یەک دەڵێ ڕۆیی لە گەڵ ئەو هەورە باران هێنەکان
یەک دڵێ ڕۆیی لەگەڵ ماسیلە وردەی  وشکەچۆم

شایەدیش وێنەی کرێکارانی بێ ئەزموونی کار
کەوتە چاڵی مەسعەدی ئاپاڕتمانێ بیست نهۆم

خۆشەویستی بوو بەکۆتری ئاشتی و پێکرا بەتیر
هەر وەکوو ئەو بەردە قورسەی دەیخەیە نێو بەحروگۆم

چەشنی ئیکسیرە کەسێ دڵسۆز و کاری بێ لەدەست
پاکی بوونە کار بەدەستی کارگای بۆمبی ئەتۆم

چی بنووسێ شاعیری بیچارە ئیدی بۆ گەلی
هەر بەحاڵ ڕوو بکاتە خەڵک و پێی بڵێ خەمخۆری تۆم

ئاشکرا دوو مێرد مناڵ قەممەی دەکێشن لێ وەکوو
ساموڕایی ژاپۆن و ئەو پیاوکوژانەی کۆنە ڕۆم

عاتیفە گەر کۆچی کرد هێمنایەتیش بێکەس دەبێ
پاشی چل ساڵ عومری ئەم دەورانە وا سەلما لەبۆم

ژینی  نێو دونیای مەجازی بۆ حەقیقەت بوو بە سەم
ئەو بەری ئاویش خراپتر، ئەی خودا! بۆکوێ بڕۆم؟

چەندە ئاسۆ دڵپڕە لەم تەنگەژەو بێدادیە
جا مەگەر ئاو بێنم و دەستم لە هەڵبەستان بشۆم

#ئاسۆ
#بۆکان   ١  ٥  ٤٠٢

مامۆستا ئاسۆ

20 Jan, 12:49


🌸هیوا🌸

چاوەکانت وەک هەڵۆ نیشتوون بە شای مەردانەوە
چاوەکانت دوو کەون، وێڵن بە دووی هێلانەوە

ڕاوچیێ پیرم، فەقەت هەودای تەماشان، داوی من
تۆ بڵێی کەو پێوەبێ، قەت تازە بەو داوانەوە؟

خۆزگە ڕۆژێ وەک چەلان دۆی داوەتم بای داخەکەم
هەر وەکوو عەوداڵ کوتی( دۆ ناچنە دەس پیرانەوە)٭

حاسڵی عومرم چ بوو؟ دوو شیعر و سێ پەڕتووکی کۆن
بۆیە قەت نابم پەشیمان، لەو هەموو داو نانەوە

پیاو کەپیر بوو هەر وەکوو منداڵ گڕوو دەگرێ گوڵم!
ڵێم گەڕێن، خۆم ژیر دەکەم تاهەم بەئەم شیعرانەوە

هەر کەسم دی خوێن لەنێو دڵیابوو، ئاهیش ساردی سارد
حەق بەوانە، ئاو ئەگەر لێڵ بوو لە سەر چاوانەوە

چۆن تەمایاری کە ئاوی ڕوون گەروومان تەڕ بکا
چۆن خەڵک دڵخۆش دەبن بەم گەورە بەد ناوانەوە؟

خۆزگە بەو شەخسەی لەنێو ئەم گەرمە بازارەی درۆ
چاوی تۆ بەو نەرمیەی، کۆرپەی دڵی حاوانەوە

ئێستەکەش قەت ناهومێد نێم تاکوو کوێستان تەم دەکا
هەر دڵم خۆشە بە بایێ دێ لە کوردستانەوە

شانی شیعرم شل بوە هیند باری مەینەت قورسی کرد
بەز نیە نەمدی میداڵی خوێڕیەتی بەو شانەوە؟

من دەزانم ساردو سەرما قەت هەتا سەر هەر نیە
دەوری گوڵ هەر دێتەوە دیسان لە پاش زستانەوە

ڕوون دەکەن ئاسۆی دڵم، پیریی چ حەددی دەر کەوێ؟
دەستە دەستە هەوری ڕەحمەت دێن بەدەم بارانەوە

#ئاسۆ
گوێگجەلی  ٢٨   ٣  ٤٠٢
#بۆکان

٭ئەو نیومیسرەعە هی شاعیری هاوڕێم مامۆستا سەعدوڵا عەوداڵە.

مامۆستا ئاسۆ

20 Jan, 12:29


‍ ‍ 🌺هەڵنەوەری🌺


گوڵە شەمدانی چەنێ جوانی! ڕەبی هەڵنەوری
تا لە  ئەم حەوشەیە میوانی، ڕەبی هەڵنەوەری

چیه مەعنایی زەمان؟ ڕادەبرێ هەر بەدزە
مانگی گوڵ تێپەڕی نەتزانی، ڕەبی هەڵنەوەری

من دەزانم تەمەنی جوانی و گوڵ چەن کورتە
ئەی گوڵی دەورو بەری کانی، ڕەبی هەڵنەوەرێ

ئەی وەنەوشەی دەمی جۆباری بەهاری بەنەشە
خەبەری مردنی زستانی ڕەبی هەڵنەوەری

هەڵوەرین گەوهەری فرمێسکی جودایی دڵ و گوڵ
تۆ، تکەی چاوی پەشیمانیی ڕەبی هەڵنەوەری

پەلکە ڕێحانە! بە بۆن بە بەرامە ی! نەبەزی!!
وەک خەیاتەی قژی کیژانی ڕەبی هەڵنەوەری

ئەی شلێڕەی سەر و چاو شۆڕ لەبەر ئەو خاکە لەوێ
عاشقی سەر زەوی کوردانی ڕەبی هەڵنەوری

تۆش گوڵێکی کە لە پاناوکی کەویردا شین بووی
بۆ منی غەمزەدە دەرمانی ڕەبی هەڵنەوەری

لەوهەموو داروگوڵەی بوون بە ئەوین بۆ ئاسۆ
گوڵە شەمدانی! ئەتۆ جوانی ڕەبی هەڵنەوەری

#ئاسۆ
#بۆکان 7  3   402 

مامۆستا ئاسۆ

20 Jan, 11:56


🖤 بۆکۆچی مامۆستا فەیز بەخش🖤

بەچاوی دڵ لەئێمە جوانترت دنیا دەدی کاکە
دەزانم من لە دونیا دا ڕەوشتی تۆ چەنێ پاکە

ڕەبی لێڵایی زۆرتر بگرێ بەر چاوی سەری ئاسۆ
کە وا ئەو شۆکە  ئارام گیان، سەرین و دۆشەکی خاکە

لە پاش تۆ چاوەکەی چاوم چ خاکێکی بەسەردا کەم؟
کە خاکی پاکی ئەم شارەش بە خوێناو سوورو نمناکە

لە کۆڕی شاعیران شیوەن دەگاتە مەرتەبەی ئەعلا
لە نێو گۆڕدا بەچاوی نووری حەق هەندێ تەماشاکه

دەزانی چەندە خوێڕی و پووچ گرە ئەم عەرزە گەورەی من!
لە ئەم لا زۆر کەمت دی تۆ، ئەدی چاوێکی لەولا کە

لەوێ لەو عالەمی ئەرواحە کەس ناتوانێ دو ڕوو بێ
بەڵام لێرانە شەوگاری هەژاران زۆر سەهمناکە

نەماوە قەدری (باغە) و (کارەبا) بێ قەدرە شیعری چاک
لە ئەم دەورانەدا موورووی بەقیمەت تۆرەمەی (لاکە)

لە شیعری قورس و قاییم ڕەو دەکەن قورسایی قاچاخە
درۆی خۆشتر دەوێ قازی ئەوەی بەندیشە دڵپاکە

عیلم قەدری نەما و مەکتەب لە مامۆستا بوون خاڵی
هەمووی باسی فریشتە و دێو و خێو و جند و ئەلهاکە

لە عەسری وا کەسێ گەر شاعیری قەومێکی بن دەس بێ
وەکوو لاوانی بێچارەی خوراکی ماری زەححاکە

مەگەر خوا خۆی بە لوتفی خۆی وەدەرخا نووری هیوایێ
دڵی خەڵکیش وەکوو ئاسۆ، لەئەم دەورانە غەمناکە

#ئاسۆ
 #بۆکان  29   2   402

مامۆستا ئاسۆ

20 Jan, 11:19


🌺یاری ئاسۆ🌺


زۆر لەمێژە پێکەنین نا ئاشنای سەر لێومە
قەیسم و بێزار لەگەل، هەر ئارەزووی سەر کێومە

هێندە خۆیی بوونە خۆرەی شادمانیم بۆیە وا
چەشنی باغی بێ سەنەد هەر دوشمنی خۆم خێومە

ئەو گەلەی من تا بوە گوڵچێن بوەو دەخڵی دڕک
زەردی دەردی بێکەسی جێگەیی زێڕ و زێومە

گەرچی دەسکەوتی خەباتم نان و ئاو بوو بۆ دژان
سەیرە لای ئەو کافرە هەر زیددی شۆڕش نێومە

بەسمە مەیهاوێ بەرەومن تیری تانەت ئەی ڕەقیب
من بەپیریش ئارەزووی برژۆڵی دڵ ئەنگێومە

دورە ئاوات و لەژین بێزار و بێ عەشق و ئەوین
دایمە دڵ بڕسی و خەمی شامم بەجێگەی شێومە

نان و ناوە باعیسە لای قودرەتان سووک بێ بەشەر
خوا دەزانێ خۆی کە من چەند ڕق لە نان و نێومە

ئەسڵەحەم شیعرەو مەزاقم جوانیەو نانم پەنیر
نانی بەربانگم هەبێ کوا من خەمی پارشێومە

بووکی ڕازاوەی خەیاڵی شیعری من شۆڕشچیە
تێنەگەی گەر من لەگەڵ زیندانیی ژێر چارشێومە

یاری ئاسۆ ئەو کوڕ و کیژانەیە وا ڕاپەڕین
من دەگەڵ کەژوان و لاوان و کچی کێو پێومە

#ئاسۆ
#بۆکان  ٤٠٢/٢/٢

مامۆستا ئاسۆ

20 Jan, 10:57


🌺وابەهارە🌺

ئەو کەسەی میوان لە نێو ماڵی دڵی خۆی دەر دەکا
با کڵاویشی لە عاسمان بێ، تەنی، بێ سەردەکا

داری پیر زستان لە بەر سەرما سەری دانانەوێ
چون دەزانێ خاکەلێوە وەک نەمام پەل دەردەکا

ریشەی نخل کهنسال از جوان افزون تر  است
میسرەعی "سائیب" لە نێو شیعری منا مەحشەر دەکا

تاقە یەک پیاڵە لە دەستی ئەو کەسەی تۆی خۆش دەوێ
قیمەتی شەکراو و شیری جۆگەلەی کەوسەر دەکا

هەر زەمانێ خۆشەویستی چۆڵی کرد ماڵی دڵت
کەوشەکەت خالیس تەڵابێ، پانیە  تۆقلەی هەر دەکا

حاسڵی عومری موفیدت غەیری ماچ ومەی چیە
ڕێڕەوی تینووی کەویر کەی ئارەزووی گەوهەر دەکا؟

شاعیریی، لەم عەسرەدا قوتبی نەماوە داخەکەم
دڵ کە ئێشا چاوەکەم کوا  ئارەزووی دڵبەر دەکا؟


"بووموسەیلم" ئارەزووی بوو بێتە "ئەحمەد" مەرتەبەی
گەوجیە هەر کەس ڕەقیبیی شەخسی پێغەمبەر دەکا

تاو لە هاویندا عەزیزم جوانیی زستانی نیە
کوا لە زستانیش جەماوەر ئارەزووی سێبەر دەکا

چاوی تۆ زستانی پیریی من دڵی لاو کردمەوە
گوێمەدە ئەغیار و دوژمن ئەو قسەی خۆی هەر دەکا!

وابەهارە و سوورەگوڵ چاوی لە عاشق داگرێ
چیمەنی سەرچۆم لە فەڕش و چادری مەخمەر دەکا

چاو لەبولبول کەو بەدڵ گوێ بۆ ورینگەی ڕاگرە
مەست نیە ئاسۆ! خەریکە شیعری تۆ ئەزبەر دەکا

#ئاسۆ
#بۆکان   ٣ خاکەلێوەی  ٤٠٢

بووموسەیلم= داعیەی پێغەمبەری بوو
ئەحمەد=  نازناوی پێغەمبەر