پێویستە تۆ لە ساڵێکدا هەزارجار من ببووریت
کاتێک من ناتوانم هێندەی تۆ دڵڕەق بم
ئەگەر تۆ بێدەنگیت خۆشدەوێ، من بیری
پێکەنینەکانت دەکەم
ئەگەر تۆ نوستنت خۆشدەوێ
من دەمەوێ شەوان بێداربم بەدیار سەیرکردنی
یەکێک لە وێنەکانتەوە
هەتا ئەو کاتەی ڕەنگی ئاسمان لەپشتی دیوارەکانەوە
کاڵ دەبێتەوە
هێشتا باران دەبارێت، هێشتا خۆشم دەوێیت
هێشتا بیر لە دوائاوەڕدانەوەت دەکەمەوە
لەوبەری شەقامە جەنجاڵەکەوە
من لە تۆ دەپرسم خۆشبەختیم لەکوێ لێ ونبوو؟
خۆشبەختی من دەستەکانی تۆ بوو
کە ئێستا لام نین
خۆشبەختی من دوا تەلەفۆنی تۆ بوو...
کە لەبەر گریان و
دڵتەنگی، من و تۆ بەباشی لە قسەکانی یەکتر
نەدەگەیشتین
ئاخر تۆ سەیرکە...
کاتێک کەسێک بۆ ئەبەدی جێی هێشتووین،
دوا زەنگی تەلەفۆن و دەنگی هەناسەشی
بە دواهەمین دڵخۆشی ئەژمار دەکرێت، کاتێک
ئەم هەموو
ساڵ و مانگ و ڕۆژە بەبێ ئەو بەڕێ دەکەیت و
بیر لە نەبوونی دەکەیتەوە...!