✍️نووسین، سەنگەری شار
ئەگەرچی بۆ ئێمەی رۆژهەڵاتی باش وایە هەموو تەركیزی خۆمان لە سەر رووداوەكانی رۆژهەڵات بێ و خەمی ئێمە ئەو بەشەی نیشتمان بێت كە تێیدا دەژین و خەبات بۆ رزگار كردنی دەكەین،
بەڵام بە گشتی هەموو رووداوەكانی دنیا بە جۆرێك كارتێكەری بۆ ئێمەی رۆژهەڵاتیشی تێیدایە، بۆ نموونە كوژرانی ترۆریستە ناوچەییەكانی سەر بە كۆماری ئیسلامی دڵخۆشی و بە قازانجی ئێمەی دژبەری كۆماری ئیسلامییە، یان هەر رووداوێكیتر لە ناوچەكە و جیهان راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پێوەندی بە ئێمە و چارەنووسمانەوە هەییە و بۆمان هەیە بێ زیادەڕۆیی قسەمان لە سەر هەبێت.
بە تایبەتی ئەم بابەتە گرینگە، واتا هەڵبژاردنێك لە هەرێمی كوردستانی باشوور،
خاڵی هەرەبەهێزی ئەم هەڵبژاردنە پێبەند بوون بە پرۆسەی دێموكراسییە لەم بەشەی كوردستان، دێموكراسی بۆ جێ خستنی لە هەر وڵاتێك پرۆسەیەكی درێژخایەنە و كاری زۆری دەوێ تا بتوانێت بە تەواوەتی جێ بگرێت، بە تایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی كە هێشتا سیاسەت لە دیوەخان و ژوورە تاریك و نادیارەكان دەكرێ و ئەگەر دێموكراسیك بوونی هەبێت بێ گۆمان داسەپاوە .
بەڵام ئەم هەڵبژاردنەی باشوور لەم سۆنگەوە جێ تێڕامان و دڵخۆشییە كە ئەم پرۆسە وێڕای هەموو كەم وكورتییەكان، سەرەڕای هەموو دەستێوەردانی وڵاتانی ناوچەیی و جیهانییەكان، وێڕای هەموو نالەباری و كەم و كورتیی و نادادییە نێوخۆییەكان بەڵام ترۆسكەی هیوایە بۆ داهاتووی كورد،
هیوادارین كورد لە ناوچەكەدا ببێتە نموونەیەكی بەهێزی دێموكراسی و لەم رێگایەوە ببێتە ئیلگۆیكی باش بۆ هەموو وڵاتانی دەورووبەر، بە تایبەتی بۆ ئێمەی رۆژهەڵاتی كە لە پرۆسەی رزگاری وڵاتین ، دەیان رێكخراو و حیزبی سیاسی لەم گۆڕەپانەدان خاڵە ئەرینییەكانی ئەم هەڵبژاردنە ببێتە دەرسێك بۆ داهاتوومان.
https://t.me/jiyanewey_kurdistan